Print
 رۆژنامه‌ی‌ لۆمۆند: له‌یلا ماتری، هاوسه‌ری‌ سه‌رۆكی تونس‌ 1.5 ته‌ن ئاڵتونی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوه‌ بۆ دوبه‌ی
Tuesday, January 18, 2011
(سبه‌ی‌):
به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ فه‌ره‌نسیه‌كان بۆ رۆژنامه‌ی‌ (لۆمۆند)یان ئاشكراكردوه‌، له‌ كاتی‌ هه‌ڵاتنی له‌ تونس، له‌یلا ماتری‌، هاوسه‌ری‌ زه‌ینولعابیده‌ینی‌ سه‌رۆكی تونس، 1.5 ته‌ن ئاڵتونی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوه‌ بۆ دوبه‌ی.
سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌كردوه‌: رۆژی‌ 14ی‌ مانگ، ماتری‌ رۆشتوه‌ بۆ بانكی ناوه‌ندی تونس بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پارچه‌ ئاڵتونانه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارێزگاری‌ بانكه‌كه‌وه‌ رێگه‌ی‌ لێگیراوه‌. دواتر ناوبراو په‌یوه‌ندی ‌به بن عه‌لی‌ مێردیه‌وه‌ كردوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌سه‌ره‌تاشدا پێش ئه‌وه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت، بن عه‌لی‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئاڵتونانه‌ی‌ بدرێتێ‌.
رۆژنامه‌ی‌ لۆمۆند، له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌ فه‌ره‌نسیه‌كه‌وه‌ نوسیویه‌تی‌: ماتری‌ 1.5 ته‌ن ئاڵتونی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوه‌ بۆ دوبه‌ی، كه‌ بایی 45 ملیۆن یۆرۆ (60 ملیۆن دۆلار)ه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ فه‌ره‌نسیه‌كان، زه‌ینولعابیدین پێیوانه‌بوه‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌و خێراییه‌ بڕوخێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌شیان به‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوبراو وتارێكی نوێی‌ تۆماركردوه‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ناوبراو به‌ خواستی‌ خۆی‌ وڵاتی‌ جێنه‌هێشتوه‌.
Sbeiy.com © 2007