نه‌وشیروان مسته‌فا
سه‌ره‌تا
بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی هه‌ندێ ببڕم له سه‌ره‌تاوه ئه‌ڵێم: به پێی ئه‌و جێگه‌یه‌ی که من هه‌مبوه له ناو کۆمه‌ڵه و له ناو یه‌کێتی نیشتمانی دا، به شانازیه‌وه به‌شدار بوم له دروستکردن و دامه‌زراندنی ئه‌زمون و قه‌واره‌ی کارگێڕی، سیاسی، قانونیی ئیستای کوردستانی عیراق دا به هه‌ردو لایه‌نی ئیجابی و سه‌لبییه‌وه. له هه‌ردو لایه‌نیدا پشکێکی به‌رپرسیارێتی که‌م یان زۆر، به خراپ یان به چاک، به‌ر من ئه‌که‌وێ. هه‌رگیز خۆم له‌م لێپرسراوێتیه نادزمه‌وه، له به‌رده‌می مێژوی گه‌له‌که‌م دا به سه‌ربه‌رزیه‌وه ئه‌توانم داکۆکی له هه‌ردوکیان بکه‌م.
له پاش 16 ساڵ حوکمی کوردی کاتی ئه‌وه هاتوه ئه‌م ئه‌زمونه له هه‌مو لایه‌نێکیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ره‌خنه‌گرانه، هه‌ڵسه‌نگاندنێ که له نرخی ئه‌زمونه‌که که‌م نه‌کاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کات دا که‌موکوڕیه‌کانی نه‌شارێته‌وه.
هه‌ندێ که‌س، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سودمه‌ندن له گه‌نده‌ڵی، که باس له کێشه‌کانی ئیستای ناو کوردستانی عیراق ئه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی سیاسی ناکۆکیه‌کان بێ مانا بکه‌ن، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بیخه‌نه قاڵبی ململانێی شه‌خسی و شه‌ڕی کورسی و کێشه‌ی تایبه‌تیه‌وه. سودمه‌ندانی گه‌نده‌ڵی زۆرجار که باسی گیروگرفته‌کان ئه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی سیاسی، کارگێڕی، دارایی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی گه‌نده‌ڵی بشارنه‌وه قه‌یرانی چه‌ند پاڵوی ئیستای کوردستان له مه‌سه‌له‌ی "پاره‌وپول" و "ده‌وڵه‌مه‌ن بونی چه‌ند که‌سێکا" پچوک ئه‌که‌نه‌وه. راسته پێکه‌وه‌نانی ناقانونی پاره‌وپول به‌شێکه له قه‌یرانی گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام گه‌نده‌ڵی (وه‌کو پێش چه‌ند ساڵ له کۆڕێکی ته‌له‌فزیۆنی دا به ئاشکرا وتم) وه‌کو گانگرین چۆته جه‌سته‌ی حیزب و حکومه‌ته‌وه، له هه‌مو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵه‌که‌مان دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
له‌م چه‌ند کورته وتاره‌دا گه‌ره‌کمه له باری سه‌رنجی خۆمه‌وه، به زمانێکی کوردی که هه‌مو که‌س تێی بگا هه‌ندێ بابه‌ت که پێوه‌ندی به ئیستا و داهاتوی گه‌ل و وڵاته‌که‌مانه‌وه هه‌یه، بخه‌مه به‌ر باس و هه‌ڵسه‌نگاندن. هه‌ندێ بابه‌ت که چه‌ند ساڵێ پێش ئیستا نوسیومن بۆ بیرهێنانه‌وه و به‌راوردکردنی ئه‌مڕۆ له گه‌ڵ دوێنێ، سه‌رله‌نوێ بڵاو بکه‌مه‌وه
له‌وانه:
حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی. حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی. حیزب و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی. حیزب و هێزه چه‌کداره‌کان. حیزب و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی. حیزب و زانکۆ. حیزب و رێکخستنی ئابوری وڵات. حیزب و به‌شداری کورد له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غداد.
ره‌نگه ئه‌مه روناکیه‌ک بخاته سه‌ر لایه‌نه فیکریه‌کانی ئه‌و ناکۆکییانه‌ی من و هه‌ندێ له هاوڕێکانم هه‌مانه له گه‌ڵ خه‌ڵکی تر، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵات دان، چ حیزبی و چ حکومه‌تی.
لێره‌دا سهرهباسهکان ئه‌خه‌مه سه‌ر مێزی لێدوان خۆم له هه‌ندێکیان ئه‌دوێم و لێدوانی هه‌ندێکی بۆ خه‌ڵکی تر به جێ ئه‌هێڵم به‌و هیوایه‌ی ئه‌مه ده‌رگا به فراوانی بکاته‌وه بۆ ئه‌م بابه‌ته ژیانییانه‌ی پێوه‌ندییان به ئیستا و داهاتوه‌وه هه‌یه.
حیزب و ده‌سه‌لاتی ته‌نفیزی
له وڵاتانی پارله‌مانیدا، دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌و لیسته‌ی زۆرایه‌تی ئه‌ندامانی پارله‌مان ئه‌باته‌وه ڕائهسپێردرێ کابینه پێک بهێنێ، ئه‌ویش یه‌کێ له ئه‌ندامه ده‌رچوه‌کانی ڕائه‌سپێرێ و، پاش ڕاوێژ و پرسوڕا له‌گه‌ل سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی (یان حیزبه‌کان) هاوکاره‌کانی بۆ وه‌زاره‌ته‌کان ههلئهبژێرێ و ئه‌یانباته به‌رده‌می پارله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بده‌ن.
پارله‌مان له هه‌ندێ ولات به کۆمه‌ڵ ده‌نگ ئه‌دا به ئه‌ندامانی کابینه‌که له هه‌ندێ وڵاتی تر له سه‌ر یه‌ک به یه‌کی وه‌زیره‌کان.
ئه‌گه‌ر کابینه‌که باوه‌ڕی پارله‌مانی به ده‌س هێنا ده‌س ئه‌که‌ن به ئه‌نجام دانی به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌یان و ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی پارله‌مانی وه‌ر نه‌گرت پرۆسه‌که دوباره و چه‌ند باره ئه‌بێته‌وه.
له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا، سه‌رۆک هه‌مان کار ئه‌کا.
کورد له مێژوی دورودرێژی خۆی دا دو جار ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خساوه وه‌زاره‌ت پێک بهێنێ:
جاری یه‌که‌م، ساڵی 1922 له سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی حه‌فیدا که خۆیان پێیان وتوه (کابینه)، به‌ڵام ئه‌م کابینه‌یه له ساڵێ زیاتر ده‌وامی نه‌کردوه به هۆی هێرشی ئینگلیزه‌وه بۆ سه‌ر کوردستان حکومه‌ته‌که‌ی شێخ مه‌حمود و کابینه‌که‌ی ڕوخاوه.
جاری دوه‌م، ساڵی 1946 له سه‌رده‌می قازی محه‌مه‌دا، که خۆیان پێیان وتوه (هه‌یئه‌تی ره‌ئیسه)، به‌ڵام ئه‌م هه‌یئه‌ته‌ش له ساڵێ زیاتر ده‌وامی نه‌کردوه به هۆی هێرشی ئه‌رته‌شی ئێرانه‌وه بۆ سه‌ر کوردستان حکومه‌ته‌که‌ی قازی محه‌مه‌د و هه‌یئه‌ته‌که‌ی ڕوخاوه.
جگه له‌م دو وه‌زاره‌ته ئیتر کورد تا ڕاپه‌ڕینی 1991 هه‌لێکی تری بۆ هه‌ڵ نه‌که‌وتوه وه‌زاره‌تی تایبه‌ت به خۆی دابمه‌زرێنێ و ته‌جروبه‌ی پێکینانی وه‌زاره‌تی له لا که‌ڵه‌که ببێ، ته‌جروبه‌ی (مه‌جلیسی ته‌نفیزی) حوکمی زاتی، ته‌جروبه‌یه‌کی به‌عسی و ته‌جروبه‌ی به‌شداری وه‌زیره کورده‌کانی سه‌رده‌می مه‌لیکی و جمهوریش له ده‌ره‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بو.
بۆ یه‌که‌مین جار له دوای ڕاپه‌ڕین کورد توانی (وه‌زاره‌ت) ی تایبه‌ت به خۆی واته هێزی بنه‌ڕه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی وڵات دابمه‌زرێنێ.
پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له مێژوی کوردا به وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی گرنگ دائه‌نرێ به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ته‌جروبه‌یه‌که ڕه‌نگه تایبه‌ت بێ به کورد خۆی و له وڵاتانی تری دنیادا نمونه‌ی نه‌بێ. یه‌که‌مین وه‌زاره‌ت که پێک هات، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی ڕێک که‌وتن:
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نیوه به نیوه بێ و، هه‌ندێ وه‌زاره‌تیش به‌شی حیزبه‌کانی تر بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێ ده‌نگیان بکه‌ن.
وه‌زیره‌کان خۆیان دایان بنێن، بێ پرسی سه‌رۆکی وه‌زیران، بێ ده‌نگدانی ئازادی پارله‌مان.
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌که‌ی، وه‌زیره‌کان و جێگره‌کانیان، وه‌ک یه‌ک و به قه‌د یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ئیداری، قانونی، دارایی یان هه‌بێ، به کرده‌وه، دو سه‌رۆک بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دو وه‌زیر بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێک.
ئه‌م ته‌جروبه بێ نمونه‌یه:
1.ڕێگه‌ی گرت له دروست کردنی ئیداره‌یه‌کی یه‌کگرتو، به کرده‌وه هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کانی کرد به دو وه‌زاره‌ت و، کارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ره‌کانی دابه‌ش کرد به‌سه‌ر دو حیزب دا.
2.ڕێگه‌ی گرت له ڕاپه‌ڕاندنی ئیشوکاری خه‌ڵک، له دانانی پلانی دابینکردن و خزمه‌تگوزاری گشتی و، گه‌شه‌پێدانی ئابوری.
3. ڕێگه‌ی گرت له خولقاندنی دڵسۆزی بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمان
4. ڕێگه‌ی گرت له دوباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن.
ئه‌م ته‌جروبه‌یه سه‌ره‌نجام به هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ و، دابه‌شبونی کوردستان بۆ سێ هه‌رێم: (هه‌رێمێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی، هه‌رێمێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، هه‌رێمێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی) و بۆ دو کابینه و دو حکومه‌ت کۆتایی هات.
دو حکومه‌ت له دو هه‌رێم دا چه‌ندین ساڵ درێژه‌ی کێشا تا له ژێر گوشاری ڕوداوه‌کانی عیراقدا، به ناچاری هه‌ندێ له وه‌زاره‌ته‌کان به‌جۆرێکی (فه‌وقی) له سه‌ره‌وه یه‌ک خران و، هه‌ندێکیشی، به تایبه‌تی گرنگه‌کان، به دوانه‌یی مانه‌وه له‌وانه (پێشمه‌رگه، دارایی، کاروباری ناوخۆ)
ته‌جروبه‌ی پێک هێنانی کابینه‌ی دوای یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره ئه‌ویش دیسان ته‌جروبه‌یه‌کی بێ نمونه‌یه، ڕه‌نگه به داهێنانێکی کوردی دابنرێ.
سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی ژماره‌ی ئه‌ندامانی کابینه‌که‌یان له 40 وه‌زیر تێ په‌ڕاند.
بێ ئه‌وه‌ی که‌سێ دیاری بکه‌ن و رایبسپێرن بۆ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌کان و بواری بده‌ن پاش راوێژ و پرسوڕا هاوکاره‌کانی بدۆزێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئازادی ده‌نگدان و بێ ئه‌وه‌ی پرس و ڕاوێژ به سه‌رۆکی ڕاسپێردراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بکه‌ن خۆیان ناوی وه‌زیره‌کانیان بۆ دیاری کرد،
باوه‌ڕ به‌خشین و باوه‌ڕ نه به‌خشین بده‌ن به پارله‌مانی کوردستان و وه‌زیره‌کانیان دان.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران که ئه‌بێ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی ولات بێ، بۆته به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌زاره‌ته‌کانیان، له سه‌رو ئه‌وانه‌وه حیزب ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی ڕاسته‌قینه‌یه له کوردستان دا.
حیزب وه‌زیره‌کان دائه‌نێ، ئه‌مه‌یان شتێکی ئاساییه
حیزب وه‌کیلی وه‌زیر و خه‌بیر و موسته‌شار دائه‌نێ.
حیزب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کان دائه‌نێ.
حیزب قایمقام و مدیر ناحیه و سه‌رۆکی شاره‌وانی دائه‌نێ.
حیزب کارمه‌ندی گه‌وره و بچوک دائه‌نێ.
به واته‌یه‌کی تر: ده‌سه‌ڵاتی حیزب له سه‌رو ده‌سه‌ڵاتی تهنفیزیهوهیه.
له هه‌مو گفتوگۆکانی به‌عس – کورد یه‌کێ له خواسته سه‌ره‌کیه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی کورد، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره" و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس بو له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عیراق. که‌چی ئیستا حیزب له کوردستان دا هه‌مان ته‌جروبه دوباره ئه‌کاته‌وه.
ئایا ئیتر کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه:
حیزب دوای ناودێری وه‌زیره‌کان و پێکهێنانی وه‌زاره‌ت، واز له ده‌ستێوه‌رانی کاروباری حکومه‌ت بهێنێ؟
حیزب واز له پارله‌مان بهێنێ له وه‌زیره‌کان بپرسێته‌وه، باوه‌ڕیان پێ ببه‌خشێ و، باوه‌ڕیان لێ بسێنێته‌وه؟
حیزب خه‌ریکی حیزبایه‌تی بێت و ئازادی بدا به وه‌زیره‌کان وه‌کو وه‌زیری هه‌مو خه‌ڵک کاروباری وه‌زاره‌ته‌کانیان رابپهڕێنێن؟
وه‌زیره‌کان بێ لێکدانه‌وه‌ی (ئیعتیباری حیزبی) به پێی پێوه‌ری کارگێڕی و قانونی کارمه‌ندانی گه‌وره و پچوکی وه‌زاره‌ته‌کانیان هه‌ڵبژێرن؟
حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی
دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆی به‌ره‌ی کوردستانی – به‌عس له شوێنی خۆی دا چه‌قی و، بۆشایی ده‌سه‌ڵات، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا بۆشایی ئیداری و ئه‌منی و قانونی... له کوردستان دروست بو. سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی بڕیاری دا هه‌ڵبژاردنی گشتی بکرێ و، لوجنهیهکی دروست کرد بۆ نوسینی قانونه‌کانی. لوجنهکه قانونه‌کانی نوسی. یه‌کێکیان قانونی هه‌ڵبژاردن بو.
قانونی هه‌ڵبژاردن سیسته‌می رێژه‌یی لیستی کرد به بناغه‌ی کار. ئه‌ویش له به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی حیزبه بچوکه‌کان: حشع، حسک، گه‌ل، زه‌حمه‌تکێشان، پاسۆک، ئاسوری ... سور بون له سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به لیست و رێژه‌یی بێ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان کرد که ئه‌گه‌ر قانونه‌که به‌و جۆره دانه‌ڕێژرێ ئه‌وان بایکۆتی ئه‌که‌ن.
له ژێر گوشاری ئه‌و حیزبانه‌دا سیسته‌می رێژه‌یی په‌سند کرا به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر حیزبێ 7% که‌متر بهێنێ رێگه‌ی چونه ناو پارله‌مانی نه‌درێ.
هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام درا جگه له یه‌کێتی و پارتی هیچ حیزبێ 7% ی رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی نه‌هێنا و نه‌یانتوانی به‌شداری پارله‌مان بن. ئه‌گه‌ر له شه‌وی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن دا، ئه‌و رێژه‌یه لاببرایهو هه‌ر حیزبه به‌و چه‌ند کورسیه‌ی به ده‌ستی هێنا بو به‌شدار بێ. حیزبه بچوکه‌کان به به‌شی خۆیان رازی نه بون و ئاماده نه‌بون له پارله‌مان دا به‌شدار بن، له باتی ئه‌وه داوایان کرد له وه‌زاره‌ته‌کانا به‌شیان بدرێ.
رێژه‌ی حیزبه ده‌رنه‌چوه‌کان دابه‌ش کرایه‌وه به سه‌ر یه‌کێتی و پارتی دا پارتی چه‌ند هه‌زار ده‌نگێکی زیاتر بو، داوای ئه‌کرد کورسیه‌کی له یه‌کێتی زیاتر بێ. به‌ڵام سه‌ره‌نجام بۆ خاوکردنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی گرژی کوردستان رێک که‌وتن که پارله‌مان نیوه به نیوه، په‌نجا به په‌نجا دابمه‌زرێ، کابینه‌یه‌کی ئیئتیلافی پێک بێ سه‌رۆکی کابینه و جێگره‌که‌ی وه‌زیر و جێگره‌که‌ی وه‌کو یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ.
.................
دوای هه‌ڵبژاردنێکی پڕ هه‌راوهوریا، پڕ مشت‌ومڕ، پڕ ڕه‌خنه، سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزب پێکهاتن له سه‌ر دروستکردنی نیوه به نیوه‌ی پارله‌مان، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان پێکهات و کۆ بوه‌وه.
به دوای ئه‌وه‌دا به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک سه‌رکردایه‌تی حیزب یه‌که‌مین کابینه‌ی نیوه به نیوه‌ی دامه‌زراند.
هاوڵاتیانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی هه‌مو لایه‌کان له هه‌ڵبژاردن و جۆری پێکهێنانی پارله‌مان و کابینه که‌یان ئه‌گرت، به خۆشی و به ئومێدێکی زۆره‌وه، له‌م دامه‌زراوه‌یان ئه‌ڕوانی.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، حیزب به چاولێکه‌ری حیزبی به‌عس و حیزبه شیوعیه‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، له پاڵ هه‌ردو دامه‌زراوه‌دا ده‌سه‌ڵاتی باڵای خۆی پاراست و، خۆی بو به فه‌رمانده‌و چاو ساغ و ڕێپیشانده‌ری حکومه‌ت و پارله‌مان و ئه‌رکه‌کانی پارله‌مانی بچوک کرده‌وه به دانانی قانون.
ئه‌رکی یه‌که‌می پارله‌مان، باوه‌ڕ به‌خشین و باوه‌ڕ سه‌ندنه‌وه‌یه له سه‌روه‌زیران و وه‌زیره‌کان. سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزب به کرده‌وه ئه‌م مافه‌یان له پارله‌مان سه‌نده‌وه، ئه‌وانه‌یان به وه‌زیر سه‌پاند که خۆیان ئه‌یانویست بێ ئه‌وه‌ی ڕێ بده‌ن به پارله‌مان هیچ که‌سێکیان ره‌ت بکاته‌وه.
ئه‌رکی دوه‌می پارله‌مان، لێکۆڵینه‌وه‌ی بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵاته، داهاتی حکومه‌ت و جۆری دابه‌شکردن به سه‌ر که‌رته‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵ و جۆری سه‌رفکردنی...
سه‌رکردایه‌تی حیزب ئه‌م مافه‌یان به پارله‌مان ڕه‌وا نه‌دیت و خۆیان له ناو خۆیان دا چه‌ند که‌سێکی که‌م ، له باتی پارله‌مان ده‌ستیان گرت به سه‌ر بودجه‌ی مانگانه و ساڵانه دا خستیانه ناو تاریکیه‌کی ئه‌وتۆوه ڕه‌نگه ئێستا و دوا ڕۆژیش نه‌توانرێ ئاشکرا بکرێ.
ئه‌رکی سێیه‌می پارله‌مان، که به‌شداریه شان به شانی حکومه‌ت له داڕشتنی کاروباری سیاسی وڵات و ڕێگه چاره‌کانی دا، به تایبه‌تی کێشه چاره‌نوسسازه‌کان، ئه‌و مافه‌ش به پارله‌مان ڕه‌وا نه بینرا، به‌ڵکو مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کان، سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزب بڕیاریان له سه‌ر ئه‌دا و ئه‌وان (موافه‌قه‌ت) یان له سه‌ر ئه‌کرد.
حیزب پاڵێوراوه‌کانی خۆی دائه‌نێ بۆ پارله‌مان، ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه.
حیزب لیستی پاڵێوراوه‌کان دیاری ئه‌کا و خۆی ڕیزبه‌ندی یه‌که‌مین و دوایه‌مینیان ئه‌کا.
حیزب ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی به ده‌سته بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن.
حیزب سه‌رچاوه‌ی دارایی له به‌ر ده‌ستدایه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن.
حیزب ده‌سه‌ڵاتی چه‌کداری به ده‌سته.
حیزب کارمه‌ند و سه‌رپه‌رشتیارانی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردن و سندوقه‌کان دائه‌نێ.
ئایا ئیتر کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه:
حیزب له دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئازادی به پارله‌مان بدا ئه‌رک و مافه‌کانی خۆی له ده‌نگدان له سه‌ر وه‌زیره‌کان، له سه‌ر بودجه‌ی ساڵانه، له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کان به کار بهێنێ.
حیزب واز له پارله‌مان بهێنێ ئه‌ندامه‌کانی به پێی ویژدانی نیشتمانی‌یان، به ئازادی کاربکه‌ن، نه‌ک به پێی فه‌رمان و رێنمایی حیزب.
حیزب و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی
له سه‌رده‌می میرنشینه کوردیه‌کان دا، دو جۆر ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری له کوردستان دا هه‌بوه، که هه‌ردوکی کاری پێکراوه و بڕیاره‌کانی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵ و له لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانی سه‌رده‌مه‌وه ڕێز لێ گیراو بوه:
1. ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی- دینی.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌لایه‌ن زانا ئاینیه‌کانه‌وه (مه‌لاکان) و به زۆری له مزگه‌وته‌کان دا ئه‌نجام دراوه، له ناو مه‌لاکان دا که‌سانی شایسته و هه‌ڵکه‌وتو له لایه‌ن میره‌کانه‌وه هه‌ڵبژێردراون و کراون به قازی.
قازیه‌کان و مه‌لاکان به پێی قورئان و حه‌دیس و سونه‌ت و ئیجتیهادی فه‌قیهه‌کان و فتوای زانا ئاینیه‌کان کێشه‌کانی کۆمه‌ڵیان به لادا خستوه، هاوسه‌رگیری و کاروباری خێزان و دابه‌شکردنی میرات و... له کاره سه‌ره‌کیه‌کانیان بوه.
2. ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی- کۆمه‌ڵایه‌تی
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌رۆکی عه‌شیره‌ت و ده‌مڕاست و پیاو ماقوڵانی عه‌شیره‌ته‌کان و به زۆری له دیوه‌خانی ئاغادا ئه‌نجام دراوه. له ناو عه‌شیره‌ته‌کان دا که‌سانی ده‌سه‌لاتدار و ده‌مڕاست و ماقوڵ هه‌بون، که له‌ناو کۆمه‌ڵه‌کانی خۆیان دا ڕێز له قسه و ئامۆژگاری و بڕیاره‌کانیان گیراوه.
ئه‌مانه به پێی عاده‌ت و عورفی کۆمه‌ڵایه‌تی باوی سه‌رده‌م کێشه‌کانیان به‌لادا خستوه، به زۆری کێشه خوێناویه‌کان کوشتنیان لێ که‌وتۆته‌وه به تایبه‌تی کوشتن و ، تۆڵه و، زه‌ویوزار و له‌وه‌ڕگا... له کاره سه‌ره‌کیه‌کانیان بوه.
له دوای نه‌مانی ده‌سه‌لاتی میرایهتیهکانی کورد و، دامه‌زراندنی حوکمی ناوه‌ندی عوسمانی جۆرێکی تری ده‌سه‌لاتی قه‌زایی هاتۆته کوردستانه‌وه که ده‌سه‌ڵاتی قانونیی- ده‌وڵه‌تی بوه.
عوسمانیه‌کان، له پاڵ شه‌ریعه‌ت دا، چه‌ند قانونیان دانابو بۆ ئه‌وه‌ی کێشه گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵی پێ چاره‌سه‌ر بکه‌ن و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دادگایان دامه‌زراندبو. ئه‌گه‌ر چی ((دادگای ده‌وڵه‌تی)) ئه‌بو جێگه‌ی هه‌ردو ده‌سه‌لاته‌که بگرێته‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی بنبڕیان بکا، هه‌ردوکیان وه‌کو دو ده‌زگای ناڕه‌سمی به لاوازی مان.
دوای داگیرکردنی عیراق له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه، ئینگلیز ((قانونی سوڵحی عه‌شایه‌ری )) دانا و سه‌ر له نوێ ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی- کۆمه‌ڵایه‌تی له چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان دا زیندو کرده‌وه. به‌لام ئه‌مه دوای 14ی ته‌موزی 1958 له عیراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و له کار خرا و هه‌مو کێشه‌کان که‌وته‌وه ده‌س دادگا قانونیه‌کانی ده‌وڵه‌ت.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، که بۆشایی ده‌سه‌ڵات له کوردستان دروست بو ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی قانونی لاواز بو، ئه‌م 3 سێ ده‌سه‌ڵاته سه‌ر له نوێ زیندو بونه‌وه، به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌ی به جۆرێک.
جوڵانه‌وه ئیسلامیه‌کان له‌و ناوچانه‌دا که ده‌ستیان تیا ئه‌ڕۆشت (هه‌یئه‌تی شه‌رعی) یان دانا و، که‌وتنه جێبه‌جێ کردنی شه‌ریعه‌ت، به‌ڵام به جۆرێکی دواکه‌وتوی له بابه‌تی تالیبانی ئه‌فغانستان.
حیزبه عیلمانیه‌کان له هه‌مو ناوچه‌کان دا مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تیان دامه‌زراند له سه‌رانی خێڵ و هۆز و که‌سایه‌تی کۆمه‌لایه‌تی ناسراو و نه‌ناسراو بۆ به‌لادا خستنی کێشه گه‌وره و بچوک و، وه‌کو ده‌زگایه‌کی (بدیل) ی دادگاکانی ده‌وڵه‌ت.
حکومه‌ت که له سه‌ره‌تادا نیوه به نیوه له به‌ینی یه‌کێتی و پارتی دا دامه‌زرا و، پاش شه‌ڕی ناوخۆ بو به دو حکومه‌ت و، دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ش دیسانه‌وه به جۆرێکی تر له سه‌ر بنچینه‌ی نیوه به نیوه‌ی یه‌کێتی و پارتی دروست کرایه‌وه، داووده‌زگای قه‌زای ییان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه.
حیزب وه‌زیری عه‌دل دائه‌نێ.
حیزب ئه‌ندامانی مه‌حکه‌مه‌ی ته‌میز دائه‌نێ.
حیزب ئه‌ندامانی مه‌جلیسی قه‌زا دائه‌نێ.
حیزب حاکم دائه‌نێ.
حیزب مدعی عام و نائیبی مدعی عام دائه‌نێ.
حیزب کاتبی عه‌دل دائه‌نێ.
حیزب به‌شی زۆری کارمه‌ندانی گه‌وره و بچوکی داوده‌زگای قه‌زایی دائه‌نێ.
سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش کۆلیجه‌کانی حقوق و خوێندنی به‌رزی یاسا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ته‌رخان کراوه بۆ ناوێرهکانی حیزب.
له وڵاتێک دا، داووده‌زگای قه‌زائی به مجۆره دابنرێ. له وڵاتێک دا، مه‌کته‌بی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی (که له لایه‌ن حیزبه‌وه دانراون) ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی هه‌مو کێشه گرنگه‌کانی هه‌بێ و بتوانێ بڕیاره‌کانی خۆی به‌سه‌ر مه‌حکه‌مه‌دا بسه‌پێنێ، ئه‌بێ چۆن سه‌ربه‌خۆی ده‌سه‌لاتی قه‌زایی باس بکرێ؟
ئاخۆ ئیتر کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه:
حیزب و ئیعتیباری حیزبی دور بخرێته‌وه له ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی؟
مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی دور بخرێته‌وه له ده‌ستێوه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی قه‌زایی؟
داوده‌زگای قه‌زایی له سه‌ر بنچینه‌ی پیشه‌یی و بێلایه‌نی و لێوه‌شاوه‌یی دابنرێ؟
دامه‌زراوه ئاکادیمیه‌کانی حقوق دور ڕابگیرێ له ده‌ستێخستنی حیزب؟
حیزب و زانکۆ
عێراق به گشتی له چاو وڵاتانی ئه‌وروپی دا نه‌ریتی ئاکادیمی تازه‌یه. له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا هه‌ندێ کۆلیجی (یاسا، پزیشکی، ئه‌ندازیاری دامه‌زراندوه، له کۆتایی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا. زانکۆی به‌غدای دامه‌زراندوه.
یه‌که‌مین زانکۆ له کوردستان دا ساڵی 1968 له سلێمانی دامه‌زرا
یه‌کێ له خواسته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌ویی کورد له عیراق دا، چه‌کدار و هێمنانه، کردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی جۆراوجۆر و، له دوای 14ی ته‌موزی 1958 کردنه‌وه‌ی زانکۆ بو.
زانکۆی سلێمانی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك دا گه‌شه‌ی کردوه، له ناو زانکۆکانی عیراق دا جێگه‌ی خۆی کرده‌وه، ئه‌گه‌ر چی حیزبی به‌عس هه‌وڵێکی زۆری دا که زانکۆی سلێمانی بکاته مه‌ڵبه‌ندی به به‌عسی کردنی خوێندکارانی کورد. به‌ڵام سه‌رکه‌وتو نه‌بو، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه بو بو به مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی کادری شۆڕشگێڕ و دژی به‌عس و له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا بۆ سزا دانی خه‌ڵکی سلێمانی به هۆی پشتیوانی کردنیان له شۆڕشی کورده‌وه، زانکۆیان له سلێمانیه‌وه گوێزایه‌وه بۆ هه‌ولێر ناوه‌که‌شیان گۆڕی بۆ سه‌لاحه‌دین.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌کانی به‌عسیش زانکۆی سه‌لاحه‌دین، ئه‌ویش که له ژینگه‌یه‌کی سیاسی شۆڕشگێڕانه دا بو، بوبوه مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ و کادری دڵسۆز.
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه و، له دوای دامه‌زراندنی یه‌که‌مین پارله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه سه‌رکردایه‌تی سیاسی بایه‌خێکی تایبه‌تی داوه به زانکۆ و په‌ره‌پیدان و کردنه‌وه‌ی زانکۆی نوێ، بێگومان ئه‌مه‌ش کارێکی زۆر گرنگ بو، له کاتێکدا حکومه‌تی به‌عس گه‌مارۆی کوردستانی داب‌و، ئه‌یویست گه‌لی کورد له ڕوی ئابوری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی یه‌وه بخنکێنێ، کورد هه‌وڵی ئه‌دا خۆی له گه‌مارۆ ده‌ربهێنێ.
له دوای ڕاپه‌ڕین به‌عس، هه‌ر وه‌کو گه‌مارۆی کوردستانی داب‌و، ده‌رگای زانکۆ و په‌یمانگاکانیشی له ڕوی خوێندکارانی کورد دا داخست. سه‌رکردایه‌تی کورد کارێکی باشی کرد بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه و بۆ پێگه‌یاندنی کادری زانستی و دو زانکۆی نوێی له سلێمانی و دهۆک کرده‌وه، کردنه‌وه‌ی ئه‌م دو زانکۆیه ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵ بو، ئه‌وه‌نده‌ش هۆی سیاسی له پشته‌وه بو.
له هه‌ر وڵاتێ یا شوێنێ که زانکۆ ئه‌کرێته‌وه، بۆ دابینکردنی پێوستیه‌کانی کۆمه‌ڵه له بواری جیاجیای ژیان دا و، پاش لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و هه‌ڵسه‌نگاندنی توانای جێبه جێکردن و ئاماده‌کردنی پێویستیه‌کانی.
سه‌رکردایه‌تی کورد، ئه‌ویش به لاسایی کردنه‌وه‌ی به‌عس، له‌سه‌ر حسابی پشت گوێ خستنی پێوه‌ری زانستی و ئاکادیمی، هه‌وڵی دا زانکۆ بکاته مه‌ڵبه‌ندی حیزبایه‌تی.
حیزب بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، زانکۆی نوێ، کۆلیجی نوێ، په‌یمانگای نوێ ئه‌کاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته دابین کردنی پێویستیه‌کانی جێبه‌جێکردنی.
حیزب سه‌رۆکی زانکۆ، ڕاگری کۆلیج، سه‌رۆکی به‌ش، ته‌نانه‌ت کارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ره‌کانی دا ئه‌نێ.
حیزب له ڕێگه‌ی ڕێکخستنی حیزبی و له ڕێگه‌ی ڕێکخراوه‌کانی قوتابیان و خوێندکارانه‌وه ده‌س ئه‌خاته ناو کاروباری زانکۆوه.
حیزب ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌یه له دیاریکردنی خوێندکارانی خوێندنی باڵای ماجستیر و دکتۆرا.
حیزب، پێڕه‌وی پێوه‌ری کارگێڕی و زانستی و قانونی ناکا له دابه‌شکردنی کار و زه‌وی و پێشخستن و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌دا به سه‌ر مامۆستا و کارمه‌نده‌کانی دا..
ئایا ئیتر کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه
زانکۆ له کاری سیاسی جیا بکریته‌وه؟
حیزب و ئیعتیباری حیزبی دور بخرێته‌وه له زانکۆکان؟
حیزب ده‌س نه‌خاته کاروباری دانانی سه‌رۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلیج و سه‌رۆکی به‌شه‌کان؟
حیزب ده‌س نه‌خاته کاوباری وه‌رگرتنی خوێندکارانی ماسته‌ر و دکتۆرا؟