Print
 هه‌ڵبژاردن و فرتوفێڵه‌كان..
Tuesday, June 23, 2009
    ئاریان كامیل

هه‌ندێ فرتوفێڵی سیاسی هه‌یه‌ ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتتدا سود به‌و لایه‌نه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و فرتوفێڵانه‌ی ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌یه‌كی درێژدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خۆی بووه‌، چونكه‌ بنه‌مای سیاسه‌ته‌كه‌ی ته‌نها فرتوفێڵ‌ بووه‌ و هیچی تر.

زۆر كه‌س پێی وایه‌ ئه‌و وڵاته‌ی ده‌چێت وڵاتێكی تر داگیر ده‌كات، ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتتدا زۆر سود مه‌ندبێت و بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌ داگیركراوه‌كه‌دا بگرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حساباته‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ بكه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێت وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی دورودرێژدا زۆر زه‌ره‌ر مه‌ند بووه‌.

ئێمه‌ بۆ مێژوو چین؟ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ر ده‌بێت وه‌ك زیخێكی كه‌نار دره‌یا وایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش گره‌وه‌كه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌و رۆژگاره‌ دورو درێژه‌ی كه‌ به‌رێوه‌یه‌، نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌نها بیر له‌و رۆژه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تیایدا ده‌ژین و ده‌یانه‌وێت له‌رێی هه‌ندێ تاكتیك و پیلانه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بده‌ن و مانه‌وه‌ی خۆیان ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ چه‌ند ساتێكیش بێت درێژ بكه‌نه‌وه‌.

دارشتنی تاكتیكی ناساندنی ئه‌و لیستانه‌ی كه‌ خۆیان ئاماده‌كردووه‌ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوی پارله‌مانی كوردستاندا بكه‌ن پێش ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ره‌نگه‌پیلانێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، كه‌ ئه‌ویش به‌شێكه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ بتوانێت رێره‌وی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بگۆڕێت.

فرتوفێڵه‌كانی هه‌ڵبژاردن زۆرن، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ سه‌رجه‌میان به‌ قازانجی ئه‌و لایه‌نه‌ بشكێته‌وه‌ كه‌ پیلان ده‌گێرێت و رۆژانه‌ لێره‌ و له‌وێ له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ گوێبیستیان ده‌بین، من پێم وایه‌ ئه‌و پیلانانه‌ی تا ئێستا كراون یان ئه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌ن ناتوانێت له‌ گرنگی ئه‌و رێره‌وه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ كه‌ نوشیروان مسته‌فا ئێساتا له‌ كوردستاندا ئه‌نجامی داوه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زۆر سودمه‌ند بوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا كوردستان به‌رێوه‌ ده‌بات هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ له‌ گرنگی لیستی گۆڕان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و وای پیشانبده‌ن كه‌ تا ئێستاش ده‌توانن زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ خۆگێلكردنه‌ كه‌ دان به‌وه‌دا نه‌نێن  لیسته‌كه‌ی كاك نه‌وشیروان ته‌نها به‌ راگه‌یاندنی، گۆڕانی زۆری دروستكردووه‌، به‌ڵێ دوای راگه‌یاندنی ئه‌و لیسته‌ گۆڕانی زۆر له‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی و ته‌نانه‌ت خودی ده‌سه‌ڵاتیش به‌دی ده‌كرێت.

ئه‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن به‌شێكه‌ له‌و ناچاركردنه‌یان كه‌ لیستی گۆڕان دروستیكردووه‌، گه‌ر نا ئه‌وا دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه‌ خۆیان ده‌توانن دادوه‌ر بن كه‌ ئایا تا ئێستا و به‌م شێوازه‌ی ئێستا، حكومه‌ت گوێبیستی داواكاری و گله‌یی و گازنده‌كانیان بووه‌؟ یان ئه‌وه‌ لیستی گۆڕان ناچاری كردوون خۆیان گورج بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ندێ له‌ كاته‌كانیان بۆ داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی ته‌رخان بكه‌ن.

رۆژانه‌ هه‌ندێ شتی سه‌یرو سومه‌ره‌ ده‌بیستین، وه‌ك ته‌رخانكردنی برێك پاره‌ی زۆر له‌ رێی گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین پرۆژه‌ له‌ ناوچه‌كانی گه‌رمیان و چه‌ندین ناوچه‌ی تر، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرابوونی ترسه‌كانیانه‌ له‌ لیستی گۆڕان، گه‌ر نا بۆ تا ئێستا خزمه‌تی ئه‌و ناوچانه‌یان نه‌كردووه‌؟.

له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه‌ خوازیارن خۆیان به‌شێك بن له‌ ده‌سه‌ڵات و رۆڵیان هه‌بێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ رۆژی ده‌نگدان لیستی گۆڕان له‌بیر نه‌كه‌ن و له‌وه‌ دڵنیابن به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌  له‌ ئێستادا ته‌نها هۆكاره‌كه‌ی لیستی گۆڕانه‌، ئه‌گه‌ر ده‌شیانه‌وه‌ێت ئه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌بێت و خۆیان حوكمڕانی خۆیان بن، ئه‌وا پێویسته‌ ده‌نگ به‌ لیستی كاك نه‌وشیروان و لیستی گۆڕان بده‌ن. 

 

Sbeiy.com © 2007