Print
 وانه‌یه‌ك له‌ تونسه‌وه‌
Monday, January 17, 2011

فه‌رمان ره‌شاد  
      
  ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه‌ بڕوانینه‌ شۆڕشه‌ جه‌ماوه‌ری و كوده‌تا سپیه‌كه‌ی تونس كه‌ له‌ خۆسوتاندنی گه‌نجێكه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی بێكاری و گرانی و پاشان ناڕه‌زایه‌تیه‌كان گه‌یشتنه‌ له‌ لوتكه‌ و به‌ گه‌وره‌ترین شۆڕش له‌ مێژوی نوێی عه‌ره‌ب نوسرایه‌وه‌، ئه‌وا له‌ونێوانه‌ ده‌توانین چه‌ندین خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان بارودۆخی تونس و كوردستانی عێراق ئاماژه‌ پێبكه‌ین.

كێشه‌ی سه‌ره‌كی تونس بێكاری گه‌نجان و بونی ده‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و توێژه‌ هه‌ستیاره‌بو كه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بونی و به‌ده‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنی حكومه‌ت ته‌قیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌مان گرفت و به‌زیاده‌شه‌وه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ساڵانه‌ به‌هه‌زاران خوێندكار قۆناغی زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌مترین هه‌لی كاركردنیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پێشتر ده‌رگای هه‌نده‌ران هه‌بو ئێستا ئه‌ویش نه‌مایه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ له‌تاو بێكاری و گرانی بازاڕ دێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان داوای دامه‌زراندن ده‌كه‌ن كه‌چی هیچ وه‌ڵامێكی ئیجابی نادرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ساڵانه‌ سه‌دان قوتابی تر خوێندی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كه‌ن و پاشان ناویان له‌كۆلێژ و په‌یمانگاكان ناگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌هه‌ناسه‌ ساردی ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ حكومه‌ت هیچ پلانێكی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گرانیه‌ی ئێستا كوردستانی گرتۆته‌وه‌ بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ ژیانێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، له‌ڕاستیدا ئه‌و بێكاریه‌ش جێگای مه‌ترسیه‌ و كاردانه‌وه‌ی ترسناك به‌دوای خۆی ده‌هێنێت هه‌مان شێوه‌ی تونس، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆرێك له‌وانه‌ی كه‌ خاوه‌ن كارن یاخود دامه‌زراون ئه‌و داهاته‌ی به‌ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ناتوانن پێوه‌ی ژیانێكی ساده‌ی پێ دروست بكه‌ن، هه‌ر ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌شه‌ وه‌ك له‌ راپرسیه‌ك هاتوه‌ 65% گه‌نجانی ئه‌و هه‌رێمه‌ ئاماده‌نین ژیانی هاوسه‌ری پێك بهێنن، په‌رله‌مانیش له‌جێی ئه‌وه‌ی فشار بخاته‌ سه‌ر په‌رله‌مان هاوكاری گه‌نجیان بكات بۆ هاوسه‌رگیری كه‌چی به‌ده‌نگی زۆرینه‌ پرۆژه‌ی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری ئیفلیج ده‌كات و خستیه‌به‌ر ره‌حمه‌تی حكومه‌ته‌وه‌.

كێشه‌یه‌كی تری دیار له‌ تونس بابه‌تی گه‌نده‌ڵی حكومه‌تی ئه‌و ولاَته‌یه‌ به‌جۆرێك دوای ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌ده‌ستده‌رچو ئینجا سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ باسی چاكسازی و به‌ سزا گه‌یاندنی گه‌نده‌ڵكاران ده‌كات!، وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت هه‌مو پنته‌ ئابوریه‌كانی تونس له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆك و خێزانه‌كه‌ی دابه‌شكرابو، له‌م روه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بارودۆخه‌كه‌ زۆر له‌یه‌ك ده‌چێت، چونكه‌ به‌ دانپێدانانی زۆرینه‌ی سه‌رانی ئه‌و حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆر داموده‌زگاكانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ته‌نیته‌وه‌ و گیرفانی حیزب و حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵ بوه‌ ناتوانین هێڵ له‌نێوانیان بكێشین، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی جدی بنه‌بڕكردنی نانێنن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌و داهاته‌ بێشوماره‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان بێ به‌شن و كه‌مینه‌كی زۆر كه‌م سودی لێده‌بینن، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ده‌یان پرۆژه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ده‌نگی زۆرینه‌ ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستوپێی حیزب ده‌گرێت و ناهێڵێت له‌ ته‌خشان و په‌خشان كردنی دارایی ئه‌و میلله‌ته‌ به‌رده‌وام بن.

ده‌سه‌لاَتدارانی تونس به‌هه‌مو شێوه‌یك سه‌ركوتی خه‌ڵكیان ده‌كرد و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی بیستنی هیچ كه‌سێك نه‌بون له‌ڕویان بڵێ نه‌خێر، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌مو رێگایه‌كیان گرتبوه‌به‌ر ته‌نانه‌ت ئازادیه‌ ئایینیه‌كانیشیان له‌خه‌ڵك وه‌رگرتبۆوه‌، وێنایه‌كی زۆر ترسناكیان بۆخۆیان كێشابو، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ به‌رگه‌ی ئازایی و بوێری خه‌ڵكی تونسی نه‌گرت، خه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتیش له‌ كوردستان شوێن پێی ده‌سه‌ڵاتدارانی تونس ده‌گرێت له‌سنورداركردنی ئازادی و سزای سیاسی و رۆژنامه‌گه‌ری.

به‌گشتی بارودۆخه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ی تونس نزیكه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و حیزب له‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت و به‌ده‌م داخوازیه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌یات دور نیه‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵك بته‌قێته‌وه‌ و خه‌ڵك چیتر به‌رگه‌ی گرانی و گه‌نده‌ڵی و بێكاری و بێ خزمه‌تگوزاری نه‌گرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه‌ش كه‌ شۆڕشگێری دوێنی بون كۆتایی ژیانی سیاسیان وه‌ك بن عه‌لی بێت و مێژو به‌وشێوه‌ ناویان تۆماربكات، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست بكات به‌ چاكسازی و رێز له‌ ئۆپۆزسیۆن بگرێت و گوێی بۆ بگرێت به‌چاوی دوژمن سه‌یری نه‌كات، نه‌ك وه‌ك تونس دوای ئه‌وه‌ی هیچ ده‌رفه‌تی بۆ نه‌ماوه‌ ئینجا داوا له‌ ئۆپۆزسۆن بكا یارمه‌تی بده‌ن له‌و ته‌نگژه‌ی توشی ولاَت هاتوه‌، چونكه‌ ئه‌وكات هیچ سودێكی نابێت، به‌گشتی تونس وانه‌یه‌كی زۆرباشه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ پشت له‌ داخوازیه‌كانی میلله‌ت بكه‌ن.

Sbeiy.com © 2007