هونه‌ر تۆفیق
ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتووی کوردستان رۆژانی پروپاگه‌نده‌کردنه، زاراوه‌ی پروپاگه‌نده‌ش له لێکدانه‌وه و گوێ ی خه‌ڵکدا حورمه‌تێکی ئه‌وتۆی نیه و وه‌ک ده‌زگایه‌ک دێته به‌رچاو که هونه‌ری له خشته‌بردن و ریاکردنی تیادا به‌رهه‌م دێت. وه‌ک فابریکێک ده‌بینرێت که درۆی باڵدار و شاخداری تیادا دروست ده‌کرێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م تێگه‌یشتنه گشتیه‌ش له خۆڕا نه‌هاتووه و که‌م که‌س هه‌یه ئامۆژگارییه ترسناکه، به ناوبانگه‌که‌ی گۆبڵزی نه‌بیستبێت که ده‌ڵێت ( درۆبکه،درۆبکه تا باوه‌ڕت پێده‌که‌ن).
جگه له‌وه‌ش هه‌میشه ده‌زگاکانی پروپاگه‌نده کردن وه‌ک سوپایه‌کی نادیار و نهێنی به هاوته‌ریبی هێزی سه‌ربازی و شه‌ڕه‌کانیاندا ده‌کشێن و رۆڵیان که‌متر نیه له‌و تانک و فرۆکانه‌ی جه‌نگ گه‌رم ده‌که‌ن. له کاتی ئاشتیشدا دێته بازاڕ و سیحر له گیرفانی خه‌ڵکی ده‌کات و کاڵا و شتومه‌که‌کان لای کڕیار شیرین ده‌کات. له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژادنه سیاسیه‌کانیشدا سیحر له بیر و هه‌ست و نه‌ستی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن. له‌م چه‌ند رۆژه‌ی کوردستانیشدا، ئه‌م ده‌زگا به مه‌کره ده‌که‌وێته گه‌ڕ و کار بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ست و مه‌یلی خه‌ڵکی ده‌کات، تا ئێره ئه‌رکه‌که‌ی بێ مه‌ترسییه، به‌ڵام چۆنیه‌تی راکێشان و قه‌ناعه‌ت پێکردنی خه‌ڵکی و جۆری کارکردنه‌که‌ی ده‌بێت له ژێر هه‌زار و یه‌ک پرسیاردا بێت. پروپاگه‌نده‌کردن له هه‌ر بوارێک‌دا بێت، له بازاڕدا بۆ کاڵا بێت، ده‌بێت ئه‌و کاڵایه وه‌ک ئه‌وه بێت که جاڕی بۆ ده‌درێت، ده‌نا ده‌بێته درۆکردن و له خشته‌بردنی کڕیار، له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ده‌بێت کاڵا سیاسیه‌کانیش پێچه‌وانه‌ی داکه‌وت نه‌بێت و راستیه‌کانی تیادا نه‌شاردرێته‌وه ده‌نا ده‌چێته خانه‌ی درۆکردن و له خشته‌بردنی هه‌ست و ویستی خه‌ڵکیه‌وه. راسته ده‌زگای پروپاگه‌نده کردن وه‌ک زانستێک خوێندنی له‌سه‌ر ده‌کرێت و کادروپسپۆری خۆی به‌رهه‌م دێنێت، به‌ڵام کاتێک ئه‌م رۆڵه به پاره‌و به‌رات به‌خشینه‌وه و له خشته‌بردن به‌ڕێوه بچێت، ده‌چێته خانه‌ی درۆکردن له‌سه‌ر بیر و دید و رای خه‌ڵک و خه‌ڵه‌تاندن. ئێسته‌که خه‌ڵک ره‌خنه‌ی هه‌یه و توڕه‌یه له ئه‌دای چوارساڵی پێشووی حکومه‌ت،توڕه‌بوونیشی وه‌ک ئه‌و بوتڵه سۆده‌یه وه‌هایه که هێنده راوه‌شێنراوه، به‌کردنه‌وه‌ی سه‌ره‌سۆده‌که به‌کوڵ هه‌ڵده‌چێت و به‌ری ناگیرێت، ئه‌و ساته‌ش ئارام کردنه‌وه‌ش چ سوودێکی نابێت بۆ چاککردنه‌وه‌ی دۆخه‌که. ده‌کرێت بۆ ماوه‌یه‌ک سه‌رنج و مه‌یلی خه‌ڵک سڕ بکرێت، به‌ڵام وه‌ک کورد گوته‌نی(درۆ به‌ری کورته ). له منداڵیه‌وه به‌سه‌رهاتی ئه‌و شوانه درۆزنه‌مان لا بووه‌ته په‌ند، که خه‌ڵکی گونده‌که‌ی چه‌ندجارێک به‌هانایه‌وه ده‌چن به‌ڵام له دواجاردا، که به‌ڕاستی ده‌که‌وێته ته‌نگانه‌وه که‌سێک به هانایه‌وه ناچێت. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی خاڵه به‌هێزه‌کانی هه‌یه که به‌کاربهێنرێت و بخرێته گه‌ڕ، نه‌ک به‌کارهێنان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی کۆمه‌ڵگه، وه‌ک پاره به‌کارهێنان و باسکردن له مه‌ترسیه‌کان و بزواندنی هه‌ستی خێڵه‌کی. کۆمه‌ڵگا خاڵی هێزیشی هه‌یه، هێزی کار و خواستی پێشکه‌وتن و توانای
گۆڕان..هتد هه‌یه. به‌ڵام به‌کارهێنان و خستنه‌گه‌ڕی ده‌وێت.
ئه‌م چه‌ند رۆژه کوردستان پێویستی به روونکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وتاره سیاسیانه‌یه که ده‌یان ساڵه به چپه و لوغزه‌وه کراون و ده‌کرێت، تاوه‌کو بڕیاری خۆی بدات کام ده‌سته‌و لیستی سیاسی بکاته نوێنه‌ری خۆی. چیدی سیاسه‌ت له‌و تاریفه جیابکه‌نه‌وه که به (عیلمی مومکینات) و هونه‌ری درۆکردن به خه‌ڵکیان ناساندووه و وه‌ک ئه‌لفابێتێک روون و ئاشکرای بکه‌ن که چه‌ند رێنووسێکه و هه‌رکه‌سه و هه‌ر جاره‌ی جۆره نوسینێکی پێده‌کات و تا ئێسته‌که چیان پێ نووسیوه و چی پێده‌نووسن !!. ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتووی کوردستان له هه‌موو رۆژێک زیاتر پێوستی به‌و پڕ زانیاری کردنه‌یه که ده‌به‌ێت پیاوه سیاسیه‌کان هه‌موو سوچ و که‌له‌به‌ره سیاسیه ئاشکرا و شاراوه‌کانیان بۆ خه‌ڵکی بکه‌نه‌وه تا به ناویدا بگه‌رێن و له‌وێوه بڕیار بده‌ن کێیان ده‌وێت و چ هه‌ڵده‌بژێرن. خه‌ڵکی پێویستی به‌و که‌سانه‌یه که نوێنه‌ریان بن که راستی ده‌ڵێن، راستی ده‌ڵێن تا باوه‌ریان پێبکه‌ن.