سازدانی: سبه‌ی
سه‌باره‌ت به زوڵمی یاسایی و كاریگه‌ری خراپی ئه‌و جۆره سته‌مه و جیاوازی له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تر زوڵم، هاوكات بونی زوڵمی یاسایی له هه‌رێمی كوردستان و نمونه و ده‌رئه‌نجامه‌كان ئه‌و جۆره سته‌مه، سه‌روه‌ری یاسا له هه‌رێم و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ زوڵمی یاسایی و چه‌ند پرسیارێكی تر، سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستا ته‌ها عومه‌ر سازداوه.
سبه‌ی: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، ئایا زوڵمی یاسایی چییه؟
ته‌ها عومه‌ر: زوڵمی یاسا یاخود "سته‌می یاسا" به‌شێكی رێكخراوه (منڤم) له كۆی ئه‌و شێوازه سته‌مانه‌ی له مرۆڤ ده‌كرێت.
مرۆڤ، به سروشتی خۆی بێت، یان هه‌ر پاڵنه‌رێكی مادی یان مه‌عنه‌وی هه‌بێت ناچاری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیه، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش كۆمه‌ڵێ په‌یوه‌ندی جۆراوجۆری ناو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵه، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندی و تێركردنی غه‌ریزه‌كانی... بۆیه له‌مانه‌وه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش بۆ بۆ رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ململانێكانی یاسا، وه‌ك باشترین وه‌سیله به‌كارده‌هێنێت.
لێره‌وه، پرسیار له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی یاسا و رۆڵی یاسا له به‌دێهێنانی دادپه‌روه‌ریدا ده‌وروژێت، چونكه ئه‌وه‌ی راستییه‌كی چه‌سپاوه، ئه‌وه‌یه كه یاسا پێداویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، ئایا ئه‌مه واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌رچی یاسا بێت و هه‌رچی به ناوی یاساوه بكرێت، دادپه‌روه‌رییه؟ وه‌ڵامی راسته‌قینه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كه یاسا وه‌ك ئامرازێك ده‌شێت به‌دیهێنه‌ری دادپه‌روه‌ری یان چه‌سپێنه‌ری سته‌م بێت. خاڵی پێوانه‌ش لێره‌دا بریتیه له پاراستن یان پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و گریمانه فه‌لسه‌فه‌یه‌وه كه مرۆڤ خاوه‌نی كۆمه‌ڵی مافی سروشتییه وه‌ك مرۆڤ، ئه‌م مافانه مرۆڤ خۆی خاوه‌نیه‌تی نه‌ك ده‌سه‌ڵات، به‌ر له دروستبونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ر له بونی یاسا، مرۆڤ ئه‌م مافانه‌ی هه‌بوه.
كه‌واته نه ده‌وڵه‌ت و نه یاسا نابێت پێشێلی بكه‌ن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، پێداویستی ده‌سه‌ڵات و یاسا له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ببنه ئامرازی پاراستنی ئه‌و مافانه، به‌ڵام له‌هه‌ر خاڵێكدا، ده‌سه‌ڵات مافێكی مرۆڤی پێشێل كرد، ئه‌وا شه‌رعیه‌تی مرۆڤانه‌ی له‌ده‌ست ئه‌دات.
له هه‌ر خاڵێكیشدا، یاسا مافێكی پێشێل كرد، ئه‌وا یاسا سته‌م ئه‌كات، لێره‌دا به باشی ده‌زانم ئاماژه به‌وه بده‌م، كه سه‌رنجدان له یاسا بۆ بینینی سته‌م مێژویه‌كی دێرینی هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می یۆنان له چوارچێوه‌ی بیری یاسای سروشتی‌دا، وه‌ك دژه واتای دادپه‌روه‌ری، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تێوریزهی دادپه‌روه‌ری كراوه، ئه‌وه‌نده سته‌م تێوریزه نه‌كراوه، به‌ڵكو زیاتر له چوارچێوه‌ی بیروڕای په‌رش و بڵاودا لێكدراوه‌ته‌وه.
سبه‌ی: زوڵمی قانون چ جیاوازییه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ زوڵمی نا قانونی؟
ته‌ها عومه‌ر: لێره‌دا له‌به‌رده‌م دو بواری جیاوازداین، بوارێكی یاسایی و بوارێكی نا یاسایی، بواری یه‌كه‌میان هه‌مو ئه‌و سته‌مانه ده‌گرێته‌وه كه له ده‌قێكی یاساییدا هاتون و پێچه‌وانه‌ی به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی باڵای مرۆڤن، یان پێشێلكه‌ری مافێكن، به‌ڵام له بواری دوه‌مدا كه بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ده‌گرێته‌وه، به دیاریكراویش، ئه‌و لایانانه‌ی ئه‌م بوارانه كه به یاسا رێكنه‌خراون، ئه‌وا ده‌شێت له‌مانه‌شدا مرۆڤ دوچاری سته‌م ببێت، بۆ نمونه ئه‌و ده‌قه یاساییه‌ی كه به نایه‌كسانی سه‌یری ژن و پیاو ده‌كات مافێك ئه‌دات به پیاو، به‌ڵام نایدات به ژن، ئه‌مه سته‌مێكی یاسایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له یاسادا وه‌ك یه‌ك مافێكی دیاریكراویان هه‌بو "وه‌ك مافی ئازادی هاوسه‌ر گرتن" به‌ڵام هۆكارێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی بوه هۆی قۆرغكردنی ئازادی ژن "به نمونه" ئه‌مه سته‌مێكی سیاسی یان سته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه. له كۆمه‌ڵگای خۆماندا نمونه‌ی ئه‌م شێوازی سته‌مانه زۆره كه كلتوری دواكه‌وتوی كۆمه‌ڵایه‌تی هۆكاریه‌تی كه‌واته ئه‌توانین بڵێین كه سته‌می یاسا سته‌مێكی رێكخراوه (منظم) ، به‌ڵام سته‌می نا یاسایی سته‌مێكی نا رێكخراوه، هه‌روه‌ها یه‌كه‌میان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام دوه‌میان لهبهریهككهوتنی په‌یوه‌ندی تاكه‌كانه‌وه دروست ده‌بێت و یاسا پشتگیری ناكات، ترسناكترین جۆری سته‌میش ئه‌وه‌یه به ناوی دادپه‌روه‌ری و یاساوه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بكرێت.
سبه‌ی: له كوردستاندا زوڵمی قانونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌یه هۆكاره‌كه‌ی چیه؟
ته‌ها عومه‌ر: له هه‌مو ده‌وڵه‌تێكدا، یاخود له ژێر سایه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی‌دا به كوردستانیشه‌وه سته‌می یاسا هه‌یه، چونكه په‌یوه‌ندی سته‌م به یاساوه، بریتیه له بونی یاسا و ناوه‌رۆكی یاسا هه‌ندێ له بیروباوه‌ڕه سیاسی و فهلسهفهییهكان له بنچینه‌دا بونی یاسا به سته‌م له مرۆڤ ده‌زانن "وه‌كو ئانارشیزم و ماركسیزم"، كه له راستیدا تا راده‌یه‌ك بۆچونێكی توندڕه‌وانه‌یه، چونكه مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته به ناوه‌ڕۆكی یاسا، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست نییه به بونی یاسا، به تایبه‌تیش كه یاسا وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد، پێداویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تی ژیانه.. بۆیه له كوردستانیشدا یاسا هه‌یه و ناوه‌ڕۆكی هه‌ندێ له ده‌قه یاساییه‌كانیش سته‌می تێدایه، بۆ نمونه جیاكاری ره‌گه‌زی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه پیاو ئازاد بێت له تێركردنی غه‌ریزه‌كانی، به‌ڵام بۆ ژن به تاوان داده‌نرێت (نمونه ماده‌ی 377) له یاسای سزای عێراقی كه له كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، هه‌روه‌ها سزای له سێداره‌دان كه سزایه‌كی قه‌ده‌غه كراوه به پێی پڕۆتۆكۆلی (1988) پاشكۆی رێكه‌وتنامه‌ی مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان، به‌ڵام له ده‌یان ده‌قی یاسای سزاداندا ئه‌م سزایه هه‌یه و له دادگاكان‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت. چه‌ندین نمونه‌ی تریش كه لێره‌دا بواری باسكردنیان نییه.
هۆكاره‌كانی سته‌می یاساش له كوردستان ده‌توانین "وه‌ك نمونه" بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ:-
1. یاساكان به میزاجی شه‌خصی ده‌رده‌چن، به تایبه‌تی میزاجی ئه‌وانه‌ی كه توانای سه‌پاندنی رای خۆیان هه‌یه به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا، به‌م شێوه‌یه به فه‌رزكردنی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خصی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.
2. لاوازی په‌رله‌مانی كوردستان، له روی ئه‌قڵی یاسادانانی مرۆڤانه و شاره‌زایی له ناوهڕۆك و ته‌كنیكی ته‌شریعی سه‌ره‌ڕای نه‌بونه خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی زاتی خۆی جیاواز له ئیراده‌ی حیزب و كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار.
3. دابڕینی هاوڵاتیان له پرۆسه‌ی یاسادانان به گشتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستا له كوردستان هاوڵاتیان خاوه‌نی ده‌ستورێك نین كه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌یی راسته‌وخۆی خۆیان بێت، ده‌ستوریش به‌رزترین یاسایه كه پابه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كات به رێزگرتنی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیان.
4. هه‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به نا دادپه‌روه‌ری، به به‌ڵگه‌ی هێنانه‌وه‌ی بیانو بۆ سته‌مكردن، وه‌ك پاراستنی ئاسایش و به‌دیهێنانی سه‌قامگیری سیاسی.
5. یاسادانان پێویستی به عه‌قلێكی كراوه و بڕوا بون به ئازادی مرۆڤ هه‌یه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه شاره‌زایی له كۆمه‌ڵی زانستی وه‌ك سۆسیۆلۆژیا و ئهنسرویۆلۆژیاو سایكۆلۆژیای خه‌ڵكی كوردستان، كه پێویسته به‌ر له دانانی یاسا دیراسه‌ی ئه‌م لایانانه‌ی كۆمه‌ڵگه بكرێت، به‌ڵام لای ئێمه ناكرێت و تا ئێستاش په‌رله‌مان بیری لێنه‌كردۆته‌وه، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیش نه‌یكردوه.
سبه‌ی: پێتوایه له كوردستاندا سه‌روه‌ری یاسا به‌و ئه‌ندازه‌یه بێت، كه مرۆڤ باس له سته‌می یاسایی بكات؟
ته‌ها عومه‌ر: سه‌روه‌ری یاسا بابه‌تێكی جیاوازه له سته‌می یاسا، په‌یوه‌ندی سه‌روه‌ری به یاساوه، واتای جێبه‌جێكردنی یاسایه به شێوه‌یه‌كی گشتگیرانه (عمومی) به‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی یاساكه ده‌یانگرێته‌وه به‌سه‌ر تاك و به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشدا، به‌ڵام په‌یوه‌ندی سته‌م به یاساوه بریتییه له سه‌یركردنی ناوه‌ڕۆكی یاساكان، كه تا چه‌نده له‌گه‌ڵ پیرۆزی مافه‌كانی مرۆڤدا ده‌گونجێت یان پێشێلی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه شتێكی واقیعیه كه له كوردستاندا یاسا رۆژانه ده‌رده‌چێت و جێبه‌جێده‌كرێت، به‌ڵام سه‌روه‌ری یاسا له كوردستان سه‌روه‌رییه‌كی تا راده‌یه‌كی زۆر رێژه‌ییه، چونكه هه‌ندێ كه‌س و هه‌ندێ دامه‌زراوه هه‌ن كه سه‌ره‌ڕای لادانیان له یاسا، یاسایان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ناكرێت. بۆ نمونه هاوڵاتیه‌كی ئاسایی به تۆمه‌تی زانیاری دان به ده‌وڵه‌تێكی بێگانه ده‌درێته دادگا و حوكم ئه‌درێت، به‌ڵام حیزبێك ئه‌م كاره بكات كێ یاسای به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ؟ هاوڵاتییه‌كی ئاسای له‌سه‌ر دزینی فه‌رده‌یه‌ك ئارد (10-15) ساڵ حوكم ئه‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی یاری به بودجه‌ی هه‌رێمێك ده‌كه‌ن، كێ یاسایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ؟
لێره‌دا ئه‌مه‌وێت ئاماژه به دو خاڵی تێوریانه بكه‌م، خاڵی یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه، كه یاسا پێویستی به‌هێزه بۆ سه‌پاندن، ئه‌و هێزه‌ش خودی ده‌سه‌ڵاته، كه ده‌سه‌ڵاتیش له سه‌روی یاساوه بو، به‌واتایه‌كی تر كه یاسایه‌ك نه‌بو پابه‌ندی ده‌سه‌ڵات بكات و هێزێك نه‌بو ملكه‌چی یاسای بكاتن ئیتر سه‌روه‌ری یاسا هیچ مانایه‌كی راسته‌قینه‌ی نییه.
خاڵی دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه، كه بونی یاسا، ئه‌گه‌ر چی یاسایه‌كی سته‌م ئامێزیش بێت، وه‌ك ئه‌ره‌ستۆ ده‌ڵێت: باشتره له حاڵه‌تی نه‌بونی یاسا. چونكه یاسا لانی كه‌می گه‌ره‌نتی ژیان هه‌ر دابین ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا سه‌روه‌ری به‌خشین به یاسا، خودی ده‌سه‌ڵات نایكات، ئه‌گه‌ر فشاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كارا نه‌بن، بۆیه له‌م روه‌وه ئه‌ركێكی زۆر ده‌كه‌وێته سه‌رشانی خه‌ڵك و دامه‌زراوه مه‌ده‌نیه‌كان كه ده‌سه‌ڵات ناچار بكه‌ن پابه‌ندی یاسا بێت و یاساكانیش دادپه‌روه‌ر بن.
سبه‌ی: ئایا باڵا ده‌ستی حیزب به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمدا به تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هۆكارێك نین بۆ دروستبونی زوڵمی یاسا؟
ته‌ها عومه‌ر: ئه‌گه‌ر چی له روی مێژوییه‌وه، ده‌وڵه‌ت پێش حیزب هه‌بوه به هه‌زاران ساڵ، واتا ده‌وڵه‌ت و حیزب، چ له روی مێژویی و چ له روی زانستی سیاسیشه‌وه دوانه نین، به‌ڵام په‌یڕه‌وكردنی دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تیكردن به كاریگه‌ری بیری لیبرالیزم به تایبه‌تی له ئه‌وروپا و له چه‌ند سه‌ده‌ی رابردودا، حیزبی كردۆته كاراكته‌رێكی سیاسی گرنگ له پێكهێنانی ده‌سه‌ڵات و ئاڕاسته‌كردنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته له كوردستان وه‌ك حه‌قیقه‌تێك په‌یڕه‌و بكرێت، ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندی حیزب به حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كی یاسایی بێت له‌سه‌ر بنه‌مای رێكخستنی په‌یوه‌ندی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به گشتی، نه‌ك هه‌یمه‌نه‌ی حیزب له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و ته‌رحانه‌ی كه له‌ئێستادا باس له جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر ده‌كه‌ن، پێویسته له سه‌ر شێوازی رێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كه جه‌خت بكه‌ن، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت حیزب و ده‌سه‌ڵات به جیاكراوهیی واتا به‌بێ په‌یوه‌ندی له دیموكراسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا وێنا بكه‌ین، به واتایه‌كی تر حیزب كۆڵه‌كه‌یه‌كی دیموكراسی و ده‌ستاو ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته.
له راستیدا حیزب خۆشی ئه‌زانێت هه‌ست ئه‌كات كه سنوره‌كه‌ی به‌زاندوه و زاڵ بوه به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كاندا، به‌ڵام ده‌بینین حیزب هه‌یه كه بۆته به‌شێك له‌م واقیعه، هه‌وڵی گۆڕان و چاكسازی ئه‌دات به ئاڕاسته‌ی وه‌كو له پڕۆژه‌كاندا هاتوه جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان، یان لانی كه‌م نكوڵی لێناكه‌ن بۆ نمونه (ی.ن.ك) ئاگای له‌م واقعه هه‌یه و چه‌ندین هه‌وڵی چاكسازیشی داوه، كه دواهه‌مینیان پرۆژه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لاله، به‌ڵام ئه‌گه‌رچی ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له حكومه‌ت له‌لای (پ.د.ك) ئه‌گه‌ر زۆر زیاتر نه‌بێت، ئه‌وا كه‌متر نییه له (ی.ن.ك)، به‌ڵام لای ئه‌وان، هه‌ر باسیشی ناكه‌ن كه‌واته هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نیه بۆ چاكسازی ئه‌م بواره، به‌ڵام به نیسبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه، ئاڕاسته‌ی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆ بون له سه‌ره‌تادایه و چه‌ند هه‌نگاوێكی ناوه، به تایبه‌تیش دوای ده‌رچونی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، و ته‌داخولی حیزب له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری زوڵمی یاسا دروست ناكات، به‌ڵكو زوڵمی دادوه‌ری دروست ده‌كات، چونكه دادگا یاسا ده‌رناكات به‌ڵكو جێبه‌جێی ده‌كات. بۆیه زوڵمی یاسا سه‌رچاوه‌كه‌ی یان ده‌ستوره یان ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مان ده‌رده‌چن، به‌ڵام زوڵمی دادوه‌ری ئه‌وه‌یه كه یاسا وه‌كو خۆی جێبه‌جێ نه‌كرێ. له هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ و كارا له هه‌رێم دابمه‌زرێ، ره‌نگه له زۆر لایه‌نه‌وه رۆڵی كاراشی هه‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی سته‌می یاسا، ئه‌مه‌ش به به‌خشینی ته‌فسیر و راڤه‌یه‌ك به یاسا كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ نه‌ك پێچه‌وانه‌ی بێت.
سبه‌ی: به‌رای تۆ له كوردستان، یاسا سه‌روه‌ری هه‌یه یان یاسا كراوه‌ته ئامرازێك بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی حیزب و ده‌سه‌ڵاتدان؟.
ته‌ها عومه‌ر: پێشتر باسی هه‌ندێ لایه‌نی پرسیاره‌كه‌مان كرد سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری یاسا، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه یاسا كراوه‌ته ئامڕازێك، ئه‌وا له راستیدا یاسا خۆی ئامڕازه نه‌ك ئامانج، یاسا ئامرازێكه به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی جۆراوجۆر به پێی ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات. هه‌ر بۆیه ده‌بینین یاسا له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكی تر جیاوازی هه‌یه. له كوردستانیش یاسا به‌ده‌ر نییه له‌م حه‌قیقه‌ته، له كوردستانیش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یاسایی كردوه به ئامرازێك بۆ به دیهێنانی چه‌ندین ئامانج، یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ش مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خۆیه‌تی، شه‌رعیه‌تدان به‌م مانه‌وه‌یه، به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی مادی بۆ خۆی. له‌به‌رئه‌وه‌ی له كوردستان په‌یوه‌ندی حیزب و حكومه‌ت له‌وه ده‌رچوه كه رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌ك بێت. له‌سه‌ر بنه‌مای رێكخستنی په‌یوه‌ندی هه‌ردولا وه‌ك دو ئیراده و دو ده‌زگای جیاواز، به‌ڵكو حیزب كۆنترۆڵی ئیراده‌ی حكومه‌تی كردوه بۆ خۆی. بۆیه له واقیعی له‌م شێوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئه‌نجامی ده‌دات هه‌میشه له قازانجی حیزبه، یاخود راسته‌وخۆ حیزب به حكومه‌ت فه‌رمان ئه‌دات چ بڕیارێك و چ سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكات، چونكه وه‌ك باسمانكرد، حكومه‌ت و په‌رله‌مان خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی زاتی تایبه‌ت به خۆیان نین جیاواز له ئیراده‌ی حیزب.
حیزبه‌كان له كوردستان ده‌توانن ئه‌م واقیعه بگۆڕن، به‌وه‌ی رازی بن به رێكخستنی په‌یوه‌ندی خۆیان به ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا‌و جیاوازی ئیراده و داموده‌زگایی، پابه‌ندیان به‌ده‌ست نه‌خستنه ناو كاروباری حكومه‌ته‌وه به‌ده‌ر له‌و بوارانه‌ی كه یاسا رێگه‌ی به حیزب داوه بۆ هه‌ڵبژاردن خۆ پاڵاوتن و دانانی پۆسته گشتییه‌كان، هه‌روه‌ها حیزب ئه‌توانێ له بری ده‌ستكه‌وتی مادی، ده‌سكه‌وتی مه‌عنه‌وی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێت له رێگه‌ی چه‌سپاندنی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسادا، جیاوازی نه‌كردن له سودمه‌ند بون و خزمه‌تگوزاری له نێوان هاوڵاتییه‌كی بێلایه‌ن و هاوڵاتیه‌كی حیزبی. به‌مه‌ش حیزب ئه‌توانێ وێنه‌یه‌كی جوانتر به خۆی ببه‌خشێت، چونكه یه‌كێك ئه‌ركه‌كانی حیزب ده‌شێت كه‌مكردنه‌وه یان ره‌تكردنه‌وه‌ی سته‌می یاسا بێت. كه ئه‌توانێ ئه‌م كاره له رێگه‌ی كوتله پهرلهمانیهكهیهوه بكات، چ له پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی یاسایی یان رازینه‌بون به هه‌ندێ پرۆژه‌ی كه سته‌می یاسایی دروست ده‌كات. یان حیزب ئه‌توانێ وه‌ك ئۆپۆزیسێون له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌ره‌نگاری سته‌می یاسا بكات، به چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر.
سبه‌ی: رات چییه سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌یانه‌وێت له عێراقدا یاسا سه‌روه‌ر بێت؟
ته‌ها عومه‌ر: سه‌ر گرتنی هه‌ر هه‌وڵێك بۆ سه‌روه‌ری یاسا له ناوه‌ند كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كانیش، چونكه له ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا، په‌یوه‌ندییه‌كی یاسایی هه‌یه له نێوان ناوهندو هه‌رێمه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له روی عه‌قڵی یاسا داڕشتن و ته‌كنیكی داڕشتنی یاساوه له هه‌رێمی كوردستان له پێشتره، له هه‌مان كاتدا له سه‌ر ئاستی ناوه‌ندیش چه‌ندین حاڵه‌تی نا قانونی هه‌یه، وه‌ك بونی میلیشیا، مه‌رجه‌عیه‌تی دینی بۆ زۆر له بڕیاره‌كان پابه‌ند نه‌بون به ده‌ستور له زۆر مادهیدا. به‌ڵام پێده‌چێت هه‌وڵه‌كانی ناوه‌ند كاراتر بن، چونكه ئه‌و رێكه‌وتنه سیاسیه‌ی له هه‌رێمدا هه‌یه له نێوان هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی جدی، ئه‌م له ناوه‌ند جیاوازه، چونكه ئه‌وه‌نده هێزه سیاسیه‌كان زۆرن كه ناتوانن له‌سه‌ر پێشیلی یاسا هه‌مویان یه‌كتری رازی بكه‌ن، ئه‌مه له‌لایه‌ك له لایه‌كی تره‌وه فره‌یی سیاسی ناوه‌ند، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی سیاسیش بێت، چاودێری زیاتر له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا دروست ده‌كات.
سبه‌ی: بونی كاریزما و دروستبونی هێڵی سور بۆ نمونه بارزانی و تاڵه‌بانی كه ئێستا به‌و هێڵه داده‌نرێت چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر چه‌سپاندنی یاسا، ئایا رۆڵی ئه‌مان بۆ سه‌روه‌ری یاسا ئه‌رێ نییه یان نه‌رێ نییه؟
ته‌ها عومه‌ر: له راستیدا یاسا ته‌عامول له‌گه‌ڵ ناوی كه‌سه‌كان ناكات وه‌ك له پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌دا هاتوه. هیچ یاسایه‌ك نیه كه سیفه‌تی عمومی هه‌بێت و ناوی كه‌سێك بهێنێت. یاسا ته‌عامول له‌گه‌ڵ سیفاتی كه‌سه‌كان ده‌كات ئه‌و دو به‌رێزه‌ش كه ئێوه ناویتان هێناوه له روی یاساییه‌وه، هاوڵاتی ئاسایین ئه‌و یاسایانه‌ی به‌سه‌ر ئێمه ده‌چه‌سپێت به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا به‌هه‌مان شێوه، هیچ ده‌قێكی یاساییش نییه كه به ناو ئه‌و دو كه‌سه له یاسا به‌ده‌ر بكات، ئه‌مه وه‌ك ناو، به‌ڵام وه‌ك پۆست ئه‌مه بابه‌تێكی تره له روی پۆسته‌وه به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم تایبه‌ته به پۆسته‌كه‌ی نه‌ك وه‌كو شه‌خسی، سه‌باره‌ت به هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، پۆسته‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماره و پۆستێكی سیادیه له عێراقدا و ده‌ستوری عێراق ته‌نزیمی كردوه، بۆیه ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی به یاساكانی هه‌رێمه‌وه نیه.
به‌ڵام وه‌ك رۆڵ نواندنی ئه‌مان له پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا. ئه‌وا ئه‌توانن هه‌نگاوی زۆر جدی بهاوێژن، چونكه ئه‌مان له روی سیاسیه‌وه یه‌كه‌مین كه‌سی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارن. تا ئه‌و شوێنه‌ی بڕیاری ئه‌مان كاریگه‌ری هه‌بێت به هه‌مان شێوه له روی سه‌روه‌ری یاساوه كاریگه‌ریان ده‌بێت.
به‌ڵام لێره‌دا پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه جگه له‌م دو به‌رێزه چ وه‌ك كه‌سی حیزبی چ وه‌ك پۆستی حكومی له عێراق و كوردستان، له هه‌رێمدا چه‌ندین ناوه‌ندی بڕیار به ده‌ستی حیزبی و حكومی و عه‌سكه‌ری تر هه‌ن كه جیاوازن له‌و دو نێوه‌نده‌ی مام جه‌لال و كاك مه‌سعود. بۆیه ناكرێت ئه‌و دو به‌رێزه تاكه سه‌رچاوه‌ی بڕیار بن، ناشكرێت هه‌مو كه‌موكوڕیه‌كان بۆ ئه‌مان بگێرینه‌وه، بۆ زانیاریش به پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه رێكخراوی (DHRD) له‌سه‌ر چاودێری دادگا له ساڵانی (2007-2008) ئه‌نجامی داون ده‌رده‌كه‌وێت كه فه‌رمانده‌یه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت و ئاسایش له چه‌ندین روه‌وه رێزی یاسا ناگرن و پابه‌ندیش نین به زۆربه‌ی بڕیاره‌كانی دادگا.
سبه‌ی: تۆ وه‌ك مامۆستایه‌كی یاسایی پێتوایه زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت له یه‌كتری، ئایا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێن هه‌وڵی راسته‌قینه‌ن یان ئامانجێكی تر هه‌یه له باسكردنی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت؟
ته‌ها عومه‌ر: ئه‌م زه‌مینه‌یه له روی بابه‌تی و پێداویستی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و له حكومه‌ت، زه‌مینه‌یه‌كی ره‌خساوه، به‌ڵام له روی بونی ئیراده‌ی ته‌واوه لای حیزب بۆ ئه‌م گۆڕانه ترسێك له‌لای حیزب هه‌یه، ئه‌م ترسه‌ش چ له سه‌ر ئاستی تاك و چ له‌سه‌ر ئاستی حیزب له هه‌مو گۆڕانكاریهكدا بونی هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ حیزبی گه‌یاندوه به‌م ئاسته‌ی ئێستای، كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵات و زۆربه‌ی جومگه‌كانی بڕیاردانه له ناو حكومه‌تدا.
ده‌ستبه‌رداربونی حیزب له‌م كۆنترۆڵه ده‌بێته هۆی به‌هێزی حكومه‌ت و ئیدی خه‌ڵك بۆ دابینكردنی خواسته‌كانیان رو له حكومه‌ت ده‌كه‌ن نه‌ك حیزب، كه‌واته ئاستی جه‌ماوه‌ریی حیزب كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندامێتی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت به ئه‌ندامان راوه‌ستاوه به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت، بۆیه هه‌ركام له دو حیزبه گه‌وره‌كه، به ته‌نیاو یه‌ك لایه‌نه، پرۆژه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت ئه‌نجامبدات، به‌زیانی خۆی قازانجی حیزبی به‌رامبه‌ر ده‌شكێته‌وه. بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه سه‌ربگرێت و ئیراده‌یه‌كی گۆڕان به‌رجه‌سته ببێت، پێویسته به شێوه‌یه‌كی یاسایی و سه‌رتاپایی له هه‌مو هه‌رێمدا بكرێت، به تایبه‌تی وه‌كو یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و له لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه، جێبه‌جێ بكرێت. چونكه ئه‌مه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات به‌سه‌رخۆیدا، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له قازانجی پارتی دیموكرات ده‌بێت و كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی هه‌رێم له حاڵه‌تی دو حیزبیه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ حاڵه‌تی كۆنترۆڵی تاكه حیزب، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌روه‌ری یاسا حاڵه‌تی ئێستا خراپتر ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه به عه‌مه‌لی هاوسه‌نگی هێز تێكده‌چێت و پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی و یاسایی ده‌كه‌وێته ده‌ست یه‌ك حیزب. له‌به‌رئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی، پرۆژه‌ی حیزبین و ناتوانێت به‌سه‌ر حیزبێكی تردا وه‌ك پارتی جێبه‌جێی بكات، ئه‌وا یه‌كێتی حه‌قه له‌و گۆڕانكاریه بترسێت.
ئه‌گه‌ر چی نامه‌وێت بیانو بۆ هێشتنه‌وه‌ی دۆخی تێكه‌ڵی حیزب و حكومه‌ت بهێنمه‌وه، ئه‌وا بۆ سه‌روه‌ری یاسا ده‌رئه‌نجامێكی باشی نابێت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه هه‌ردو حیزب وه‌ك یهكو له‌یه‌ك كاتدا نه‌گرێته‌وه، چونكه مێژو سه‌لماندویه‌تی، له باڵا ده‌ستی تاك حیزبی واتای سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیا و دنیا بینهیهكی تاك ره‌هه‌ند و رێزنه‌گرتنی دادپه‌روه‌ری و یاسایه.
پڕۆ فایل:
- ته‌ها عومه‌ر ره‌شید
- پیشه: پارێزه‌ر
- له دایكبوی ساڵی 1974 ته‌ها عومه‌ر: سیوه‌یل/ شارباژێر
- ماجستیر له یاسا و مافی مرۆڤدا ساڵی (2006) زانكۆی سلێمانی
- خوێندكاری دكتۆرا له یاسای گشتی دا، زانكۆی سلێمانی
- خاوه‌نی یه‌ك كتێبی بڵاوكراوه به ناونیشانی "الظلم القانوني كخرق لحقوق الأنسان"