Print
 ئه‌نفلۆنزای هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستاندا
Tuesday, June 23, 2009
عه‌دنان که‌ریم 

مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم باڵی کێشاوه‌ به‌سه‌ر وتاری سیاسی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگای کوردستانیدا. هۆی ئه‌وه‌ش په‌نهاننییه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک که‌ ئاگاداری کون و که‌له‌به‌ره‌کانی ژیانی سیاسی ئه‌م ووڵاته‌ بێت. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌کی دروست و سازگاره‌ گه‌ر به‌ دابڕاو له‌هه‌موو فاکته‌ره‌کانی تر وه‌ریبگرین. به‌واتایه‌کی تر و به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئێستا چ جۆرێک له‌ باوه‌ڕ و پلاتفۆرمی سیاسی له‌ کوردستاندا ره‌واجی زیاتری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م په‌رۆشی و گوێ قوڵاغیه‌ بۆ رۆژ ژمێری هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ کوردستان له‌لایه‌ن هاووڵاتی ساده‌وه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ گۆڕان و ئومێد به‌گۆڕان و به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕ له‌ لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیانی خه‌ڵکدا، له‌وه‌ زیاتر قابیلی دواخستن نین. 
هه‌ڵبه‌ته‌ خه‌ڵکی کوردستان تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر و دووریان له‌م بواره‌دا نیه‌. ره‌نگ بێ ئه‌وه‌ش وا بکات که‌ زۆر مه‌سه‌له‌ و گه‌مه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌کان به‌سانایی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت. جگه‌ له‌وه‌ش به‌سه‌رنجدان له‌ ریکلامی سیاسی زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌کانی گۆڕه‌پانی کوردستان و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌ و یا ئه‌وانه‌ی که‌ ته‌ماحی ده‌سه‌ڵات وێڵی کردوون، دیماغۆجیه‌تێکی سیاسی بێوێنه‌ و پۆشته‌ و په‌رداخ  خۆی ئه‌نوێنێت. که‌س له‌ بواری سیاسیدا ناتوانێت سه‌رزه‌نشتی هیچ هێزێکی سیاسی بکات که‌ بۆ وا شه‌یدایی ده‌سه‌ڵات داویه‌تی له‌که‌له‌ی. ده‌سه‌ڵات ناوه‌ڕۆک و تێزی سه‌ره‌کی سیاسه‌ته‌. به‌مانایه‌کی تر سیاسه‌ت کورتترین رێگه‌ی ئاڵوگۆڕه‌ له ‌سه‌رجه‌م بواره‌کانی تری چالاکی و بوونی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئه‌وه‌نده‌یش که‌ باسه‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ وتاری سیاسی باوی ئه‌م ماوه‌یه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت له‌ کوردستانه‌وه‌ هه‌بێت تازه‌یی مه‌سه‌له‌که‌ خودی ریکلامی سیاسی لایه‌نه‌کان نیه‌، به‌ڵکوو شێواز و مۆدێلێکه‌ له‌ خستنه ‌رووی به‌رنامه‌ی سیاسی که‌ جیاوازه‌ له‌ ده‌وره‌کانی پێشووتری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ کوردستاندا.
 تا ئه‌و جێیه‌ی به ‌هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان واته‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی ئه‌گه‌ڕێته‌وه، که‌س ناتوانێت ئه‌و راستیه‌ بشارێته‌وه‌ که‌ شێوه‌ و ناوه‌ڕۆکی پلاتفۆرمی سیاسیان له ‌په‌یوه‌ند به ‌هه‌ڵبژاردنه‌وه، به‌تووندی که‌وتۆته‌ ژێر کاریگه‌ری 2 فاکته‌ر:
 یه‌که‌م : له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یاریکه‌رێکی سیاسی تازه‌ هاتۆته‌ ناو گۆڕه‌پانی ململانێ و ژیانی سیاسی و حیزبی له‌ کوردستاندا که‌ ئه‌ویش لیستی گۆڕانه‌ که‌ گه‌رچی ره‌قیبی سه‌ره‌کی ئه‌م لیسته‌ بریتیه‌ له‌ یه‌کیتی نیشتیمانی  به‌ڵام پارتیش به‌تووندی که‌وتۆته‌ ژێرکاریگه‌ری ئه‌م هاوکێشه‌ سیاسیه‌ تازه‌یه‌وه‌ و دووکه‌ڵی ئه‌م ئاگره‌ ئه‌چێت به‌ لووتی ئه‌وانیشدا .
 ریزبه‌ستنێکی سیاسی نوێ که‌ به‌هاتنه‌مه‌یدانی باڵی ریفۆرم و لیستی گۆڕان هاتۆته‌ ئاراوه‌ یه‌کێتی و پارتی به‌ته‌واوی تووشی شپرزی و هه‌ناسه‌ته‌نگی سیاسی کردوه‌.
 دووه‌م: کاسه‌ی سه‌بر و حه‌وسه‌ڵه‌ی خه‌ڵک پڕبووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌رنامه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هه‌رێمی کوردستاندا. جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان 18 ساڵ ‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتی به‌ ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌زانن که‌ به‌تایبه‌تی له‌ 6 ساڵی دوای رووخانی رژێمی عێراقه‌وه‌ جگه‌ له‌ هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی گونجاوتر که‌ بۆیان ره‌خسا، ئیمکانات و داهاتێکی مالی زۆریشیان که‌وته‌ به‌رده‌ست. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ به‌و بارودۆخه‌ گونجاو و داهاته‌ به‌ لێشاوه‌وه‌ ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی له‌ ژیان و گوزه‌رانی ئه‌واندا به‌دی نه‌هێنابێت، چیتر جێی متمانه‌ نیه‌ و ناکرێ پشت به‌به‌ڵێنه‌کانی 2 مانگ پێش هه‌ڵبژاردنیش ببه‌سترێت.
 کاریگه‌ری ئه‌و 2 فاکته‌ره‌ رۆچووه‌ به‌ناو هه‌موو جموجۆڵ و راگه‌یاندنه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی یه‌کێتی و پارتیدا. ئه‌وان له‌ هه‌موو که‌س زیاتر ئاگاداری میزاجی سیاسی و سایکۆلۆجیای سیاسی خه‌ڵکی کوردستانن. ده‌لیلی ئه‌وه‌ش زۆر رۆشنه‌: ئه‌وان زۆر له‌ هه‌موو پسپۆرێ باشتر ئه‌زانن که‌ چیان کردووه و بۆشایی نێوان خۆیان و خه‌ڵک چه‌ند گه‌وره‌بوه‌‌. گه‌ر ئێمه‌ نه‌زانین داهاتی کوردستان چه‌نده‌ ئه‌وان به‌ژماره‌ و دۆکیۆمێنت ده‌یزانن. گه‌ر ئێمه‌ ورده‌کاری سیستمی ناڕه‌وای کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستکردی ئه‌وان نه‌زانین ئه‌وان به‌هۆی جێ و شوێنیانه‌وه‌ وه‌کوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار باش ئه‌زانن چ ناڕه‌واییه‌ک ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵک کراوه‌. بۆیه‌ شپرزه‌یی و له‌نگی وتاری سیاسی  ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و فاکته‌ره‌ تازانه‌ی که‌ له‌م هه‌‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ریکن سه‌رده‌ردێنن. ئه‌و فاکته‌ره‌ نوێیه‌یه‌ که‌ سه‌رتاخواری یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی به‌سیج کردووه‌ تا ماشینی زه‌به‌لاحی راگه‌یاندنی پشت به‌ستوو به‌ ملیۆنه‌ها دۆلاری سه‌روه‌تی خه‌ڵک بخه‌نه گه‌ڕ بۆ ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی راستیه‌کان و شه‌رعیه‌تدان به‌ سیاسه‌ته‌کان و کرده‌وه‌کانی تا ئێستایان. لایه‌نی سه‌رنج راکێشی ئه‌و وتاره‌ سیاسیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌به‌رانبه‌ر ده‌ریایه‌ک به‌ڵگه‌ و مه‌نتیقدا که‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که‌ ئه‌و رێبازه‌ سیاسیه‌ی ئه‌وان تا سه‌رئێسقان ئازاری به‌خه‌ڵک گه‌یاندووه، به‌ڵام هه‌ردوو حیزب و سه‌رکردایه‌تی یه‌ک زه‌ڕڕه‌ په‌شیمانی نانوێنن و ئاماده‌ی پاشه‌کشه‌ی فۆرمالیش نین له‌و رووه‌وه‌. هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌کانی ئاوێنه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار، کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی، له‌ گفتوگۆیه‌کیدا به‌ئاشکرا و بێپه‌رده‌ دیفاع له‌ سیاسه‌تی نان بڕینی خه‌ڵک ئه‌کات وه‌کوو شێوه‌یه‌کی سزادان به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسی هه‌رکه‌سێکه‌وه‌ که‌ نه‌یاری ئه‌مان بێت.
 له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پێدراوه‌ تازانه‌ی هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ کوردستاندا له ‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوولا شێوازێکی تریشیاین گرتۆته‌به‌ر. به‌ پێی قسه‌کان وپروپاگه‌نده‌کانی  ئه‌مان بێت کوردستان زۆر له‌ سویسرا ئاوه‌دانتر و پۆشته‌و په‌رداختره. هه‌ر که‌س سه‌رنج بداته‌ وتاری سیاسی ئه‌م ماوه‌یه‌ی پارتی و یه‌کێتی وا ئه‌زانێت که‌ ئازادی بیروڕا، سه‌ربه‌ست بوونی میدیا، مافه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌سپاکی و نه‌زاهه‌ت، نه‌بوونی بیرۆکراتیه‌ت و رۆتین و واسیته‌، که‌سی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو و سه‌رجه‌م مافه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ و مافه‌کانی  خه‌ڵک به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سیاسیه‌وه‌  و .. تاد، له‌ کوردستاندا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مان به‌زیا‌ده‌وه‌ دابین و فه‌راهه‌م کراون. ئه‌وان پێیان وایه‌ هاووڵاتی کوردی ئه‌مڕۆ، ئینسانی سه‌رده‌می په‌نجاکان و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوون . ئه‌وه‌ له‌ بیری خۆیان ئه‌به‌نه‌وه‌ که‌ ‌ ساڵانه‌ هه‌ردوو رێکخراوی ئه‌منیستی ئینته‌رناشیناڵ و هیومان رایتس ووچ ( ته‌نها وه‌کوو 2 نموونه‌ی زه‌ق و دیار )  راپۆرتی دوورودرێژیان له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بوونی زیندانی نهێنی و ئه‌شکه‌نجه‌ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر ئه‌ماندا بڵاوکردۆته‌وه. ئه‌وان چاویان نووقاندووه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازیانه‌ی له‌ دنیادا به‌رز بۆوه‌ سه‌باره‌ت به‌ یاسای فره‌ژنی که‌ له ‌په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌ریان کرد. هه‌ر له ‌کوردستاندا چه‌ندین راپۆرت بڵاو بوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی زۆری نێوان ژیان و داهاتی ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵکی ساده‌دا. که‌س دادگاییکردنی رۆژنامه‌ی هاووڵاتی له‌یاد نه‌چووه‌ له‌سه‌ر شکاتی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نێشتیمانی. 
 به‌ڵام واش نیه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار گوێی خۆیان له‌و راستیانه‌ خه‌واندبێت. وه‌کوو پێشتریش ووتم ئه‌وان له‌ هه‌موو که‌س باشتر ئه‌زانن له‌سه‌ر چ به‌رمیلێکی بارووت نوستوون . هه‌ردوولا جگه‌ له‌هه‌وڵێکی بێپه‌روا بۆ به‌گری له‌خۆیان و تۆماری ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانیان به‌شی زۆرتری هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان ئه‌که‌ن که‌ چۆن کاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی خه‌ڵک دابنێن و چۆن تای ته‌رازووه‌که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ قازانجی خۆیان راست بکه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش باش ئه‌زانن که‌ خه‌ڵک به‌وشێوه‌ ‌ به‌رگریه‌ی ئه‌وان بڕوا ناکات و راستیه‌کان له‌وه‌ به‌هێزترن که‌ به‌و هه‌وڵانه‌ په‌رده‌پۆشبکرێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ماوه‌ی رابووردوو په‌نایان بۆ شێوازێکی تریش بردووه‌. ئه‌م شێوازه‌شیان له ‌رووی ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ له‌وی تریان باشتر نیه‌ و ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ به‌ڵێندان وهه‌ڵڕشتنی ده‌ریای به‌ڵێن و له‌م باره‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ جموجۆڵێکی که‌م وێنه‌. ئه‌م که‌مپه‌ینی به‌ڵێندانه‌ی ئه‌مان که‌ هه‌ندێکیان به‌ به‌ڵێنی سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ووڵاتانی رۆژئاوای دیموکراتی به‌راوردی ئه‌که‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر له‌ که‌ره‌م و سه‌خاوه‌تی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌به‌گی و شێوازی خانه‌کان و عه‌قڵیه‌تی ئه‌و جۆره‌ کۆمه‌ڵگایانه‌ ئه‌چێت. من پێم وایه‌ جگه‌ له‌ توێژیکی که‌می خه‌ڵک، زۆربه‌ی هاووڵاتیانی کوردستان به‌م شێوازه‌ی ئه‌مان زیاتر په‌ی به‌و راستیه‌ ئه‌به‌ن که‌ ئه‌مان بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ئاماده‌ن په‌نا بۆ هه‌ر شتێک ببه‌ن. ئه‌و ده‌زگا یان که‌سانه‌ی که‌ شاره‌زای بواری که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنن و ئه‌م رێگه‌یه‌یان بۆ هه‌ردوو حیزبی ناوبراو داناوه‌ زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چوون له‌ خوێندنه‌وه‌ی میزاجی خه‌ڵکی کوردستان له‌م قۆناغه‌دا. ئه‌و رێنماییه‌ی که‌ ئه‌وان بۆیان داناون ره‌نگ با بۆ خولی پێشتری هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2005 گونجاو بوایه‌ له‌گه‌ڵ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان و عێراق و میزاج وتاقیکردنه‌وه‌ی تائه‌و کاته‌ی خه‌ڵکدا. به‌ڵام بۆ ئه‌م خوله‌ پێم وا نیه‌ ئه‌میشیان فریای راستکردنه‌وه‌ی تای ته‌رازووه‌که‌ به‌ قازانجی ئه‌مان بکه‌وێت.
په‌نابردن بۆ ئه‌م شێوازه‌ له‌ که‌مپه‌ینی سیاسیمان و ئاکامی زۆری هه‌یه‌ و ده‌یبێ .
 سه‌ره‌تا له‌ باری ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ بۆ هێزێک یا ده‌سه‌ڵاتێک که‌ 18 ساڵه‌ سووکان به‌ده‌ستی ئه‌م سیسته‌مه‌ن ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ که‌ بۆ رێک له ‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ ئه‌ده‌ن و بۆ پێشتر جورێکی تریان ئه‌کرد؟ ئایا به‌تاقیکردنه‌وه‌ی تا ئێستای خه‌ڵک ئه‌مان ئه‌م به‌ڵێنانه‌ ئه‌به‌نه‌سه‌ر یا گه‌ر سه‌رکه‌ون هه‌مووی ئه‌بنه‌ بڵقی سه‌رئاو؟ تا ئێستا کێ ده‌ستیگرتبوون له‌ ئه‌نجامدانی نیوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش نه‌ک هه‌مووی‌؟ جگه‌ له‌وه‌ش ئایا له ‌باری ئه‌ده‌بی و یاساییشه‌وه‌ ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک بۆ ریکلامی سیاسی حیزب و لایه‌نه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ به‌مه‌رجێک راستیش نه‌بن؟  ئایا هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌ر ئێستا و رۆژانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی نان بڕین و گوێ بادان له‌و که‌سانه‌ ناکه‌ن که‌ به‌ئاشکرا هه‌ڵوێستی سیاسی خۆیان له‌پێشه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌مان یه‌کلاکردبێته‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیاری تر به‌په‌یوه‌ند به‌ کارکردی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ میانه‌ی که‌مپه‌ینی  ئه‌مساڵی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستاندا خۆیان ئه‌سه‌پێنن. 
له‌ترادیسیۆنی ژۆرنالیستی لوبناندا به‌و شیوازه‌ ئه‌ڵێن به‌کارهێنانی پاره‌ی سیاسی ( المال السیاسی )و هه‌ر ئێستا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌و ووڵاته‌دا که‌ بڕیاره‌ مانگی حوزه‌یران ئه‌نجام بدرێت یه‌کێک له‌ کێشه‌ ئه‌ده‌بی و یاسایی و مه‌عنه‌ویه‌کانی سیستمی سیاسی ئه‌و ووڵاته‌یه‌. ره‌نگبێ ته‌نها جیاوازیه‌کی نێوان ئه‌و 2 دیارده‌یه‌ له‌ لوبنان و کوردستاندا ئه‌وه‌ بێت که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ( پاره‌ سیاسی )یه‌ی لوبنان کیسه‌ی سعد الحریری و نجیب المیقاتی بێت که‌ 2 که‌س له‌ قوتبه‌کانی سیاسی ئه‌و ووڵاته‌ و له‌هه‌مان کاتدا دوان له‌ ملیاردێره‌ به‌ناوبانگه‌کانی دنیان به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی لێره‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ به‌ هۆی تێکه‌ڵکردنی به‌رنامه‌داڕێژراوی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حکوومه‌ته‌وه‌  ئه‌مان به‌ئاسانی بتوانن بۆ ئامانجی تایبه‌تی خۆیان به‌کاری بهێننه‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ جارێکی تر هه‌م بایه‌خی ئه‌و شیعاره‌ زه‌قتر ده‌رئه‌که‌وێ که‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان پێی له‌سه‌ر دائه‌گرن و هه‌م یه‌کێتی و پارتیش به‌ ئاشکرا و نهێنی هه‌وڵی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ن له‌ مانا راسته‌قینه‌که‌ی: جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حکوومه‌ت!!. 
   * له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌شێوازی نووسین، سیمینار، به‌شداری له‌ کۆنگره‌ و کۆنفرانس و کۆڕ وکۆمه‌ڵی جۆراوجۆردا له ‌ژێر نازناوی ئه‌حمه‌د معین دا درێژه‌م به‌چالاکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خۆم داوه‌. من سه‌رباری پێداگرتن له‌سه‌ر لێپرسراوه‌تی ته‌واوم سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و چالاکیانه‌ی‌ که‌به‌و ناوه‌وه‌ کردومه‌ له‌مڕۆدا به‌ناوی خۆم عه‌دنان که‌ریمه‌وه‌ درێژه‌ به‌چالاکیه‌کانم له‌و بوارانه‌دا ئه‌ده‌م. عورفی سیاسی و ئه‌ده‌بی وا پێویست ئه‌کات ئه‌و سه‌رنجه‌ بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نم گه‌رچی له‌ ئاستێکی فراوانیشدا ئاشکرا بووبێت که‌ ئه‌و دوانه‌ ناوی یه‌ک که‌سایه‌تین.   

Sbeiy.com © 2007