Print
 عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: (7/3) سه‌لماندی گۆڕان كه‌فوكوڵ‌ نه‌بو
Tuesday, April 13, 2010

سازدانی‌: رۆژنامه‌
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ پرد_ه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، بڕوای وایه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان خۆی‌ رێكبخات‌و كۆنگره‌ ببه‌ستێت‌و ده‌شڵێت "هه‌ڵبژاردنی‌ (7/3) سه‌لماندی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌فوكوڵ‌ نه‌بوه‌‌و حیساباتی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسیی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت".
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق  كه‌ پێشتر وه‌زیر بوه‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراق‌و  ماوه‌ی‌ دو ساڵیشه‌ وازی‌ له‌ كاری‌ حیزبایه‌تی‌ هێناوه‌، ده‌ڵێت، ئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ریخست، كۆمه‌ڵێك پارتی‌ بچوك هه‌ن كه‌ زۆر له‌یه‌ك ده‌چن، پێویسته‌ خۆیان حه‌ل بكه‌ن "مه‌عقول نییه‌ له‌ كوردستان، سێ‌ حیزبی‌ سۆشیال دیموكرات‌و سێ‌ حیزبی‌ ئیسلامیی‌‌و سێ‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ هه‌بن‌و كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ یه‌كبخرێن".

رۆژنامه‌: وه‌ك چاودێرێكی سیاسیی، چ وێنه‌یه‌كتان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی (7/3) لا دروستبو، له‌كاتێكدا ئه‌نجامه‌كان بۆ هه‌ندێك لایه‌نی‌ كوردی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو كه‌وتونه‌ته‌وه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: یه‌كێك له‌ سوده‌كانی مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌كو مرۆڤ، ماوه‌ ناماوه‌یه‌ك پێویستی به‌ پشكنینێكی خۆی هه‌یه‌ بۆ زانینی باری ته‌ندروستیی خۆی‌و بڕیاردان له‌سه‌ر چۆنێتیی چاره‌سه‌ركردنی‌، ده‌توانین بڵێین، هه‌ڵبژاردنیش جۆرێكه‌ له‌ پشكنینی خۆیی كه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ‌ جارێك، حیزبه‌كان پێویستییان پێیه‌تی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌بوایه‌، ئه‌وكات هه‌مو حیزبه‌كان ده‌یانتوانی وه‌كو یه‌ك باس له‌وه‌ بكه‌ن جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌‌و باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا تاڕاده‌یه‌كی زۆر قبوڵ‌ كراون، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانن بۆمان ده‌سه‌لمێنن كه‌ كام حیزبه‌ به‌ره‌وپێش ده‌چێت‌و كام حیزبه‌ له‌جێی خۆیه‌تی‌و كام حیزبه‌شه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات. لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی (7/3)، بێگومان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌شێك له‌ حیزبه‌كان ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ زیادبوندایه‌، وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌ پێشتر كه‌متر بوه‌، ئه‌گه‌ر (2)كورسی بهێنێت، ده‌توانین بڵێین له‌چاو (1)كورسیدا پێشكه‌وتنه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێك له‌جێی خۆیانن، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتو (5)كورسی بهێنێت ده‌توانین بڵێین، له‌شوێنی خۆیه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر (6)یش بهێنێت تا راده‌یه‌ك زیادبونی پێوه‌یه‌، له‌وێوه‌ ده‌بینین كه‌ حیزبه‌كانی تریش، وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بێگومان پاشه‌كشێی كردوه‌ له‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌چاو هه‌ڵبژاردنی (4)ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ردا، ئیدی ئه‌و حیزبانه‌ی دیكه‌ش كه‌ (1)كورسییان هه‌بوه‌و نزیكه‌ی (9)حیزبێك له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانیدا بون كه‌ هیچ كورسییه‌كیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، ئه‌وا بێگومان ئه‌ویش خه‌ساره‌تمه‌ندی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانن.

رۆژنامه‌: هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانوت، ئه‌و ده‌نگانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (25/7)ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا به‌ده‌ستیهێناون، ته‌نها كه‌فوكوڵێك بو‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ (7)ی‌ ئازاردا گۆڕان ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ پێشو ناهێنێته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆچونی‌ ئێوه‌ چۆنه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ئه‌گه‌ر زانستییانه‌و بێلایه‌نانه‌ بڕوانینه‌ مه‌سه‌له‌كه‌، قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی بیكه‌ین بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌فوكوڵێكه‌، یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌كه‌، یان ده‌ركه‌وتنی دیارده‌یه‌كه‌، یان حاڵه‌تێكه‌، هه‌مو ئه‌مانه‌ وشه‌ نین، به‌ڵكو زاراوه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌مانه‌مان سه‌لماند، بێگومان ده‌رئه‌نجامه‌كانی، ده‌رهاویشته‌كانی جیاواز ده‌بن له‌یه‌كدی، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌فوكوڵێك بێت له‌(25/7)دا، ئه‌وا (7/3) سه‌لماندی كه‌ كه‌فوكوڵ‌ نه‌بوه‌، مانای وایه‌، ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستیهێناون هه‌ر نزیكه‌ به‌ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ده‌ستیهێناون، چونكه‌ له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌ی (25)كورسی پێبێت، هه‌ر ده‌بێته‌وه‌ كورسی‌ بۆ  ئاستی عێراق، كه‌واته‌ لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، ئه‌م حاڵه‌ته‌ جارێكی دیكه‌ دوباره‌بوه‌وه‌‌و دوباره‌بونه‌وه‌كه‌ش، خۆی له‌خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا شتێكی كه‌فوكوڵ‌ نه‌بوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ بڕیار ده‌دات كه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت‌و گۆڕان هه‌بێت.

رۆژنامه‌: ئایا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌توانێت به‌م شێوه‌ كاركردنه‌ی‌ ئێستای‌، به‌رده‌وامی‌ به‌ هه‌ڵكشان‌و سه‌ركه‌وتنی‌ بدات؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ زۆر گرنگه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌شێوازێكی جه‌ماوه‌ریی كارده‌كات، خه‌ڵكانێكی زۆر ئومێدیان پێیه‌تی، له‌ حاڵه‌تی سه‌رده‌می نه‌وه‌ده‌كانی ئیسلامییه‌كان ده‌چێت كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌بێ‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیی‌و به‌بێ‌ بونی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی مادی كاری بۆ ده‌كه‌ن‌و پشتگیریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌نێو ئیسلامییه‌كانیشدا، سه‌ره‌تا خۆ هه‌ڵبژاردن نه‌بو، كه‌ ده‌وترا ئه‌مه‌ ته‌زكیه‌كردنه‌‌و نابێت خۆت هه‌ڵبژێریت، خۆمان ئه‌م كاره‌ بۆ خودا ده‌كه‌ین، ئه‌م كاره‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی نییه‌، به‌ڵام دواجار ورده‌ورده‌ كه‌ كاره‌كه‌ لای ئیسلامییه‌كانیش بو به‌ حیزبی، ئیدی ململانێ‌ له‌نێوان خۆیاندا په‌یدابو، خۆپاڵاوتن‌و بانگه‌شه‌ بۆ خۆكردن له‌نێوانیاندا په‌یدابو، باڵباڵێن له‌نێویاندا په‌یدابو، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستای حاڵه‌تی سروشتی نییه‌، چونكه‌ گۆڕان یان ده‌بێت به‌ حیزب، یان ده‌بێت به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی وه‌كو ئێستای سیاسیی، به‌ڵام دواجار هه‌ر سه‌رۆكێكی نییه‌، بێگومان ئایا مه‌كته‌بی سیاسیی ده‌بێت، ئه‌وكاته‌ سه‌ركردایه‌تیی پێویسته‌، كه‌ی‌ كۆنگره‌ ده‌گرێت؟ كێ‌ بنكه‌ی ئه‌و حیزبه‌ ده‌بێت، ئه‌وه‌ گرنگه‌، ئایا گۆڕان له‌ مه‌سه‌له‌ی خه‌تخه‌تێن‌و باڵباڵێن‌و كوتله‌و ته‌كه‌تولی نێوخۆی دروست ده‌كاته‌وه‌ كاتێك كه‌ ده‌بێت به‌ حیزب؟، چونكه‌ هێشتا بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی ئاسایی نییه‌.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌ ده‌توانرێت بوترێت،  له‌دوای (7/3)وه‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوه‌ به‌هێزێكی گه‌وره‌ی حیساببۆكراوی كوردستانی‌‌و عێراقی‌‌و حیساباتی‌ سیاسی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت؟
* به‌دڵنیایی، ده‌توانین وا بڵێین، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بێگومان گۆڕان له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێویستیی به‌كۆنگره‌یه‌ك ده‌بێت، تاوه‌كو له‌و كۆنگره‌یه‌دا بڕیار بدات به‌شێوازێكی وه‌كو خه‌ڵك ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆڕاندا ئه‌نجامبدرێت، ده‌بێت بنكه‌ی فراوانی گۆڕانیش هه‌بێت‌و ده‌ستی هه‌بێت له‌ بنیاتنانی حاڵه‌تێكدا، جا به‌شێوازه‌ كلاسیكییه‌كه‌ كه‌ ئێستاكه‌ ئیسلامی‌‌و عیلمانی ئه‌مڕۆ به‌شێوازی كلاسیكی ماركسی لینینی كارده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ كۆنگره‌یه‌و ئه‌وه‌ كۆمیته‌ی ناوه‌نده‌ی‌و ئه‌وه‌ سكرتێری گشتییه‌‌و به‌م شێوازه‌ كارده‌كات، یاخود شێوازێكی دیكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌یكه‌ری ئیداریی حیزبه‌كه‌، وه‌كو شێوازی حیزبی (جمهوری) كۆماریی ئه‌مریكا، یان حیزبی دیموكراتی ئه‌مریكا، یان سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت، چونكه‌ گۆڕان هێشتا شكڵی كۆتایی وه‌رنه‌گرتوه‌، پێویسته‌ شكڵی كۆتایی خۆی وه‌ربگرێت، تاوه‌كو بزانرێت شێوازی كاركردنه‌كه‌ی به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات.

رۆژنامه‌: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی كوردستان له‌ (53)كورسییه‌وه‌ دابه‌زی‌ بۆ سنوری‌ (40)كورسی، به‌ بڕوای ئێوه‌، هۆكاره‌ی‌ ئه‌م دابه‌زینه‌ چییه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: به‌دڵنیایی، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌یت، ئه‌م ژماره‌ی ده‌نگده‌ری‌ كورده‌ وه‌كو چۆن به‌ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ روی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌ڵێن، ناوچه‌یه‌كی داخراوه‌، واتا داخراوه‌ بۆ خه‌ڵكی كورد، بۆیه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر هاتن له‌ عه‌ره‌ب‌و له‌ توركمان‌و له‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، قه‌واره‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی خۆیان پاڵاوت، ئه‌و ده‌نگانه‌یان نه‌هێنا، كه‌واته‌ ئه‌م (3)پارێزگایه‌ ناوچه‌یه‌كی داخراوه‌، تا راده‌یه‌ك به‌هه‌ندێك له‌كه‌ركوكیشه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بینین كورد ده‌نگی تێدا ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ئه‌م (40)كورسییه‌ بۆ لیستی‌ هاوپه‌یمانی، با بڵێین، له‌م ساته‌وه‌خته‌ی قسه‌ی تیاده‌كه‌ین، هێشتا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تا ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌رنه‌كه‌وتوه‌، وای دابنێین، ئه‌گه‌ر (40)كورسیش بێت، ئه‌م (53)یه‌ی پێشو بۆ ئه‌و (40)ه‌ی‌ ئێستا، (13)ی ده‌وێت، بۆ ئه‌و (13)یه‌ش ده‌توانین بڵێین، به‌ (15)و به‌ ژماره‌ له‌ لای گۆڕانه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر (5)ه‌كه‌شی بخه‌یته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كگرتو، هه‌ر یه‌كگرتو هێناویه‌تی، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ هاوپه‌یمانی كه‌م بوه‌ته‌وه‌، چوه‌ته‌وه‌ بۆ لایه‌نێكی دیكه‌ی كوردی، كه‌ چوه‌ بۆ لایه‌نێكی كوردی بۆ كوێ‌ چوه‌؟ به‌شی زۆری لای  گۆڕانه‌، به‌شی دوه‌می لای یه‌كگرتوه‌، به‌شێكی لای كۆمه‌ڵه‌، كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین، هه‌ر ده‌نگی كورده‌‌و ده‌توانین بڵێین، كورد‌و ده‌نگده‌ری كورد بڕیاری خۆی  گۆڕیوه‌، ده‌نگده‌ری كورد له‌وه‌دا بڕیاری خۆی گۆڕیوه‌ كه‌ گله‌یی‌و گازانده‌ی هه‌یه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی كوردستانی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی له‌ هاوپه‌یمانیی كوردستانی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌و داویه‌تی به‌حیزبه‌كانی دیكه‌، داویه‌تی به‌قه‌واره‌ كوردییه‌كانی دیكه‌، به‌و راده‌یه‌ی گله‌یی‌و گازه‌نده‌ی هه‌یه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی كوردستان.

رۆژنامه‌: هێنانی نزیكه‌ی (20)كورسی له‌لایه‌ن گۆڕان‌و حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  له‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆندان‌و تا چه‌ند به‌ چونیان  بۆ به‌غدا، ده‌توانن رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕن له‌ به‌شداریكردن له‌ ره‌سمی سیاسه‌تی هه‌رێمدا له‌ به‌غدا؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ده‌توانین بڵێین، تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌، مه‌سه‌له‌ی باسكردن له‌مافه‌كانی كورد هه‌ر وه‌كو دروشمێك ده‌وترێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌بوه‌ به‌ میكانیزمی به‌رجه‌سته‌كردن‌و دابینكردنی ئه‌و مافانه‌، به‌و مانایه‌ی ئێمه‌ قسه‌ زۆر ده‌كه‌ین، ئێستاش هاوپه‌یمانیی كوردستانی ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ ئیئتیلاف ده‌كه‌ین بۆ  حكومه‌تی داهاتوی عێراق، كه‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی ببینین‌و له‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌یدا دان به‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا بنێت، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش كۆنه‌‌و حكومه‌تی مالیكیش كه‌ كورد هاوپه‌یمانی بو‌و كورد نه‌بوایه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كۆتایی پێده‌هات، له‌و ساته‌وه‌خته‌ی زۆرێك له‌لایه‌نه‌كان لێـی كشانه‌وه‌، له‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی مالكیدا ته‌ماشا بكه‌ین، ده‌ڵێت، له‌(29/3/2007) ده‌ستده‌كه‌ین به‌ ته‌واوكردنی  قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌ له‌ ماده‌ی (140)، ده‌ڵێت، له‌(29/8/2007) ده‌ستده‌كه‌ین به‌ ئامار، ده‌ڵێت له‌ (29/12/2007) ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌رنامه‌ له‌مه‌ جوانتر نابێت، به‌ڵام  هیچی جێبه‌جێ‌ نه‌كرا، كه‌واته‌ ئه‌و چاودێریكردنه‌ی هاوپه‌یمانیی كوردستانی كوا؟ بۆ ئه‌م به‌رنامه‌ سیاسییه‌ی كه‌ مالیكی كاتی خۆی خستیه‌ڕو، لێره‌وه‌یه‌ ده‌ڵێین، هه‌مو به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌ی جوانتریش هه‌بێت، له‌مه‌ جوانترمان ده‌ستناكه‌وێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌ك بو، كاته‌كانی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)ی دیاری كردبو، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا نه‌یكرد‌و هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی به‌رامبه‌ر ئه‌م نه‌كردنه‌ی مالیكی چی بو، بێگومان هه‌ڵوێستێكی دیار نه‌بو، ته‌نانه‌ت كشانه‌وه‌ش بێت له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ رۆژی ئه‌وه‌یه‌،  ده‌بێت خاڵه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر  لیسته‌كان، كاتێك كه‌ هاوپه‌یمانی ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ‌ هه‌ر لایه‌نێكدا، ده‌بێت به‌شێوازێكی به‌رجه‌سته‌كراو ئه‌و دروشمانه‌ بكرێن به‌ پڕۆژه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه‌ بونی (20)كورسی له‌لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی، كه‌م نییه‌، چونكه‌ لایه‌نێكی گه‌وره‌ی سه‌ره‌كی وه‌كو ته‌وافوقیش، به‌دانپێدانانی‌ خۆیاندا، هه‌ر ده‌ڵێن، ئێمه‌ش (20)كورسیمان ده‌بێت، كه‌واته‌ ده‌توانیت بڵێیت، به‌قه‌ده‌ر به‌شێك له‌پێكهاته‌یه‌كی خه‌ڵكی عێراق سه‌نگی هه‌یه‌ بۆ گۆڕان‌و ئیسلامییه‌كان.

رۆژنامه‌: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ پارتی، دو ئه‌وه‌نده‌ی كورسییه‌كانی یه‌كێتی ده‌بێت له‌ به‌غدا، پێتوایه‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت له‌ نێوان ئه‌و دو هێزه‌دا؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: به‌پێی ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی كه‌ تا ئێستا ده‌یانبیستین له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای ئاهه‌نگه‌كانی بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ده‌ستیانهێناوه‌، به‌ڵام له‌پاڵیشیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كارناكاته‌ سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و ده‌شڵێن، كارناكاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێن هێشتا هاوپه‌یمانی، كاندیدی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، هه‌ر مام جه‌لاله‌، ئه‌م لێدوانانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا وا دیاره‌ كه‌ كاریگه‌ریی نابێت، به‌ڵام به‌دڵنیایی بۆ ئاینده‌ی نێوخۆی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی دیكه‌ی نێوخۆی كوردستان، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ ده‌بێت له‌ئه‌مساڵدا بكرێت، بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت‌و كاریگه‌ریی ده‌بێت.

رۆژنامه‌: ئه‌وه‌ی به‌ لای چاودێرانه‌وه‌ جێگای سه‌رنج بو، ئه‌مجاره‌‌و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئیسلامییه‌كان به‌ڕێژه‌یه‌كی زیاتر ده‌نگه‌كانیان هه‌ڵكشا‌و نفوزیان زیاتر بو، ئێوه‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ چۆن ده‌بینن؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بێت، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی قسه‌ی تیا ده‌كه‌ین، گرنگه‌ ئه‌مه‌ بنوسرێت كه‌ ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ی قسه‌ی تێدا ده‌كه‌ین، ژماره‌ی كورسییه‌كان بریتی بێت له‌ (5)كورسی، هه‌ڵكشان له‌كوێدایه‌؟، كاتێك كه‌ یه‌كگرتو (5)كورسی هه‌بو له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشودا، ئه‌گه‌ر ئێستاش (5) كورسی هه‌بێت، ئه‌م (5)ه‌ش یه‌كسان نییه‌ به‌(5)ه‌كه‌ی جاران، به‌ڵكو كه‌متره‌، هه‌روه‌كو هاوپه‌یمانیی (53)ه‌كه‌ی جارانی له‌ (275)دایه‌، ئه‌گه‌ر (53)كه‌ی ئێستاشی هه‌بێت له‌ (325)دایه‌، ئه‌وه‌ مانای وایه‌ له‌ ژماره‌ی كورسییه‌كان كه‌ زیادده‌كات له‌سه‌ر رێژه‌ی سه‌دی ئه‌م (5)ی ئێستا، (5)ه‌كه‌ی جاران نییه‌، به‌ڵام ژماره‌ی ده‌نگه‌كان زیادی كردوه‌، ئه‌و ژماره‌ی ده‌نگانه‌ش كه‌ زیاد ده‌كات، ئه‌ویش له‌ رێی ده‌نگدانێكی هه‌ر زیادكردنێكی ئاساییه‌، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشودا‌و له‌(2005)دا تا (2010)، ئێستا (19) ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2005)دا (14)ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌بوه‌‌و ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ئاماره‌كانی كۆمسیۆن، كه‌واته‌ ده‌نگده‌ر (5)ملیۆن زیادیكردوه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا كه‌ ئه‌و (5)ملیۆنه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ به‌ راده‌ی نزیك به‌ چه‌ند سه‌د هه‌زار ده‌نگێك، كه‌واته‌ تۆ جارێكی دیكه‌ له‌نێو ئه‌و چه‌ند سه‌د هه‌زار ده‌نگه‌ زیادكراوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ندت زیادكردوه‌، ده‌ڵێیت (100)هه‌زار، ئه‌وه‌ بێگومان كه‌مه‌، لێره‌وه‌ ده‌توانم بڵێم، به‌شێوازێكی بیركاریی ورد، ئیسلامییه‌كان له‌ئاستی خۆیاندا وه‌ستاون، ئه‌وه‌ زیاده‌ له‌ده‌نگه‌كان، به‌ڵام زیادی له‌ده‌نگه‌كان، كورسی زیادی بۆ نه‌هێنێت پێش نه‌كه‌وتوه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتو (6)كورسی بهێنێت، یه‌كسانه‌ به‌ (5)ه‌كه‌ی جاران به‌ شێوازێكی بیركاری، چونكه‌ (5) له‌سه‌ر (275) یه‌كسانه‌ به‌ (6) له‌سه‌ر (325)، كه‌واته‌ (6)ی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو جاران بێت، ئه‌گه‌ر (7)ی هێنا ده‌توانی بڵێیت پێشكه‌وتوه‌.

رۆژنامه‌: هه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، كۆمه‌ڵێك لایه‌نی‌ زۆری‌ ناو لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان كه‌ ژماره‌یان (11)حیزبه‌، ده‌نگ‌و كورسیی‌ پێویستیان نه‌هێناوه‌، به‌ رای‌ ئێوه‌، لێره‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و پارتانه‌ چی‌ بكه‌ن؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی كوردستاندا (13)حیزب به‌شدارییان كرد، ته‌نها پاڵێوراوانی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌نگیانهێناوه‌، كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین، (11)حیزب له‌ هاوپه‌یمانیدا وه‌كو سۆسیالیست‌و وه‌كو زه‌حمه‌تكێشان‌و وه‌كو باڵه‌كه‌ی دیكه‌ی زه‌حمه‌تكێشان‌و له‌هه‌مان كاتدا بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بون، ده‌نگیان هیچ نه‌هێناوه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، كورسییان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی یه‌كجارگرنگ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ فێری بین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ فێرمان ده‌كه‌ن، هه‌تا كوێ‌ ئه‌م حیزبه‌ پێویسته‌ به‌م شێوازه‌ به‌رده‌وام بێت، چۆن ده‌بێت حیزبێك ته‌مه‌نی (20)ساڵ‌‌و (30)ساڵ‌‌و ته‌نانه‌ت (70)ساڵیش بێت، نه‌توانێت كورسییه‌ك به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌كو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25/7)یشدا نزیكه‌ی (7-8)حیزبی چه‌پ نه‌یانتوانی تاقه‌ كورسییه‌ك بهێنن، به‌شێوازێكی زۆرترین ماوه‌، یاخود باقی توانییان یه‌ك كورسی بهێنن، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌م حیزبانه‌ی‌ كه‌ ده‌نگ ناهێنن كه‌ كورسی ناهێنن، هه‌قه‌ به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌رنامه‌یان له‌یه‌كتره‌وه‌ نزیكه‌ تێكه‌ڵ‌ به‌یه‌كتر بن، چونكه‌ له‌سوده‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی حیزبه‌كان به‌ره‌ به‌ره‌ كه‌م بێته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌م هه‌مو حیزبه‌ هه‌بێت‌و ده‌نگیش نه‌هێنن، كه‌واته‌ كێ‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌مانه‌یه‌، هه‌روه‌كو ئێستا ده‌بینین له‌وڵاتێكی وه‌كو ئه‌ڵمانیا (5)حیزب به‌شداری ده‌كه‌ن‌و چالاكن، له‌ وڵاتێكی وه‌كو فه‌إه‌نسا (4)حیزب‌و له‌ وڵاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا (2)و ئه‌مریكاش (2)حیزب، پێویسته‌ ورده‌ورده‌ ژماره‌ی ئه‌م حیزبانه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م ببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی بیروبۆچونیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ یه‌كبگرن، یان بچنه‌ ناو حیزبه‌ گه‌وره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی دواجار ئێمه‌ نزیكه‌ی (4-5)كیانی فراوانمان بۆ بمێنێته‌وه‌ تاوه‌كو جه‌ماوه‌ریش ده‌نگه‌كانی په‌رت نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌م حیزبه‌ جۆراوجۆرانه‌ی كه‌ ده‌نگ ناهێنن‌و ناگاته‌ كورسی.

رۆژنامه‌: پێتوایه‌، چاره‌نوسی‌ ئه‌و پارته‌ بچوكانه‌ چی لێدێت، یاخود پێویسته‌ چی‌ بكه‌ن؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: یه‌كه‌م، ده‌بێت له‌ روی‌ فیكرییه‌وه‌ یه‌ك بخرێن، چونكه‌ له‌كوردستاندا حیزبه‌كان له‌ روی‌ فیكریه‌وه‌ له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، یان هه‌ڵگری‌ یه‌ك فیكرن‌و زۆر جیاواز نین، حیزبێكت هه‌یه‌ سۆشیال دیموكراته‌و ده‌بینیت دوانی‌ تریش سۆشیال دیموكراتن، ناكرێت سێ‌ سۆشیال دیموكرات له‌ سێ‌ پارێزگادا هه‌بن، یه‌كگرتوت هه‌یه‌ ئیسلامییه‌‌و كۆمه‌ڵیش هه‌ر ئیسلامییه‌، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ش هه‌ر ئیسلامییه‌، سێ‌ ئیسلامی‌ وه‌ك یه‌ك له‌ هه‌مو شتێكدا، ئه‌مه‌ جه‌ماوه‌ر ناتوانێت جیاوازییان له‌نێواندا بكات، سێ‌ چوار حیزبت هه‌ن باس له‌ دیموكراتیه‌ت ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ پارتی‌ دیموكرات، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ دیموكراتیخوازان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ گه‌لی‌ كوردستان‌و چه‌ند حیزبێكی‌ دیكه‌ش كه‌ ئه‌مانه‌ چییان جیاوازه‌ له‌ پارتی‌، كه‌واته‌ به‌ راستی‌ جێیخۆیه‌تی‌ كه‌ دواجار له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما زانستییه‌ی‌ كه‌ دانراوه‌ بۆ كاری‌ حیزبی‌ له‌ئه‌وروپادا كه‌ حیزب، یان ده‌بێت پارێزگار بێت، یان پێشكه‌وتنخوازه‌، یان لیبراڵ‌‌و كۆنخوازه‌، كه‌واته‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌پێی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ كه‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌، پێویسته‌ حیزبه‌كان له‌ روی‌ فیكرییه‌وه‌ خۆیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان قازانجداربو، به‌و مانایه‌ی‌ له‌ روی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ فراوانتر ده‌ركه‌وتن، بۆچونتان له‌م روه‌وه‌ چۆنه‌؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: له‌ مه‌سه‌له‌ی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بوایه‌ قسه‌یه‌كمان هه‌بو، ئه‌گه‌ر بۆ ئاستی‌ عێراق بێت قسه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه‌، بۆ ئاستی‌ عێراق بێت، بێگومان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كورد چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا، ئایا ئۆپۆزسیۆن كه‌ گۆڕان بێت‌و یه‌كگرتو بێت‌و كۆمه‌ڵ‌ بێت كه‌ ده‌ڵێن له‌ مه‌سه‌له‌ نیشتمانییه‌كاندا ئێمه‌ وه‌كو یه‌كین، ئایا ئه‌مه‌ دروشمه‌ یان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت، یان ئه‌مه‌ دروشمه‌ یاخود پڕۆژه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌كاندا یه‌ك ده‌بین، ئه‌مه‌ وه‌كو دروشم شتێكی ئاساییه‌، به‌ڵام ئایا ده‌بن به‌ یه‌ك كوتله‌ تاوه‌كو بڵێن، كورد یه‌ك كوتله‌یه‌و زیاد له‌نزیكه‌ی بۆ نمونه‌ (50)زیاتر یان نزیكه‌ی (60) كورسی هه‌یه‌و تاوه‌كو بتوانن له‌ حكومه‌تی  ئاینده‌ی عێراقدا به‌شداربن، یاخود هاوپه‌یمانی به‌شدار ده‌بێت‌و  ئه‌وانی دی هه‌ر ئۆپۆزسیۆن ده‌بن له‌ئاستی عێراقدا، وه‌كو ئۆپۆزسیۆنیش له‌ئاستی كوردستاندا، یان هه‌ندێكیان به‌شدار ده‌بن‌و هه‌ندێكی دیكه‌یان به‌شدار نابن، یان كوتله‌ گه‌وره‌كانی به‌غدا كه‌ خۆیان به‌شدار ده‌بن، مه‌رج نییه‌ ئه‌مجاره‌ حكومه‌ت بنكه‌ فراوان بێت، هه‌ر له‌وانه‌یه‌ لیسته‌ گه‌وره‌كان كه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنن، هه‌ندێك له‌ لیسته‌ بچوكه‌كانیان نه‌وێت، وه‌كو جاری پێشوش رویدا، لێره‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی فراوانبونی بنكه‌ی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئاستی كوردستان بوایه‌، گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئاستی عێراق له‌و راده‌یه‌ نییه‌، كه‌ بڵێین كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ داهاتو، ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ كورددا بكه‌ن، ئه‌م لایه‌نه‌ كوردییانه‌ چۆن هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، ده‌بن به‌یه‌ك قه‌واره‌، یاخود نابن، هه‌ندێكیان ده‌چنه‌ حكومه‌ت‌و هه‌ندێكیان ناچن، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ ده‌توانین بڵێین، زیاتر له‌داهاتودا رونده‌بێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007