Print
 چانسی وڵاتی تونس
Monday, January 17, 2011

ئۆلیڤه‌ر هۆیشێن 
 
له‌ ئه‌ڵمانیه‌وه‌: دانای شه‌ده‌ڵه‌
خه‌ڵکه ‌ناڕازی و راپه‌ڕیوه‌که‌ی ناو جاده‌کانی وڵاتی تونس نه‌ڕیشدارن و نه‌چارشێوبه‌سه‌ر. ئه‌م پرۆتێستۆکارانه ‌سه‌ر به‌هیچ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئیسلامی نین. ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا بتوانێت ئه‌م خه‌ڵکانه ‌به‌لای خۆیدا راکێشێت ئه‌وا نه‌ک به‌ته‌نیا ئاشتی و ئارامی زیاد ده‌کات، به‌ڵکو خۆشگوزه‌رانیش.

قسه‌کانی ئه‌نگێلا مێرکێلی راوێژکاری ئه‌ڵمانیا ده‌بوایه‌ گه‌لێک به‌ر له‌ئێستا بگوترانایه‌: له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ ( 15ی کانونی دوه‌مدا) مێرکڵ داخوازی له‌حکومه‌تی کاتی تونس کرد که ‌رێگه ‌له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و کۆبونه‌وه‌ ی  هاوڵاتیانی تونس نه‌گرن. به‌کورتی واته‌:  رێز له‌مافه‌کانی مرۆڤ بگرن. تکایه ‌دیموکراسی راسته‌قینه‌ بێننه ‌مه‌یدان. ئه‌م په‌یامه‌ی راوێژکاری ئه‌ڵمانیا به‌ ڕاست و چه‌پدا و به‌هیوای ئه‌وه‌بو که‌ده‌سه‌ڵاتداران له‌ جه‌زائیر و لیبیا و میسر دا گوێیان لێیبێت.

دواجار ده‌زانین گه‌لێک هۆکار هه‌ن که ‌ده‌بنه‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م روداوه‌ خوێناویانه‌ی تونس بۆ خه‌ڵکانی ئه‌وروپا که‌مبایه‌خ نه‌بێت:  به‌هه‌زاران گه‌شتیار له‌شه‌و و رۆژێکدا له‌که‌نار ده‌ریاکانی تونسه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا رزگار کران.

له‌که‌ناری مۆناستریه‌وه‌، که‌نارێک زۆربه‌ی گه‌شتیاران دڵیان پێی ده‌کرێته‌وه‌. رێک و راست له‌م که‌ناره‌خۆشه‌ویسته‌ی گه‌شتیاره‌کاندا  به‌ندیخانه‌یه‌ک ئاگر ده‌گرێت و گه‌لێک که‌س تیایدا گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئه‌م وڵاته ‌له‌به‌ر ده‌روازه‌ی ئه‌وروپادایه‌. له‌ئیتالیاوه‌ یه‌کجار نزیکه‌. هه‌روه‌ها گه‌لێک جاران    له‌ که‌ناره‌کانی تونسه‌وه‌ به‌له‌مگه‌ل به‌ره‌و ئه‌وبه‌ر ده‌که‌ونه‌ڕێ، به‌له‌مگه‌لێک سه‌رنشینه‌کانیان بریتین له‌په‌نابه‌ر و ده‌یانه‌وێت له‌وبه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا بگیرسێنه‌وه‌ و ژیانێکی باشتریان هه‌بێت.

که‌واته ‌ئه‌وه‌ کارێکی باشه‌ که‌ یه‌کێتیی ئه‌وروپا  سه‌رنج ده‌داته‌ مه‌غریبیه‌کان و ده‌یه‌وێت دیموکراسی له‌و وڵاتانه‌دا بچه‌سپێت.

دیاره‌ له‌مێژه ‌کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ که ‌وڵاتانی یه‌کێتیی ده‌ریای ناوه‌ڕاست پتر پڕژیان بکرێن. ئه‌م پڕژیانکردنه‌ خۆی له ‌ئه‌م خاڵه‌ گرنگانه‌دا  ده‌بینێته‌وه‌: پتر  هاوکاریکردن له‌بواری ئابوریدا،  ئاسانکاریی له‌لایه‌ن ئه‌وروپاوه‌ بۆ هاتوچۆکردنی  ئه‌و لاوانه‌ی که‌وشیارن، لاوانێک به‌نه‌وه‌ی فه‌یسبوک ناسراون و زانیاریان سه‌باره‌ت به‌دنیا هه‌یه‌.
بێجگه‌ له‌وه‌ش خستنه‌به‌رده‌ستی نه‌خشه‌ی دواڕۆژ (پێرسپێکتیڤێ) . ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ین، ئه‌ی چۆن به‌ر به‌ئه‌و هه‌مو کۆچبه‌رانه‌ بگرین که ‌له‌وێوه ‌دێن؟

خه‌ڵكه‌ پرۆتێستۆکاره‌کانی تونس نه‌ڕیشیان هه‌یه ‌و نه‌حیجاب، خۆشبه‌ختانه‌ سه‌ر به‌ئیسلامی سیاسی نین.  به‌ڵکو خه‌ڵکانێکن وادیاره‌ سه‌ر به‌چینی  ناوه‌ڕاست بن و له‌ده‌ست گرانیی بازاڕ و  هه‌ڵکشانی رێژه‌ی بێکاریی به‌ته‌واوی جاڕس بون. راکێشانی ئه‌م مرۆڤانه ‌له‌لایه‌ن ئه‌وروپاوه‌ نه‌ک به‌ته‌نیا ئاشتی و ئارامیی له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێنن، به‌ڵکو ده‌بنه‌مایه‌ی خۆشگوزه‌رانیش.

سه‌رچاوه‌:  فرانکفورته‌ر ئالگێماینێ

Sbeiy.com © 2007