Print
 پێشکه‌شه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێم
Thursday, June 25, 2009
سیروان بابه‌عه‌لی

پێش چه‌ند مانگێك، سه‌ره‌كشالیاری هه‌رێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) مرۆڤی کوردی به‌ ته‌مبه‌ڵ ناو برد. دیاره‌ ئه‌و بێئاگایی نواند، که‌ له‌ باژێڕه‌کانی کوردستاندا هه‌زاران مرۆڤ: سه‌دان پیر که‌ ته‌مه‌نیان ساڵانێکه‌ ئاستی خانه‌نشینیی تێپه‌ڕاندووه‌؛ سه‌دان که‌مئه‌ندام؛ سه‌دان بێوه‌ژن؛ سه‌دان منداڵ‌و مێردمنداڵ‌و...تد، رۆژانه‌ له‌ ململانێیه‌کی سه‌رسه‌ختانه‌و نامرۆڤانه‌دان بۆ وه‌ده‌ستهینانی قووتی رۆژ.

پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك‌ له‌ هۆڵی پارله‌ماندا، سه‌رۆکی هه‌رێم (مه‌سعود بارزانی) جارێکی دی ئه‌وه‌ی گوته‌وه‌، که‌ نابێت گه‌نده‌ڵیی به‌ گشتیی (مه‌به‌ستی: گشتگیریی/ له‌خۆوه‌) باس بکرێت‌و ده‌بێت به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌ستنیشان بکرێت!

بڕواناکه‌م جێگایه‌کی دی (گه‌نده‌ڵ)ی جیهان هه‌بێت، هێنده‌ی هه‌رێمی کوردستان، پڕۆژه‌و وتارو شرۆڤه‌و سیمینارو دوانگه‌ی دڵسۆزانه‌ی زانستییانه‌و ئاکادێمییانه‌ی سه‌باره‌ت به‌  فێنۆمێنی گه‌نده‌ڵیی به‌خۆوه‌ بینیبێت.

ئه‌وه‌ راستییه‌کی به‌رهه‌ستی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌؛ گه‌ر فه‌رمانڕه‌وایانی دووره‌په‌رێز، به‌ فشاری ئه‌و فلته‌رو ته‌لبه‌ندو دیواره‌ مرۆییانه‌ی به‌ خواستی خۆیانی فه‌رمانڕه‌وا گردوخولیان داون، رێگه‌ش له‌وه‌ بگرن، هاواری خه‌ڵك‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و راستییه‌کانی نێو میدیای چاپکراویان به‌ راستیی پێ بگات‌؛ هێشتا له‌ رێگه‌ی ساته‌لایت‌و ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌ راستییه‌کان ئاشنان.

قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی هه‌رێمی کوردستانیش (گه‌وره‌و پچووك/ رامیاریی‌و کارگێڕیی) هێنده‌ به‌ڵگه‌دارو قه‌به‌و له‌به‌رچاوه‌، هیچ سه‌رسوڕمانێك له‌ باسکردنیدا نه‌ماوه‌... ((ده‌ڵێن: کابرایه‌كی نه‌شاره‌زا له‌ سلێمانی،‌ زۆر په‌له‌ی ده‌بێت بگاته‌ نه‌خۆشخانه‌، لای شه‌قامی سالم که‌سێك راده‌گرێت‌و لێی ده‌پرسێت:  تکایه‌ خێراترین رێگه‌ بۆ گه‌یشتنه‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌کوێوه‌یه... ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: چاو بقوجێنه‌و رابکه‌ره‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و شه‌قامه‌!‌)).

هه‌ر به‌ڕاستییش، چاو بقوجێنه‌و خۆت بکه به‌ فه‌رمانگه‌یه‌کی هه‌رێمدا، خێراترین رێگه‌یه‌ بۆ ئاشنابوون به‌ گه‌نده‌ڵیی!‌

له‌وێوه‌، پێناچێت خۆدزینه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێم له‌ راستییه‌کان، له‌ سۆنگه‌ی نائاگایی‌و نائاگادارییه‌وه‌ بێت، به‌ڵکو زیاتر له‌وه‌ ده‌چێت، پێوه‌رو پێناسه‌ی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆن‌و به‌سه‌رچوو بن...

تا پێش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌میش، که‌شتییه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ، سه‌رخان‌و ژێرخانیان به‌سه‌ر چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دابه‌ش کرابوون؛ هه‌موو مرۆڤێک بۆی نه‌بوو له‌ سه‌رخانی که‌شتییه‌کان جێگایه‌کی هه‌بێت گه‌ر ئاریستۆکراس‌و زه‌نگین نه‌بوایه‌... ئه‌وه‌ی له‌ ژێرخاندا سه‌باره‌ت به‌ ژیانی چینی نه‌وی‌و چه‌پاو ده‌گوزه‌را‌و ئه‌و ئه‌رکانه‌ی له ئه‌ستۆیان بوون، زۆر جیاواز بوون له‌ جۆری ژیان‌و گوزه‌رانی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی که‌شتییه‌کان‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌وه‌ له‌ ره‌وشی ژێرخانی که‌شتییه‌کانیان‌ به‌ئاگا بوون، به‌ڵام هه‌میشه‌ فه‌رمان‌و بڕیار به‌ یاساو پێوه‌ره‌کانی دادپه‌ره‌وه‌ریی سه‌رخان ئاڕاسته‌ ده‌کران.

له‌وێدا ژیانی نێو که‌شتییه‌کان، زۆر روونتر،  پێناسه‌ی پۆلێن‌و هه‌ڵاواردنی ژیانی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی جڤاکی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌کرد.

ژیان له‌ هه‌رێمی کوردستانیش ئێستا له‌ ژیانی نێو ئه‌و که‌شتییه‌ (دوو نهۆم‌‌)انه‌ ده‌چێت. واته‌ ئاگایی‌و زانیاریی پێویست له‌سه‌ره‌وه‌ هه‌ن، به‌ڵام پێوه‌ره‌کانی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازن‌.

رۆژنامه‌ی (شه‌رقلئه‌وسه‌ت) له‌ ژماره‌ی رۆژی (پێنجشه‌مه‌/ ٢٨/٥/٢٠٠٩)دا، به‌ پێنووسی (محه‌مه‌د ئه‌لده‌عمه‌) هه‌واڵێکی بڵاو کرده‌وه‌، به‌ ئه‌رکی سه‌رشانم زانی، به‌شێکی وه‌ربگێڕم‌، وه‌ك دیاریی پێشکه‌شی فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێمی بکه‌م: 
((... سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌رپرس له‌ هۆبه‌ی پاشایی ئه‌رده‌ن جه‌ختی کرده‌وه‌: دوێنێ سپێده‌، پادشای ئه‌رده‌ن (شا عه‌بدوڵای دووه‌م)، به‌رگی خۆی گۆڕیوه‌، له‌ (ئه‌لشه‌مه‌یسانیی) یه‌کێك له‌ ناوچه‌کانی (عه‌مانی رۆژئاوا)‌، سه‌ردانی (فه‌رمانگه‌ی کاروباری نه‌خۆشان)ی سه‌ر به‌ (شالیارداریی ته‌ندروستیی ئه‌رده‌ن)ی کردووه‌‌. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌‌ که‌ به‌ باشی زانی ناوی نه‌برێت روونی کرده‌وه‌:  گه‌ڕانه‌که‌، ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ی چاودێرییه‌کانی (شا عه‌‌بدوڵای دووه‌م‌) بۆ کاروباری هاوڵاتیان؛ تا له‌وه دڵنیا بێت، ئه‌و خزماتانه‌ی فه‌راهه‌من به‌ باشتریین شێوه‌ پێیان ده‌گات‌. تا له نێزیکه‌وه‌ گوێی لێیان بێت، پێویستییه‌کانیان هه‌ست پێبکات‌، لایه‌نه‌کانی که‌مته‌رخه‌میی بۆ ئه‌و خزمه‌تانه‌ی ده‌بێت له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی خزمه‌تگوزارییدا پێیان بگات ببینێت... چه‌ند چاودیتێك گوتیان، هه‌رچه‌نده‌ پادشا له‌ ئادگاری پیره‌پیاوێکدا خۆی گۆڕییبوو، دشداشه‌یه‌کی ره‌ش‌و جامانه‌یه‌کی سووری ئه‌رده‌نیی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، به ‌گۆچانێكه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام سه‌ردانکه‌رانی فه‌رمانگه‌که‌ توانییان بیناسنه‌وه‌... پادشا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سه‌ردانکه‌ران کردو سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزاریی‌و به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کان‌و ئاسته‌نگی‌و تێبینییه‌کان‌و ده‌ستکارییان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ کردن... هه‌میشه‌ش وابووه‌:  پاش ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌ردانه‌ راگه‌یه‌نراوو رانه‌گه‌یه‌نراوانه،‌ بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ باشکردنی جۆری خزمه‌تگوزاریی‌و چاره‌سه‌ری خه‌وشه‌کان، له‌و فه‌رمانگه‌ یان داموده‌زگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ی سه‌ردانی کردوون دراون...)).
دیاریی شوانیش کنگره‌ یان هه‌ڵه‌کۆکه‌!

Sbeiy.com © 2007