(ئێمه له پێشده‌م سه‌ختترین ته‌رزی ریفۆرمداین، ریفۆرمکردنی ده‌سه‌ڵاتێک که له پڕۆژه‌کانیدا هه‌م خۆی به به‌شێکی سه‌ره‌کیی ریفۆرم ده‌زانێت هه‌م گهرهکیشێتی کۆی پڕۆسه‌ی ریفۆرم بخاته گه‌مه‌یه‌کی ناچیزه‌وه، هه‌ر بۆیه پێویستمان به ئاشنابونی شوناسێکی راسته‌قینه‌یه بۆ ریفۆرمیست).
له یه‌کێک له مرواریه‌کانی مامۆستا عه‌لادین سه‌جادیدا هاتوه ده‌ڵێت: "کابرایه‌ک هه‌بو خه‌ڵکی ئه‌و سیوه‌یله بو، گه‌لێک جار گوێی له مه‌لاکان بو ده‌یانگوت (اناالله و انا الیه راجیعون )،، ئه‌میش هه‌ر قسه‌یه‌ک ده‌هاته پێشه‌وه خێرا ئه‌یگوت (ئینا لیلا)، رۆژێک لێیان پرسی وتیان خاڵه تۆ مه‌عنای ئه‌وه ده‌زانیت وا هه‌مو جارێک و بۆ هه‌موشتێک ئه‌یڵێیت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت وه‌ڵا به ته‌واوه‌تی نازانم، به‌ڵام ئه‌زانم بۆ زیافه‌ت و زهماوهندو ئاهه‌نگ و به‌زم نییه!".
لێره‌وه‌ش ئه‌مه کرۆکی ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌یه. زۆرن ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دۆست و لایه‌نگری پڕۆسه‌ی ریفۆرمن و خۆشیان به ریفۆرمیست ده‌زانن و قسه‌شی لێده‌که‌ن و له بنجی مه‌به‌ست و دوا ئامانجه‌کانیش نه‌گه‌یشتون! ناکرێت نه‌زانیین ریفۆرم چیه‌و ریفۆرمیست کێیه‌و تواناش بین به‌سه‌ر ریفۆرمیست بون و ریفۆرمکردندا، مرۆڤ گه‌ر خودی خۆی چاک (صالح) نه‌بێت ناتوانێت پێ بنێته قۆناغی چاکگهریی (مصلح)، به‌بێ ئاماده‌گی ئه‌م دو توخمه‌ش له مرۆڤه‌کاندا قۆناغی سێیه‌م که پڕۆسه‌ی ریفۆرمه ئاسته‌م و دژواره و ریفۆرمکردن جگه له خه‌یاڵ و شکست خاڵێکی دیکه‌ی گیرسانه‌وه‌ی نیه.
که‌واته:- خۆت چاکبه تابتوانیت هه‌ڵگری په‌یامی چاکسازی بیت + په‌یامی چاکسازی هه‌ڵگره تا ریفۆرم به‌رقه‌رار ده‌بێت = به به‌رقه‌راربونی ریفۆرم نه‌وه‌یه‌کی شکسته‌و ماندو ره‌نگه بۆنی پانتاییه‌ک بکات تێیدا بحه‌سێته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا زیاتر جه‌ختی ده‌که‌مه سه‌ر کاراکته‌ری پڕۆسه‌که‌یه که که تاکه‌کانن (ریفۆرمیست) نه‌ک خودی پڕۆسه‌که که (ریفۆرم )ه، به‌ڵام به‌هه‌مو بارێک‌دا ناساندنێک و تیشکێکی پێناسئامێزمان هه‌ر گه‌ره‌که بۆ چه‌مکی (ریفۆرم).
راسته ریفۆرم شیاوه له‌بواره جیاجیاکانی وه‌ک رامیاریی، ئابوریی، په‌روه‌رده‌و کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک پڕۆسه‌یه‌کی جودا له‌یه‌کتر کاری بۆ بکرێت، به‌ڵام لهوسۆنگهیهوهی که گیرۆده‌یی و داڕزینهکانی له‌مه‌ڕ خۆمان له‌هه‌ناوی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌وه‌یه وخودی سه‌رچاوه‌که لێڵه، ئه‌وا کۆی جۆگه‌کان لیتاو لیقاون، بۆیه که‌باس له ریفۆرم ده‌که‌ین پێویسته وه‌ک پڕۆسه‌یه‌کی هه‌ژێنه‌ری سه‌رتاسه‌ری قسه‌ی لێبکرێت وسه‌رئه‌نجام له‌گه‌ڵ بونیاده‌کاندا روبه‌ڕو بکرێته‌وه، گوتاره‌کانی له‌مه‌ڕ ریفۆرم قسه‌کردن نییه له کردنه‌وه‌ی حیزب و رێکخراوێکی سیاسی یان مه‌ده‌نیی ئۆپۆزسێۆن، به‌ڵکو قسه‌کردنه له‌سه‌ر چۆنێتی و کارکردنه له‌سه‌ر شێوازی گۆڕینی تێکڕای ستراکچه‌ر و بونیاده سه‌قه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک به هه‌مو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه، پڕۆسه‌یه‌کی دیمۆکراسیانه‌ی قۆناغگیری کۆمه‌ڵگایه له سێبه‌ریی بزاوتێکدا وه‌ک نمونه‌ی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نها رێگایه‌که بۆ کارکردن روه‌و ئاکامێکی ئه‌رێنیی، ریفۆرم کوده‌تایه‌کی شه‌و رۆژی نیه و شۆڕشێکی چه‌کداری نیه تا هه‌رکه‌سێک توانستی چه‌ک هه‌ڵگرتنی هه‌بێت ئیدی بتوانێت ببێته که‌ره‌سته‌یه‌کی ئه‌و شۆڕشه، به‌ڵکو پڕۆسه‌یه‌که مرۆڤه‌کان بێ مۆراڵێکی پاککژو ویژدانی و تێگه‌شتن له پایه‌ی ره‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بن به ڤایرۆس و ئه‌نتی ریفۆرم تێیدا، ریفۆرم له رهیڵی گۆڕانه‌وه کارکردنه له‌گه‌ڵ ئێستا‌و کارکردنه له‌سه‌ر داهاتو کارکردنیش له‌سه‌ر داهاتو واتا بونیادنانی داهاتویه‌کی گهشیین، که‌واته بێ ئه‌و پایانه سه‌رئه‌نجام ناتوانرێت پێودانگه‌کانی به نه‌وعیه‌ت کردنێکی باڵای ژیانی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگاو خودی کۆمه‌ڵگاکه بناسرێنه‌وه. هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمخوازیش به‌ده‌ر له‌و ره‌هه‌ندانه ناتوانا ده‌بێت له بزواندنی هێڵه خوارو دهقگرتوهکان و ده‌شێت بکوژی گه‌را و هێلکه نهپیتێنراوهکانی داهاتویهکیش بێت، بزوتنه‌وه‌ی ریفۆرمگهرا ده‌بێت هه‌ژێنه‌ر بێت و لانی که‌م ببێته بنچینه بۆ بزوتنه‌وه‌کانی دواتر، هه‌ژێنه‌ر وه‌ک ئه‌و بزوتنه‌وه ریفۆرمیه ئاینیه‌ی لۆته‌ر له ئه‌ڵمانیادا بیری خواناسیی و پهیوهستیهکانی کڵێسا‌ی پێ بنکۆڵکرد.
لێره‌وه کاری ئه‌م بابه‌ته تیشکێکی کورته روه‌و کاراکته‌رو ئامرازه سه‌ره‌کیه‌که‌ی پڕۆسه‌ی ریفۆرم که خودی (ریفۆرمیست)یان ریفۆرمخواز خۆیه‌تی، تێنه‌گه‌یشتن له تێگه‌ی ریفۆرم و ریفۆرمیستیی وای کردوه هه‌رچی که‌سێک گله‌یی له‌دۆخه‌که هه‌بێت یان زویر بکرێت یان هه‌ر هۆیه‌کی دیکه و له‌گه‌ڵ که‌مێک بهرسۆز که‌وتنی ده‌نگۆکانی ریفۆرم به هه‌مو به‌شه‌کانیه‌وه ئیدی خۆی به که‌سێکی سه‌ر به‌و بزوتنه‌وه‌یه بزانێت و وه‌ک ریفۆرمیستێک خۆی ئیعلان بکات و دواتریش زۆر بوێرانه و بێباکانه له تێگه‌یشتنێکی ره‌وا دێت باس له ریفۆرم ده‌کات، ئه‌مه‌ش ئه‌فرێنه‌ری ئه‌و کاره‌ساته‌یه که مادام ریفۆرم و ریفۆرمیستی بۆته شتێکی زاره‌کی و بێکردار ئه‌وا هه‌موان ده‌توانین بیکه‌ینه دروشمی سه‌ره‌کیمان و گه‌نده‌ڵ و دژه گه‌نده‌ڵ وه‌ک یه‌ک دێن و وه‌ک یه‌ک باس له زه‌روره‌تی پڕۆسه‌که ده‌که‌ن و جوداییهکیش له دروشم‌و هیواکانا به‌دی ناکه‌ن له‌نێوان خۆیان و به‌رامبه‌ردا، ئه‌مه‌ش بۆخۆی کاری ریفۆرمخوازی راسته‌قینه‌ی گرانتر کردوه‌و بڕوای خه‌ڵکانیش گوماناوی تر، ریفۆرمیست سه‌ره‌تا گه‌ره‌که هۆشیاری و ئیدراکی هه‌بێت له‌سه‌ر گه‌ندو گه‌نده‌ڵی وئاکامه‌کانی وه‌ک ده‌ردێك، پاشان ده‌بێت هزری بۆ پێویستی ریفۆرم ببزوێت وه‌ک ده‌رمانێک بۆ ئه‌و ده‌رده، لێروه‌یه سه‌ره‌تای ئاوێته بونه‌کان به چه‌مکی ریفۆرمیست بون ده‌بێت له‌و هۆشیاریه‌وه بێت روه‌و گه‌ند و گه‌نده‌ڵی و له‌وێوه‌ڕا تاک هه‌ست به چاک یان خراپی خودی خۆی بکات و بۆ تێکه‌ڵاو بون به پڕۆسه‌که‌ش گه‌ره‌که بڕیاری چاک بونی خۆی بدات، بێگومان بڕیاردان یان نیه‌ت هێنانی تاک بۆ خودچاکیی (صاڵح) بونی خۆی کارێکی سانا نیه‌و ته‌نها له درک و هۆشیاری به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی و ئاکامه‌کانی و کۆمه‌ڵێک ئیلتیزاماتی ویژدانی و ئه‌خلاقیه‌وه فه‌راهه‌م ده‌بێت، وه‌ک له ده‌ستپێکیش ئاماژهمدایه له پاش قۆناغی چاک بونی تاک قۆناغی چاکگهری تاک قبوڵه و له‌پاش صاڵح بونی خۆی ده‌توانێت له پانتایی ریفۆرمیستیدا وه‌ک ریفۆرمیستێک شوێنگه‌یه‌کی هه‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌موانیشدا پێکه‌وه کار بۆ کۆی پڕۆسه‌که بکه‌ن که ریفۆرمه. بۆ نمونه مرۆڤ گه‌ر له‌شوێنی کاره‌که‌یدا یان له قوتابخانه‌دا یان له سه‌ر شه‌قامدا و له‌هه‌ر سیله‌یه‌کی کۆمه‌ڵگاکه‌یدا بینینی کاری خوارو سه‌قه‌ت نهیبزوێنێت و هه‌ڵوێسته‌ی پێ نهکاتو توشی رامانی نه‌کات، واتا ئه‌و مرۆڤه هێشتا چاک نیه‌و شایسته‌ی پانتایی ریفۆرمیستی بون نیه. یان به دیوێکی دیکه‌یدا ته‌نها چاکه‌کانن ده‌توانن خراپه‌کاریه‌کان و کاری سه‌قه‌ت چه‌ند بچوکیش بێت توشی رامانیان بکات و د‌رکی پێ بکه‌ن، هه‌ر که‌سێک د‌رکی به خراپه‌کاریه‌کانی رۆژانه ی ئه‌وی دی نه‌کرد واتا مه‌حاڵه درک به خیچی و سهقهتیهکانی خودی خۆی بکات به‌وهۆیه‌ی ناسینه‌وه‌ی خراپه‌و خواریهکانی به‌رامبه‌ر ئاسان تره وه‌ک له هی خۆت و ئه‌مه‌ش تۆ‌و ره‌گی سه‌ره‌تاکانی گه‌نده‌ڵیه.
تۆ گه‌ر ناتوانابیت له مامه‌ڵه کردنێکی ته‌ندروست و له‌به‌رچاوگرتنی هاوڕێکیهک روه‌و سیستمه فه‌رمی و نا فه‌رمیه‌کانی هه‌ر له خێزانه‌وه تا ده‌گاته کۆمه‌ڵگایه‌ک، واتا تۆ هێشتا مرۆڤێکی چاک یان هاوڵاتیه‌کی خاوه‌ن مۆراڵی په‌سه‌ند نیت و هه‌ر له ده‌ستپێکه‌وه ده‌بێت درک بکرێت بونی تۆ بونی که‌ره‌سته‌یه‌کی زیانبه‌خشی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌یه که ناوی ریفۆرمه. لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمان له‌سه‌ر ریفۆرمیسته‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆمان چڕ ده‌که‌ینه‌وه، بزوتنه‌وه ریفۆرمخوازه‌کانی کوردستان مه‌رج نیه ته‌نها کادرو ئه‌ندام کۆکه‌نه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی بارهه‌ڵگرێک لهسهرشهقامێک په‌کی که‌وتبێت و پێویستمان به زۆرترین که‌س و به‌هێزترین بێت بۆ پاڵنان، به‌ڵک و ئێمه که‌شتیه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ریایه‌کدا په‌کی که‌وتوه‌و کار له ده‌ریادا ده‌که‌ین بۆیه مهلهوانمان پێویسته، مه‌له‌وانه‌کان چه‌ند بێهێزیش بن هێشتا له پاڵه‌وانه‌کانی وشکانی سودمهندترن بۆ ئه‌و که‌شتیه، بۆیه زۆر گرنگه هه‌ر خه‌ڵکێک نزیک ده‌خه‌نه‌وه یان لێیان نزیک ده‌بێته‌وه حیزبی یان بێلایه‌ن گرنگ نیه، گرنگ په‌روه‌رده‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی خودچاکیی ئه‌و که‌سه له‌به‌رچاو بگرن، گه‌ر (خودچاکیی) (صاڵح)یی ئه‌ندام ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌کی هاتنه کایه‌که بێت ئه‌وا سه‌رئه‌نجام تۆ که‌ره‌سته‌یه‌ک و هزرێکی له‌بارت هه‌یه بۆ ئه‌کتیڤ کردنی پڕۆگرام و نه‌خشه‌کان و که‌سانێک که له ده‌روازه‌ی خودچاکیهوه بێنه کایه‌که ئه‌وا که‌سانێکی توانا ده‌بن به‌سه‌ر هه‌م بیرکردنه‌وه له پڕۆسه‌که‌و هه‌م پراکتیزه‌کردنه‌کانی پڕۆسه‌که، وه‌ک ئاماژهماندایه زۆرجار سانایه که‌سانێکی زۆر بێ‌شومار باس له ریفۆرمیستیی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام گه‌ر قۆناغه‌کانی له هۆش و درک کردن به گه‌نده‌ڵی و ئاکامه‌کانی گه‌نده‌ڵی نه‌یه‌ت که‌واته خودچاکی تاکه‌که بونی نابێت و له کایهکهشدا بێت هه‌م ده‌بێته زیان و هه‌م پاشه‌کشه ده‌کات و زۆر جار گونجاوه ده‌مانچه‌یه‌ک یان مۆبایلێک یان به‌خشینی پله‌وپایه له جه‌رگه‌ی گه‌نده‌ڵیدا، چه‌ندین نه‌ک به‌ناو ریفۆرمیست به‌ڵکو کادری ریفۆرمیستت لێبکاته‌وه و له که‌ره‌سته‌ی بونیادنانی ریفۆرمه‌وه ببنه که‌ره‌سته‌کانی روخاندنی پایه سه‌ره‌تاکانی پڕۆسه‌ی ریفۆرم، ریفۆرمیستی بون حه‌زێک یان بڕیارێکی شه‌و رۆژی ساکار یان داواکاری و گۆڕانێکی خێرای دۆخێک نیه بۆ دۆخێکی تر. بۆیه هه‌ر نه‌بێت لانی که‌م زۆر پێویستمهنده پێشه‌نگه‌کان و کادره سه‌ره‌کیه‌کانی بزوتنه‌وه‌کانی ریفۆرم له بێژنگدراوبن و هه‌رگیز چاوپۆشی له خێچی و خواری و کورتی و عه‌یبه هه‌نوکه‌ییه‌کانیان نه‌کرێت، وه‌ستای خێچ وخوار بینای سه‌قه‌تت بۆبونیات ده‌نێت که نهۆمی سه‌روتری خۆی هه‌ڵناگرێت و ده‌ڕمێت به‌سه‌رتا. چاودێری کردن و کارکردن له‌سه‌ر کادره بنه‌ڕه‌تیه‌کان و خاوه‌ن بڕیاره‌کانی ناو ده‌زگاکانیان کارێکی زۆر پێویست و رۆژخوازه، لهوێراوهیه ئه‌و هێزه په‌یدا ده‌بێت که کارله‌سه‌ر ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگایه‌ک بکه‌ین روه‌و ریفۆرم، ئه‌گه‌رنا تۆ سه‌خته به له 5%ی مرۆڤه‌کانه‌وه کار بۆ چاککردنه‌وه و راستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک بکه‌یت. ئاشکرایه گروپه‌کان و به‌شه جوداکانی ریفۆرمیزم ناتوانن بڵێن سه‌رجه‌م لایه‌نگرانیان پێناسی ریفۆرمیست هه‌ڵده‌گرن و خه‌ڵکانێک هه‌ن نه‌ک ریفۆرمیست نین بگره هێشتا نه قۆناغی هۆشیاربون به ئاکامه‌کانی گه‌نده‌ڵی و نه قۆناغی خودچاکی (صاڵح) یشیان تێدانیه و له‌ناو بزاڤه ریفۆرمخوازهکانیشدان، به‌ڵام وه‌ک گوتمان زۆر گرنگه و شیاوی دوجار بیرلێکردنه‌وه نیه که گه‌ره‌که پێشه‌نگه‌کان و کادرانی هه‌ڵسوڕێنه‌ری بزوتنه‌وه‌کان و کادره سه‌ره‌کیه‌کانی دیکه‌شیان (خودچاکی) مسۆگه‌ر کرابێت تیایاندا تا له‌وێوه توانابن رۆڵی چاکسازێک بگێڕن، وه‌ک هه‌میشه ئاماژه‌م پێداوه مه‌رج هه‌ر ئه‌وه‌نیه دۆخێک بگۆڕین یان سیستمێک ببزوێنین، به‌ڵکو ده‌بێت بیر له‌وه کرابێته‌وه چی ده‌به‌ینه شوێنی و چیی ده‌کرێته جێگرتهی.
لێره‌وه بۆ به‌رچاوڕونیی زیاده‌تر هه‌مان هاوکێشه‌ی سه‌ره‌تا به چه‌پڕاست کراوی دێنمه‌وه (گه‌ر خوازیاری ده‌ستێکی ریفۆرمگهرا بیت ده‌بێت ریفۆرمیست بیت، گه‌ر ده‌ته‌وێت ریفۆرمیستیش بیت گه‌ره‌که خودچاک (صاڵح) بیت له کۆمه‌ڵگادا، بۆ ئه‌وه‌ش ماهیه‌تی خودچاکی بناسیته‌وه ده‌بێت هۆشیاریهکت هه‌بێت و درک به ئاکامه ژه‌هراویه‌کانی گه‌نده‌ڵی بکه‌یت).
دوا وشه‌کانی ئه‌م بابه‌ته هه‌ندێک تێبینی و سه‌رنجه بۆ هه‌مو ریفۆرمیستێک:-
*خه‌ڵکان ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌زمونی خوێنگهریی بینیوه که له ده‌زگاکاندا ئاماده‌گیان هه‌یه، به‌و دیاریده‌یه سه‌رشێت ده‌بن. (خوێنگهر / مه‌به‌ست له که‌سه نزیکه‌کانی بازنه‌ی خێزانه، کوڕ‌و کچ و دایک و باوک وبراو خوشک). بۆیه واباشه بۆ پێشه‌نگه‌کان و کادره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی بزوتنه‌وه‌کانی ریفۆرم، له‌هه‌رشوێنێکدا خۆیان به‌رپرسیاربن و خاوه‌ن بڕیاربن ئیدی له‌وشوێنه‌دا با خوێنگهراکانیان و بازنه نزیکه‌کانی که‌سوکار به‌رپرسیارو خاوه‌ن بڕیارێکی دیکه نه‌بن، یان با له ئاسته بنه‌ڕه‌تیه‌کانی خۆیاندا کار بکه‌ن یان شوێنگه‌ی تر زۆره بۆ سه‌لماندن و خستنه‌ڕوی توانا‌و لێهاتوییه‌کانیان. ماقوڵترینیش ئه‌وه‌یه مه‌رج نیه دوربخرێنه‌وه، به‌ڵام مه‌رجه به پێی ئاسته‌کانی خۆیان بخه‌مڵێنرێن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت. خۆ گه‌ر ده‌وروبه‌ره‌که‌ت به غه‌یری ئه‌مانه ره‌زامه‌ندبون یان درکت کرد زیاتر له ئاستی بنه‌ڕه‌تیان خوێنگهرهکانت هه‌ڵده‌ده‌ن و قوتبێکی ناماقوڵیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئه‌وا دڵنیابه تۆی ریفۆرمخواز، تۆی پێشه‌نگ، یان تۆی کادری بنه‌ڕه‌تی ده‌وروبه‌رت هه‌موی گه‌نده‌ڵه‌و ئاو له بێژنگ ده‌که‌یت.
*ده‌بێت ریفۆرمیست به میتۆدێک کار بکات، هه‌مو هه‌ڵه‌یه‌ک سه‌ره‌ڕای گچکه‌یی به هه‌ند وه‌ربگرێت و چاوپۆشی لینهکات، ئه‌گه‌رنا هه‌ڵه‌ی بچوک وای لێدێت ده‌بێته رۆتیین ئیدی به‌دوایدا هه‌ڵه‌و که‌موکورتی مامناوه‌ند و گه‌وره‌ش به بچوک ده‌خه‌مڵێنرێت. گه‌نده‌ڵیش له کۆمه‌ڵێک سه‌ره‌تاو بچوکیه‌وه دروست بوه کاتێک تۆ نه‌توانیت ئه‌وانه بناسیته‌وه‌و قسه‌ی له‌سه‌ربکه‌یت نا‌توانیت له حه‌جم و سه‌نگی ته‌واوی خودی گه‌نده‌ڵی بگه‌یت.
*پێشه‌نگ و کادره باڵاکانی بزوتنه‌وه ریفۆرمخوازه‌کان گه‌ره‌که زۆر هه‌ستیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ روداودا بکه‌ن و مه‌نتیق و لۆجیک بکه‌نه وه‌ڵام و هه‌ڵوێست روه‌و روداوه‌کان نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای گیانی هه‌ڵچون و خواستی کوێرانه‌ی ئهندامگهل و دۆستگهلێکی ریفۆرم که سه‌رئه‌نجام له که‌وتن و نوشوستیهکاندا نه‌که‌س ئه‌وان ده‌ناسێت تا روی ره‌خنه‌یان تێکاو نه فیعله‌ن که‌سیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وان بکات به هۆکار. رێبه‌ر مانای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکان به‌ره‌و رێ به‌رێت نه‌ک خه‌ڵکانی ساده ئه‌و له‌ڕێ ده‌رکه‌ن.
*ریفۆرمیسته‌کان کاتێک باسیان ده‌گاته سه‌ر شه‌فافیه‌ت، ده‌بێت خۆیان کارایه‌کی رێگاکه بن، لانی که‌م ده‌بێت خۆیان چه‌ند هه‌نگاوێکیان له‌و رێگایه‌دا نابێت.
*بۆ بزوتنه‌وه ریفۆرمخوازه‌کان واباشه پارچه پارچه‌و گروپی دابڕاو نه‌بن. ریفۆرم و پڕۆژه‌کانی چاکسازی هێنانه ناوه‌وه‌ی شێوازی جودا جودای ریفۆرم نییه پڕۆسه‌ی ریفۆرم مۆدڵ و ستایه‌ڵ نیه هه‌ر گروپه‌و به شێوازێک نمایشی بکات و راڤه‌ی بکات. خودی پڕۆسه‌که تێگه‌یه‌کی گشتیی هه‌یه‌و ئه‌وه‌ی هه‌نوکه ئێمه خوازیاریینی قوتاربونه له‌گه‌نده‌ڵیه‌کی سه‌رتا سه‌ری و بۆ ئه‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رتا سه‌ریمان گه‌ره‌که، نه‌ک نمایشکردن و پڕوپاگه‌نده کردنی به‌شه‌کان و کاراکته‌ره ریفۆرمیستیهکان، با بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری هه‌بێت که شمولی هه‌مو هاوڵاتیه‌کی چاک (صالح) بکات به‌هه‌مو جیاوازیه حیزبی و فکریهکانیشیانهوه، ئه‌وکات ده‌کرێت له‌ناو ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا و به تهرزگهلێکی جیاواز ریفۆرمیزم پراکتیزه بکرێت. داواکردنی ئه‌م یهکپارچهییهش ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی فکره‌و بیروڕای جیاواز نیه، وه‌ک گوتمان ریفۆرمیزم فکرو ده‌قی په‌یڕه‌وی حیزب و رێکخراوه‌ی حیزبی نیه، پڕۆسهیهکهو هێزی هه‌مو تاکێکی چاکی کۆمه‌ڵگای گه‌ره‌که، به‌ڵام زۆر زۆر گرنگه.. خۆ له‌وه لابدرێت که له‌پێناو یهکپارچهبون و فراوانبون و به‌هێزبون وفرهبونی ژماره‌کاندا هه‌مو که‌س و گروپێک قبوڵ بێت!.
خودچاکی و پاشان ریفۆرمیستبونی ته‌واو مه‌رجی مانه‌وه‌و یه‌کگرتن و یه‌کپارچه‌یی هه‌مولایه‌ک بێت. ئه‌گه‌رنا هه‌رگیز با گروپی گه‌وره له پێناوی گه‌وره‌بونێکی زیادهتردا گروپی گچکه و تاکی گوماناوی قبوڵ نه‌بێت. یان به هه‌مان شێوه گروپی گچکه هه‌رگیز با له پێناوی گه‌وره‌بوندا گروپی گه‌وره‌ی پڕگومان و تاکی گوماناوی قبوڵ نه‌بێت. گروپی ریفۆرمیخوازی بێگه‌رد به گچکه‌یی و بێگه‌ردی بمێنێته‌وه چاتره وه‌ک له‌وه‌ی تێکه‌ڵاوی بازنه‌یه‌ک بێ و به‌گومان له‌ناویدا بمێنێت و زه‌مه‌نێکیتر بێگهردیهکهی گه‌رددار ببێت و ماهیه‌تی ریفۆرمیخوازی بدۆڕێنێت.
* کاتێک ریفۆرم پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نی هه‌نگاو ئامێز بێت، زۆر ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه پێشه‌نگ و قوتبه سه‌ره‌کیه‌کانی ریفۆرم هه‌ر له ئێستاوه کادرو پێشه‌نگی نوێ له پڕۆگرامیاندابێت و ئاماده‌یان بکه‌ن ، تا بتوانن دو ساڵی تر ئیدیی پێشه‌نگی بسپێرن به‌وان و به‌فه‌رمی ئیعلانی که‌ن و بۆ هه‌مو لایه‌کی به‌ڵگه نهویستکهن که چیتر له‌مانه‌وه مۆدێلی بێزراوی ده‌ستاو ده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رچو و بیسه‌لمێنن که ئه‌مان ده‌بنه ئه‌فرێنه‌ری که‌ڵچه‌رێک مێژوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک شانازی پێوه‌بکات.
* ریفۆرم و بزوتنه‌وه‌کانی نهبهسترێن به کهسایهتیهکانهوهو له‌سه‌ر ئاستی کهسایهتیهکانیشدا کار له‌سه‌ر به‌رامبه‌ر نه‌کرێت.
*نه‌خوێندنه‌وه‌ی بهرامبهرو ههرمنیی نمایشکردنهوهیهکی بێزراوی وێنه‌کانی پێشوه.
*چه‌ند کاربۆ ئیدعاو فراوانکردنی پڕۆژه‌ی ریفۆرم ده‌که‌ن، بهرترو زیاده‌تر کار له‌سه‌ر تێگه‌و ماهیه‌تی ریفۆرمیستی بکه‌ن و خه‌ڵکی زیاتر له‌و نه‌گبه‌تیه هۆشدار بکه‌نه‌وه که وا ده‌زانن ریفۆرمیزمیش وه‌ک کۆمه‌ڵه بون یان شۆڕشگێڕان و هێڵی گشتی بون یان پارتی بون و..هتد باڵ و حیزب و رێکخراوی حیزبیه.
دواجار هه‌مومان پێویسته چاو‌دێر بین به‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی پڕۆژه‌ی ریفۆرمه‌وه و جارجاره قسه‌یه‌کی لێبکه‌ین تا ئه‌وده‌مه‌ی جێی هیوایه‌و تا ئه‌وجێیه‌ی ئاره‌زوی ده‌مامک بازی ناکات با گفتوگۆ له‌سه‌ر که‌موکورتی و هه‌ڵه‌کانی بکه‌ین، که‌ی گه‌شته ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش شایهنهکهیان تای خراپه‌و ناچیزیی قورستربو تروسکه‌ی هیوایان لێبڕیین ئه‌وا (له‌هه‌مو پرسه‌یه‌کدا هه‌ر فاتیحا خوێنراوه!).