Print
 گۆڕان بۆ كێیه‌‌و كێن ئه‌وانه‌ی‌ گۆڕان دروست ده‌كه‌ن؟
Monday, June 29, 2009
عه‌دنان عوسمان

لیستی‌ گۆڕان لیستێكی‌ بنكه‌ فراوانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌وره‌یه‌‌و له‌كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوڕاو‌و لایه‌نگر پێك دێت، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌م لیسته‌ ده‌یه‌وێت سه‌ره‌تای‌ گۆڕانێكی‌ قوڵ‌ بێت له‌دنیای‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابووری‌‌و شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمدا‌و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ شكڵێكی‌ مۆدێرن له‌ ململانێی‌ سیاسیدا. بۆیه‌ش گرنگه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌وه‌ ئاگادار بن، كه‌ ئه‌م لیسته‌ ناكرێت‌و ناتوانرێت له‌ قاڵب بدرێت‌و له‌و ئاسته‌ به‌رفراوانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی‌ خۆیدا بهێنرێته‌ ئاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ گروپ‌و لایه‌نێك به‌ ته‌نیا بكات. له‌ راستیدا ئه‌م لیسته‌ چه‌ترێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی‌ دڵیان بۆ ئاینده‌ی‌ كوردستان لێده‌دات، خه‌ون به‌ ژیانێكی‌ باشتر بۆ خۆیان‌و نه‌وه‌كانیان ده‌بینن، ناڕازین به‌رامبه‌ر به‌ فیڕۆدانی‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ وڵات، به‌ نیازن هه‌رێمه‌كه‌یان ببێته‌ خاوه‌ن په‌رله‌مانێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ چالاك‌و بڕیارده‌ر‌و به‌توانا، حكومه‌تێك پێكبهێنرێت، كه‌ ته‌نیا له‌ خه‌می‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاری‌ بێت. 

ئه‌م لیسته‌ خاوه‌نی دنیابینییه‌كی ته‌واو جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و شێوازه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی دنیای سیاسیو حیزبایه‌تیو خه‌باتی مه‌ده‌نیماندا، هه‌وڵی سارێژكردن ده‌دات، نه‌ك كردنه‌وه‌ی برینه‌كان، نایه‌وێت به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر رابردوو بژی، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئاینده‌یه‌كی گه‌شترو جیاوازو دابڕاو له‌ خراپییه‌كانی رابردوو بهێنێته‌ ئارا، جه‌نگی به‌هاو دیسپلینو سه‌پاندنی یاسا ده‌كات، ده‌یه‌وێت پێشه‌نگی هێنانه‌ ئارای ململانێیه‌كی هێمنانه‌و سه‌رده‌میانه‌ بێت له‌ پێناو گۆڕانكاری له‌هه‌موو ساختمانی سیاسیو ئابووریو كۆمه‌ڵایه‌تیو رۆشنبیریمان، جۆرێكی ته‌واو جیاواز بێت له‌ ده‌رخستنی جیاوازییه‌كان، له‌ رێزگرتن له‌ ناكۆكیو دیدگا جیاوازه‌كان، له‌ یه‌كتر قبوڵكردنو هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو‌و هاوبیرو هاوچه‌شنێكی خۆیدا له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی جیاواز. ئه‌م لیسته‌ له‌ خه‌می بنیاتنانی ژێرخانو ئینسانی نوێی به‌هێزه‌، كه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانكارییه‌كانی نێوخۆی عێراقو ده‌وروبه‌ر سه‌ربه‌رزانه‌ بڕواته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا به‌ به‌ره‌یه‌كی ناوخۆیی خاوه‌ن ئیراده‌و بڕیار ده‌توانین رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی دیكه‌ ببینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كسانو به‌ كه‌رامه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین.

ئه‌م لیسته‌ هه‌موو سنووره‌كانی‌ گروپ‌و لایه‌نی‌ بچوك ده‌بإێت‌و له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تره‌، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ژێر ئاسمانی ئه‌م لیسته‌دا ده‌كرێتو ده‌بێت: حیزبیو نا حیزبی، سیاسیو رۆشنبیر، جه‌معو باڵی ریفۆرمو ریفۆرمخوازانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كان، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ رابردوو ناكۆكه‌كان، كه‌ بڕوابوون به‌ ئاینده‌ یه‌كیان ده‌خاته‌وه‌، لاوو پیر، شاریو دێهاتی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی گۆڕاندا یه‌كبگرێته‌وه‌و بۆ ستراتیژو خه‌مێكی هاوبه‌ش تێبكۆشن.

Sbeiy.com © 2007