Print
 ره‌وتی گۆڕان به‌ره‌و كوێ‌؟
Saturday, July 11, 2009
كامیل ژیر

مێژوی بزاڤی كوردایه‌تیی باوه‌ڕدار (عقائدی) زۆر دێرین نییه‌. سه‌ره‌تای ئه‌و بزاڤه‌، له‌ رێكخراوی (كاژیك 14/4/1959) سه‌ریهه‌ڵداو دوایی (پاسۆك 11/9/1975)و (كۆنگره‌ی نیشتمانیی كوردستان 14/4/1985)‌و هه‌ندێ‌ هه‌وڵدانی تاكه‌ كه‌سی‌و رێكخراوه‌یی دیكه‌، بون به‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌و بزاڤ‌و باوه‌ڕه‌و ئێستا قوتابخانه‌ی بیری كوردایه‌تییان لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

ئه‌م قوتابخانه‌یه‌، گه‌رچی له‌ڕوی رێكخستنه‌وه‌ ئێستا له‌ یه‌كترازاو‌و پچڕپچڕه‌، به‌ڵام وه‌كو بیر، هاوشێوه‌ی یه‌كن هه‌رچه‌نده‌ شاگردانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ دورن له‌ یه‌كه‌وه‌و هه‌ندێكیان تێكه‌ڵ‌ به‌ رێكخراوی سیاسیی جیاواز بون. ئه‌وه‌ی سه‌رباری ژماره‌یه‌ك رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆش رێچكه‌ی هه‌مان باوه‌ڕیان گرتوه‌. كوردایه‌تیش وه‌نه‌بێت هه‌ر تاپۆی ئه‌وانبێت، به‌ڵكو له‌ ده‌وڵه‌تی ماده‌وه‌ تا میرنشینییه‌كان‌و شۆڕشه‌ كوردییه‌كان‌و تا رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی پێش كاژیك، بڵێسه‌ی بزاڤی كوردایه‌تی به‌ شێوه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی‌و وه‌ك سۆز، به‌رده‌وام بوه‌و تائێستا نه‌كوژاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌، به‌هۆی له‌ یه‌كترازانی ناو ماڵی قوتابخانه‌ی بیری كوردایه‌تییه‌وه‌و گیرخواردنی زۆربه‌یان، له‌ رابردودا، له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا، هاوبیرانی كوردایه‌تی له‌ كوردستاندا بونه‌ته‌ بێگانه‌و هه‌ڵگری بیرو بزاڤه‌ نامۆكان به‌ كوردایه‌تی بون به‌ خاوه‌ن ماڵ‌! له‌وانه‌: لایه‌نه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی (أممی‌)ه‌كان‌و ئیسلامی سیاسی‌و ئه‌و پارتییانه‌ی له‌سه‌ر هه‌مو په‌ته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ئیسلامی‌و عێراق‌و ئێران‌و توركیاچێتی یاری ده‌كه‌ن‌و گه‌نده‌ڵی تێیداون، كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ كه‌مترین‌و ته‌په‌ك ئه‌وه‌یه‌ بڵێین: نان بۆ قه‌ساب‌و گۆشت بۆ نانه‌وایه‌! كه‌ ئه‌مه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌مان نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان ئاینده‌ی ره‌وتی گۆڕان‌و چۆنێتی رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی هاوبیرانی كوردایه‌تییه‌.

له‌ رابردویه‌كی نزیكدا، چه‌ندجارێك هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی هاوبیرانی كوردایه‌تی دراوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌ر به‌ دیدی پارتییانه‌وه‌ بوه‌و بارودۆخه‌كه‌ش گونجاو نه‌بوه‌، هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامدار نه‌بون. هه‌وڵه‌كانی باڵی چاكسازی (ریفۆرم)یش له‌ناو یه‌كێتیدا، هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان دو هۆ، سه‌ركه‌وتو نه‌بون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و باڵی ریفۆرمه‌ له‌ بازنه‌ی داخراوی پارتایه‌تی خۆی ده‌ربازكردو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیش هاته‌ ئاراوه‌و دۆخێكی گونجاویشی دروستكرد، بزاڤ‌و لیستی گۆڕان كه‌ ژماره‌یه‌ك هاوبیری پاسۆك‌و كاژیك‌و كۆنگره‌ هاوڕاو هاوكارێتی، سه‌ركه‌وتن‌و فراوانبونی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ده‌رچون له‌ بازنه‌ی داخراو، یا سه‌پاو، یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی په‌رتوكی كوردایه‌تی‌و سه‌ربه‌خۆیی. چاپی 2002 كامیل ژیر لاپه‌ڕه‌ 11 كه‌ تێیدا هاتوه‌: (یه‌كێك له‌ نهێنییه‌كانی پێشكه‌وتنی مرۆڤ، جۆره‌ بزواندنێكه‌ كه‌ ده‌رچون‌و تێپه‌ڕبون ئه‌نجامده‌دات له‌و بازنه‌یه‌ی تێیده‌كه‌وێت) بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئه‌و وتانه‌ كه‌ له‌م نوسینه‌شدا چه‌نجارێك ئاماژه‌مان بۆ (بازنه‌ی داخراو) كردوه‌، ده‌ڵێین: ناتوانرێت پێنج بازنه‌ به‌ سێ‌ هێڵی رێك له‌ یه‌ك بدرێت به‌بێ‌ ده‌سهه‌ڵگرتن ئه‌گه‌ر له‌ سنوری ئه‌و بازنانه‌ ده‌رنه‌چین وه‌ك له‌م وێنانه‌دا پیشانیده‌ده‌ین:

به‌وجۆره‌ ده‌بینین له‌ وێنه‌كانی یه‌كه‌م‌و دوه‌م‌و سێیه‌مدا هه‌رچۆنێك هه‌وڵبده‌ین ناتوانین پێنج بازنه‌كه‌ به‌ سێ‌ هێڵی رێك له‌ یه‌ك بده‌ین به‌بێ‌ ده‌سهه‌ڵگرتن، چونكه‌ هێڵه‌كان هه‌مویان له‌ناو سنوری بازنه‌كاندان، به‌ڵام له‌ وێنه‌ی چواره‌مدا، هه‌ر پێنج بازنه‌كه‌مان به‌ سێ‌ هێڵی رێك له‌ یه‌كدا، چونكه‌ له‌ سنوری بازنه‌ی 2‌و 3 ده‌رچوین. باڵی ریفۆرم تا له‌ سنوری بازنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌رنه‌چو، نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی بپێكێت.

به‌ڵام هه‌ر به‌و ده‌رچونه‌و به‌ سازدانی لیستی گۆڕان، جگه‌ له‌ هاوكارانی ریفۆرم، هاوبیرانی كوردایه‌تی‌و رۆشنبیره‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ره‌ تینوه‌كه‌ش بۆ گۆڕان، به‌تایبه‌تی گه‌نجان كه‌ دینه‌مۆی گۆڕان‌و داهێنان‌و گه‌شه‌كردنن، خۆبه‌خشانه‌ بونه‌ هاوكاری بزاڤی گۆڕان‌و شه‌پۆله‌كه‌ش رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ته‌وژم ده‌دات.

ئه‌وه‌ش وانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ هاوكارانی گۆڕان، به‌ هاوبیرانی كوردایه‌تیشه‌وه‌، كه‌ جارێكی دی خۆیان بچوك نه‌كه‌نه‌وه‌و خۆیان نه‌خه‌نه‌وه‌ ناو بازنه‌ی داخراوی پارتایه‌تی. با هه‌میشه‌ له‌ پانتایی فراوان‌و به‌ر به‌ره‌ڵاو كراوه‌دا رو له‌ گۆڕان‌و رو له‌ داهێنانی تازه‌ بن له‌م سه‌رده‌می داهێنانه‌ خێراو سه‌رسوإهێنه‌رانه‌ی زانست‌و ته‌كنه‌لۆجیادا.

هه‌ڵبه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌م دیدوبۆچونه‌، دو پرسیار خۆی ده‌سه‌پێنێت:
1 ـ به‌پێی پارتایه‌تی، نه‌ته‌وه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئامانج؟
2 ـ به‌پێی پارتایه‌تی، حكومه‌ت چۆن ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت؟
وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م له‌ وتاری (خه‌زانی پارتایه‌تی‌و چه‌كه‌ره‌ی گۆڕان) دایه‌ كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ (8)ی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ ـ ژماره‌ (503) رۆژی 2/9/2009 دایه‌و ده‌توانرێت به‌ ئه‌نته‌رنێتیش سه‌یر بكرێت. بۆ وه‌ڵامی دوه‌میش زۆر به‌ كورتی: له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ شێوازی بازنه‌یی، نه‌ك رێژه‌یی‌و لیست. له‌م شێوازه‌دا هه‌ر ده‌ڤه‌رێك (شار، شارۆچكه‌، ناوچه‌و چه‌ند گوندێك) نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ ده‌زانن كێیه‌و ئه‌ویش ده‌زانێت نوێنه‌ری كوێیه‌. له‌و نوێنه‌رانه‌ په‌رله‌مان پێكدێت. په‌رله‌مانیش سه‌رۆكی وڵات هه‌ڵده‌بژێرێت‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری ده‌كات. سه‌رۆك داوا له‌ كه‌سێك ده‌كات كابینه‌ پێكبێنێت. په‌رله‌مانیش ئه‌شێ‌ باوه‌ڕی بداتێ‌ یا نه‌یداتێ‌، به‌وجۆره‌ سه‌رۆك‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌تیش ده‌بنه‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی گه‌ل، ترسی دیكتاتۆرێتی‌و پاوانكردنی ده‌سه‌ڵاتیش نامێنێت. هه‌مو ئه‌و بنه‌مایانه‌ش له‌ ده‌ستورێكی تۆكمه‌و نوێكار (مۆدێرن)دا داده‌رێژرێت كه‌ مه‌وداكانی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی وڵاتی تێدا دیاری ده‌كرێت، نه‌ك ئه‌و ده‌ستوره‌ی پارتییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌یسه‌پێنن. له‌ كۆتاییدا منیش ده‌پرسم: ئاخۆ ئه‌گه‌ر باڵی ریفۆرم له‌ بازنه‌ی داخراوی یه‌كێتیدا بمایه‌ته‌وه‌، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستده‌هێناو ئه‌م خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی لێ كۆده‌بوه‌وه‌؟

Sbeiy.com © 2007