Print
  خۆراک و ئازادی و دادگایی کردنی تاوانباران و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان
Saturday, January 22, 2011
مەهدی کاوانی

ئەوەی سەرەوە مانشێتە گرنگەکانی خەڵکی راپەڕیوی وڵاتی تونس بون...

ئەوەی ئێستا لە تونس دەکرێ‌ تەواوی دەسەڵاتدارە دکتاتۆریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی توشی شۆک کردوە، ترسی ئەوەیانە گڕەکە زو یان درەنگ ئەوانیش بگرێتەوە، هەروەها ئەو مانایەت دەداتە دەست کە گۆڕانی بنەڕەتی لە ناوەوە کاریگەریە راستەقینەکەی خۆی وەردەگرێ، ئەو گڕەی کە لە تونس هەڵگیرساوە تەنیا شۆڕشی گەلی تونس نیە، بەڵکو شۆڕشێکە لە دژی هەمو رژێمە دکتاتۆر و بنەماڵەیەکان و نیشانەیەکیشە بۆیان ئەمڕۆ یان سبەی گڕەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و روبەڕوی هەمان چارەنوسی زین ئه‌لعابدین بن عەلی دەبنەوە.

پێموانیە ئەو شۆڕشە هەرە فراوانە جەماوەریەی کە لە تونس بەرپا بوە، هەمان دەرئەنجامەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لێ بکەوێتەوە کە لەشوێن موحەمەد رەزا شا جمهوری ئیسلامی لێ شین بێتەوە، پێموانیە بە گۆڕانکاریەکانی پاش هەرەسهێنانی بلۆکی رۆژهەڵاتیش بچێت بەوەی لە رێگای هێزە دەرەکیەکان گۆڕانکاریەکان بێ ناوەڕۆک بکرێن، جیاوازیەکی زۆریشی تیایە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی پاش روخاندنی سەدام حوسێن رویدا، ئەوەی لە تونس رودەدا گۆڕانی ناوخۆ و شۆڕشێکی فراوانی هەمو گەلی تونسە لەپێش هەمویانەوە ئۆپۆزسیۆنی قەدەغەکراو و ئاشکراو جەماوەرێکی پان و بەرینی خەڵک بە تایبەتی جیلی تازە پێگەیشتو، بەڵێ شۆڕشێکە تەیاری چەپ و ئیسلامی و قەومی بە فراوانی گرتۆتەوە، ئەوەی ئەو شۆڕشە یان روداوە هەرە گرنگەی ئەو سەردەمەمان لە ناوچەیەکی هەستیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەکانی تر جیا دەکاتەوە، شۆڕشێکە نە بە مێشکی سیاسیەکانی ناوەوە کە ئەوانەی بە شکڵێک لە شکڵەکان موتەعاتف بون لەگەڵ دەسەڵات، نە بە ویستی تەیاری دینی و چەپ و قەومی کەوتوتەوە، ئەوەی وەک باس دەکرێ لەو راپەڕینە مەزنە کە بە ماوەی کەمتر لە مانگێک خەریکە هەمو شتی لە تونس دەگۆڕێ، جیلی تازە پێگەویشتوی گەلی تونسە لەپێناو نان و دیاردەی برسیەتی و گرانی و دۆزینەوەی کارو رادەدانان بۆ ئەو بێحورمەتیەی کە بەرامبار کەسایەتیەکانیان دەکرێ لەگەڵ هەبونی جیاوازیەکی لە رادەبەدەر لەنێوان نوخبەی دەسەڵات و جەماوەری پان و بەرینی کۆمەڵانی خەڵک بوە، بەڵی ئەم شتانە حەقیقەتی راستەقینەی جەماوەری راپەڕیو بو، بەڵام ئێستاکە و کە راپەڕینەکە رۆژ بە دوای رۆژ سەرکەوتنی لێ دەکەوێتەوە بەوەی دوێنی راپەڕینەکە لە دژی سەرۆکەکەیان بو، کە سەرۆک نەما ئیَستا لە دژی حکومەتی نوێیە بە سەرکردایەتی محه‌مه‌د غنوشی خەلەفی بن عەلی و هۆشداری دانێکیشە بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کە ئەوان ناتوانن بچنە ناو هەر جۆرە تەشکیلاتێک کە بۆنی دەسەڵاتی پێشتری لێ بێت، بەڵی هاتنە دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخۆن لەناو حکومەتی کاتی، پاڵەپەستۆی خەڵکی راپەڕیو بو، یەکێ لە لێکەوتەکانی تری راپەڕین، گۆڕینی هەلوێستی سوپا بو لە سوپایەک کە لەجیاتی داکۆکی لە دەسەڵاتی پێشو بکات دەیەوێت پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی راپەڕین بکات و بە پێکەوەیش لەگەڵ ملیشیاتی راپەڕی و بیانەوێ ئاسایشی تونس بپارێزن و نەیەڵن پاشماوەکانی رژێم و بازرگانە مشەخۆرەکان دەرفەت وەربگرن بۆ گران داهێنانی بازاڕ، ئەوەی کە زۆر گرنگە لە یەکێ لە بەدەرکەوتوەکانی ئەنجامی راپەڕین، گەڕانەوەی یەک لەدوای یەکی نوخبەی ئۆپۆزسیۆنی قەدەغە کراو بو بۆ ناو تونس و بۆئەوەی ئەوانیش بە دەوری خۆیانەوە رۆڵ ببینن تاوەکو راپەڕینەکە بە تەوژمتر بێت، دیارە حکومەتی بن عەلی وەک سەدام ئاسا بە درێژایی تەمەنی فەرمانڕەوایەتی هەمو ئازادیە سیاسیەکانی لە خەڵک و حیزبە سیاسیە بەرهەڵستکارەکان سەندبۆوە و ناچاری سەرکردەکانی کردبو کە لە دەرەوەی وڵات بژین و ئێستاکە ئەوانە پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە ناو باوەشی وڵات.

دەتوانین بە پلەی یەکەم بە شۆڕشی خۆراک ناوی بەین و پڕوشکەکەش لەو شوینە گڕی گرت کە گەنجیکی ده‌رچوی‌ زانکۆ لەبەر بێکاری بە عارەبانە سه‌وزه‌ی‌ دەفرۆشت و دەزگای داپلۆسێنەری دەسەڵاتیش رێگایان پێگرت و ئەویش لە خەفەتا خۆی سوتاند و بە دوایەوە ئەو شۆڕشە مەزنەیی تونسی لێ کەوتۆتەوە، کە زنجیرەکانی تریشی بە دواوەیە و پێش ناچێ وەک شۆڕش و راپەڕینەکانی تر بکەوێتەوە، زه‌ین عابدینی دکتاتۆر وەک سەرۆکی هایتی پێشو و عیدی ئەمینی ئۆغەندە و موحەمەد رەزای ئێرانی و سەدام حوسێنی عیَراق لە لایەن وڵاتە بڕیار بەدەستەکانی جیهان پاڵپشتیان لێوە دەکرا، کە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک کەوتە ئاقاری ئەوەی کە ئەو شۆڕشە هاتوە و پاشەکشەی نیە بۆیە بە ناچاری خۆ وا بەدەردەخەن کە پاڵپشتی لێوە دەکەن و لە لایەکی تریشەوە، وا پێدەچی کە زه‌ین ئه‌لعابدینیان پشتگوێخستبێ و لە هەوڵی ئەوە دابن کە بەدیلێکی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەرقەرار بکەن، ئەوەی بە درێژایی مێژو ئەو زلهێزانە رەچاویان کردوە، داکۆکی کردنیان بوە لە فەرخە دکتاتۆرەکانیان لەهەر کوێوەکە بن، کە زانیویانە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک گەیشتۆتە ئاستێک کە لە توانایان دانیە چیتر داکۆکیان لێ بکەن، پەنایان بردۆتە بەر بەدیلی گونجاو. لە ئێران بە ناچاری گلۆپی سەوزیان بۆ دین و خومەینی پیَکرد لە دژی شەپۆلی یەساری گڕگرتو، لە عیَراق بە هۆکاری دەرەوە کۆتاییان بە فەرخە دکتاتۆریەکەیان هێناو ئێستاش لە تونس توشی شۆک هاتون و ناشیانەوی لەو زەمەنە شۆڕشەکەی تونس بە لای تەیاری دینی بکەوێتەوە بۆیە هەمو هەوڵ و توانایان بۆ ئەوەیە لە رێگای بەرەلاَ کردنی ئازادیەکان و پێکهێنانی حکومەتی نیشتمانی زەمینەی مانەوەی بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە مسۆگەر بکەن، پێشموانیە ئەو تەفویزەی سەرۆکی پێشو بۆ (محه‌مه‌د غنوشی) کە بە پلانی ئەمەریکا و فەرەنسا و سەرۆکی پیشوە فۆڕمەڵەی لەسەر کراوە، هیچی لە شوێن شین بێتەوە.

شۆڕشی مەزنی گەلانی تونس لەو کات و ساتانەیە کە ریفراندۆمی گەلی باشوری سودان بە زۆرینەیەکی هەرە فراوانەوە دەنگ بۆ جیابونەوەیان لە سودان و پێکهێنانی دەوڵەوتێکی سەربەخۆ دەدەن واتە لەو ئان و ساتانەیە کە لە ناوچەیەکی هەرە حەساس و دور لە ئیرادەی فەرخە دکتاتۆریەکانی ناوچەکە دەوڵەتیکی نوێی جیهانی و نوێ لەو ناوچە هەستیارە دروست دەبێ، دروست بونی دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکە مانای هەڵوەشاندنەوەی دیوارێکی تری لە بابەت دیواری بەرڵینە و ئەو زەمینەیە بۆ ناوچەکە دەڕەخسێ کە سنورە تاتاشراوەکانی تری ناوچەکە ئەمڕۆ یان سبەی بە ئاقاری دەوڵەتی نوێی باشوری سودان بەڕێوە دەڕۆن، هەڵبەتە شۆڕشی کڵپە سەندوی تونسیش مانای هاتنە پیشەوەی شەپۆلیَکی تری دیموکراتی لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوەی ئەو وەرچەرخانە نوێیەی ئێستای ناوچەکە زیاتر خۆی لەوە دەبینێتەوە کە لێرەو لەوێ دکتاتۆرەکان لەژیر تەوژمی راپەڕینی خەڵکەوە هەڵێن و کورسی دەسەڵات بەجێ بهێڵن، ئەو پروشکە هەر لە ئێستاوە بە میسریش وەنوساوە و چاوەڕانی ئەوەی لێ دەکرێ ئەردەن و سوریا وئەم و ئەوی تریش بگرێتەوە، شۆڕشی گەلانی تونس و جیابونەوەی باشوری سودان تا بڵێیت یەکانگیر و تەریبن لەگەڵ یەکتری و هەر یەکەیان ئەمەکەی تر تەواو دەکا. تونسیەکان زەمینەی پڕۆسیسی دیموکراتی لە تەواوی ناوچەکە دێننە پیتشەوەو جیابونەوەی باشوری سودانیش پڕۆشکەکەی بۆ گەلانی تری ناوچەکە بە گەلی کوردیشەوە، لە شوێن خۆیەتی لییان بکەوێتەوە کە لە شوێن سنورە داتاشراوەکان، دەوڵەتی نەتەوایەتی نوێ و جیابونەوەی نوێ وەرچەرخێندرێت و بە دواشیەوە زەمینەی پێشکەوتن و بەرەو پێشەوە چونی تەواوی ناوچەکە وەبەربهێنرێ.

 

Sbeiy.com © 2007