Print
 هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ره‌كانی‌ ساخته‌كردن
Monday, June 22, 2009

عومه‌ر جه‌لال

پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ خولی‌ ده‌یه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بۆ دووه‌مین جار مه‌حمودی‌ نه‌ژاد هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، ریفۆرمخوازه‌كان ده‌ره‌نجامێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو توشی شۆكیكردن وجگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ موسه‌وی‌ وكه‌روبی و ره‌زائی‌ و هه‌وادارانی‌ به‌گومانێكی‌ زۆره‌وه‌ له‌م ده‌ره‌نجامه‌یان روانی‌، به‌تایبه‌ت موسه‌وی‌ به‌هه‌موو شێوازێك ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی‌ به‌ فێڵ و ناڕاست له‌قه‌ڵمدا چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ شاره‌زایان و كه‌سانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ریفۆرم خوازه‌كان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان به‌ جۆرێك له‌ ساخته‌ دانا، كه‌ ته‌نیا مه‌به‌ست بۆ خۆنیشاندانی‌ ئێران بووه‌ له‌به‌رابه‌ر ده‌وڵه‌تانی‌ رۆژئاوا بۆ خۆناساندنی‌ به‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دیموكراسیخوازه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ ئێرانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌مان سیستمی‌ ئه‌م چوار ساڵه‌ی‌ كه‌ تێیدا گوزه‌ری‌ كردووه‌ و به‌هه‌مان میكانیزم ده‌سه‌لاَت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ گرینگه‌ خۆمانی‌ لێبه‌ده‌نگ نه‌كه‌ین دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ هه‌مان سیناریۆیه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا رووبدا، ئایا چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كوردیی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ سه‌رجه‌م داهاتی‌ كوردستانه‌و بریارده‌ری‌ لیستی‌ كوردستانییه‌ كار بۆ ساخته‌ كردنی‌ ده‌نگه‌كان ناكات؟ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێران بینیمان له‌ نێوان ركابه‌ره‌كان به‌ تایبه‌ت موسه‌وی‌ و نه‌ژادی‌ له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك نه‌كرێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ نێوان كاندیده‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، به‌ڵكو باسیشی‌ لێوه‌ نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر چی‌ كاركردنی‌ ریفۆرمخوازه‌كانی‌ ئێران به‌ ئاشكرا تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و شكستی‌ سیستمی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ نه‌ژادییان به‌ ئاشكرا باس لێوه‌ ده‌كرد، به‌لاَم پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان وێنه‌یه‌كی‌ نائاساییمان بینی‌ به‌ئاشكرا هه‌ست به‌و ده‌كرا هێنده‌ ساخته‌ كراوه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بێ وێنه‌ بووه‌.

چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌كارمه‌ندانی‌ كۆمسیۆنی‌ بالاَی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لایه‌ن مه‌ڵبه‌ند و لقه‌كانه‌وه‌ دانه‌نراوه‌؟ هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشووتردا بینیمان، ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزب بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ به‌رپرس و بالاَده‌ست له‌ كۆمسیۆن دابنرێت و ئیش بۆ هه‌وادارانیان بكه‌ن، ئه‌شێ ئه‌مه‌ ئاسایی بێت لای‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كوردی‌ به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ نیگه‌رانی‌ و نه‌نگییه‌ تا هه‌نووكه‌ گومانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ری‌ توندوتیژی‌ هه‌بێت، هه‌رگیز له‌ته‌ك توندوتیژی‌ وزه‌برو زه‌نگ نیم به‌لاَم ئایا ئه‌گه‌ر توندوتیژی‌ بكرێت و ره‌وتی‌ هه‌ڵبژاردن بگۆرێت له‌ قازانجی‌ كام لیسته‌؟ له‌ كاتێكدا خاوه‌ن ئاسایش ودادگا له‌ناو خودی‌ حیزبدایه‌ و حیزب پێش یاسا هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ ده‌بێت.

گومان هیچ له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن خۆی‌ له‌ خۆیدا هێمایه‌ بۆ بوونی‌ دیموكراسی و رێزگرتن له‌ بیرورای‌ جیاواز و ده‌نگ و ره‌نگی‌ و لیستی‌ جیاواز، به‌لاَم ته‌نیا گرینگ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت هه‌روه‌ك بینیمان كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران هه‌ڵبژاردن ده‌كات و به‌ئاشكرا ساخته‌كارییه‌كانی‌ له‌پشت هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌شارێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ گرینگه‌ سه‌رجه‌م پره‌نسیپه‌كانی‌ دیموكراسی له‌ هه‌ڵبژاردندا پراكتیزه‌ بكرێت و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و ده‌نگ وره‌نگه‌ جوداخوازانه‌بین كه‌ به‌ پرۆژه‌گه‌لێكه‌وه‌ ریكلامی‌ خۆنوێكردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن و به‌ ئومێدێكی‌ زۆره‌وه‌ باس له‌ باشتركردنی‌ دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و كار بۆ نه‌مانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌ها بۆ تاكی‌ كوردیی‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ 25/7/2009 جودا ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ دی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بوونی‌ لیست و قه‌واره‌ گه‌لێكی‌ جودایه‌ چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ ركابه‌ریی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ جوانتر ده‌كات و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ئاكارێكی‌ جودادا گوزه‌ر بكات كه‌دوور بێت له‌ ئه‌و پێشبینییانه‌ی‌ به‌ گومانه‌وه‌ لێی‌ ده‌ڕوانین.

Sbeiy.com © 2007