Print
 به‌دبه‌ختیه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن
Monday, June 22, 2009
نوێبین گوڵزاده‌

 له‌ته‌واوی‌ دونیا دا كاتێك باسی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، بیری‌ مرۆڤ به‌ره‌و دیموكراسی‌ و رێزگرتن له‌یاسا ده‌ڕوات و وادێته‌ پێش چاو، كه‌ئیدی‌ یاسا سه‌روه‌ره‌، وه‌لێ‌ له‌ هه‌رێمه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ ئێمه‌دا كه‌هه‌موو شته‌كان تایبه‌تن و له‌هیچ كوێیه‌كی‌ تری‌ دونیا نمونه‌یان نابینرێت دیسان هه‌ڵبژاردنیش ره‌نگ و بۆی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ و مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت له‌شته‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ و بێ‌ سه‌روبه‌ره‌كانی‌، سه‌یره‌ هه‌ڵبژاردن لای‌ ئێمه‌ گه‌وره‌ترین ده‌لاقه‌یه‌ بۆ پێشێل كردنی‌ یاسا مادام هه‌ڵبژاردن له‌پێشه‌وه‌یه‌ هه‌موو قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ده‌شكێنرێت و یاسا هێنده‌ نه‌رم ده‌بێته‌وه‌، ده‌بێته‌ لاستیك و چۆنت بوێت ده‌یكشێنیت و چیت بویت لێی‌ دروست ده‌كه‌ی‌ و هیچ شتێكیش سزای‌ له‌سه‌ر نامێنێت، چ به‌دبه‌ختیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌پێناوی‌ كورسی‌ و ده‌نگ كڕین هه‌زاره‌ها سوكایه‌تی‌ به‌یاسا ده‌كرێت، له‌به‌رده‌م كاكی‌ مروردا سه‌ربێچی‌ بكه‌ كه‌س نقه‌ی‌ نایه‌ت و هه‌ڵبژاردن خۆش، ئه‌وه‌ مه‌فره‌زه‌ی‌ هاتوچۆ ته‌واو سڕ ده‌كرێت نه‌وه‌كو دڵی‌ شۆفێره‌ بێ‌ مۆڵه‌ته‌كان بشكێنن و سبه‌ی‌ ده‌نگمان پێنه‌ده‌ن!

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ یاساوه‌ خانوو بێ‌ تاپۆكانی‌ كه‌ تا دوێنێ‌ به‌پێی‌ ماسته‌ر پلانی‌ شار!؟ ده‌بوو بڕوخێنرێن ئه‌مڕۆ تاپۆده‌كرێن، بێ‌ گوێدانه‌ كاری‌ ئه‌ندازیاری‌ و ئاو وئاوه‌ڕۆ شه‌قامه‌كان قیرتاو ده‌كرێنه‌وه‌، زۆریش ئاساییه‌ به‌لایانه‌وه‌ كه‌ قیرتاوه‌كه‌ سه‌رشۆسته‌كان بكه‌وێت و وه‌ختێكیش باران باری‌ ده‌بێت به‌سه‌تڵ و مه‌نجه‌ڵ ئاوی‌ سه‌رشه‌قامه‌كان ده‌ربكه‌ین، چونكه‌ له‌به‌رپه‌له‌په‌لی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ شومه‌ خراپ قیرتاوكراوه‌ و گوێ‌ به‌چۆنێتی‌ كاره‌كه‌ نه‌دراوه‌ و هه‌ر ڕه‌شیان كردۆته‌وه‌.

چه‌نده‌ به‌دبه‌ختیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌ ده‌بێته‌ په‌یامبه‌ر عیسا و له‌سه‌رده‌می‌ به‌جیهانی‌ بوون و مه‌ده‌نیه‌تدا خێڵ و عه‌شیره‌تمان بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه‌ و ئیتر چاك و خراپی‌ خه‌ڵك به‌پێی‌ خوێن و بنه‌ماڵه‌یه‌و له‌ جیاتی‌ هه‌ڵبژاردن ڕۆڵی‌ ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ چالاك بكات خێڵ وعه‌شیره‌ت چالاك ده‌كات و دیوه‌خانه‌كان گه‌رم ده‌كاته‌وه‌.

به‌دبه‌ختیه‌كی‌ سه‌یره‌ ئێوه‌ بڵێن له‌كوێی‌ دونیادا هه‌ڵبژاردن و نان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌له‌م هه‌رێمه‌ی‌ له‌مه‌ڕ خۆماندا هه‌ڵبژاردن نانی‌ هه‌زاران ده‌برێت و ئاوی‌ هه‌زارانی‌ تر ده‌دات و یاساش لای‌ فه‌قیر نه‌بێت لای‌ كه‌س ناوی‌ نامێ...

له‌به‌دبه‌ختیه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پۆسته‌ری‌ لێبوردن و خۆشه‌ویستی‌ ببه‌خشنه‌وه‌و گوڵ بكه‌نه‌ سمبول، ده‌مانچه‌ ده‌كه‌نه‌ دیاری‌، قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ ده‌مانچه‌ی‌ تیا ده‌به‌خشرێت، چونكه‌ دوایی‌ ده‌بابه‌ ده‌چێته‌ په‌ڕله‌مانه‌وه‌ و ده‌بێت بڵین سه‌د خۆزگه‌ بۆ هه‌ڵبزاردنه‌كانی‌ ئێران كه‌له‌باتی‌ ده‌مانچه‌ په‌تاته‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007