Print
 ستراتیژی لیستی گۆڕان چۆن ده‌ست پێبکا؟
Monday, June 22, 2009
 حه‌مه‌ سوسه‌یی

سه‌ره‌کیترین وکاریگه‌رترین هه‌نگاو بۆ لیستی گۆڕان که‌ زامنی سه‌رکه‌وتن وه‌ ده‌ست بێنێ، ئاشنا بوونێتی له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.

له‌ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوو، هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار(پارتی ویه‌کێتی) له‌سه‌ر یه‌ك رێچکه‌ رۆیشتوون، ئه‌ویش کوشتنی هزری کوردایه‌تی لای مرۆڤی کورد، ئه‌م کوشتنه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ وه‌ك په‌رچه‌ کردارێك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌بێ له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن، ئه‌و ناهه‌مواری چه‌ند ساڵه‌ وه‌ك تۆو ناشتراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی کورد به‌ره‌و گۆڕان و چاکسازی هه‌نگاو نه‌نێ، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ خه‌ڵکیان وه‌ فێرکردوه‌ که‌ هه‌ر گۆڕانێك رووبدا، کاری نێگه‌تیڤانه‌ له‌سه‌ر ره‌وشی هه‌رێمه‌که‌ دروست ئه‌کاو ره‌نگه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌مان له‌کیس بچێ، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ میلله‌تیان به‌وه‌ فریوداوه‌ که‌ گۆڕان گه‌ر رووبدا ئه‌وا دۆخه‌که‌ به‌ره‌و نائارامی وشه‌ڕوو شۆ له‌نگه‌ر ئه‌گرێ.

تاڵه‌بانی وبه‌رزانی گه‌ر له‌هیچ شتێکدا به‌رنامه‌یان نه‌بووبێ، ئه‌وا له‌تێکشکانی تاکی کوردو دۆزه‌ ره‌واکه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌کانی خۆی به‌رنامه‌ی خراپیان دا‌ڕشتوه‌و له‌زۆرکاتدا دۆژمنان هاوکاریان کردون، به‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر هه‌ست و نه‌ستی کورده‌واریان لای چینه‌ شۆڕشگێره‌ کۆنه‌که‌ لاواز کردوه‌، به‌ڵکه‌ لای چینه‌ نوێکه‌ش(چینی دوای راپه‌ڕین) تووشی ئیفلیج بوون وهه‌زار ده‌رده‌سه‌ریان کردوه‌، توێژی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مان نه‌ك کوردایه‌تی به‌ڵکه‌ له‌هه‌ندێ کاتدا گومانی له‌کوردبوونی خۆشی لادروست بوه‌و زۆر جارانیش گاڵته‌ی به‌ بیری نه‌ته‌وه‌و ناسیوینالیستی هه‌یه‌، که‌ئه‌مه‌ش ئه‌و ئاکامانه‌ن که‌ به‌رهه‌می چنراوی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو سه‌رکرده‌یه‌یه‌.

ئه‌م دیارده‌ی نائۆمێدی سیاسیه‌ی که‌ئه‌م دوو پارته‌ دروستیان کردوه‌، ئه‌شێ له‌ڕێی گۆڕانه‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بکرێی وجارێکی تر متمانه‌ بێنێته‌وه‌ کایه‌، ئه‌و بێهیواییه‌ی خوڵقاندویانه‌ خۆشبه‌ختانه‌ کاتیه‌و چاره‌سه‌رکردنیشی به‌ستراوه‌ به‌ به‌زینی ئه‌م لیسته‌ داخراوه‌ له‌هه‌ڵبژرادنه‌کاندا،وه‌ ئه‌م دۆڕاندنه‌ش روونادات گه‌ر هاوڵاتیان به‌گشت به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نه‌که‌ن وده‌نگی خۆیان له‌دژی ئه‌و لیسته‌ نه‌خه‌نه‌ سندووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌.

ڕه‌نگه‌ لای هه‌ندێکمان 3 مانگ کاتێکی زۆر نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتن ده‌ستبه‌ربکرێ، لێ من له‌و بڕوایه‌دام به‌م 3 مانگه‌ گه‌ر کاك نه‌وشیروان و لیسته‌که‌ی بتوانن له‌نزیه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌ بدوێن وپرسیاری وان به‌ڕوون وئاشکرایی وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، ئه‌وا سه‌رکه‌وتن زۆر ئاسانه‌، له‌ کاتێکدا لیستی داخراو شێوازی که‌مپه‌ینه‌که‌یان جۆرێك له‌ لووت به‌رزی و به‌ڵێنی بێ جێبه‌جێکرندی پیوه‌ دیاره‌ و، کاندیده‌کانیان له‌کاتی کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا ئه‌نێرن به‌دوایانداو له‌هۆڵه‌کاندا قسه‌ی باقو بریقیان بۆ ئه‌که‌ن، ئه‌وان له‌کاتی ته‌وقه‌کردندا ئه‌وه‌ستن خه‌ڵکی بێ بۆلایان وده‌ستیان بگوشتن، ئه‌وان له‌کاتی ته‌واوبووندا خه‌ڵکی به‌شێوه‌یه‌ك ره‌وانه‌ ئه‌که‌ن وه‌ك ئه‌و دکتۆرانه‌ی له‌عه‌یاده‌کانیان نه‌خۆش دوای نه‌خۆش خێرا خێرا ره‌وانه‌ ئه‌که‌ن وپاڵ پێوه‌ ئه‌نێن.

بۆیه‌ له‌سه‌ر لیستی کاك نه‌وشیروان که‌ پێوسته‌ شێوازی کورده‌واری و نزیك له‌نزیك وچاو به‌چاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا ره‌چاو بکه‌ن و خۆیان به‌گه‌رم و گۆڕیه‌کی زۆره‌وه‌ به‌ره‌و لای ده‌نگده‌ر بچن وسه‌ری رێزو ستایشیان بۆ دانه‌وێنن وله‌ چاکه‌ی دوێنی و پیاوه‌تی ئه‌مڕۆدا بیریان بخه‌نه‌وه‌، ئه‌بێ کاندیده‌کانی ئه‌م لیسته‌ به‌و په‌ڕی خاکیه‌وه‌ و به‌جل وبه‌رگی زۆر ئاساییه‌وه‌ میوانداری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی بکه‌ن و په‌یامی روون و کورتیان بده‌نێ. ره‌نگه‌ ته‌نها %25 رۆڵی ته‌لفیزۆن وڕۆژنامه‌و سایته‌ ئه‌لکترۆنیه‌کان سه‌که‌وتن دروست بکه‌ن. لێ ئه‌و ماوه‌ پێوسته‌ ته‌نها له‌ گرده‌که‌وه‌ نه‌بێ وبێنه‌ خواره‌وه‌ و له‌نزیکه‌وه‌ گوێ له‌ ده‌نگه‌ده‌ر بگیرێ و له‌هه‌مان کاتیشدا به‌رنامه‌ی خۆتی پێ رابگه‌یه‌نی.

نابێ ته‌وه‌ره‌ی باسه‌کانیان تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ بێ که‌ پارتی ویه‌کێتی دروستکه‌ریان بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌کاره‌کانی ئه‌مان زۆر ئاشنان، بۆیه‌ پێوسته‌ ته‌نها باس له‌داهاتوو بکرێ وتیشکی زیاتر بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی ئه‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رکه‌وتن بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ره‌نگه‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ گشتیانه‌ی وه‌ك بۆ نمونه‌ (چایخانه‌ی شه‌عب، مه‌یدانی کرێکاران، داره‌ سووتاوه‌که‌، عه‌لوه‌که‌)، (ئه‌مه‌ وه‌ك سلێمانی)و چه‌ندین شوێنی تر زیاتر جۆش و خرۆش لای زۆرینه‌ دروست بکا، چونکه‌ له‌کۆتاییدا ئه‌مانه‌ ئه‌بنه‌ سه‌رقافڵه‌ی ده‌نگده‌ران، هه‌روه‌ك چۆن له‌ڕابردوودا سه‌رقافڵه‌ی شۆڕشه‌کان بوون.

چڕبوونه‌وه‌ له‌م ناوه‌ندانه‌ و خۆنزیك کردنه‌وه‌ لێیان نه‌ك هه‌ر پێوسته‌، به‌ڵکه‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هانی هه‌موان بدرێ به‌شداری ته‌واو بکه‌ن له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان، که‌دواتر له‌خۆوه‌ ئه‌گۆڕێ بۆ پرۆسه‌ی گۆڕان.

 

Sbeiy.com © 2007