موسته‌فا ئهلتلیلی *
و: ئارام سه‌عید
نیویۆرک: له‌کاتیکدا هه‌وڵم ئه‌دا له هۆکاری ته‌واوی شۆڕشی تونسی بگه‌م و ئایندهی پێوانه بکه‌م، سه‌یری سه‌ر مێزه‌که‌مم کرد، بینیم رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز له دو ژماره‌یدا له لاپه‌ڕه یه‌کدا باسی تونس ده‌کات، به‌ڵام جیاوازی مێژوی نێوان هه‌ردو ژماره‌که 23 ساڵ بو.
یه‌که‌م ژماره‌یان دانه‌یه‌ک بو که لاپه‌ره‌کانی زه‌رد بوه و چرچ بو که مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 7ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1987. له‌و وتاره‌دا که له‌ژێر ناونیشانی "کوده‌تا له تونس" بڵاوکرابۆوه، راپۆرتێک له‌سه‌ر روخانی بورقیبهیه، دامه‌زرێنه‌ری پیری تونسی نوێ و پاڵه‌وانی سه‌ربه‌خۆیی. که له شه‌وه‌زه‌نگێکدا به کوده‌تایه‌کی بێ خوێن رشتن و به پلانی زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی له‌سه‌رکار لابرا.
له رۆژانی دواتردا ده‌یان هه‌زار تونسی له ناوه‌ڕاستی شاری تونس ئاهه‌نگیان گێڕا به بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر رزگاربونیان له ساڵانی وه‌ستان و نادڵنیایی که له ئه‌نجامی پیرێتی و خڵه‌فانی بورقیبه دروست بو بو. بن عه‌لی سه‌رۆکی نوی له روانگه‌ی زۆر که‌سه‌وه له ساڵه‌کانی سه‌ره‌تادا وه‌ک پاڵه‌وان سه‌یرده‌کرا، له راستیشدا شایه‌نی ئه‌و سیفه‌ته بو که پێدرابو.
به‌ڵام دوا ژماره‌ی رۆژنامه‌که مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆژی شه‌ممه 15/ کانونی دوه‌م ساڵی 2011 . جارێکی تر ناونیشانی سه‌ره‌کی "سه‌رۆکی تونس له‌به‌رده‌م ئاره‌زوی خۆپیشانده‌ران، رای‌کرد"
ئه‌مجاره‌یان راپۆرته‌که که‌متر رون بو که‌متریش دڵنیای ئه‌به‌خشی. کێ بون خۆپیشانده‌ران؟ پاڵنه‌ره‌کانیان چی بو؟ وڵات له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی تونس به وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامی داده‌نرێت به بۆچونی زۆربه‌ی چاودێره خۆرئاواییه‌کان، ئایا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا کاریگه‌ری دۆمنۆ ئاسایی ده‌بێت؟
بۆ گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه، سه‌یری ئه‌و فۆتۆ گه‌وره‌یه‌م کرد که له لای چه‌پی ناونیشانی سه‌ره‌کی وتاره‌که بڵاوکرابۆوه. ده‌ریایه‌ک له مرۆڤ شه‌قامی حه‌بیب بورقیبهی هه‌ژاند بو که شه‌قامێکی جوانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه. به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوخۆیی ژماره‌ی خۆپیشانده‌رانی 14ی کانونی دوهه‌م له په‌نجا بۆ شه‌ست هه‌زار که‌س ده‌بون.
ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی له وێنه‌که‌دا ده‌بینران خه‌ڵکی ناوچه‌ی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست بون، زۆربه‌یان کوڕی گه‌نج بون، له‌وه ئه‌چو به‌ته‌مه‌نترینیان له ته‌مه‌نی سیه‌کاندا بێت. هه‌مو ئه‌وانه‌ی له وێنه‌که‌دا بون ریشیان تاشرابو، ته‌نانه‌ت به به‌کارهێنانی زهرهبینیش نه‌متوانی ریشدارێک بدۆزمه‌وه له وێنه‌که‌دا.
هه‌روه‌ها چه‌ند کچێکی گه‌نجم تیا بینی سه‌رپۆش یان په‌چه یان بورقع یان نه‌کردبو، به سه‌یرکردنی ئه‌و وێنه‌یه مرۆڤ واده‌زانێت ئه‌و روداوه ره‌نگه له به‌رشه‌لۆنه، یان لیۆن یان ناپۆلی بێت.
خۆپیشانده‌ران ئاڵای تونسیان به‌رزکردبۆوه، یان چه‌ند نیشانه‌یه‌ک که هێما و دروشمی جیاوازی تیدا بو بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی بن عه‌لی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوی زۆرداری که له ساڵانی دوایی حوکمیدا ده‌یکرد. له‌وه‌شدا ته‌نها ئاماژهیهکیشم بۆ ناوی خودا نه‌بینی، یان ئیسلام، یان ئوممه‌ی (کۆمه‌ڵی ئیمانداران).
هه‌مو ئه‌مانه‌ش ئاماژه‌یه به‌وه‌ی مێژو شۆڕشی یاسه‌مین به هه‌مو دیاردهکانیهوه وه‌ک شۆڕشی عیلمانی ناوده‌بات.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای راپهرینهکهوه فه‌زای ئه‌له‌کترۆنی پڕبو له به‌شداری له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌لکترۆنی وه‌ک تویته‌ر و فه‌یس بوک، نامه‌کان باسیان له ئازادی ده‌کرد، ئازادی راده‌ربڕین، حوکمڕانی جوان، فره حیزبی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ. ئه‌و بابه‌تانه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ون و ئاسۆیانه‌دا نه‌ده‌هاته‌وه روبه‌ڕوی ره‌خنه و تانه ده‌بونه‌وه. به‌راستیش موعه‌مه‌ر قه‌زافی سه‌رکرده‌ی لیبیا و یوسف قه‌ره‌زاوی بانگه‌وازخوازی ته‌له‌فزیۆنی قه‌ته‌ری جێگه‌ی گاڵته‌پێکردن بون کاتێک روداوه‌کانی تونسیان به نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌ب یان ئیسلامه‌وه به‌سته‌وه.
ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی کۆتای‌یان به رژێمی بن عه‌لی هێنا خه‌ڵکی خوێنده‌واربون له کوڕان و کچانی چینی ناوه‌ڕاستی عیلمانی فراوان، که‌چه‌ند ده‌یه‌ک له سه‌رده‌می حه‌بیب بورقیبه پێگهیهندرابون. پێش ساڵانی حوکمڕانی بورقیبهش، ته‌نانه‌ت پێش هاتنی ئیستعماری فه‌ره‌نسیش له ساڵی 1881، هێڵێک له سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بون تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده روه‌و ئه‌وروپا و رۆشنگه‌ری ده‌یانڕوانی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی وڵات. به دیاریکراوی ناسنامه‌ی تونسی له‌و مێژوه‌وه شێوازی خۆی بۆ دارێژرا.
ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و ئاماژانه‌ی مژده‌به‌خش نابێت بۆ ئه‌وانه‌ی باسی کاریگه‌ری دۆمینۆ ئاسا ده‌که‌ن له‌و شۆڕشه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ده‌وڵه‌تێکی تری عه‌ره‌بی ئه‌و چینه‌ی ناوه‌ڕاستی به‌هێزی تونسی نیه، یان ئه‌و نه‌ریته به‌هێزه‌ی حکومه‌تی عیلمانی نیه که له تونس هه‌یه. شۆڕش له‌هه‌ر کام له‌و وڵاتانه به ئاسانی ئیسلامیه‌کان ده‌هێنێته سه‌ر حوکم، به‌ڵام ئه‌وه دورو نزیک په‌یوه‌ندی به راپه‌رینی گه‌لی تونسه‌وه نیه.
پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین زه‌ین ئه‌لعابدین بین عه‌لی کاری کردوه بۆ پته‌وکردنی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی بارودۆخی تونسی والێکردوه جیاواز بێت، پشتگیری یه‌کسانی هه‌ردو ره‌گه‌ز، جیاکردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت. هه‌روه‌ها سه‌رکه‌وتوش بو له‌به‌رزکردنه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابوری که تونس له وڵاتانه‌یه له‌سه‌روه‌ت و سامانی سروشتی‌دا هه‌ژاره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هاوکاری نه‌هێشتنی هه‌ژاریی کرد، جگه له‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه‌کانی تونس و ئه‌روپای به‌هێزکرد له رێگه‌ی گه‌شتوگوزار، بازرگانی و رۆشنبیری.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه زه‌ین ئه‌لعابدین ته‌سلیمی ئاره‌زوه‌کانی گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوتکردن بو، که رۆبه‌رت ف.جۆدیک باڵویزی پێشوی ئه‌مه‌ریکا له تونس به‌شێوه‌یه‌کی فراوان شیکردۆته‌وه له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له مانگی رابردوا ویکیلیکس بڵاوی کرده‌وه.
سه‌ڕه‌رای ئه‌و زه‌ره‌رو زیانه گه‌وره‌یه‌ی له‌ڕوی دارایی و له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵک له‌سه‌ر ده‌ستی ژماره‌یه‌ک له توندڕه‌وه‌کان له لایه‌نگرانی بن عه‌لی رویاندا، رۆژانی ئاڵۆزی ترسناک له دوای روخانی دیکتاتۆر ئاراسته‌ی شۆڕشه‌که‌ی نه‌گۆڕی. له‌وه‌ش سه‌رنج راکێشتر سوپای تونس رۆڵی دامه‌زراوه‌ی دلسۆزی کۆماری به بێلایه‌نی بینی، هاوکاری پرۆسه مه‌ده‌نیه‌که‌ی کرد.
له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئاسایش و ژیانی سروشتی ورده ورده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تونس، حکومه‌تێکی کاتی پێکهێنرا که تیایدا ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی ئۆپۆزیسیۆنی تیدایه، دواتر سه‌رکرده‌کانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر زو ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی له بونی ژماره‌یه‌ک له وه‌زیره کۆنه‌کانی سه‌رده‌می بن عه‌لی حکومه‌تیان به‌جێهێشت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت پێکهێنانی حکومه‌تیکی گشتگیر هێشتا له سه‌ره‌تادایه. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش حکومه‌تی نوێ پابه‌ند بونی خۆی به ره‌سمی راگه‌یاند به ئازادی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و کۆڕ و کۆبونه‌وه، ئازادکردنی سه‌رجه‌م زیندانه سیاسیه‌کان، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێکی سه‌رۆکایه‌تی و پارله‌مانی ئازاد به سه‌رپه‌رشتی نێوده‌وڵه‌تی له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا.
هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی تونس کێشه‌ی کاتی هه‌بو، راپه‌ڕینێکی میللی بو بۆ ئه‌و رژێمه‌ی شکستی هێنا له بونیادنانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد که هه‌میشه گه‌لی تونس هه‌وڵی بۆئهدا و داوای ئه‌کرد. کاتێک جارێکی تر سه‌یری هه‌واڵه‌کانی پانزده‌ی کانونی دوه‌مم ده‌کرد، هه‌ست به شانازیی و ئاوات ئه‌که‌م، شانازی به‌و وڵاته‌ی بۆ جیهانی سه‌لماند ئاماده‌یه دیموکراسیه‌تی عیلمانی راسته‌قینه دابمه‌زرێنێت، هیواش به رێگه‌وه‌یه.
* موسته‌فا ئهلتلیلی: نوسه‌رێکی تونسیه، لێکۆڵه‌ره له زانکۆی نیویۆرک، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری زانکۆی نیویۆرکه به دیالۆگ، دوا رۆمانی به ناونیشانی" پاشنیوهڕۆیهک له بیابان" خه‌ڵاتی "کۆمار"ی ئاڵتونی وه‌رگرت، که باڵاترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیه له تونس.
سه‌رچاوه: سه‌نده‌ی تایمز