ئاری ئه‌بوبه‌کر
به‌شی دوه‌م‌و کۆتایی
سیاسه‌تی نه‌رم به‌رامبه‌ر پارتی
چه‌ندجارێک له‌لایه‌ن رۆشنبیرانه‌وه ئه‌وه دراوه به‌گوێی گۆڕاندا که وا هه‌ستده‌کرێت، گۆڕان سیاسه‌تێکی دوپێوه‌ری به‌کارده‌هێنێت به‌رامبه‌ر به هێزه‌کانی کوردستان‌و به‌تایبه‌تیش یه‌کێتی‌و پارتی. له‌لایه‌ک سیاسه‌تێکی ره‌قی به‌رامبه‌ر یه‌کێتی گرتوه‌ته به‌ر، به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه به نه‌رمی هه‌ڵسوکه‌وت به‌رامبه‌ر به پارتی ده‌کات.
هه‌مو نه‌رمبونێکی گۆڕان به‌رامبه‌ر پارتی، هه‌مو نزیکبونه‌وه‌یه‌کی ژێربه‌ژێری گۆڕان‌و پارتی، واتای دابه‌زینی قورسایی گۆڕان‌و سه‌لماندنی ئه‌و گومانه‌ی که پێی وایه، گۆڕان له‌بازنه‌ی لۆکاڵیبوندا ده‌خولێته‌وه که ئه‌مه‌ش به قازانجی پارتی کۆتایی دێت، چونکه پارتی ئه‌و کات به ئاسانی ده‌توانێت ناوی ململانێ سیاسه‌ییه‌که‌ی گۆڕان بنێت لۆکاڵی‌و ته‌نها رو له یه‌کێتی‌و ئه‌مه‌ش ده‌بێته بچوکبونه‌وه‌و ئامانجی دروستبونی بزوتنه‌وه‌که، چونکه هه‌م ئێمه‌ش‌و هه‌م هه‌زاره‌ها هه‌ڵسوڕاوی تری گۆڕان ئه‌گه‌ر بزانن که ململانێی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها بۆ به‌ڕه له‌ژێر پێ ده‌رهێنانی یه‌کێتییه‌و به‌س، ئه‌وا ئاماده‌نین بۆ یه‌ک سه‌عات پشتگیریی له‌و بزوتنه‌وه‌یه بکه‌ن‌و هه‌وڵی سه‌رخستنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بده‌ن، چونکه کێشه سیستمه، نه‌ک شه‌خس‌و تاکه لایه‌نێک.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی (٧/٣)دا به‌رامبه‌ر به پارتی زۆر نه‌رم بو، پارتیش به‌هه‌مانشێوه نه‌رم بو تا کاتی (حه‌سم)و له دواڕۆژه‌کانی بانگه‌شه‌دا، زیره‌کانه، که‌وته لێدانی گۆڕان‌و توانی گۆڵێک له گۆڕان بکات، چونکه پارتی زۆر وریایانه که‌وته لێدانی گۆڕان‌و توانی له‌کاتێکدا له گۆڕان بدات که به دواچرکه‌کانی گه‌مه‌که ده‌مژێررێت، هه‌روه‌ها کات یارمه‌تیده‌ر نه‌بێت بۆ وه‌ڵامی گۆڕان که ئه‌مه‌ش له دواجاردا به قازانجی پارتی‌و به زیانی گۆڕان کۆتاییهات.
یه‌کێکی تر له‌و نه‌رمییانه‌ی گۆڕان به‌رامبه‌ر پارتی، ناوهێنانی "ویستی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی فیعلی" بو له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه، له‌یه‌کێک له وتاره‌کانیدا له‌کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، که ئه‌مه‌ش بوه جێی سه‌رسوڕمانی هه‌زاره‌ها هاوڵاتی‌و رۆشنبیر.
له یه‌کێک له وتاره‌کانیدا، نه‌وشیروان مسته‌فا ئیشاره‌ی به‌وه‌دا که ئه‌وان واتا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کارتۆنییان ناوێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ناوهێنانه هاوپێچ بو له‌گه‌ڵ ناوهێنانی حکومه‌تی هه‌رێم‌و په‌رله‌مان‌و هه‌مو داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم‌و عێراقدا.
هه‌ڵبه‌ت جگه له‌ناوهێنانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، هه‌مو ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی که نه‌وشیروان ناوی هێنان‌و داوای به‌فیعلیکردنیانی کرد، جێگه‌ی خۆی بون‌و جێگه‌ی ده‌ستخۆشی لێکردنه، به‌ڵام داواکردن بۆ به‌فیعلیکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، ده‌ستبردن بو بۆ یه‌کێک له هه‌ستیارترین مه‌سه‌له‌کان که تا چه‌ند مانگێک پێش ئێستا، له‌لایه‌ن خودی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، داوای داماڵینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆر‌و زه‌به‌لاحه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کرا، که‌چی به قودره‌تی قادر، نه‌وشیروان مسته‌فا به ئاشکرا که‌وته بانگه‌شه‌کردن بۆ ویستی ده‌سه‌ڵاتی فیعلیی سه‌رۆکی هه‌رێم!!! جا ئه‌مه مه‌گه‌ر نه‌وشیروان‌و سه‌رکردایه‌تیی گۆڕان، خۆیان وه‌ڵامی ئه‌م گۆڕانکارییه خێرایه بده‌نه‌وه له بیروبۆچونه‌کانیاندا، چونکه به‌که‌س هه‌زمناکرێت له‌مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌ستیاری وه‌ک ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمدا، ئاوه‌ها به‌زویی گۆڕان له‌زاری که‌سی یه‌که‌مه‌وه بیروڕای خۆی بگۆڕێت.
کێشه‌ی میلیشیا‌و عه‌دنان عوسمان
له‌هه‌مو دونیادا وا باوه که له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌جندایه‌ک بۆ هه‌ڵمه‌ته‌که دیاریده‌کرێت، جا ئه‌جندای پێشوه‌ختی لایه‌نه‌کان، یان ئه‌جندای کت‌وپڕ، به‌ڵام به پرۆفایلکردنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هێزه سیاسه‌ییه‌کانه‌وه، کارێکه له دونیای دیموکراسیدا، هه‌زار باره‌بوه‌ته‌وه.
لایه‌نی رکابه‌ری به‌رامبه‌ر گۆڕان، وه‌ک مافێکی سروشتیی خۆی هات‌و یاریگای جه‌نگی هه‌ڵبژاردنی دیاریکرد‌و قسه‌یه‌کی (که حه‌قیقه‌تێکی رون‌و ئاشکرا بو) په‌رله‌مانتارێکی گۆڕانیان کرده پرۆفایلی هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستمه لێره‌دا بیڵێم، ئه‌وه‌یه که هه‌رچه‌نده دڵنیام ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی باسکردنی پێشمه‌رگه به میلیشیا جه‌نگێکی ناڕه‌وابو، کارێکی قێزه‌ون بو، کارێک بو که زه‌ڕه‌یه‌ک راستی‌و بابه‌تیبونی له خۆ نه‌گرتبو، به‌ڵام له زانستی سیاسی‌دا، خه‌تێکی رۆشن هه‌یه که پێیده‌وتریت پراگماتیزم، واتا مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ واقیعدا، مامه‌ڵه‌کردنێکی واقیعییانه.
لێره‌وه ده‌بوایه گۆڕان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ واقیعدا بکردایه‌و وه‌ک خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقیعییانه بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی‌و ئه‌وکات‌وساته‌ی که ئه‌م قسه‌یه‌ی په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕانی تیا به پرۆفایل کرا وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، ده‌بوایه گۆڕان خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقیعییانه‌ی بۆ ئه‌م بابه‌ته بکردایه‌و داوای له عه‌دنان عوسمان بکردایه که ده‌ستی له‌کار بکێشێته‌وه، هه‌رچه‌نده من ده‌زانم که عه‌دنان عوسمان شتێکی تری نه‌وتوه جگه له راستی، به‌ڵام وه‌ک نه‌ریتێکی باوی دیموکراتی‌و بۆ خاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره زۆره‌ی بۆ سه‌ر گۆڕان دروست بو، ده‌بوایه عه‌دنان عوسمان خۆشی هه‌ستی به‌و لێپرسراوێتییه مێژوییه بکردایه‌و په‌رله‌مانتاری خۆی سڕبکردایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌مه‌ی کرد‌و نه هاوڕێ‌و ئازیزم عه‌دنان عوسمان ئه‌مه‌ی کرد که ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م کاره بکرایه، ئه‌وا وه‌ک چۆن گۆڕان له رۆژنامه‌که‌یاندا، رۆژنامه‌ی رۆژنامه، بونه سه‌رمه‌شق‌و ئاودێر شێخ عومه‌ر ئازایانه، ده‌ستی له‌کارکێشایه‌وه، ئه‌گه‌ر چی ئاودێر ده‌شیزانی که کارێکی خراپی نه‌کردوه، به‌ڵام وه‌ک نه‌ریتێکی دیموکراتییانه ده‌ستیکێشایه‌وه له سه‌رنوسه‌ری رۆژانامه، ده‌بوایه به هه‌مانشێوه عه‌دنان عوسمان ده‌ستی بکێشایه‌ته‌وه.
ئه‌وکات نه‌یاره‌کانی گۆڕانیش پێده‌چو وازیان له‌و بابه‌تی "پێشمه‌رگه‌و میلیشا"یه بهێنایه، خۆ ئه‌گه‌ر وازیشیان نه‌هێنایه، ئه‌و کات گۆڕان به‌هانه‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌بو، که ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و رسته‌یه‌ی وتوه، وازی هێناوه‌و قسه‌که‌ی له‌سه‌ر خودی سیاسه‌تی گۆڕان هه‌ژمارنه‌ده‌کرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جورئه‌تێکی له‌و جۆره‌ی تیابو که ده‌ستبه‌رداری یه‌کێک له ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌کانی ببێت‌و نه عه‌دنان عوسمانی به‌ڕێزیش هه‌ستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه مێژژوییه‌ی تێدابو که له‌سه‌ر خواستی خۆی ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه.
بونی گۆڕان به نوخبه
هێزه سیاسییه‌کانی تر، به‌تایبه‌تی تر یه‌کێتی‌و پارتی، له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانیان ده‌شارده‌وه‌و نه‌یانده‌هێشت بێنه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، له رۆژنامه‌کانیان نوسین بنوسن ، به‌واتایه‌کی تر حیزب نه‌یده‌ویست ئه‌و که‌سانه زۆر ده‌رکه‌ون که خۆشه‌ویستی نا‌و جه‌ماوه‌ر نین، بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌نگیان لێنه‌تۆرێت، نمونه‌ش، که‌م له لێپرسراوی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌کان هه‌بو که قسه بکات، وتار بنوسێت، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌شداری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بکات، بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که حیزب دڵنیابو، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، ئه‌وا حیزب ده‌دۆڕێت، چونکه ئه‌مانه که‌سانی خۆشه‌ویستی نا‌و کۆمه‌ڵگا نین، له‌کاتێکدا ئه‌مانه داکۆکیکه‌ری هه‌میشه‌یی حیزبن‌و هه‌میشه له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی حیزبن، که‌چی گۆڕان به پێچه‌وانه‌وه، که‌سانی بێلایه‌ن‌و خه‌مخۆر، کاسانی خۆشه‌ویست‌و پاکی وه‌لاوه نا‌و که‌وته هێنانی به‌شێک له‌وانه‌ی که که‌م تا زۆر له‌ناو خه‌ڵکدا نیشانه‌ی پرسیارییان له‌سه‌ره، ئه‌گه‌ر راسستیش نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بوایه گۆڕان له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی خۆی‌و هه‌ڵبژاردنه‌کان، لانیکه‌م ئه‌مانه‌ی نه‌هێنایه‌ته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و وه‌ک نوێنه‌ری گۆڕان نیشانی نه‌دانایه، به‌ڵکو کاندیده پسپۆڕ‌و شاره‌زاکان بونایه‌ته ده‌مڕاستی بزوتنه‌وه‌که.
نه‌بونی سیاسه‌ت‌و وتاریکی رۆشن له‌سه‌ر که‌رکوک
یه‌کێکی تر له‌و ته‌مومژانه‌ی به‌سه‌ر گۆڕانه‌وه بو، نه‌بونی وتارێکی رۆشن بو به‌رامبه‌ر حکومه‌تی عێراق‌و ماده ده‌ستورییه‌کانی وه‌ک(١٤٠)، نه‌بونی وتارێکی رۆشن بو به‌رامبه‌ر که‌رکوک‌و ناوچه دابڕاوه‌کان.
ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، که‌س نازانێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ سیاسه‌تێکی هه‌یه به‌رامبه‌ر ماده‌ی(١٤٠)، به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌به هاورده‌کانی که‌رکوک، به‌رامبه‌ر به حکومه‌تی عێراق، چ جۆره حکومه‌تێکیان پێ باشه له به‌غداد، ئه‌مانه ئه‌و پرسه چاره‌نوسسازانه‌ن که گۆڕان له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هیچ جۆره سیاسه‌تێکی رونی نه‌بو به‌رامبه‌ریان. ئایا گۆڕان ده‌یویست چ دونیایه‌ک بۆ که‌رکوک‌و که‌رکوکییه‌کان بخوڵقێنێت؟ ئایا گۆڕان چ میکانیزمێکی هه‌بو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رکوک‌و ناوچه‌کانی تر؟ ئه‌مانه ناڕۆشنییان دروستکردبو له‌لای خه‌ڵکی، بۆ هاوڵاتییه‌کی که‌رکوک که له‌سه‌ر خاکی خۆی وه‌ده‌رنراوه‌و ئێستا له یاریگاکه‌ی که‌رکوکدا به هه‌زارکوله‌مه‌رگی ژیانده‌گوزه‌رێنێت، ئه‌وه گرنگه که تۆ چۆن نیشانی ده‌ده‌یت که ده‌ته‌وێت مافه‌که‌ی بۆ بگه‌ڕێنیته‌وه، نه‌ک قسه‌ی لوغزاوی‌و ناڕۆشن.
وه‌ک چۆن یه‌کێتی‌و پارتی به‌وه تاوانبارده‌کرێن که سیاسه‌تی ئاگر‌و ئاسن به‌کارده‌هێنن له ناوخۆدا‌و سیاسه‌تی گوڵ بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، سیاسه‌تی گۆڕانیش له‌و گه‌مه‌یدا هه‌مان سیاسه‌ت بو، هه‌روه‌ها ته‌نها‌و ته‌نها ته‌رکیزکردنه سه‌ر یه‌کێتی‌و پارتی بو له ناوکه‌رکوکدا، به‌ڵام بۆ ته‌نها یه‌کجاریش بێت، قسه‌یان له‌سه‌ر هێزه عه‌ره‌بییه‌کان، هێزه ئیقلیمییه‌کان، نه‌کرد.
وتارێکی روشنیان نه‌بو بۆ که‌رکوک، به‌تایبه‌تی تر که تا ئێستاشی پێوه بێت که‌رکوک‌و ناوچه جێناکۆکه‌کان، کێشمه‌کێشی نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی زاڵه، به‌سه‌ر کێشمه کێشه‌کانی تری وه‌ک خۆشگوزه‌رانی‌و ژیانێکی باشتر. تا ئێستاش ئه‌وله‌ویه‌ت له‌لای خه‌ڵکی ناوچه جێناکۆکه‌کان نه‌ته‌وه‌و سه‌لماندنی خودی نه‌ته‌وه‌ییه.
له‌لایه‌کی تره‌وه نه‌بونی وه‌جهی ناسراو کاریزمای گۆڕان له که‌رکوک که به‌داخه‌وه له‌هه‌مو ئه‌و کاندیدانه‌ی گۆڕان له که‌رکوک، ته‌نها که‌سێکی تیانه‌بو که زۆر ناسراو بێت له‌لای خه‌ڵکی که‌رکوک. له‌کاتێکدا کاندیدی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی تر، خه‌ڵکی به‌توانا‌و ناسراو، خه‌ڵکی کاریزما‌و ته‌نانه‌ت داکۆکیکه‌ری سه‌رسه‌خت بون له که‌رکوک، که‌چی گۆڕان هه‌ندێک کاندیدی دانابو که بۆ تاکه جارێکیش نه به وتار، نه له ته‌له‌فزیۆن، رادیۆ نه‌بینرابون‌و دونیابینینیان نه‌ده‌زانرا، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی کاندیده‌کانی که‌رکوک مه‌یدانییه‌ن له‌ناو ئازاره‌کانی خه‌ڵکی که‌رکوکدا نه‌ژیابون.
ئه‌م هۆکارانه کارێکی کرد که گۆڕان نه‌یتوانی تاکه کورسییه‌کی که‌رکوکیش به‌ده‌ستبهێنێت‌و که‌رکوک بوه موفاجه‌ئه‌ی گۆڕان، که ده‌بێت به‌ڕاستی گۆڕان له‌و مه‌سه‌له‌یه به وردی بکۆڵێته‌وه‌و دانی پێدابنێت. ئاخر کاره‌ساته که زیاتر له (٢٠)کاندیدی گۆڕان نه‌توانن (٥٠)هه‌زارده‌نگ بۆ گۆڕان کۆبکه‌نه‌وه، ئایا نه‌ده‌توانرا که‌سانی ئه‌وتۆ په‌یدابکرێت بۆ کاندیدی که‌رکوک که له‌ناو ئێش‌و ئازاره‌کانی خه‌ڵکی که‌رکوکدا ژیابن؟ یان نه‌ده‌کرا گۆڕان سیاسه‌تێکی رونی ئه‌وتۆی هه‌بوایه که خه‌ڵک نه‌ترسانایه له چاره‌نوسیان، له‌کاتی ده‌نگدانیان به گۆڕان؟.
کۆتایی
وه‌ک کۆتاییه‌ک بۆ ئه‌م وتاره، به پێویستی ده‌زانم، ئه‌وه دوباره بکه‌مه‌وه که ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وانه‌یه‌كی باش له هه‌ڵبژاردنه‌کانی (٧/٣)ه‌وه وه‌ربگرێت‌و نه‌یه‌ڵێت ئه‌و هه‌ڵانه‌ی به‌سه‌ردا تێبپه‌ڕێت که له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی. مادام کورسی ده‌سه‌ڵات بوه‌ته گره‌وکردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر، مادام گۆڕان وه‌رزی یه‌که‌م‌و دوه‌می به سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕاند، مادام توانی نزیکه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگ له‌ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه، که‌واته کاروانه‌که که‌وتوه‌ته‌ڕێ‌و خه‌ڵک هه‌ست به‌وه ده‌کات که ئه‌م هێزه‌ی ناوی گۆڕانه، ده‌توانێت باروگوزه‌رانی وڵات به‌ره‌و باشتر به‌رێت، به هه‌مو بارێک‌دا هاوڵاتییان‌و هاونیشتیمانییان ده‌زانن که کاروانی گۆڕان‌و بونی هێزی جیاواز ئه‌گه‌ر کاری باشه‌و پڕۆژه‌ی به‌هێزکردنی کورد‌و تواناکانی کوردی به‌دوادا نه‌یه‌ت، هه‌رگیزاو هه‌رگیز کاری خراپ‌و ماڵوێرانکاری به‌دوادانایه‌ت. له هه‌مو حاڵه‌ته‌کاندا، بونی چه‌ند هیزێکی لاواز‌و جیاواز باشتره له‌بونی ته‌نها حیزبێکی به‌هێز‌و تاقانه، به‌مانایه‌کی تر بونی گۆڕان، یه‌کێتی‌و پارتی به هه‌مو که‌موکورتییه‌کانیانه‌وه، سه‌د قات له‌وه باشتره که هه‌ریه‌کێک له‌م هێزانه به‌ته‌نیا له ساحه‌ی سیاسی‌دا بن بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی. به‌هیوای ئه‌وه‌ی که گۆڕان‌و سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌چاوی بابه‌تییانه‌وه له هه‌مو ئه‌و ره‌خنانه بڕوانن که لێیان ده‌گیرێت‌و کاری له‌سه‌ر بکه‌ن، نه‌ک وه‌ک هێزه‌کانی تر بکه‌ونه دورکه‌وتنه‌وه له خه‌ڵک‌و ره‌خنه‌کانیان.
[email protected]