Print
 پڕۆژه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ و دارایی‌ حیزب
Tuesday, January 27, 2009

خاڵ وبه‌نده‌كانی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ پێویستیان به‌ هه‌ڵوێسته‌و قسه‌كردنی‌ جدی‌ هه‌یه‌، ناكرێت هه‌روا به‌سه‌رپێی‌ وسانای‌ به‌سه‌ریایدا گوزه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و خالاَنه‌ی‌ كه‌ زۆرگرنگ و پێویستین و په‌یوه‌ندی‌ راسته‌خۆی‌ به‌ جه‌وهه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ گۆڕان و چاكسازی‌ حیزب هه‌یه‌، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت فره‌ڕه‌هه‌ندتر و گشگیرتر قسه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت...

یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ حیزب پرسی‌ داراییه‌ و نه‌بونی‌ شه‌فافیه‌ت وچۆنیه‌تی‌ به‌كارهێنانی‌ پاروپولی‌ حیزب بوه‌، ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ رابوه‌ستین و به‌دیقه‌ت تر بین وپرسیار بكه‌ین بزانین ئایا ده‌زگای‌ دارایی‌ حیزب به‌كام یاسا وچۆن كاروباره‌كانی‌ رێكخراوه‌ و به‌رێوه‌ده‌چێت؟ یان ده‌پرسین سالاَنه‌ ئه‌و پاروپوله‌ی‌ دێته‌ گیرفانی‌ حیزبه‌وه‌ چه‌نده‌ وچۆن به‌كارهاتوه‌؟ یان كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ به‌هه‌دردانی‌ داهاتی‌ حیزب؟ یان ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین ئایا چه‌ند شه‌فافیه‌ت له‌وده‌زگایه‌دا هه‌یه‌ وكێن ئه‌وانه‌ی‌ ئاگادارن و زانیاری‌ ته‌واویان هه‌یه‌ له‌سه‌رداهات و بودجه‌ی‌ حیزب؟ یان تاچه‌ند حیزب پابه‌ندبوه‌ به‌وخاڵه‌ی‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌ دارایی‌ حیزبه‌وه‌ كه‌له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆدا په‌سندكراوه‌؟.
 
له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ هه‌رحیزبێك له‌ڕاسته‌وه‌ بۆچه‌پ وله‌علمانیه‌وه‌ بۆ ئیسلامی‌ چه‌ند بڕگه‌و خاڵێك تایبه‌ت به‌ ده‌زگای‌ دارایی‌ و ئیداره‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌رك و ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ دیاریكردوه‌، له‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی‌ (ی‌.ن.ك)یشدا ئاماژه‌ به‌و داوه‌ دراوه‌ كه‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ و چه‌ند ئه‌ندام مه‌كته‌بێك كاروباری‌ مه‌كته‌بی‌ دارایی‌ به‌رێوه‌ ببه‌ن، ته‌ئكید له‌سه‌ر شه‌فافیه‌تی‌ دارایی‌ حیزب ده‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێڕامانه‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ به‌ئاشكرا وه‌ك باقی‌ بڕگه‌كانی‌ دیكه‌ په‌یڕه‌و له‌لایه‌ن له‌حیزبه‌كانه‌وه‌ پێشێلكراوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ بالاَ دور له‌ رێسای‌ حیزبی‌ به‌ نامه‌شرع و پاراستنی‌ پۆسته‌كه‌یان به‌كاریان هێناوه‌ به‌جۆرێك به‌رئه‌نجام حیزبیان به‌لارێدا بردوه‌ و جه‌سته‌یان توشی‌ نه‌خۆشی‌ كوشنده‌ كردوه‌، ئه‌مه‌ بۆته‌ فاكته‌ری‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ كیشه‌ وناكۆكیه‌ ناخۆییه‌كانی‌ حیزب.

نه‌بونی‌ شه‌فافیه‌تی‌ دارایی وای‌ كردوه‌ زۆرێك له‌ ئه‌ندام و كادران به‌گومانه‌وه‌ بڕوانه‌ راستگۆی‌ حیزبه‌كه‌یان، هاوكاتیش حیزب له‌لایه‌ن كادر و ئه‌ندامان و خه‌ڵك به‌گشتی‌ بۆته‌ مایه‌ی‌(...؟)،  ئه‌گه‌ر په‌رۆشی‌ و خه‌مخۆری‌ هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ و به‌دامه‌زراوه‌كردنی‌ حیزب و حكومه‌ت، ده‌بێت له‌پێشدا جه‌خت له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و به‌یاسای‌ كردنی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ بكرێته‌وه‌، شان به‌شانی‌ چاككردنی‌ ده‌زگاكانی‌ دیكه‌ی‌ حیزب هه‌نگاو بنرێت به‌ رێكخستنه‌وه‌ و چۆنیه‌تی‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌زگای‌ دارایی و ئیداره‌ به‌ پێی‌ رێسا و یاسای‌ حیزبێكی‌ هاوچه‌رخ..

گه‌ر له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا نه‌توانرێت ده‌زگای‌ دارایی‌ به‌شه‌فافی‌ بۆ هه‌مو ئۆرگانه‌كانه‌كانی‌ حیزبی‌ رابگه‌ێنرێت، ئه‌وا هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م ده‌توانرێت یاسایه‌ك دابنرێت ده‌سه‌لاَتی‌ چاودێر و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ بودجه‌ و داهات ودارایی‌ حیزبی‌ بخرێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌، واته‌ له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا وابكرێت ئه‌ندامانی‌ كۆمیته‌ی‌ سه‌ركرادیه‌تی‌ ئاگاداری‌ دارایی‌ بن و ئه‌ركی‌ چۆنیه‌تی‌ به‌كارهێنانی‌ دارایی‌ حیزبیان له‌ ئه‌ستۆدا بێت..

دیاره‌ سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ دارایی‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌ستپێكی‌ به‌ دامه‌زراوه‌كردنی‌ داموده‌زگانی‌ حیزب به‌گشتی‌، به‌لاَم كاركردن بۆ به‌دامه‌زراوه‌ كردنی‌ ده‌زگایه‌كی‌ هه‌ستیاری‌ گرنگی‌ له‌وجۆره‌ پێویستی‌ به‌ میكانزمی‌ زانستی‌ و كه‌سانی‌ شاره‌زا و ده‌ستپاك و راستگۆو دڵسۆزی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌كات، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ كاتێك جۆره‌ كه‌سانێك دیاری بكرێن ئه‌ركی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كردنی‌ چاكسازی‌ پێ بسپێرێت كه‌ خودی‌ ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌ستیان له‌ گه‌نده‌ڵیدا بوبێت و به‌بێ‌ ده‌ستوری‌ حیزبی و به‌گیانی‌ خزم خزمێنه‌و پاره‌ی‌ خه‌یاڵی‌ حیزبیان ته‌خشان و په‌خشان كردبێت، له‌پێناو مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ و شه‌خسی‌ كاریان كردبێت، ئه‌وا لێره‌دا هیچ گومان تێدانیه‌، هه‌رهه‌نگاوێك بۆ چاكسازی‌ ده‌زگای‌ دارایی‌ حیزب و ده‌زگاكانی‌ دی‌ به‌رئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ئیفلیج و به‌تاڵ ده‌بێت..

Sbeiy.com © 2007