Print
 تونس: یه‌كه‌م شۆڕشی عه‌ره‌ب
Friday, January 21, 2011

مونا ته‌حاوی‌ 
 
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری‌
من هه‌میشه‌ وه‌ده‌رنانی زینلعابدین بن عه‌لی به‌ شۆڕشێكی راستگۆیانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌زانم، نه‌ك به‌ كوده‌تایه‌ك.

له‌ ماوه‌ی‌ 58 ساڵی رابردودا، هه‌مو 23ی ته‌موزێك، میسر، ئه‌و وڵاته‌ی‌ كه‌ لێی له‌ دایك بوم، یادی "شۆڕشی ته‌موز" ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زاڵ بو به‌سه‌ر پادشا فاروق و كۆتایی هێنا به‌ پادشایه‌تی و به‌ریتانیای داگیركه‌ریشی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ وه‌ده‌رنا. ئه‌مه‌ شۆڕش نه‌بو، به‌ڵكو كوده‌تایه‌ك بو له‌ لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌ گه‌نجه‌كانی سوپاوه‌ ئه‌نجام درا.

زنجیره‌یه‌ك له‌ "شۆڕش"ه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ئێمه‌یان به‌ جلی مه‌ده‌نییه‌وه‌ دوای خۆیان خست و هه‌ندێك له‌و سه‌ربازانه‌ش هه‌ر به‌ جلی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌شداربون و مانا ڕاستییه‌كه‌ی شۆڕشیان شێواند. بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ندان ساڵ ئیره‌ییم به‌ ئێرانییه‌كان ده‌برد، نه‌ك له‌به‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی شۆڕشی ساڵی 1979، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری‌ بو نه‌ك كوده‌تایه‌ك.

كه‌واته‌ تۆ ئێستا تێده‌گه‌ی‌ بۆچی، له‌ ناو ملیۆنان عه‌ره‌ب، من تا هه‌تایه‌ ده‌ڵێم رۆژی 14ی كانونی دوه‌می 2011، كه‌ زینلعابدین بن عه‌لی له‌ تونس هه‌ڵات، به‌ هۆی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ 29 رۆژییه‌كه‌وه‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ژێر ده‌رهێنرا. ئه‌مه‌ شۆڕشێكی راسته‌قینه‌ بو له‌ پێناوی‌ گۆڕاندا.

 ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ دژی دیكتاتۆرێك هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌واته‌ ئێستا تۆ تێده‌گه‌ی كه‌ بۆچی، سه‌ره‌ڕای هه‌مو راپۆرته‌كان ده‌رباره‌ی‌ ئاژاوه‌كان و به‌تاڵان بردن و یاری سه‌ركرده‌كان، من هێشتا پیرۆزبایی ده‌كه‌م. با ئێمه‌ فرمێسك نه‌ڕێژین بۆ ئه‌و هه‌زاران تونسیه‌ی‌ كه‌ ژیانی خۆیان خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بۆ وه‌لانانی دیكتاتۆره‌كه‌یان كه‌ رۆژی هه‌ینی له‌ گه‌شتیاره‌ ئه‌وروپیه‌كان شێواند.  

ئه‌و هاوكێشانه‌ی‌ ئێستا ده‌وره‌ی‌ تونسیان داوه‌ زۆر رونن: ئێمه‌ نازانین كێ و چ جۆره‌ سه‌ركردایه‌تیه‌ك له‌ تونس پێكدێت، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه‌  كه‌ كێ هه‌وڵی په‌كخستنی ئه‌م شۆڕشه‌ی‌ تونس ده‌دات: ئه‌مانه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ عه‌ره‌بانه‌ن كه‌ مانگی پیشوتریان به‌ ترسه‌وه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی روداوه‌كانی تونس به‌سه‌ر برد. تۆ دڵنیا به‌ له‌وه‌ی‌ دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌ ئێستا خه‌ریكی پارانه‌وه‌ و دوعا كردنن بۆ  رودانی ئاژاوه‌ و روخانی شۆڕشی تونس.

هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌یان بیرچۆته‌وه‌ چی رویدا له‌ تونس: هیچ لێدوانێكی ره‌سمی له‌ لایه‌ن جه‌زائیر و مه‌غریبه‌وه‌ نه‌درا. ئه‌وانی تریش، وه‌كو وڵاتی میسر، وتیان كه‌ رێز له‌ ویستی تونسیه‌كان ده‌گرن به‌ڵام له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان دوپات كرده‌وه‌ كه‌ هیچ لێكچونێك له‌ نێوان تونس و وڵاته‌كانی ئه‌واندا نییه‌.

با بێینه‌ سه‌ر باسی كۆنترین دیكتاتۆری جیهان، موعه‌مه‌ر قه‌زافی، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیگه‌رانییه‌كانی سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان تێبگه‌ین. به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌زاران له‌ هاوڵاتیه‌كانی به‌ گوله‌ی‌ سوپای بن عه‌لی له‌ ناوچون له‌ پێناو ئیدانه‌ كردنی بێكاری و دڕنده‌یی پۆلیس و گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ت، موعه‌مه‌ر قه‌زافی رایگه‌یاند كه‌ تونسیه‌كان ئێستا به‌ خوێنڕشتن و بێ یاساییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن چونكه‌ ئه‌وان زۆر په‌له‌یان بو له‌ رزگاربون له‌ بن عه‌لی.

ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌ره‌ب به‌ ترسه‌وه‌ ته‌ماشای روداوی تونسیان كردبێ، ئه‌وا هه‌ر تاكێكی عه‌ره‌ب به‌ هیواوه‌ بۆی ده‌ڕوانێ، چونكه‌ نه‌ ئیسلامیه‌كان، كه‌ جێگه‌ی ترسی ئه‌و سه‌ركردانه‌ بون و نه‌ هیچ سوپایه‌كی بێگانه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی تونسی روخاند، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ته‌نها خه‌ڵكی ئاسایی و به‌ش خوراوه‌كان بون كه‌ ئه‌مه‌یان كرد.

تونسیه‌كان پێویسته‌ هه‌رگیز ئه‌مه‌یان بیر نه‌چێت. ئێمه‌ گوێمان له‌ راپۆرته‌كانه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك له‌ لایه‌ن دراوسێكانه‌وه‌ بۆ پاراستن له‌ دژی تاڵان كردن و توند و تیژی، كه‌ پیاوانی بن عه‌لی تێیدا تۆمه‌تبار ده‌كرێن.

چاودێرانی خۆرئاوا و قه‌زافیش باسی وكیلیكسیان كردوه‌، به‌ڵام هه‌ردوكیان هۆی جیاوازییان هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌. به‌ پێی زانیارییه‌كان كه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ دزه‌یان كردوه‌، شۆڕشه‌كه‌ی‌ تونس به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و چاودێرانیش تونسیه‌كان له‌كه‌دار ده‌كه‌ن به‌ پشتگوێ خستنی راستییه‌كان و نه‌توانینی دژ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر دیكتاتۆره‌كان. قه‌زافی دژی وكیلیكس وه‌ستایه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌وێت سه‌رزه‌نشتی هه‌ندێ شتی تر بكا سه‌ره‌ڕای ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك و سه‌رچاوه‌كانی تریپۆلیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ قه‌زافی بۆتۆكس (كه‌ ده‌رمانێكه‌ به‌كارده‌هێنرێ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نج ده‌ربكه‌ویت) به‌كارده‌هێنێت كه‌ له‌ لایه‌ن په‌رستارێكی "سه‌رنجراكێش"ی ئۆكرانییه‌وه‌ بۆی ده‌هێنرێت.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، لیبیاش به‌شی خۆی پرۆتێستۆكردنی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. قسه‌كانی قه‌زافی سه‌باره‌ت به‌ تونس هیچ مانایه‌ك ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌توانرێ وا لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ به‌ تونسیه‌كان ده‌ڵێت: من ده‌ترسم له‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتی ئێوه‌ روده‌دات.

بۆیه‌ من هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی‌ تونسیه‌كان كردیان به‌رز ده‌نرخێنم: ئه‌و شۆڕشه‌تان به‌ خۆشی بێت كه‌ چیتر كوده‌تا نییه‌.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی گاردیان

Sbeiy.com © 2007