Print
 لیستی نوێكردنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ره‌كان
Sunday, February 8, 2009

هه‌واڵی به‌شداری لیستێكی تایبه‌ت كه‌ به‌رێز كاك نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی بكا له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردیدا بڵاوبۆته‌وه‌، پێویسته‌ به‌ وردی له‌به‌رده‌م ئه‌م گۆڕانكاریه‌دا وئاكامه‌كانی وكاریگه‌ری له‌سه‌ر پارسه‌نگی هێز له‌ باشور وحوكمرانی له‌ هه‌رێم بوه‌ستین.

بۆچی لیستی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن؟
هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ناوداری وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ململانێه‌كی دیموكراسیانه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌كانی تر هه‌نگاوێكی نوێیه‌، به‌ره‌چاوكردنی قورسایی كه‌سایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا وكاریگه‌ری له‌ناو ژیانی سیاسی و رێكخراوه‌یی باشور و به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌م هه‌نگاوه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی زۆری ده‌بێت.

من گومانم نیه‌ كه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م رێگه‌یه‌ له‌ئاكامی بێئومێدیه‌ به‌و هه‌مو په‌یمان و سوێندخواردن و به‌ڵێنانه‌ی به‌ به‌رێزی و به‌ره‌ی میلله‌ت دراوه‌ بۆ هه‌ڵسوڕاندنی گۆڕان و نوێكردنه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیی وحوكمڕانیدا، پاش چه‌ند ساڵێك له‌م گه‌مه‌ سیاسی و دیمۆگاگیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌وان نه‌ ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاری كاریگه‌ر روبدات و ئه‌و دی فاكتۆیه‌ی له‌ هه‌رێم سه‌پاندراوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌هه‌مو توانایه‌نه‌وه‌ بپارێزن، نه‌ئه‌و كاراكته‌رانه‌ن كه‌ بتوانن حوكمی یاسا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌كردنی فه‌زای دیموكراسیه‌ت و ئازادی ئه‌نجام بده‌ن، له‌مه‌ڕ ئامانجه‌ به‌ده‌ست نه‌هاتوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشدا بونه‌ته‌ فاكته‌رێك وه‌ك ده‌یان فاكتۆری ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌كی، كار له‌وه‌ ترازاوه‌ بتوانن له‌ روانگایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ئامانجانه‌دا بكه‌ن، به‌ڵكو بوه‌ به‌ به‌شێك له‌ پراكتیزه‌كردنی گه‌مه‌كانی سیاسه‌ت به‌مانا و تێگه‌یشتنه‌ كلاسیكیه‌كه‌ی، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی كراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كوشتنی كات و هه‌ڵلوشینی توڕه‌یی خه‌ڵك و رێكخستن و نیشتمان زیاتر نیه‌، له‌ خۆڵ‌ كردنه‌ ناوچاوی خه‌ڵكی ئه‌نجامی پۆسیتیڤی به‌رچاوی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

خۆئه‌گه‌ر حوكمڕانی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی منه‌ت به‌سه‌ر میلله‌تدا بكه‌ن له‌ باشبونی باری گوزه‌رانی خه‌ڵك، ده‌بێت پسپۆڕان وشاره‌زاكان به‌وردی ئه‌م لایه‌نه‌ شێكه‌نه‌وه‌ و بۆ میلله‌تی رونبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵكی له‌م بواره‌دا هه‌ستی پێكردوه‌ بریتین له‌ تێكشكاندنی زیاتری ژێرخانه‌ی ئابوری كوردستان كه‌ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ بناغه‌كانی بوژاندنه‌وه‌ی دارێژرابو، كه‌ كشتوكاڵ‌ و ئاژه‌ڵ‌ و بازرگانی كرۆكه‌كه‌ی دروست كردبو. رێگاوبان وكاره‌با و ئاو وئامرازه‌كانی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی بچوك و مامناوه‌ند له‌ كوردستان بونه‌ته‌ رێگه‌یه‌ك كه‌ به‌ سه‌دان له‌ به‌رپرسانی حیزبی و حكومه‌ت خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان پێی ده‌وڵه‌مه‌ند بون، به‌رێگه‌ی نایاسایی و به‌پێڕه‌وكردنی گه‌نده‌ڵی و ناوچه‌گه‌ری و خێڵگه‌ری. زۆربه‌ی زۆری بازرگانی و جموجۆڵی ئابوری هه‌رێم له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ قۆرخكراوه‌ و سه‌فقه‌ گه‌وره‌كانیش له‌ بواری نه‌وت و پڕۆژه‌ گه‌وره‌كان ته‌نها و ته‌نها بۆخۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانیانن.

ئه‌م راستیانه‌ ته‌نها كورد باسی لێناكات، سه‌یركردنی راپۆرته‌ بیانییه‌كان له‌مه‌ڕ ئه‌و بارودۆخه‌ به‌شێكی زۆری راستیه‌كانمان به‌ داتا بۆ ده‌رده‌خه‌ن.

ئاشكراكردنی ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م راستیانه‌ و زۆری تریش هوَشیاری ده‌دا به‌ هاوڵاتیان له‌مه‌ڕ ئه‌و پڕۆسه‌ درێژه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ پانتاییه‌كی زه‌به‌لاحی بواری سیاسی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمدا گرتوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌نگاوێگی گرنگ ده‌درێت بۆ بنیاتنانی متمانه‌ و قه‌ناعه‌ت كه‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پڕۆسه‌ی دیموكراتین.

لیستی به‌ده‌ر له‌و دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ و حیزبه‌ پاشكۆكانیان، كه‌ قاچێكیان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌وی تریان له‌ده‌ره‌وه‌ی و ده‌ستێكیان له‌ هه‌مانه‌ی حكومه‌ت گیركردوه‌ و ده‌سته‌كه‌ی تریان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ شتی تر كردۆته‌وه‌، ده‌بێت خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكرا و تۆكمه‌ بێت و توانای جێبه‌جێكردنی بۆ سازبكرێت، ناكرێت ئه‌و لیسته‌ ته‌نها له‌سه‌ر لاوازی لایه‌نه‌كانی تر هێزی خۆی كۆبكاته‌وه‌ و بنیات بنێت، به‌ڵكو پێویسته‌ خاوه‌ن دیدوبۆچون و به‌رنامه‌ی خۆی بێت بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی حوكمڕانی و كێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان له‌ ئاستی باشوری كوردستان و عێراقدا.

ده‌بێت لیستی نوێ نوێ بێت له‌ پراكتیزه‌كردنی ژیانی دیموكراتی و ململانێ وله‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كانی، ده‌بێت به‌ده‌نگێكی به‌رزه‌وه‌ خۆی به‌دنیای ده‌ره‌وه‌ و هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌ بیانییه‌كان كه‌ له‌ عێراقدا باڵا ده‌ستن بناسێنێت، ده‌بێت كه‌ناڵه‌كانی خۆناسین و په‌یوه‌ندی به‌ دنیای دیموكراتیه‌ت و سۆشیاڵ‌ دیموكرات بگرێته‌به‌ر و له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و دبلۆماسیدا خۆی بچه‌سپێنێت.

ئه‌گه‌ره‌كان و چاوه‌ڕوانی
ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ئه‌گه‌ره‌دا ده‌توانێت چی بكات و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌نجامه‌كانی چین؟
سه‌ره‌تا پێویسته‌ راستیه‌ك له‌ ژیانی دیموكراسی راسته‌قینه‌دا دوپات كه‌ینه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر رێژه‌یه‌ك  له‌لایه‌ن هێزێكی نوێ له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی نیشته‌جێبو و جێگر له‌ مێژه‌وه‌ به‌سه‌ركه‌وتن ده‌ژمێردرێت، ئه‌م راستیه‌ به‌كاره‌ له‌ ژیانێكی دیموكراسیانه‌ی راسته‌قینه‌دا كه‌ نه‌فه‌س و سه‌بری دیموكراسیه‌ت به‌ كات و شوێنه‌وه‌ پابه‌ندنه‌بن.
 
ئه‌گه‌ر ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ ناڕه‌زاكانی تر سه‌ركه‌وتو بن له‌ به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كورسیه‌كانی پارله‌مان له‌ هه‌رێمدا، چونكه‌ وابڕیاره‌ دو حیزبی دسه‌ڵات به‌یه‌ك لیست بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانن له‌یه‌ك كاتدا چه‌ند خاڵێك بپێكن:

یه‌كه‌م: تێكچونی پارسه‌نگی هێز له‌نێو دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، بێگومان به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و ده‌نگانه‌ی لیستی نوێكردنه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرێت له‌نێو ماڵ‌ و ده‌وروبه‌ری یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م تێكچونه‌ مه‌ترسی شاراوه‌ خۆی تێدا حه‌شارده‌دات، پێویسته‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا لیستی نوێكردنه‌وه‌ زۆر ژیرانه‌ هه‌ڵوێست و هاوپه‌یمانیه‌تی خۆی به‌ڕێوه‌ببات و دیاری بكات.

دوه‌م: پاش زانینی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌گه‌ری فڕوفێڵ و ساخته‌ زۆر له‌ ئاراده‌ ده‌بێت بۆیه‌ پێویسته‌ داوا له‌ هێزه‌ بیانییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و سۆشیال دیموكراتی ئینته‌رناشیۆنال و رێكخراوه‌كانی خه‌مخۆر بۆ دیموكراتیه‌ت بكرێت چاودێری زۆر بنێرن، پێویسته‌ به‌وردی كاربكرێت بۆ سازدانی به‌ره‌ی ئۆپزسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو پارڵه‌ماندا وله‌مه‌ر خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌یه‌ك گه‌یشتن ورێككه‌وتنیان هه‌بێت.

سێیه‌م: ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ لیستی نوێكردنه‌وه‌ له‌ ئاستێكدا بگیرسێته‌وه‌ كه‌ ببێت به‌ فاكته‌رێكی گرنگ بۆ پێكهاتنی كابینه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت به‌رنامه‌كه‌ی به‌ تۆكمه‌یی ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا هه‌بێت.

چواره‌: له‌هه‌موی گرنگتر ئه‌م لیسته‌ ته‌لیسمی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ كلاسیه‌كان له‌ باشور ده‌خاته‌ ژێر پرسیاری یاسایی و دیموكراتیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌خۆیدا گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه‌ و به‌یه‌ك جار ودوجار ئامانجه‌كانی خۆی به‌ته‌واوی ناپێكێت. ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌شێك بێت له‌ ژیانی دیموكراتیه‌ت پێویسته‌ سه‌برێكی زۆری هه‌بێت كه‌ تێدا پاشهاتێكی گه‌شه‌دار بۆ به‌رنامه‌ و ئامانجه‌كانی دابین بكات.

Sbeiy.com © 2007