Print
 ئه‌ركی‌ له‌پێشینه‌ی‌ تاك له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا
Saturday, July 4, 2009
ته‌یفور گونده‌ژۆری‌

دوای‌ ئاشكراكردنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌(25/7) له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دانیشتنێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، له‌گه‌ڵ ده‌نگدان بۆ دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌نگی‌ خه‌ڵك، له‌هه‌مانكاتیشدا (111) ئه‌ندامی‌ تازه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ دیاریده‌كرێن.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ دڵخۆشیه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا ژماره‌یه‌ك قه‌واره‌ به‌لیستی‌ جیا له‌م پرۆسه‌یه‌دا پشكدارن‌و له‌ئێستاوه‌ جۆش‌و خرۆشی‌ خه‌ڵك ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردنی‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌هاولاَتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌پێی‌ لێدوانی‌ به‌رپرسانی‌ كۆمسیۆنی‌ بالاَی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌سازی‌ ته‌واو له‌هه‌مو روێكه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌ له‌واده‌ی‌ دیاریكراو و به‌به‌شداری‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌چاودێرانی‌ بیانی‌ كراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ كاتی‌ پروپاگه‌نده‌ له‌لایه‌ن لیست‌و قه‌واره‌كان، لێره‌وله‌وێ‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندندا باس له‌چه‌ند كارێكی‌ دور له‌رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ بالاَی‌ هه‌ڵبژاردن‌و به‌ده‌ر له‌بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ له‌لایه‌ن دۆست‌و لایه‌نگرانی‌ لیسته‌كاندا ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ كرداره‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێك ببنه‌ هۆكاری‌ مه‌ترسی‌، وه‌لێ‌ هه‌مو كارێك له‌هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مولایه‌كمان پێش ئه‌وه‌ی‌ بیرله‌وه‌بكه‌ینه‌وه‌ ده‌نگ به‌كێده‌ده‌ین‌و كار بۆ سه‌ركه‌وتن‌و سه‌رخستنی‌ كامه‌ لیست ده‌كه‌ین، ئه‌ركی‌ هه‌رتاكێكمان خۆدورگرتنه‌ له‌هه‌رجۆره‌ كارێك كه‌ببێته‌ هۆی‌ نانه‌وه‌ی‌ پشێوی‌‌و له‌كه‌داركردنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌وا هه‌ڵبژاردنێكی‌ چاره‌نوسساز ده‌بێت بۆ داهاتوی‌ به‌ڕوبارێك خوێن وه‌ده‌ستهاتوه‌ی‌ باشوری‌ كوردستان، دواتریش ئه‌ركی‌ هه‌رتاكێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ ببینه‌ پاسه‌وان‌و پارێزه‌ر بۆ به‌بێگه‌رد تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراتیه‌ی‌ ده‌سته‌به‌ری‌ مافی‌ هاولاَتی‌ بون بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كات، خوانه‌ خواسته‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانخاته‌به‌ر به‌رداتاشی‌ زه‌مانه‌و مێژو هه‌رگیز لێمان نابورێت، له‌هه‌مانكاتیشدا باجێكی‌ زۆر له‌سه‌ر كورد به‌گشتی‌ ده‌كه‌وێت‌و له‌م شكسته‌ هه‌ستانه‌وه‌ ئاسته‌م ده‌بێت، چونكه‌ چاوی‌ زۆرێك له‌ولاَتانی‌ جیهان به‌دۆست‌و نه‌یاره‌وه‌ له‌ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كوردان له‌باشوری‌ كوردستاندا ده‌بێت.

كه‌وایه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن زامنی‌ پاراستن‌و پاڵپشتی‌ ولاَتانی‌ زلهێزی‌ جیهانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ولاَمێكی‌ كه‌مه‌رشكێنیش ده‌بێت بۆ دوژمنانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و چه‌پكه‌ گولێكیشه‌ بۆ دۆستانمان له‌هه‌رسوچێكی‌ گۆی‌ زه‌وی‌.
 

Sbeiy.com © 2007