Print
 گۆڕان بۆ؟
-2-
Monday, July 6, 2009
نه‌ژاد جه‌لال

چه‌ند رۆژێكه‌ راگه‌یاندنه‌ حیزبیه‌كان ده‌ستیان كردوه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر لایه‌نگرانی‌ لیستی‌ گۆڕان، مه‌هامه‌كه‌یان ناشرین كردنی‌ پیرۆزییه‌كانی‌ گۆڕانه‌، جارجارێكیش بوكه‌ڵه‌ قورمیشكراوه‌كان ده‌هێنن بۆ تۆمه‌تكردن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند گۆڤار و رۆژنامه‌یه‌ك بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.

لیستی‌ كوردستانی‌ له‌ كوردستان به‌گشتی‌ و له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌ ناتوانن كه‌رنه‌ڤاڵی‌ جه‌ماوه‌ری‌ رێكبخه‌ن، بۆیه‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی‌ لایه‌نگرانی‌ لیستی‌ گۆڕانیش به‌ پشێوی و گێره‌شوێنی‌ ناوده‌به‌ن.

ئه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ئاوابونن، باشبزانن ئه‌و دڵخۆشییه‌ی‌ مافخوراوه‌كان له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كاندا ده‌ریده‌بڕن، گێره‌شێوێنی‌ نییه‌، ئه‌وه‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ ئه‌و هه‌مو ناعه‌داله‌تییه‌ی‌ چه‌ند ساڵه‌ پێڕۆی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ئاڵایه‌ی‌ گه‌نجه‌كان رایده‌وه‌شێنن هێمایه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناخه‌ برینداركراوه‌كان، ئه‌گه‌ر لیستی‌ گۆڕان نه‌بوایه‌ رۆژانێك ده‌هات خه‌ڵك ئه‌و هه‌سته‌ی‌ به‌جۆرێكی‌ تر به‌رامبه‌رتان ده‌رده‌بڕی.

هه‌مومان شه‌وانه‌ شه‌قامه‌كان ده‌بینین، هانده‌رانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ یان رونتر سودمه‌ندان له‌به‌رده‌وامبونی‌ نادادپه‌روه‌ری‌ و گه‌نده‌ڵی‌ بانگه‌شه‌ی‌ خۆیان به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ لایه‌نگرانی‌ لیستی‌ گۆڕان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاوانی‌ خۆتانه‌ هێنده‌تان دڵسۆز ماوه‌ به‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێن.

ئێمه‌ ئاگادارین كه‌ خه‌ڵكی‌ ئاسایی ئاماده‌نییه‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئێوه‌ بكات، هه‌ربۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ...هتدتان راسپارد كه‌ به‌ جلوبه‌رگی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بڕازێننه‌وه‌ و شه‌وانه‌ بانگه‌شه‌ بۆ لیستی‌ كوردستانی‌ بكه‌ن، ئاگاداریشین له‌ ناوچه‌كانی‌ تره‌وه‌ چه‌ند موچه‌خۆر و ئۆتۆمبێلتان به‌ ئاڵوواڵاوه‌ بۆ شه‌قامه‌كانی‌ سلێمانی‌ هێناوه‌، ئۆتۆمبێله‌كانی‌ كۆمپانیای‌ نۆكانیشمان بینی‌ به‌ ئاڵای‌ لیسته‌كه‌تانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر نه‌تانتوانی‌ به‌ ژماره‌ كێبڕكێی‌ هه‌وادارانی‌ گۆڕان بكه‌ن، ئه‌و هه‌وادارانه‌ی‌ كه‌ نه‌ پاره‌یان دراوه‌تێ‌ و نه‌ به‌نزین بۆ سه‌یاره‌كانیان كڕاوه‌ و نه‌ موچه‌خۆری‌ لیستی‌ گۆڕانن، نه‌ لیستی‌ گۆڕانیش رایسپاردون بچنه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بانگه‌شه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها پرسیارێكمان لێتان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌كردن به‌وشێوه‌یه‌ ناشارستانی‌ بێت، ئه‌ی‌ بۆخۆتان هه‌مو هه‌وڵێكتان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ قه‌ره‌باڵغكردنی‌ شه‌قامه‌كان؟ یان بۆ ساڵانی‌ رابردو به‌هه‌مان شێوه‌ بانگه‌شه‌تان ده‌كرد ناشه‌رعی‌ نه‌بو؟ ئالێره‌وه‌ نیشانه‌كانی‌ شكست ده‌رده‌كه‌وێت.

رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردن به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك لیستی‌ گۆڕان داوای‌ له‌ گۆڕانخوازه‌كان كرد كه‌ به‌ هێمنانه‌ بانگه‌شه‌ بكه‌ن، دواتر وته‌بێژی‌ لیسته‌كه‌ هه‌مان داوای‌ له‌ لایه‌نگرانی‌ گۆڕان كردوه‌، نه‌وشیروان مسته‌فاش هه‌مان په‌یامی‌ ئاڕاسته‌ی‌ هه‌وادارانی‌ گۆڕان كرد، به‌ڵام له‌ كاتێكدا ئۆتۆمبێلێكی‌ مۆدیل به‌رزی‌ جامڕه‌شی‌ بێ تابلۆ (هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ هی‌ كێن) به‌ ئاڵای‌ گۆڕانه‌وه‌ خه‌ڵك بێزار ده‌كات و كامێرای‌ میدیا حیزبیه‌كانیش له‌وێ‌ ئاماده‌ن، ئه‌م سیناریۆیه‌ بێمانایه‌ مانای‌ وانییه‌ ئه‌وه‌ په‌یامی‌ لیستی‌ گۆڕان بێت، چونكه‌ گۆڕان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كورته‌ باڵاكان پێی‌ هه‌ڵبگه‌ن، به‌ڵام بۆ ناپرسن كۆمسیۆن له‌سه‌ر كاری‌ نایاسایی‌ كێی‌ سزادا، ئالێره‌وه‌یه‌ هه‌مو گوێكان ئاوازی‌ گۆڕان ده‌بیستن.

شه‌وانه‌ ئاپۆرای‌ جه‌ماوه‌ر له‌ شه‌قامه‌كان شه‌پۆل ئه‌دات، خه‌ڵكی‌ گه‌رم و دڵخۆشه‌ له‌ پێشوازی‌ لیستی‌ گۆڕان، ئه‌وانه‌ی‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌ده‌ست ناددپه‌روه‌ری‌ و گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن ئێستا به‌ شه‌كانه‌وه‌ی‌ ئاڵای‌ گۆڕان ئه‌و برینانه‌ سارێژ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ند ساڵه‌ پێوه‌ی‌ ده‌ناڵێنن، هاوكات پڕوپاگه‌نده‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ ناشیرین كردنی‌ گۆڕان به‌رده‌وامه‌.

شه‌وانه‌ ئۆتۆمبێله‌ جامڕه‌شه‌ بێتابلۆكانی‌ ده‌سه‌ڵات دوجۆر چالاكیان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان: له‌ هه‌ر كوێیه‌ك گه‌نجه‌ چالاكه‌كانی‌ لیستی‌ گۆڕان به‌ ته‌نیا ببینن هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ریان و جه‌سته‌یان خڵتانی‌ خوێن ده‌كه‌ن، ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌وان په‌روه‌رده‌ی‌ كلتوری‌ به‌عسن، دوه‌میان: ئاڵا و پۆسته‌ره‌كانی‌ گۆڕان هه‌ڵده‌واسن و به‌و ره‌فتار نه‌شیاوانه‌ی‌ كه‌ خۆیان و ئاغاكانیانی‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كراوه‌ خه‌ڵك بێزارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ روی‌ گۆڕان وه‌ك روی‌ خۆیان قێزه‌ونكه‌ن، خاوه‌ن شكۆكان به‌م كرده‌وانه‌تان ئیفلاسی‌ سیاسی‌ و ئه‌خلاقیتان جوانتر نمایش ده‌كه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك بڕوای‌ به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانتان نه‌ماوه‌.

دڵنیابن به‌هه‌ڵه‌داچون، گۆڕان نابێته‌ كاردانه‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی‌ ژیری‌ هه‌یه‌ و جه‌ماوه‌رێكی‌ خۆڕاگریش پشتیوانیه‌تی‌، جه‌ماوه‌رێك 18 ساڵ پشوی‌ كێشا له‌ژێر سێبه‌ری‌ نادادوه‌ری‌ ئێوه‌دا، ئێستا ئێوه‌ كه‌ له‌ ئاوابونن ناتوانن رایكێشنه‌ شه‌ڕێكه‌وه‌ كه‌ ته‌نها خۆتان سودمه‌ندن لێی‌.

زۆرجار پێمان ده‌گاته‌وه‌ كه‌ سه‌رسامن به‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ی‌ گۆڕان، زۆرتان رۆژانه‌ ئه‌ڵێن بڕوا به‌چاوی‌ خۆمان ناكه‌ین ئه‌و لافاوه‌ چۆن هات، ئاساییه‌، هه‌ق نییه‌ ئێوه‌ سه‌رسام بن، چونكه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ كورت بین بون و قه‌ده‌ریش ئێوه‌ی‌ كرده‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رمایه‌دار...

ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن گه‌ڕانی‌ ماڵ به‌ ماڵ و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت و ده‌ركردن و نانبڕین، خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن...هتد هێنده‌ی‌ تر جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕان به‌هێز ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ چۆن مانای‌ دواساته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداریتان ده‌سلمێنێت، ئاواش هێمایه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ هێزێكی‌ نوێ و گۆڕانخواز.

هه‌مو ئه‌و هاتو هه‌راو چه‌واشه‌كارییه‌ی‌ كه‌ بۆ ناشرینكردن و به‌لارێدابردنی‌ گۆڕان ئه‌نجام ده‌درێت، زه‌ڕه‌یه‌ك كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خواستی‌ گۆڕان نابێت، چونكه‌ لیستی‌ گۆڕان خاوه‌نی‌ په‌یام و به‌رنامه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌ سه‌بر و هز و هێزه‌وه‌ نوسراوه‌، ته‌وژمی‌ گۆڕانیش بێهیچ هه‌ڵچونێك هێدی‌ هێدی‌ شه‌پۆل ئه‌دات، نه‌ڕێڕه‌وی‌ خۆی‌ ده‌گۆڕێت و نه‌شپۆلێكی‌ نه‌شاز ده‌دات، ئالێره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ هێزی‌ گۆڕان وه‌ك ئاسۆ رونه‌.


هه‌ڵمه‌تی‌ پاره‌ به‌خشینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ ساڵانێكه‌ تاڵان ده‌كرێت ئێستا هه‌ندێكی‌ له‌ قاسه‌ تاریكه‌كان ده‌رده‌هێنرێت و ویژدانه‌كانی‌ پێده‌كڕدرێت، ئه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ویژدانتان به‌ مادده‌ بكڕێت، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا پێتان ده‌درێت به‌شێكی‌ كه‌مه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ هه‌مومان دزاراوه‌.
 
به‌رپرسانی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا به‌لێشاو رویان له‌ هه‌رێم كردۆته‌وه‌ و كورسییه‌كانی‌ به‌غدایان چۆڵكردوه‌، هه‌رچۆن بون و نه‌بونیان له‌ به‌غدا وه‌ك یه‌كه‌، ئاواش هاتنه‌وه‌یان بۆ كوردستان و به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم كارێكی‌ نایاساییه‌، ئالێره‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێت كه‌ ئێوه‌ سه‌رمه‌شقن له‌ پێشێلكردنی‌ یاسادا.

ئه‌و خاوه‌نشكۆیانه‌ی‌ كه‌ ته‌نها له‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ ده‌بینران، ئه‌و سۆپه‌رمانانه‌ی‌ گوێیان بۆ داواكانی‌ خه‌ڵك نه‌ده‌گرت، ئێستا به‌زۆر خۆیان ده‌كه‌ن به‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كاندا، خۆیان یه‌خه‌ت ده‌گرن چ خزمه‌تێكتان هه‌یه‌ به‌ زیاده‌وه‌ بیكه‌ین، ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ كورسی‌ زۆرجار لوتبه‌رزی‌ ده‌شكێنێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تاكه‌كانی‌ كورد دیوی‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئه‌م ژه‌نه‌ڕاڵانه‌ ببینن، چونكه‌ ئه‌وان هه‌مو به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێك به‌رگێكی‌ خاكی‌ و ئینسانی‌ له‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام داتاكان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌مجاره‌یان سودی‌ نییه‌، ئیتر گه‌ل چه‌واشه‌ناكرێت، ئالێره‌وه‌ مۆمی‌ گۆڕان داگیرسا.

هه‌رچۆن به‌تاڵان بردن و شاردنه‌وه‌ی‌ داهات و سامانی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك مانای‌ نه‌بونی‌ مۆڕاڵ و حوكمی‌ میلیشیای‌ ده‌سه‌لمێنێت، به‌خشینه‌وه‌شی‌ له‌پێناو دانیشتنه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی‌ كارێكی‌ نایاساییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێك بوینایه‌ یاسا سه‌روه‌ر بوایه‌ ده‌بو ئه‌و خواپیاوانه‌ دوجار له‌سه‌ر تاڵانكردن و به‌خشینه‌وه‌ی‌ سامانی‌ خه‌ڵك سزا بدرێن، به‌ڵام كاتێك وڵاتی‌ یاسامان نییه‌ سزای‌ سه‌رپێچیكارانی‌ باڵا بدات، ده‌بێت خه‌ڵك به‌ ویژدانه‌وه‌ به‌ ده‌نگی‌ خۆی‌ سزایان بدات.

لیستی‌ گۆڕان یه‌كێك له‌و ژانانه‌ی‌ پێوه‌ی‌ له‌ دایك بوه‌ ئه‌و تاڵان و بڕۆیه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسان و خاوه‌ن كورسییه‌كان پێڕۆی‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كیانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سامانی‌ خه‌ڵكه‌ بۆ ده‌ستی‌ خه‌ڵك خۆی‌، گۆڕانخوازه‌كان وه‌ها په‌یامێكیان هه‌ڵگرتوه‌ بۆیه‌ رۆژانه‌ كاروانه‌كه‌یان قه‌ره‌باڵغتر ده‌بێت و به‌ هێمنی‌ هه‌نگاوه‌كان ده‌بڕن.

ئه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ تائێستا نازانن مانای‌ دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ چییه‌، گوێ له‌ ئازاره‌كانی‌ خه‌ڵك ناگرن، واده‌زانن پێشكه‌وتنی‌ وڵات به‌نده‌ پڕبونی‌ قاسه‌ تاریكه‌كانتان، وائاپۆرای‌ جه‌ماوه‌ر شه‌پۆل ده‌دات و داوای‌ گۆڕانتان ده‌كات.

Sbeiy.com © 2007