سازدانی: سیروان ره‌شید
جه‌وهه‌ر نامیق سالم سیاسه‌تمه‌دار و سكرتێری پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، باوه‌ڕی وایه خوازیارانی گۆڕێنو گۆڕانكاری له‌ناو پارتیدا كه‌متر نییه له یه‌كێتی و ده‌ڵێت: كه گرفت‌و ناعهدالهتیو قه‌یران هه‌بێت، گۆڕان مهتڵهبهو ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، به دوری نازانم كه ره‌وته‌كه له‌ناو پارتی زهقو فراوانتر بێت.
جه‌وهه‌رنامیق كه یه‌كه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بو ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات؛ یه‌كێك له شاكاره‌كانی ئۆپۆزسیۆن به ئیمتیاز، وروژاندی بودجه‌و ئه‌و پێداگرتن‌و ورده‌كارییه بو"گۆڕان ئه‌زمونێكی نۆێیان هێنایه كایه‌وه".
له‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌دا جه‌وهه‌ر نامیق هێما بۆ ئهوهشدهكات كه تا دێت ههستو خواستی گۆڕان‌و گۆڕین له په‌ره‌سه‌ندندایه وخه‌ڵك خوازیاری گۆڕینی ئه‌م ره‌وشه سهقهتهیهو ئۆپۆزسیۆنیش ئامرازه‌كه‌یه‌تی.
رۆژنامه: ماوه‌یه‌كی زۆره ره‌خنه له كه‌موكورتییه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گرن، ئایا له‌سه‌رهه‌مان شێوازی سیاسه‌تكردن به‌رده‌وام ده‌بن؟ نیازتان نییه به شێوه‌یه‌كی دیكه رهخنهكانتان فۆرمۆله بكه‌نه‌وه‌و به عه‌مه‌لی بێنه ناو پڕۆسه سیاسییه‌كه‌وه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌بێ كه‌موكورتی نییه‌و نابێت. ره‌خنه، ههڵسهنگاندهو هه‌ڵسه‌نگاندیش دو لایه‌نی هه‌یه، پۆزهتهیڤو نه‌گه‌تیڤ، مه‌به‌ستیشمان سیستمه‌و گۆڕینی سیستمێكه كه له زۆر بواریدا بوه‌ته كۆسپ له به‌رده‌م پرسی كورددا‌و ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ره‌وتی روداوه‌كان‌و پێداویستیی قۆناغ‌و ئاینده‌ماندا. پاش (19)ساڵ له ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیه‌تی وا ده‌بینین، زۆربه‌ی زۆری پرسه چارهنوسسازهكانمان چهقیونو له هه‌ندێك بورایدا پاشه‌كشێ ده‌كات. دور له پله‌وپایه‌و مه‌سئولییه‌ت، نزیكه‌ی (7)ساڵه، تا ئه‌و ئاسته‌ی بۆمان كرابێت درێغیمان نه‌كردوه، چۆن ده‌ستمان پێكردوه هه‌ر واش به‌رده‌وامین. لێت ناشارمه‌وه، گه‌شبینم به‌وه‌ی كه تا دێت ههستو خواستی ریفۆڕمو گۆڕان‌و گۆڕین له په‌ره‌سه‌ندندایه‌و پاش (25/7/2009و 7/3/2010) وه‌ك هێزو قه‌واره له روی جهماوهریو یاساییه‌وه جێگیر بوه. سه‌باره‌ت به فۆرمۆله‌كردنی دیدو بۆچونه‌كان، هه‌ستم ناكه‌م له ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌م.
رۆژنامه: وه‌ك سیاسهتمدارێك، چ وێنه‌یه‌كتان له به‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی (7/3) لا دروتسبو؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بۆ ههڵسهنهگاندنو حوكمدان، هێشتا زوه. ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، له زۆر لایه‌وه بۆ ئێمه موفاجه‌ئه نه‌بو.
رۆژنامه: چۆن؟
جه‌وهه‌ر نامیق: مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌م ده‌كرد كه هه‌ر لایه‌نی شیعه زۆرینهبنو دو‌ریش نییه حكومه‌ت هه‌ر بۆ ئه‌وانبێت. سوننه‌ی عهرهبو ره‌وتی شۆڤێنیزم‌و كۆنه‌به‌عسییه‌كان، چ به به‌شداری‌و دهنگو چ به كورسی رۆڵ هه‌ڵوێست ئه‌كتیڤتر ده‌بن. كورد، كورسی‌و رۆڵومونهپۆڵی لیستی ده‌سه‌ڵاتی ( پارتی‌و یه‌كێتی) كه‌متر ده‌بێت، نۆێنهرامان له به‌غدا چالاكتردهبن. به‌هه‌رحاڵ له كوردستان به ئارامی به‌ڕێوه‌چو، لیستی ده‌سه‌ڵات پاشه‌كشێی كردوه، ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ)، به ژماره‌ی دهنگو كورسی په‌ره‌یسه‌ندوه‌و به‌داخیشه‌وه، دهستێوهردانو خروقات دیاریده‌یه‌كی ناشرینی بون.
رۆژنامه: هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌ڵبژاردنه تا ئاستێكی زۆر قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی هێزه‌كانی ده‌رخست، به‌ڵام نابهرابهرییهكی زۆر له نێوان لیستی دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆندا هه‌ستی پێكرا، له به‌كارهێنانی پێگه‌ی حكومه‌ت بۆ لیستێكی دیاریكراو تۆقاندن‌و هه‌ڕه‌شه‌و ته‌زویر. چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له به‌كارهێنانی ساخته‌كاری‌و دزینی ده‌نگی هاوڵاتییان بگیرێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌داخه‌وه، ده‌ستێوه‌ردان له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا لای لایه‌نه سیاسییه‌كان به گشتی‌و ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌تی، بوه‌ته كلتور. ئه‌م دیارده‌یه له رێكخستنه‌كانی هه‌ندێك حیزبی كوردستانییه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی. بۆ نمونه كه سه‌ركردایه‌تییه‌ك ئاماده بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوه‌نده‌كانی خواره‌وه تا كۆنفراسو كۆنگره‌ی حیزبی خۆی، به زه‌بری پاره‌و دیاری‌و ئیمتیازات‌و كوتله‌بازی، بكه‌ونه وێزه‌ی كادیران‌و ئه‌ندامانی حیزبی خۆیان بۆ یاریكردن به ده‌نگه‌كان، له‌مه‌وه بۆ ئه‌وی تر، له‌م ره‌وته‌وه بۆ ئه‌وی دیكه، چۆن سڵكات له ده‌ستێوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنێكی گشتی وه‌ك په‌رله‌مان، كه خۆی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی له تاقیكردنه‌وه‌دا بن. لایه‌نه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم بێلایه‌ن نه‌بون، راگه‌یاندنی بودجه له سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كان، مه‌قه‌س لێدان‌و كردنه‌وه‌ی پڕۆژه وه‌عدو په‌یمانی سهخیو بێ گومرگی هه‌ڵبژاردن‌و ههإهشهو چاوسوركردنه‌وه له ئۆپۆزسیۆن‌و زۆر نمونه‌ی دیكه، گه‌واهی له‌و دیارده‌یه ده‌ده‌ن. ته‌زویری رێكخراو له رێگای ئهندامو كادیری حیزبییه‌وه، مهسخكردنی مرۆڤه. به رای به‌نده، دزینی دهنگو فه‌رزكردنی شه‌رعییه‌تێك له رێگای ته‌زویرو ده‌ستێوه‌ردانه‌وه، مهسخكردنی ئه‌و ئهندامو كادیرانهیه، چاندنی ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵییه‌و پێشێلكردنی مافی هاوڵاتییانو ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكه‌و بهردهبازیچكهیه بۆ ده‌سه‌ڵاتی شمولی‌و تاكڕه‌وی‌و ئهستونێكێتی. چاره‌سه‌ركردنه‌ی ئه‌م په‌تا هه‌مه‌جۆرو هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، له ماڵ‌و قوتابخانه‌و زانكۆ بۆ ناو مزگه‌وته‌كان‌و راگهیاندنو كۆڕ‌و كونفراسی جه‌ماوه‌ری، له بنكه‌كانی ده‌نگدان، ئاماده‌باشی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تهزویرچییهكان، كه‌شفكردنی ئامراز‌و شێوه‌و شێواز‌و بنكهوو ناوچه‌كانی ته‌زویرو له قاودانی لایه‌نه‌كان، له هه‌موشی گرنگتر، سهرژمێریو كارتی ده‌نگدانی ئهلكترۆنییهو.. هتد. به هه‌رحاڵ، په‌تی ساخته‌و درۆ كورته‌و ئه‌و لایه‌نه‌شی كه پشتبهسته به ته‌زویر، زیاتر فێڵ له خۆی ده‌كات.
رۆژنامه: یه‌كێكی دیكه له ده‌رئه‌نجامه به‌رچاوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی (7/3)، فراوانبونو گه‌شه‌كردنی ئۆپۆزسیۆنه له‌هه‌رێمدا، لێكدانه‌وه‌ی ئێوه چییه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: هه‌ر ده‌بێت ره‌وشه‌كه وا بڕوات‌و هه‌ڵبژاردن، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵك. دابڕان له نێوان دهسهڵاتو خه‌ڵكدا فراونو قوڵتر دهبێتو قه‌یرانه‌كانیان له‌و ده‌رچوه باس نه‌كرێن‌و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گیرێت به‌رامبه‌ریان. ده‌سه‌ڵات گشت بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای مۆنۆپۆڵكردوه، ده‌سه‌ڵات له خزمه‌تی حیزب‌و حیزب له خزمه‌تی لوتكه‌دایه، ئاماده‌یش نییه به ئاسانی ده‌ستی لێهه‌ڵگرێت تاكو ئاستی دهستێوهردانو چاوسوركردنهوهش. ئه‌م جۆره سیستمه ناتوانێت خواسته‌كانی خه‌ڵك وه‌ك پێوێست جیێبهجێبكات. له زۆر بوارد، دهسهڵاتو به درێژایی (18)ساڵ، قه‌یرانه‌كانی قوڵتردهبنهوهو ره‌وتی هه‌له‌كان خێراتردهڕۆنو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش گه‌واهی له‌وه‌دا. ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت وه‌كو پێوێست به هه‌ڵه‌كانی پێش (25/7/2009)دا بچێتنهوهو قۆناغی دوای (25/7) ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی سه‌لماندو ره‌وشه‌كه‌ی شڵه‌قاندو له هه‌ندێك بواردا په‌رده‌ی له سه‌ر روی ده‌سه‌ڵات لادا. خه‌ڵك خوازیاری گۆڕینی ئه‌م ره‌وشه سهقهتهیهو ئۆپۆزسیۆنیش ئامرازه‌كه‌یه‌تی.
رۆژنامه: به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندان، ئه‌مجاره‌ش ده‌نگی پارتی‌و یه‌كێتی، له كورتی داوه‌و له سنوری په‌نجا هه‌زار ده‌نگ كه‌متریان له هه‌ڵبژاردنی (25/7) هێناوه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: هێشتا به فه‌رمی ئهنجهمهكان رانه‌گه‌یه‌نراون، وه‌لێ كورتكردنی ئه‌و دو لایه‌نه، دور نییه له‌و ژماره‌یه كه ئاماژه ده‌دات بۆ دواوه له‌وانه‌یه گه‌وره‌تریش بێت، ئه‌گه‌ر وا بێت، دیارده‌یه‌كی سروشتییه، چونكه به‌رهه‌م به‌نده به تۆ‌و ژینگه‌و چۆنێتیی چاندنه‌وه.
رۆژنامه: كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌ره‌نجامه سلبییه، زیاتر به سه‌ر قه‌باره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیدا شكاوه‌ته‌وه‌و بوه‌ته حیزبێكی بچوكتر له‌چاو پێنج ساڵی رابردودا، ئایا داخوازی بۆ گۆڕانكاری له ژێر دسه‌ڵاتی پارتیدا چۆنه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ئێمه وه‌كو كورد، یه‌ك كۆمه‌ڵگاین، یه‌ك ئامانجینو توشی یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دو جه‌مسه‌ری بوین. خه‌ڵك نیگه‌رانه له دهسهڵاتو ئه‌م سیستمه له قه‌یراندایه‌و قه‌یرانه‌كه‌ش له حیزبدایه‌و شۆڕبوه‌ته‌وه بۆ ئیداره‌و ناو كۆمه‌ڵگا. یه‌كێتی، چ به دابڕانی ریفۆرمخوازانیو دواتر له‌دایكبونی بزافی گۆڕان، لایه‌ك له كێشه ناوخۆییه‌كی خۆی چاره‌سه‌ر كرد. هه‌نگاوه‌كانی پاش (25/7) به ئاڕاسته‌ی چاكسازیی راگه‌یه‌نراون. پارتی له روی رێكخستن‌و سروشتی سهركردایهتییهكهیو سیستمی حیزبایهتییهكهی له هه‌ندێك لاوه وه‌ك یه‌كێتی نییه، وه‌لێ خوازیارانی گۆڕێنو گۆڕانكاری له‌ناو پارتیدا كه‌متر نییه له یه‌كێتی. كه‌س ناتوانێت بڵێیت، له‌ناو پارتیدا گرفت نییه، داخوازی‌و هه‌ڵوێستی گۆڕانگاری نییه، كه گرفت‌و ناعهدالهتیو قه‌یران هه‌بێت، گۆڕان مهتڵهبهو ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، به دوری نازانم كه ره‌وته‌كه زهقو فراوانتر بێت. قه‌باره، به ژماره‌ی كورسیی نییه، زیادبونی كورسییه‌كانی پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هۆو هۆكاری تری هه‌یه، وه‌ك كه‌مبونی كورسییه‌كانی یه‌كێتی. به‌گشتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا پارتیش كورت ده‌هێنێت، كورت به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه، وه‌لێ حیزبی یه‌كه‌مه. لیستی كوردستانی (13)حیزب بون، هه‌ر یه‌ك له‌مانه چه‌ند كاریان بۆ پاڵیوراوی خۆیان كردبو، ئه‌وه‌نده‌یش بۆ لیستی كوردستانی. له‌ناو لیستی كوردستانیدا مونافیسی یه‌كه‌م، یه‌كێتی بو، یه‌كێتیش تا ئیستا به ته‌واوی نه‌یتوانیوه برینه‌كانی سارێژ بكات‌و دیاریشه له ههڵمهتو میكانیزمی هه‌ڵبژاردندا زۆر سه‌ركه‌وتو نه‌بو. هه‌لومه‌رجی هه‌ولێرو دهۆكو ناوچه‌كانی لای موسڵ بۆ پارتی كاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌بو، ناوچه هه‌بو (99.18 %) گوایه ده‌نگی بۆ پارتی داوه! نازانم تا چه‌ند وایه، وه‌لێ. دڵنیام ئه‌گه‌ر یهكێتیو پارتی هه‌ریه‌ك به ته‌نها لیستی خۆیان هه‌بایه وه‌ك گۆڕان‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ، نه یه‌كێتی وا كورتی ده‌هێناو نه پارتیش وا له پێشه‌وه ده‌بو، نه ئه‌و (11)لایه‌نه‌ش وایان به‌سه‌رده‌هات. ته‌نها به‌راوردی ده‌نگه‌كانی (پارتی) بكه‌ن له پارێزگای سلێمانی‌و گه‌رمیان، (نزیكه‌ی 64 )ساڵ‌و به وجودی زیاتر (6)لق‌و هه‌زاران ئه‌ندامی لیست‌و موچه‌خۆری حیزبی‌و ئیداری، تا ئێستا كه‌متر له (10% ) هێناوه!
رۆژنامه: به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كان، هاوسه‌نگیی هێز له نێوان پارتی‌و یه‌كێتیدا زۆر لاسه‌نگ بوه، له‌م روه‌وه چ بۆچونێكتان هه‌یه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: به‌پێی مه‌نتیق، وه‌كو ده‌ڵێن، سیاسه‌ت گوزارشتكردنه له به‌رژه‌وه‌ندیی. به‌رژه‌وه‌ندیی پێویستی به هاوسه‌نگیی هێز هه‌یه، سروشتییه دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پیاچونه‌وه به هاوپه‌یمانێتییه‌كان بكرێت، وه‌لێ ئه‌مه‌ی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی دور نییه له‌م هاوكێشه‌یه به‌ده‌ر بێت. دیارده‌یه‌كی ئیستسنائییهو دیاره گرێدراوی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆیه‌تی كه زیاتر ته‌عبیرێكی موهركهزه له دیدو بۆچونی لوتكه‌ی هه‌ردو لا. تا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه خوازیاری هه‌ڵوێستی وه‌ها بێت، ئه‌وه ته‌رازوی هێز، حیسابی ئه‌وتۆی بۆ ناكرێت.
رۆژنامه: ده‌كرێت وردتر قسه له سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بكه‌یت، مه‌به‌ستت چییه له به‌رژه‌وه‌ندیی لوتكه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی؟
جه‌وهه‌ر نامیق: سیستمی ئه‌م دو حیزبه، سیستمێكی هیراكیهو هێماو لوتكه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆو هۆكار، وای لێ هاتوه كه حه‌قیقه‌ت لای ئه‌وانه. چه‌ند ساڵه باسی رێككه‌وتنی ستراتیژیی دهكهنو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م دو حیزبه به‌لای خاڵه‌كانیدا نایه‌ن. تهسهوربكه، رێككه‌وتنێكی ستراتیژیی له نێوان دو سه‌ركردایه‌تیدا كه ئه‌گه‌ر وابێت، دور نییه چاره‌نوسی خودی حیزبه‌كه‌یان، ئه‌م ئه‌زمونه، پرسی كورد ..هتد ، پێوه گرێدرابێت، كه‌چی نه‌ك بنكه‌و كه‌وادیری ناوه‌ندی هه‌ردولایان بێ‌ئاگان لێی، به‌ڵكو له ئاستی بازنه‌ی ته‌سكی سهركردایهتیشیاندا، هه‌ر وه‌كو خۆیان له نێوان گشتی‌و تایبه‌تی خۆیان باسی دهكهنو ئه‌وه باسی حكومه‌ت وپهرلهمانو لایه‌نی سیاسییه‌كان به هاوپهیمانهكانیشیانهوه هه‌ر مه‌كه. ئه‌مما شه‌قامی كوردستان، ئه‌وه هه‌ر ته‌قه‌ی سه‌ری دێت. ئه‌وه‌ی دیاره بۆ رای گشت، ته‌نها چڕكردنه‌وه‌ی پره‌نسیپی په‌نجا به‌په‌نجایه به تایبه‌تی له ئاستی پۆست‌و داهاتدا، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دام تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی لوتكه گۆڕینی به سه‌ردا نه‌یه‌ت، باسكردنی لاسه‌نگی هێز له نێوانیاندا ئه‌وه‌نده گرنگ نییه.
رۆژنامه: چۆن، گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاوسه‌نگیی هێزی پارتی‌و یه‌كێتیدا نه‌هاتوه، له كاتێكدا له به‌غدا، پارتی پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی له یه‌كێتی سه‌ندو له هه‌رێمیش جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم نادات به كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له‌م هاوكێشه سیاسییه‌ی نێوان لوتكه‌دا، هیچكام له‌و پۆستانه گرنگی ئه‌وتۆیان نه‌بوه. تا ئه‌م سیستمه به‌رده‌وام بێت، ئه‌و حیسابه‌ی بۆ ناكرێت‌و دو‌ریش نییه كه ئه‌م جۆره مه‌سه‌له‌یه‌ش، یه‌ك له ته‌لیسمه‌كانی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌م دو لایه‌نه بێت.
رۆژنامه: با بێینه سه‌ر باسی كورد له به‌غدا، مشتومڕی كورد‌و سوننه له سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماره، چ بۆچونێكتان هه‌یه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: بۆچونمان له‌مه‌ڕ ئه‌م پۆسته‌و پۆسته سیادییه‌كانی دیكه، به راشكاوی له‌پێش ساڵی (2005)، خسته‌ڕو. ئه‌وساو ئێستاش، پۆستی سیادی له عێراق، یه‌كێكه له مافه‌كانی كورد، وه‌لێ دو ئیشكال هه‌یه. یه‌كه‌م: پرسی كورده. دوه‌م: ده‌سه‌ڵاته‌كان له عێراق‌و ئه‌و پۆستانه‌یه. به‌دیاریكراوی چی بكه‌ین له پۆستێكی سیادی په‌راوێزكراو یان بێده‌سه‌ڵات، یان كۆپی موكهڕهر. بونی كورد له به‌غدا، پۆست‌و ئیمتیازی حیزبی‌و شه‌خسی نییه، پرسی كورده، پرسیی كوردیش: خاك‌و سنور‌و فیدراڵییهتو دهسهڵاتو شه‌راكه‌ته له ناوه‌ند، نه‌ك موشاریك. پاكێتیی نه‌ته‌وایه‌تییه، نه‌ك حیزبی‌و شه‌خسی. به داخه‌وه، پۆسته سیادییه‌كان زۆرجارو له زۆر بواریدا شهخسهنهكراونو بارگران بون له سه‌رئه‌و پاكێتییه! ئه‌گه‌ر هه‌ر وابێت، پێداگرتنی لایه‌نی كوردستانی، به‌سه‌ربردنی كاته!
رۆژنامه: ئه‌ی بۆچی له ئێستادا لیستی هاوپه‌یمانیی، ئه‌وه‌نده‌ی ته‌ركیز له‌سه‌ر پۆستی سیادی ده‌كات، ئه‌وه‌نده باسی به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ناكات؟
جه‌وهه‌ر نامیق: باسی مافه نهتهوایهتییهكانیش كراوه‌و ده‌كرێت، وه‌لێ زهقبونی ئه‌و پێداگراتنه لایه‌نێكی شهخسیو حیزبیی هه‌یه. لایه‌كی دیكه‌ی دور نییه قه‌ناعه‌ت وابێت، بونی ئه‌و پۆستانه جۆره زه‌مانێك بێت، به‌و پێیه سه‌رۆك كۆمار مافی ڤیتۆی هه‌یه. راسته مافی ڤیتۆی هه‌یه، وه‌لێ دوانهكی دیكه‌ش هه‌مان مافیان هه‌بو. ئه‌و مافه بۆ كێشه‌یه‌كی یاسایی یه‌ك جاره‌و واته قه‌تعی نییه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری كۆتایی لای ئه‌وانه، ئه‌م پره‌نسیبه‌ش بۆ یه‌ك خوله، یان وای بۆ ده‌چن، كه‌ناڵێكی په‌یوه‌ندییه به‌جیهانه‌وه، واته به سه‌رۆك كۆماری وڵاتانی دیكه‌وه. وڵاتانی ئیقلیمیش هه‌ڵوێستیان رونه‌و ئه‌وه‌ی گرنگه، ئه‌مریكا وبه‌ریتانیایه. به پێچه‌وانه‌وه زۆرجار ئه‌و كه‌ناڵه زیانبه‌خشه له‌سه‌ر پرسی كورد. نمونه زۆره، ئه‌و پۆستانه زیاتر پرۆتۆكۆڵی بون. سه‌رۆك كۆمارێك خۆی له واژۆكردنی حوكمی له‌سێداره‌دانی دڕنده‌ترین دۆژمنی كورد لادات، وه‌ك سهدامو عه‌لی كیمیاوییو به‌رگریی له تاوانبارێكی ئه‌نفالچی، وه‌ك سوڵتان هاشم‌و تاریق ره‌مه‌زان بكات له‌ژێر هه‌ر پاساویكدا بێت، رهنجاداندنی دڵی نهتهوهییهكو كه‌سوكاری هه‌ڵه‌بجه‌و نهفالكراوهكانمانه، یان چ له پۆستێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بكه‌ین بۆ كورد كه رۆژانه سوپای توركیا‌و ئێران حورمهتو سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌مان ده‌شكێنن‌و گوند وماڵو ماڵاتمان بۆردومان ده‌كه‌ن، توركیا نزیكه‌ی (10)بنكه‌ی سه‌ربازی له هه‌رێمه‌كه‌ماندا چاندوه، په‌رله‌مانی كوردستان داویكردوه، ده‌بێت نه‌مێنن، هه‌ر ماون‌و دور نییه به هێزتریش بكرێن. ئه‌گه‌ر وه‌زیری ده‌روه‌ی عێراق عه‌ره‌بێك بوایه، وروژاندنی ده‌یان پرسی وه‌ها، ئاسانتر بو بۆ كورد.
رۆژنامه: له پاش هه‌ڵبژاردنی (7/3)، نه‌مانبینی كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌نگاوی جدی‌و به‌په‌له‌و ئاشكرا بنێت بۆ نزیكبونه‌وه‌ی له گۆڕان‌و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن به گشتی، له كاتێكدا مه‌سه‌له‌كه هاوپه‌یمانێتییه له به‌غدا. ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، له‌به‌ر خاتری یه‌كێتییه، یاخود پارتی خۆشی هه‌مان بۆچونی هه‌یه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی(7/3)و بۆ رۆژنامه‌ی (رودا)، ته‌مه‌ننای ئه‌وه‌مان كرد كه هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌رۆكی ههرێمو په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت، له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كان، واتا لیستی (كوردستانی‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ) كۆبێته‌وه‌و نهخهشهو ستراتیژی كورد له به‌غدا به‌مه‌رجه‌عیه‌ت بكرێت، چونكه ئه‌و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌و جگه له لیستی ده‌سه‌ڵات ئۆپۆزسیۆنیش هه‌یه. دڵڕاگرتنی یه‌كێتی له‌م باره‌یه‌وه هۆكار نییه، هه‌روه‌ها هه‌ڵویستی پارتی‌یش. باسی وا هه‌یه كه دوای راگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامه‌كان به فه‌رمی موباده‌ری وا بكرێت كه باشتر وابو زوتر بێت. ئه‌م گشتگیرییه گرفتێكه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵكو تێگه‌یشتن له پره‌نسیپی مه‌رجه‌عیه‌ت هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌و ههستكردنو حیسابكردن بۆ قۆناغی دوای (25/7) بونی یاسایی ئۆپۆزسیۆن هێشتا كامڵ نییه. چه‌نده ئه‌م كێشه‌یه‌ش ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت، ئه‌وه‌نده‌یش ئۆپۆزسیۆن به‌رپرسیاره‌و ناكرێت بێدهنگو بێهه‌ڵوێست بێت. ئه‌مه مافی خه‌ڵكه كه ده‌نگیان پێداون.
كاتی هاتوه، بیر له مه‌رجه‌عیه‌ت بكرێته‌وه، مه‌رجه‌عیه‌تیش به‌پێی یاسای ئێمه، په‌رله‌مانی كوردستانه‌و ماده‌یه‌كی رون هه‌یه كه ده‌ڵێت په‌رله‌مان مه‌رجه‌عی خه‌ڵكی كوردستانه‌و به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر هه‌مو كێشه چارهنوسسسازهكان. كێشه‌كانی ئێمه‌ش له‌به‌غدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری چاره‌نوسسازن، هه‌روه‌ها به‌پێی یاساش، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رپرسه له‌م هه‌رێمه، بۆیه من ته‌مه‌ننام ده‌كرد هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن به رۆژێك، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌عوه‌تی هه‌مو لایه‌نه‌كان بكات‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و پێشهاته تازه‌یه بكهنو هه‌ر له‌و بانگهێشته‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی له لیسته براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن (لیستی هاوپه‌یمانی، گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ) دروستبكردایه بۆ داڕشتنی پرۆگرامێك بۆ چۆنێتیی هه‌ڵسوكه‌وت له نێوان ههرێمو به‌غداو مهرجهعیهتو دوای ئه‌نجامی كۆتایی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش كه لایه‌نه براوه‌كانی سه‌رئاستی عێراق ده‌ركه‌وتن، لیژنه‌كه دیسان دابنیشتنایهو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان باشتر دیراسه بكردایه‌و ده‌شیانتوانی بیده‌نه راگه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه زیاتر دهوڵهمهندبكرایهو دواتریش بنێررایهته په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌تێرو ته‌سه‌لی زیاتر موناقه‌شه بكرایه‌و ببوایه به میساقو قانونێك بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئێمه پابه‌ندی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بن، بۆ ئه‌وه‌ی پرسی كورد له‌به‌غدا رزگار بكه‌ین لهمیزاجیهتو حیزبایه‌تی تهسكو له ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كه‌س‌و بیكه‌ینه پرسی میللهتو نه‌ته‌وه‌یه‌ك. پێم وایه، ئێستاش كات ماوه، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گرنگه یه‌كڕیزی ئێمه‌یه. من باوه‌ڕم به‌و دروشمه نییه كه ئێمه له‌ناوخۆ چه‌ند ناكۆك بین ئاساییه، به‌ڵام بۆ به‌غدا یه‌ك بین، بۆچونێكی دروست نییه، چۆن ده‌بێت لێره خه‌ڵك بگیرێت‌و بزر بكرێت‌و له‌نه‌خۆشخانه خه‌ڵك بڕفێنرێتو نانی خه‌ڵك ببڕرێتو ته‌عامولی فه‌وقی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی براوه بكرێت، هێشتاكه ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه‌و لایه‌نێكی سیاسی هه‌ستێت پاڵێوراو بۆ سه‌رۆك كۆمار دیاریكات كه به‌شی خه‌ڵكی تریشی تێدایه، ئه‌مجۆره ئیجرائاتانه ساردی دروست ده‌كه‌ن.
رۆژنامه: سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌تی ئایندهی عێراق. به‌پێی هه‌ندێك زانیاریی، جۆرێك له ناكۆكی له نێوان پارتی‌و یه‌كێتیدا هه‌یه سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ لیسته شیعی‌و سوننییه‌كان؛ بۆچونێك له‌ناو پارتیدا پێی باشه، له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی عه‌لاوی رێككه‌وتن بكرێت‌و بۆچونێكیش له‌ناو یه‌كێتی پێی باشه، له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی مالیكی؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له‌ناو لیستی عێراقییه‌دا، یان زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی لیستی عێراقییه، زۆرترینی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی تێدا كۆبوه‌ته‌وه، سه‌رسه‌ختانه به‌ربه‌ره‌كانێی كورد دهكهنو ئاواته‌خوازم لیستی عه‌لاوی رۆڵی سه‌ركی نه‌بێت له حكومه‌تی ئاینده‌دا. له‌م سه‌راوو دهراوهدا ئه‌مریكا رۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه. ئه‌وان چه‌ند (ساڵح جهبرێكیان) هه‌یه، وه‌لێ تا ئێستا (نوری سه‌عید)ێكیان بۆ په‌یدا نه‌بوه. جیاوازی له نێوان حیزبهكوردستانییهكان له‌مه‌ڕ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، ئه‌گه‌ر هه‌بێت باش نییه.
رۆژنامه: بۆچی له خیتابی كوردیدا ئه‌وه هه‌ست پێده‌كه‌ین كه مه‌سه‌له‌ی بهشداربونو نه‌بونی كورد له‌حكومه‌تی به‌غدادا شتێكه بڕاوه‌ته‌وه‌و هه‌ر به‌شدار ده‌بێت، پێت وایه، پێویسته به‌هه‌ر شهرتو مه‌رجێك ئێمه به‌شداربین له‌حكومه‌تی داهاتوی به‌غدادا؟
جه‌وهه‌ر نامیق: نه‌خێر، ده‌بێت به‌شداری كورد له سه‌ر سه‌وابتی پرسی كورد بێت. خۆ له سه‌رده‌مه‌كانی پێش رژێمی سهدامو له سه‌رده‌می ئه‌ویشدا كورد هه‌ر به‌شداربوه له ده‌سه‌ڵاتی ناوهندو چه‌ندین ته‌ها محێدین‌و ته‌ها جهزراویو ... هه‌بوه.
رۆژنامه: بۆچونتان له‌سه‌ر به‌شداریكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌تی داهاتوی عێراقدا چۆنه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كه په‌یوه‌ندیداره به مه‌سه‌له‌ی لیستی دهسهڵاتو (مه‌رجه‌عیه‌ت)ه‌وه، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستیان له‌مه‌ڕ ئۆپۆزسیۆن‌و چونێتی به‌شداری له ناوه‌ند، به هه‌رحاڵ ئه‌و پرسه به‌جێهێڵراوه بۆ خودی گۆڕان.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداری له‌حكومه‌تی عێراقدا بكات. ئایا نابێت به به‌شێك له‌و سیستمه گه‌نده‌ڵه‌ی كه ئێستا له ئارادایه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی سه‌رتاسه‌رییه له عێراقداو دیارده‌یه‌كه ناتوانرێت، نكوڵی لێبكرێت، وه‌رنه‌گرتنی پۆست چاره‌سه‌ر نییه بۆ گه‌نده‌ڵی. به‌شداریی، به‌نده به یه‌كێتیی خیتاب‌و هه‌ڵوێستی كورد له‌مه‌ڕ پرسهكهیو هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند سه‌باره‌ت به‌و خیتابه.
رۆژنامه: كه‌واته لایه‌نگیری به‌شداربونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌حكومه‌تی عێراقدا؟
جه‌وهه‌ر نامیق: پێش ئه‌وه، لایه‌نگیری به‌شداری كوردم، به گۆڕانیشه‌وه. لایه‌نگیری حه‌سمكردنی پرسی كورد‌و رزگاركردنیم له موحاسسهی حیزبی‌و تاكه كه‌سی‌و پۆست‌و ئیمتیازات.
رۆژنامه: بۆچونتان له‌سه‌ر ئه‌دای نزیك به شه‌ش مانگی كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم چۆنه، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له چاودێران پێیان وایه كه ئه‌م كابینه‌یه تا ئێستا نه‌یتوانیوه به ته‌واوه‌تی هیچ خاڵێك له‌به‌رنامه‌كه‌ی جێبه‌جێبكات؟
جه‌وهه‌ر نامیق: وتومه‌و جه‌ختیشی لێده‌كه‌مه‌وه كه كابینه‌ی شه‌شه‌م، كابینه‌یه‌كی بێبه‌رنامه‌یه، من مه‌به‌ستم به‌رنامه‌یه‌كی رون‌و ئاشكرایه، نه‌ك خیتابێك. به‌رنامه‌ی حكومه‌ت، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه كه گشت وه‌زیره‌كانی ئه‌نجومه‌ن به‌شداربن له دانانیو پهسندكردنیو ناردنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ موناقهشهكردنو ته‌سدیقكردنی كه به‌رنامه‌ی فه‌رمی نه‌بێت چی له مه‌زه‌نده بكرێت. بودجه‌ی ئه‌م كابینه‌یه گه‌واهی له بێبه‌رنامه‌یی ئه‌م كابینه ده‌دات. پێم وایه، ئه‌م حكومه‌ته نه چوه‌ته سه‌ر سكه‌ی خۆی له‌به‌رنامه‌ی؛ كاركردن، خه‌رج .. هتدو هێشتا (خۆی بهغهریبو كاتی ده‌زانێت).
رۆژنامه: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه به‌رپرسانی باڵای ئه‌م كابینه‌یه شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، مه‌سه‌له‌ی شه‌فافیه‌تی بودجه‌یه. ئێوه پێشتریش بۆچونی تایبه‌تتان له‌سه‌ر بودجه هه‌بو. ئێستا‌و پاش ئه‌و مشتومڕه‌ی ناو په‌رله‌مان، بۆچونتان چۆنه؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له مێژوی ئه‌م (18)ساڵه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، یه‌كه‌م چاره ئۆپۆزسیۆنیكی خاوه‌ن به‌رنامه‌و بهرچاوڕونو جهریئمان ههبێتو یه‌كێك له شاكاره‌كانی ئۆپۆزسیۆن به ئیمتیاز، وروژاندی بودجه‌و ئه‌و پێداگرتن‌و ورده‌كارییه بو. مه‌به‌ستم له ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو)ه، به راستی رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بو، به تایبه‌تی نۆێنه‌رانی گۆڕان ئه‌زمونێكی نۆێیان هێنایه كایه‌وه. خۆشحاڵم پاش (18)ساڵ په‌رله‌مانی كوردستان له قاڵبی په‌نجا به په‌نجا ده‌رچێت، ئۆپۆزسیۆنێكی به‌رپرسیارو ورد‌و به‌هه‌ڵوێست به ده‌ركه‌وێت.
ئه‌و بودجه‌یه بودجه‌یه‌كی ناته‌واوه‌و كاتی خۆی ناچاربوم كه وهسفمكرد به(سه‌قه‌ت)و شتی باشی تێدایه، به‌ڵام زۆرجار شتی خراپ شتی باشیش قوت ده‌دات، بۆیه لهوانهبوم كه زو داوامكرد، باشتر‌و دروستر وایه، ئه‌و بودجه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكومهتو جارێكی‌تر به سودوه‌رگرتن له‌و تێبینییانه پێیدا بچنه‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مان. ئه‌و بودجه‌یه ته‌نها شتی ناشه‌فافی تێدا نییه، به‌ڵكو یه‌كێك له لایه‌نه خراپه‌كانی ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌مجاره له رێگای بودجه‌وه ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی ته‌جاوزی ده‌سه‌ڵاتی پهرلهمانو دادوه‌ری ده‌كات. له‌مێژوی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێمه‌دا نه‌بوه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بودجه‌ی په‌رله‌مان بخه‌مڵێنێت.
رۆژنامه: له دوای ئه‌و ره‌خنه جدیانهوه كه له‌سه‌ر بودجه گیراون، ئێستا به‌شی پارتیش له فراكسیۆنی كوردستانی، هاوڕان كه ئه‌م بودجه‌یه كه‌موكورتی زۆری تیایه‌و پێویسته بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت. ئه‌م گۆڕانه كه به‌سه‌ر تێڕوانینی به‌شێك له فراكسیۆنی كوردستانیدا هاتوه، چۆن ده‌بینیت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: ئه‌گه‌ر وابێت، كارێكی باشیان كردوه‌و جێگه‌ی خۆشحاڵییه، ئاواته‌خوازم كوتله‌ی یه‌كێتیش ئه‌وحه‌قیقه‌ته بسه‌لمێنن.
رۆژنامه: له مێژوی حوكمڕانی هه‌رێمدا بزوتنه‌وی گۆڕان، توانی واقیعی به‌رهه‌ڵستكاری بچهسپێنێتو ئێستا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه دو هه‌ڵبژاردنی گرنگی تێپه‌ڕاندوه. به رای ئێوه، پێویسته ئه‌م هێزه سیاسییه نوێیه چی بكات‌و چۆن خۆی رێكبخاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ داهاتوش كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسییه‌وه هه‌بێت؟
جه‌وهه‌ر نامیق: له‌دوای (25/7)ه‌وه شتێكم لهمیدیكان بڵاوكردهوهو ئاماژه‌م به‌وه‌دا كه ئیدی كاتی ئه‌وه هاتوه، براده‌رانی گۆڕان له‌گرده‌كه بێنه خواره‌وه‌و گۆڕان له ره‌وته‌وه بوه به بزاڤ، كاتی ئه‌وه هاتوه، ناوه‌ڕۆكی بزاڤ‌و قه‌واره‌كه‌ی رێكتر بكرێت. دور نییه برایانی گۆڕان، ئه‌م كێشه‌یه‌یان چارهسهركردبێت، وه‌لێ پانتاییه‌كی فراوانی شه‌قامی كوردستانی هێشتا ئه‌م بزاڤه به بزاڤێكی (عفوی) له قه‌ڵه‌م دهدهنو سۆز‌و عاتیفه‌و بزافی عه‌فه‌وی تا سه‌ر بۆ كه‌س ماڵ نییه. هه‌ندێك گۆڕان به‌وه تۆمتبار ده‌كه‌ن، گوایه (سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵك بوه)، به‌ته‌ئكید وه‌زیفه‌و ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه، سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵك ببێت. بونی ئۆپۆزسیۆن به‌نده به ناڕه‌زایی خه‌ڵكه‌وه‌و لازمو مه‌لزومی یه‌كه‌ن. شه‌پۆلی ناڕه‌زایی شه‌پۆلێكی هه‌میشه‌ییه‌و دوربینییو زیره‌كی له‌وه دایه كه زو پێی بزانێت‌و بیقۆزێته‌وه‌و سواری شه‌پۆله‌كه‌ی بێت‌و چڵهوهكهی بگرێت. نابێت تهشویهكردنی ژیانی رێكخستن‌و حیزبایه‌تی له كوردستان، پاساو بێت بۆ هه‌ڵهاتن له ژیان‌و سیستمی رێكخستن. حیزبایه‌تی‌و ژیاتی حیزبایه‌تی‌و رێكخستن، عهیبو عار نییه‌و تا ئێستاش عه‌قڵی به‌شه‌ریه‌ت، له‌غه‌یری حیزب، هیچ ئامرازێكی تری نه‌دۆزیوه‌ته‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گۆڕین‌و گۆڕانكاری‌و ئاڵوگۆڕی دهسهڵاتو رێكخستن‌و كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر. ئه‌مڕۆ گۆڕان به‌رپرسه به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌وته‌ی كه خه‌ڵك ده‌نگی پێداوه‌و له پشتیه‌تی. به‌رپرسه به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌ی كه بوه‌ته خواستی خه‌ڵك.
رۆژنامه: پێت وایه، پێویسته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئایدۆلۆژیای هه‌بێت، یان هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی؟
جه‌وهه‌ر نامیق: تۆ بڵێیت بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیدی هه‌بێت به‌بێ ئایدۆلۆژیا‌و له‌ش به‌بێ میشك نابێت‌و هیچ شتێكیش نییه له‌دنیادا په‌یوه‌ندیی به بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ههبێتو بێئایدۆلۆژیا بێت. ئایدۆلۆژیا مه‌نزومه‌یه‌كی فیكری رون‌و ئاشكرایه‌و موتهكامیلو رێنیشانده‌رو نه‌خشه‌ی رێگایه بۆ ئه‌و دیاردانه‌و به‌رنامه‌یش هه‌ڵقوڵاوی ئایدۆلوژیهته.