جوان ره‌وف ساڵح
ئه‌م گۆڕانه‌ی ئێستا له كوردستان ئه‌بینرێ ئه‌نجامی نه‌بونی شه‌فافیه‌ت و ناعه‌داله‌تی و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌یه له‌ماوه‌ی ١٨ ساڵی رابردودا. ناڕه‌زایی خه‌ڵك له ئه‌دای حكومه‌ت له هه‌مو بوارهكانا بێزاری گه‌یاندبوه لوتكه، ده‌سه‌ڵات ناڕه‌زایی له په‌سه‌ندكردنی دهستوریشی كرده سه‌رباری. ئه‌و ده‌ستوره‌ی له‌سه‌روی له ٩٥٪ی خه‌ڵك نازانن ناوه‌ڕۆكی چییه كه‌چی ده‌سه‌ڵات ئه‌یه‌وێ به‌زۆر بیسه‌پێنێ. به‌مه‌رجێ كوردانی هه‌نده‌ران و دانیشتوانی ناوچه ململانێ له‌سه‌ره‌كان له ده‌نگدان پێی، بێبه‌شكراون. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌مو كێشه‌و قه‌یرانانه‌دا كه كاربه‌ده‌ستانی لیستی كوردستانی سازاندویانن، له‌باتی ئه‌وه‌ی دان به‌هه‌ڵه‌كانی رابردویاندا بنێن و داوای لێبوردن له‌خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، كه‌چی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌شیان هه‌روه‌كو جاره‌كانی تر بریتی یه له بڵاوكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ناڕاست و وه‌همی بۆ خێر‌و به‌ره‌كه‌ته‌كانیان. بۆ نمونه:
سایتی چاو‌دێر له ٢٢/٦/٢٠٠٩ دا له‌ده‌می سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بڵاویكردۆته‌وه‌و ئه‌ڵێ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردودا له هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك له‌بواری كاره‌بادا زیاتر له ٨٥٪، له بواری رێگاوبان زیاتر له ٨٠٪، له بواری ئاو له ١٠٠٪ جێبه‌جێكراوه، به‌ڵام بۆ قه‌زاو ناحیه‌كان ماویه‌تی.
خه‌ڵك به‌حوكمی ژیان له‌ناو واقیعه‌كه‌دا ئه‌زانن ئه‌و ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه راست نین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری غه‌ڵه‌ت پێمان ئه‌ڵێ: من له رابردوی خۆم رازیم. میلله‌تیش ئه‌بێ تێ بگات كه مادام له رابردوی خۆیان رازین، ئه‌وا چاوه‌ڕێ نه‌بن له داهاتودا له‌وه باشتریان لێ ببینن.
كاتێ ئه‌و قسانه‌ی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانم خوێنده‌وه، حه‌په‌سام. ئه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له كاناڵه ئاسمانییه‌كانه‌وه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن له‌ده‌ست بێ ئاوی و بێكاره‌بایی و خراپی رێگاوبان له‌ناو شاره‌كان و ناوچه‌كانی تری كوردستان، خۆ له هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه نه‌هاتون!
ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ژده ساڵه قسه‌و به‌ڵێنی باشمان ئه‌ده‌نێ كه‌چی تا ئه‌م ده‌قیقه‌یه‌ش كه كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانه، خزمه‌تگوزاری له ئاستی پێویستدا نیه‌و ناشتوانن به‌ڵێن بده‌ن له‌مه‌ودوا چاره‌سه‌ری یه‌كجاری بۆ كاره‌با و ئاو و رێگاوبان ئه‌دۆزنه‌وه.
ده‌سه‌ڵات تائێستا باس له‌وه ده‌كا له‌مه‌ودوا به كاره‌بای مولدهو نیشتمانییه‌وه ٢٢ سه‌عات كاره‌با ئه‌بێ. ئه‌مه به‌ده‌سكه‌وت ئه‌زانێ بۆ میلله‌ت، پێیان وایه چاره‌سه‌ری ته‌واوی كاره‌بایان كردوه. ئه‌پرسم، ئاخۆ ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه وه‌كو هه‌ر میلله‌تێكی تری دنیا هه‌قی نییه ٢٤ سه‌عات كاره‌بای هه‌بێ و پێویستی به‌م مولده ئه‌هلییانه نه‌بێ، بێ ترس هه‌ر ئامێرێكی كاره‌بایی پێویست بو ئیشی پێ بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ترسی له هه‌ستانه‌وه‌ی پلاكی كاره‌باكه‌ی هه‌بێ؟ ئه‌م میلله‌ته هه‌قی نییه ئیتر له كوچه‌و كۆڵانی شاره‌كانا چاره‌یان له چاره‌ی ئه‌و دیمه‌نه ناشیرینه‌ی وایه‌ری كاره‌با بێ كه وه‌كو تۆڕی جاڵجاڵۆكه به عه‌موده‌كانی كاره‌بادا شۆڕ بونه‌ته‌وه؟ ئه‌م میلله‌ته هه‌قی نیه ئیتر بێ ده‌نگ و گڤه‌ی مولدهو دوكه‌ڵی ره‌شی مولده بژی؟ هه‌قی نییه ئیتر پێویستی به‌كاره‌بای وڵاتانی دراوسێ نه‌بێ كه هه‌ركاتێ رقیان لێمان هه‌ستا پلاكهكهیمان لێ بكوژیننه‌وه؟ ده‌سه‌ڵات وائه‌زانێ كاره‌با بون ئه‌وه‌یه ماڵی گڵۆپێكی هه‌بێ و ته‌له‌فزوێن و سه‌لاجه‌یه‌ك ئیش پێ بكات به‌سه، به‌ڵام خۆیان ٢٤ سه‌عات كاره‌بای فولیان هه‌بێ بتوانن هه‌رچییان بوێ، به دنیایه‌ك جیهازی سپلێتیشهوه، داگیرسێنن.
دوای ١٨ ساڵ حكومڕانی خۆیی و ئه‌و هه‌مو ئیمكانیاته‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه میلله‌ت هه‌قی ئه‌وه‌ی نییه ٢٤ سه‌عات ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ی هه‌بێ و دڵنیا بێ به بۆری زێرابا ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ نایه‌ته ماڵه‌وه؟ پێویستیشی به دوو- سێ تانكی ئاو نه‌بێ له حه‌وشه یان له‌سه‌ربان ریزیان بكا؟ خه‌ڵك هه‌قی ئه‌وه‌ی نییه رێگاوبانێكی ستانداردی هه‌بێ و له‌م هه‌مو چاڵ و چۆڵییه‌ی جاده‌كان رزگاریان ببێ؟ هه‌رچه‌نده لێره‌دا ئه‌بێ دوعا بۆ لیستی گۆڕان بكه‌ین كه له‌ترسی، به‌په‌له كه‌وتنه ره‌شكردنه‌وه‌ی جاده‌و كوچه‌كان.
ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ر كه ده‌م ئه‌كه‌نه‌وه ئه‌ڵێن ئه‌ی ئه‌م هه‌مو پرۆژه‌و ئاوه‌دانی و بوژاندنه‌وه‌یه چیه، چۆن هیچ نه‌كراوه؟ منیش ئه‌ڵێم، كه‌س ناڵێ هیچ نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كراوه له‌چاو ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌دوای روخاندنی رژێمی سه‌دامه‌وه دێته كوردستان، له جێی نه‌بوانه.
ئه‌و پاره‌یه‌ی ساڵانه له به‌غداوه ئه‌درێ به كوردستان، نزیكه‌ی چوارسه‌د ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌یه كه پێش روخاندنی سه‌دام ئه‌هاته كوردستان. ئاخۆ حاڵی خزمه‌تگوزاری و ئاستی بژێوی خه‌ڵك به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی ٢٠٠٤ چوارسه‌د قات چۆته پێش؟ نه‌خێر، نه‌ك چوارسه‌د قات، به‌ڵكو دوو قاتیش نه چۆته پێش. ئه‌ی باقی پاره‌ی میلله‌ت بۆكوێ چوه؟
پاره‌ی كوردستان هه‌تا زیادی كردبێ، دزی سامانی گشتی و گه‌نده‌ڵی خێراتر گه‌وره بون. ئه‌گه‌ر سامانی گشتی نهدزرابێ، یه‌كێتی له كوێی بو له‌ماوه‌ی دوو مانگدا (٧/٤/٢٠٠٩ هه‌تا ١٢/٦/٢٠٠٩) پێنج ترلێون و دووسهدوسی ملیار‌و پێنجسهدونۆزده ملێون دینار به بیانوی پرۆژه‌وه بۆ كڕینی ده‌نگ و ویژدانی خه‌ڵك بخاته بازاڕه‌وه؟ ئه‌مه له وڵاتێكی دیموكراتی دا روی بدایه تێكڕای به‌رپرسان راپێچی دادگا ئه‌كران كه‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد شانازی پێوه ئه‌كه‌ن.
ئه‌وی راستی بێ دروست نیه بڵێین گۆڕان به‌ڕێوه‌یه، به‌ڵكو راست ئه‌وه‌یه كه گۆڕان رویداوه. تازه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ناتوانن به‌رد بخه‌نه سه‌ر رێی ره‌وڕه‌وه‌ی گۆڕان، رایبگرن یان بۆ دواوه‌ی بگه‌ڕێننه‌وه. له‌به‌رئه‌وه بۆخۆشیان وا باشتره له‌باتی ئه‌و هه‌مو پێشێلكارییه‌ی رۆژانه ئه‌نجامیان ئه‌ده‌ن، مل بده‌ن بۆ گۆڕان و زامنی هه‌ڵبژاردنێكی ئارام و بێ ته‌زویر بكه‌ن.