Print
 هه‌مووان عاشقی‌ كه‌ركوكین
Monday, August 20, 2007
له‌تورکییه‌وه‌: زانا

یاڵچن دۆغان

توركیا نوری‌ مالكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ عیراق بانگهێشت ده‌كات بۆ تاووتوێكردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ و كه‌ركوك، به‌ڵام ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ هاتبێت بۆ توركیا و كۆبووبێته‌وه‌ ده‌ڵێت:"كه‌ركوك كێشه‌یه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندیی‌ به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌."
ئه‌م عه‌شقه‌ی‌ كه‌ركوك ته‌نها له‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ و به‌غدای‌ نه‌داوه‌، به‌ڵكو له‌ لای‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) و دێنیز بایكاڵ‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌) ئه‌م عه‌شقه‌ی‌ كه‌ركوك سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و هه‌موو رۆژێك باس باسی‌ كه‌ركوكه‌ لای‌ ئه‌م دووانه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م عه‌شقه‌ مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیای‌ گرتۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌بوو له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نهێنیی له‌سه‌ر كه‌ركوك ئه‌نجامدا.

ده‌ستووری‌ عیراق

جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری‌ عیراق و خستنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان، له‌ كۆتایی‌ ئه‌مساڵدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم به‌ هۆی‌ زۆریی كورده‌كانی‌ كه‌ركوك و شارۆچكه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌، كه‌ركوك ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردییه‌كان.
بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ خێزانه‌ راگوێزراوه‌كانی‌ كه‌ركوك 7500 دۆلار ده‌درێته‌ خێزانه‌ كورده‌كان، هه‌رچه‌نده‌ئه‌م پاره‌یه‌ش ده‌درێته‌ خێزانه‌ توركمانه‌كان، به‌ڵام ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ كورده‌كانه‌.
تاڵه‌بانی‌ و بارزانیش هه‌موو خواسته‌كانی‌ توركیا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ر ده‌میان ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌ڵێن:"كه‌ركوك شاری‌ كوردانه‌ و هه‌ر به‌ كوردی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ركوك كێشه‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ عیراقه‌ و هیچ وڵاتێك بۆی‌ نییه‌ ته‌داخولی‌ تێدا بكات."

گه‌مه‌كه‌ی‌ دێنیز بایكاڵ‌
پێش ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌كه‌ی‌ توركیا ئه‌ردۆگان و بایكاڵ‌ پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ خۆیان ده‌كرد و ئه‌ردۆگان هه‌ر هه‌لێكی‌ بۆ هه‌ڵبكه‌وتایه‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ باس ده‌كرد و بایكاڵیش ساڵی‌ 2003 وتی‌:"نابێت بچینه‌ قه‌یرانی‌ عیراقه‌وه‌."، هه‌ر ئه‌و بایكاڵه‌ش ئێسته‌ هانی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ ده‌دات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌، له‌ راستیشدا كه‌ركوك ئامانجی‌ هێرشه‌كه‌یه‌ و بایكاڵ‌ عه‌شقی‌ كه‌ركوكی‌ كردۆته‌ چه‌كی‌ خۆی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ ئێستای‌ توركیادا.
ئه‌گه‌ر بێت و توركیا هێرشی‌ سه‌ربازی‌ بكاته‌ سه‌ر عیراق ئه‌وا:
-له‌ كاتی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ باش، بایكاڵ‌ ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ من بوومه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ توركیا هێرش بكات و ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ باشانه‌مان هه‌بێت".
-له‌ كاتی‌ سه‌رنه‌گرتنی‌ هێرشه‌كه‌ و به‌ ده‌ستنه‌هێنانی‌ هیچ ئه‌نجامێك بایكاڵ‌ ده‌ڵێت:"ئه‌ردۆگان نه‌یتوانی‌ سه‌ركه‌وتووبێت".
ئه‌گه‌ریش هیچ هێرشێك نه‌كرێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وا بایكاڵ ده‌ڵێت:"ئه‌ردۆگان مافه‌كانی‌ توركیا ناپارێزێت".

مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ بوش
وته‌بێژی‌ بوش رایگه‌یاند:"سه‌رۆك بوش پێی‌ باشه‌ تاووتوێكردنی‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانی‌ نێوان توركیا و عیراق به‌ ئاگاداریی‌ ئه‌مریكا بێت، چونكه‌ تاووتوێكردنی‌ مه‌سه‌له‌كان به‌ بێ‌ ئاگاداریی‌ ئه‌مریكا، ده‌ر ئه‌نجامه‌كانی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌ردوولایه‌".
مه‌به‌ستی‌ ئه‌م لافه‌ دیبلۆماتییه‌ ئه‌مه‌یه‌:"ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كتان هه‌بێت به‌ هاوكاریی‌ ئه‌مریكا ده‌توانن چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن و گه‌ر ئه‌مریكا نه‌بێت ئێوه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، پێویسته‌ له‌سه‌ر توركیا كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ركوك به‌ هاوكاریی‌ ئه‌مریكا چاره‌سه‌ربكات".
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵیین ئاخۆ ئه‌م عه‌شقه‌ی‌ كه‌ركوك به‌ سه‌ر كام مه‌عشوقیاندا ده‌گیرسێته‌وه‌، كورد، عه‌ره‌ب یان توركه‌كان!.
Sbeiy.com © 2007