رۆژنامه: تا ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به شێوه‌یه‌كی نارێكخراو(عه‌فه‌وی) كار دهكاتو چوارچێوه‌یه‌كی رون‌و دیاریكراوی نییه، به‌ڵام توانی دو هه‌ڵبژاردنی گرنگ تێپه‌ڕێنێت و له ئه‌زمونی حوكمڕانی هه‌رێمدا واقیعی به‌رهه‌ڵستكاری (ئۆپۆزسیۆن) بچه‌سپێنێت، ئایا چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی مۆدرێن ئۆرگانیزه بكرێت؟
* بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكخراوێكی حیزبی نییه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی نارێكخراو عهفهویش كاری نه‌كردوه، راسته خاوه‌نی ده‌زگای رێكخستن‌و كۆمیته‌و شانه‌ی حیزبی نییه، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌سته‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی به ئه‌زمون بوه، ئه‌و ده‌سته‌یه زانیویانه چۆن كاره‌كانی خۆیان رێكبخه‌ن‌و جه‌ماوه‌ر له ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌و له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ههرێمو عێراقدا سه‌ركه‌وتن به ده‌ستبهێنن. گرنگترین ده‌سكه‌وتێك كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌زمونی حوكمڕانیی هه‌رێمدا پێشیخست، دیارده‌ی به‌رهه‌ڵستكاری بو، پێش هه‌ڵبژاردنی مانگی ته‌مموزی (2009)ئۆپۆزسیۆن هه‌بو، به‌ڵام ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه فه‌رمیی نه‌بو له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بو، له دروستبونی ئۆپۆزسیۆندا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رۆڵی سه‌ره‌كی بینی.
من وای بۆ ده‌چم، ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان شێوه‌ی حیزبێكی سیاسی وه‌ربگرێت، چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه شێوه‌ی حیزبێكی مۆدرێن وهربگرێتو وه‌ك حیزبه‌كانی تری باشور نه‌بێت.
1. له ئاستی ناوخۆی حیزب‌دا، ده‌بێت له داڕشتنی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆدا لاسایی پارتی‌و یهكێتیو حیزبه‌كانی تری باشوری كوردستان نه‌كاته‌وه‌و ده‌بێت سكرتێری حیزب یان سه‌رۆكی حیزب بۆی نه‌بێت هه‌تا له ژیاندا ماوه له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌و ده‌بێت له په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و حیزبه‌دا به‌ندێك هه‌بێت كه ماوه‌ی پۆستی به‌پرسی یه‌كه‌می حیزب دیاری بكات، ده‌بێت له په‌یڕه‌وی ناوخۆدا ده‌رفه‌تی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات گه‌ره‌نتی بكرێت‌و ده‌بێت سیاسه‌تی رۆژانه‌ی ئه‌و حیزبه له‌گه‌ڵ بنه‌ماو پێوانه گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی حیزبه‌كه ناكۆك نه‌بێت، ده‌بێت چه‌مكی دیموكراتی ناوه‌ندی كه چه‌مكێكی لینینییه بۆ رێكخستن‌و به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی حیزب كاری پێكراوه، له ناو حیزب‌دا به لاوه بنرێت‌و كاری پێنه‌كرێت، به گوێره‌ی ئه‌و چه‌مكه سه‌ركرده‌ی حیزب نوێنه‌ری هه‌زاران ئهندامو كادیرهو بۆی هه‌یه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حیزب بڕیار بدات‌و كار بكات، له باتی چه‌مكی دیموكراتی ناوه‌ندی، چه‌مكی دیموكراتی راسته‌وخۆ(دیموكراتی راسته‌قینه‌ی) په‌یڕه‌و بكرێت. ده‌بێت ئه‌و حیزبه نوێیه كه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه دروستده‌بێت، به گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كار بكات‌و مه‌زاجی سكرتێر‌و چه‌ند به‌رپرسێك نه‌بنه بنه‌ماو یاسای كاركردنی حیزب. له حیزبه‌كانی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو كوردستاندا ده‌رفه‌ت به راو بۆچونی جیاواز نادرێت، هه‌ر كه‌سێك ره‌خنه‌ی گرتبێتو سیاسه‌تی حیزبی به هه‌ڵه زانیبێت له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌وه لێیدراوه‌و پهروێزخراوه، ئه‌و حیزبه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له دایك ببێت، ده‌بێت ئه‌و كلتوره نادیموكراتییه تێپهڕێنێتو رێوشوێنی تایبه‌ت بۆ ئازادیی رادهربڕینو قوڵكردنه‌وه‌ی پێوانه‌كانی سیستمی دیموكراتی ناو حیزب ده‌سته به‌كاربێت. له هه‌موی گرنكتر كه بۆ كاری حیزبێكی مۆدێل نوێ پێویسته، ئه‌وه‌یه كه تیۆر‌و پیلانگێڕی‌و موئامه‌ره به‌رامبه‌ر به ئهندامانو كادیرانی حیزب هه‌ڵگیرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیزبه‌كانی تری كوردستان دژی ئهندامو به‌رپرسانی خۆیان به‌رپای دهكهنو له‌پشته‌وه ملیان ده‌شكێنن.
2. له ئاستی كۆمه‌ڵدا، ده‌بێت ئه‌و حیزبه عه‌قڵیه‌تی خۆبه‌گه‌وره زانین‌و خه‌ڵك به بچوك بینین تێپه‌ڕبكات، ناكۆكییه ره‌گه‌زی‌و تهمهنیو چینایهتیو رۆشنبیرییه‌كانی له نێوان تاكو پێكهاته‌كان باش ببینێت‌و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ‌و دادپه‌روه‌ری له بۆچون‌و ههڵوێستو بڕیار‌و چالاكیدا به‌رامبه‌ر به ماف‌و ئازادیی ژنان، مافی منداڵ پیرو پهكهكهوته، مافی هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند، مافی رۆشنبیر‌و زانا‌و دانا‌و نه‌زان نیشان بدات‌و به جدیی كاریان بۆ بكات.
3. له سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ولاَتدا، به بۆچونی من، گرنگترین پڕۆژه كه ده‌بێت حیزبی مۆدێل نوێ كاری بۆ بكات ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانه، نه‌بونی ده‌ستوری هه‌رێم هۆكاری زۆرینه‌ی گێره‌و كێشه‌كانه له هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌بێت ئه‌و حیزبه مۆدێل نوێیه له سه‌ر دژایه‌تیكردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت، تێكۆشانی بێ‌وچان بكات بۆ ئه‌وه‌ی پهرلهمانو حكومهتو دادوه‌ری، له ژێر هه‌ژمونی حیزب رزگاریان بێت‌و به‌گوێره‌ی ده‌ستورو یاساكانی هه‌رێم كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ده‌بێت ئه‌و حیزبه مۆدێل نوێیه كاری جدیی بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به ته‌واوی یهكبگرنهوهو هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و ده‌زگاكانی دارایی هه‌رێم ببنه ده‌زگای نهتهوهییو یاسایی، كاری جدیی به‌رده‌وام بكات بۆ ئه‌وه‌ی هیچ حیزبێك خاوه‌نی ده‌زگای تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌و دارایی‌و ئاسایشی خۆی نه‌بێت، ته‌نها حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی ئه‌و ده‌زگایانه بێت.
4. خاڵێكی زۆر گرنگ كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له نوسین‌و ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا باسی دهكاتو چه‌قی سیاسه‌تی ساڵانی رابردوی بوه، ره‌خنه‌گرتن بوه له دیارده‌ی بازرگانیكردنو ده‌وڵه‌مه‌ندبون له رێگه‌ی سیاسهتو ده‌سه‌ڵاته‌وه، ده‌بێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ی به‌رده‌وام بێت تا ئه‌و دیارده‌یه كۆتایی پێبێنێتو ئاگادار بێت خۆشی دوچاری هه‌مان ده‌رد نه‌یه‌ت.
ئه‌گه‌ر حیزبه‌كه‌ی ناو هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بیه‌وێت حیزبێكی مۆدێل نوێ بێت، ده‌بێت كلتوری كاری سیاسی به‌رامبه‌ر به ده‌سكه‌وتی مادی كۆتایی پێبهێنێت.
5. سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه له سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان‌و ناوچه‌كه‌و جیهان، ده‌بێت ئه‌و حیزبه به گوێره‌ی ده‌ستوری عێراق‌و بنه‌ماكانی سیستمی دیموكراتی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقدا پێوه‌ندی ههبێتو هه‌ڵسوكه‌وت بكات، له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش، ده‌بێت ئه‌و حیزبه مۆدێل نوێیه پێوه‌ندیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هاوچه‌رخی له‌گه‌ڵ بزاڤی رزگاریخوازی پارچه‌كانی تری كوردستاندا ههبێتو گهلو بزاڤی ئازادیخوازی باكورو رۆژههڵاتو رۆژئاوای كوردستان به دۆستی ستراتیژیی باشور‌و ئه‌زمونی هه‌رێم بزانێت‌و به‌و ئاڕاسته‌یه كار بكات. له ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه‌و جیهانیشدا، نابێت سه‌ركرده‌و بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌و حیزبه مۆدێل نوێیه خۆیان به كهمو دواكه‌وتو سه‌یر بكهنو به‌رپرسانی وڵاتانی تر به گه‌وره‌و پێشكه‌وتو خاوه‌نی ماف سه‌یر بكه‌ن، نابێت له كاتی گفتوگۆ‌و دانوستاندا خۆیان به ده‌سته‌وه بده‌ن، ده‌بێت ئه‌و حیزبه مۆدێل نوێیه ره‌وایی دۆزی كورد به گه‌وره‌ترین به‌های سیاسی بزانێت‌و بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دۆست‌و دوژمن‌دا بنه‌مای نهتهوهییو ئینسانی‌و ئه‌خلاقی ره‌چاو بكات.
رۆژنامه: ئایا گۆڕان ته‌نها بۆ وه‌رچه‌رخانێكی سیاسیی هه‌رێم پێویست بو، یان پێویسته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌هه‌مان نه‌فه‌سه‌وه به‌رده‌وامی به هه‌وڵی گۆڕینی سیستم‌و عه‌قڵی رامیاریی حوكمڕانیی هه‌رێم بدات؟
* گۆڕانكاریی سیاسی له‌سه‌ر پێی خۆی ناوه‌ستێت ئه‌گه‌ر له‌هه‌مانكاتدا گۆڕانكاری له ئاستی عه‌قڵییه‌تی سیاسیی تاكو سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری‌دا نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له عهقڵیهتو سیستمدا نه‌كرێت، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه له سیاسه‌تدا ده‌كرێت، گۆڕانكارییه‌كی كاتی‌و سنوردار دهبێتو ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێی هه‌یه‌و گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی سیاسی‌و سیستمی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به ژێرخانی گۆڕانكاری سیاسی ده‌ژمێررێت، ئه‌گه‌ر ژێرخان به‌هێزبێت، سه‌رخان سه‌ركه‌وتو دهبێتو گه‌شه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژێرخان لاواز بێت، عه‌قڵییه‌تی كۆن‌و سیستمی سیاسیی كۆن چاڵ بۆ گۆڕانكاری سیاسیی ههڵدهكهننو دهیكوژنو ده‌ینێژن.
له عێراق‌و كوردستاندا دو دیارده‌ی حیزبی مۆدێل نوێ‌و دو دیارده‌ی سیاسیی نوێ به‌دیده‌كرێن، یه‌كه‌م مۆدێل ره‌وتی سه‌درییه‌كانه له باشوری عێراقدا كه له كاری رێكخستن‌و هه‌ڵبژاردندا سود له مۆدێلی دیموكراتی راسته‌وخۆ وهردهگرنو له كاتی پێویستدا په‌نا بۆ بۆچون‌و ده‌نگی جه‌ماوه‌ر ده‌به‌ن، خاوه‌ن ئیراده‌ی تایبه‌تی خۆیانن‌و پۆست‌و ده‌سه‌ڵات به لایانه‌وه سیاسه‌تێكی ناوه‌ندی نییه.
ئه‌و حیزبه‌ی له هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا، ده‌بێت سود له‌و ئه‌زمونه نوێیانه‌ی كوردستان‌و عێراق‌و وهربگرێتو به عه‌قڵیه‌تێكی سیاسیی گۆڕاوی نوێ‌و سیستمێكی سیاسیی گۆڕاوی نوێوه به فه‌رمانده‌یی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی پۆستمۆدرێنهو ئایدۆلۆژیایه‌كی فرهدهنگیو فرهرهنگیهوه رێبه‌رایه‌تی بزاڤی گۆڕانخوازی‌و نوێخوزای هه‌رێمی كوردستان بكات.
به بۆچونی من، ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیراده‌ی گۆڕانی راسته‌قینه‌ی له لا گه‌ڵاڵه بوبێت، له سه‌رده‌می زانست‌و ته‌كنۆلۆژیاو پوكانه‌وه‌ی عه‌قڵییه‌تی خێڵه‌كی‌و فیوداڵیدا، ده‌توانێت له بورای عه‌قڵییه‌تی سیاسی‌و سیستمی سیاسیی هه‌رێمدا هه‌ندێگ گۆڕانكاری بكات، له هه‌مانكاتدا سه‌ركرده‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وه‌ك سه‌ركرده‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی هه‌ڵگری ناسنامه‌ی چینایهتیو خێڵه‌كی‌و ده‌ره‌به‌گایه‌تی نین، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌رو ئهندامو كادیری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و كه‌سانه‌ن كه هزری خێڵه‌كی‌و فیۆداڵی حوكمڕانانی هه‌رێمی كوردستان رهددهكهنهوه، به‌ڵام كاركردن له سه‌ر ئه‌و زه‌مینه له‌باره، پێویستییه‌كی ده‌ست لێ به‌رنه‌دراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه نوێیه بتوانێت عه‌قڵییه‌تی سیاسی‌و سیستمی سیاسیی هه‌رێم بگۆڕێت.
به بڕوای من، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئیراده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه عهقڵییهتو سیستمی سیاسیی ئه‌مڕۆی كوردستان تێپه‌ڕێنێت، ده‌بێت له سه‌ره‌تادا گۆڕانكاری لهعهقڵییهتی تاكو له سیستمی رێكخستنی حیزبه‌كه‌یدا ده‌ستپێبكات، هه‌زاران تاكی دیموكراتی یاسایی مرۆڤدۆستی به ئیراده، رێكخستنێكی كراوه‌ی چالاكی دیموكراتی به بنه‌ماو به‌پێوانه، ده‌توانێت هه‌وێنی گۆڕینی عه‌قڵییه‌تی تاكو كۆی هه‌رێمی كوردستان بێت.
رۆژنامه: ئایا له كاتی ئۆرگانیزهكردنیدا (له كاتی بهحیزبیبونیدا) چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته حیزبێكی ستالینی؟
* له‌م سه‌رده‌مه‌دا، هه‌مو جیهان نه‌فره‌ت له حیزبی ستالینی ده‌كات، حیزبی ستالینی دیارده‌یه‌كی دیكتاتۆرانه‌ی سه‌رده‌می خه‌باتی چینایهتیو جه‌نگی جیهانیو شه‌ڕی ساردی نێوان دو جه‌مسه‌ری یه‌كێتیی سۆڤیهتو وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بو، سیاسه‌تی باوی ئه‌مڕۆ، شێوزای ململانێی چینایه‌تی ئه‌مڕۆ، ململانێی نێوان روسیا‌و ئه‌مریكا، زه‌مینه‌ی له‌بار پێك ناهێنن بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی حیزبی ستالینی. له ئاستی هه‌رێمی كوردستانیشدا به حوكمی ئه‌وه‌ی له رابردودا بزاڤی ئازادیخوازی گه‌لی كورد له بینای حیزبی‌و له خه‌باتی چه‌كداریدا سودی له پره‌نسیپه‌كانی ماركسیزم‌و لینینیزمو ستالینیزم وه‌رگرتوه‌و بڕێك له سه‌ركرده‌كانی شۆڕش‌و حیزبه كوردییه‌كان، له هه‌ندێك پێوانه‌و ره‌فتارو كرداردا ستالیناوی بون، به‌ڵام ئه‌و ستالیناوی بونه هه‌رگیز هێنده‌ی كلتوره خێڵه‌كی‌و دهرهباگایهتیهكهی لای خۆمان كاریگه‌ری له سه‌ر بینای حیزب‌و كار‌و چالاكی شۆڕش نه‌كردوه، بۆیه ده‌توانم بڵێم، به‌رپرسه سیاسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێنده به قوڵی له عهقڵییهتو كلتوری ستالینیزمدا نه‌ژیاون تا مه‌ترسی زیندوبونه‌وه‌ی حیزبی ستالینیزم له دوای پێكهێنانی ئه‌و حیزبه نوێیه بێته ئاراوه. ئه‌و ئهندامو كادیره گه‌نجانه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا له ده‌وری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبونه‌ته‌وه، رۆڵه‌ی دوای راپهڕیننو رۆڵه‌ی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تن، رۆڵه‌ی سه‌رده‌می جیهانی یه‌ك جهمسهرینو له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌و له‌ژێر كاریگه‌ریی كلتوری لیبراڵی نوێ‌و مرۆڤدۆستی‌و دیموكراتیدا ده‌ژین، له ساڵانی (2005-2007) ئه‌و گه‌نجانه چه‌ندان جار چالاكییان دژی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌رایی هه‌رێمی كوردستان نیشانداوه، گه‌نجان كه ماده‌ی سه‌ره‌كی گۆڕانن چه‌نده دژی عهقڵییهتو سیستمی خێڵه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌وه‌ستنه‌وه، هێنده زیاتریش دژی گه‌شه‌كردنی عه‌قڵییه‌تی دیكتاتۆری ستالینیزم ده‌وه‌ستنه‌وه. له كاتێكدا ئه‌گه‌ری دروستبونی حیزبی ستالینیزم هه‌یه كه به تیۆری پیلانگێإی كه‌سانێك هه‌بن بۆ به‌لاڕێدا بردنی بزوتنه‌وه‌كه، ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌ن.
رۆژنامه: ئایا له رابردو له ئێستادا، هه‌ڵه‌كانی گۆڕان چی بون؟
* به بڕوای من، یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌یه له سه‌ر مێژو، گۆڕان مێژوی باش‌و خرابی سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ی خۆی فه‌رامۆش كردوه، گۆڕان وا خۆی راگه‌یاند كه ته‌نها كوڕی ئه‌م رۆژه‌یه‌و هه‌قی به سه‌ر رابردوه‌وه نییه، ئه‌مه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌بو بۆ سیاسه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر تاكو پێكهاته‌یه‌ك، رابردو ئه‌مڕۆو داهاتوی هه‌یه، هه‌رسێكیان پێكه‌وه كار له سه‌ر یه‌ك دهكهنو ئه‌و كات پێكهاته‌یه دروستده‌كه‌ن، زۆرێك له‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ركردایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ن، له ناوهڕاستو كۆتایی حه‌فتاكاندا، رۆڵی سه‌ره‌كییان له هه‌ڵگیرسانه‌وه شۆڕشی باشوری كوردستاندا دیو له راپه‌ڕینی به‌هاری (1991)دا رۆڵی سه‌ره‌كییان گێڕا، كه‌چی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا، خه‌ریك بو سیفه‌تی پێشمه‌رگه‌یان لێوهربگرنهوهو به پێكهاته‌یه‌كی دژی پێشمه‌رگه بیانناسێنن، له ئهدهبیاتو كلتوری ئێستای گۆڕاندا هه‌ست به گرنگی تێكۆشانی سه‌رده‌می پێش راپه‌ڕینی پێشمه‌رگه‌و گه‌لی كورد ناكه‌یت، وا هه‌ست ده‌كه‌یت، گۆڕان‌و شۆڕشی نوێ له دو قۆناغی دابڕاو دژ به یه‌كدا ده‌ژین. به‌و شێوه‌یه سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یانتوانی مێژوی لایه‌نه گه‌شه‌كه‌ی تێكۆشانی خۆیان بكه‌نه پاڵپشتی تێكۆشانی ئه‌مڕۆیان.
هه‌ڵه‌ی دوه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، فه‌رامۆشكردنی ستراتیژی بزوتنه‌وه‌كه‌یه، له دوای دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراقدا، گۆڕان چه‌ندان هه‌ڵه‌ی ستراتیژیی ئه‌نجامدان، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه نه‌بونایه قه‌باره‌و كێشی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وه‌ی ئێستا گه‌وره‌ترو گرانتر ده‌بو، یه‌ك له‌و هه‌ڵانه ئه‌وه‌بو كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها له‌و شوێنانه‌دا تێكۆشانی به‌جدیی ده‌ستپێكرد كه (ی.ن.ك) دهسهڵاتداربو، سنوری ده‌سه‌ڵاتی (پ.د.ك) هێند چالاكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌خۆوه نه‌دی.
هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كتیكی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا دوچاری هات، كاركردن بو به په‌رچه‌كردار، له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی عێراقدا به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، گۆڕان به پهرچهكردا هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌بردو به‌رنامه‌كه‌ی خۆی فه‌رامۆشكرد.