Print
 میسر: وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌مو جۆره‌ خۆپیشاندان و رێپێوانێكی قه‌ده‌غه‌كرد
Saturday, January 29, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ 10 هه‌زار كه‌سیه‌ی‌ دوێنێ‌ (سێشه‌ممه‌) شاره‌كانی‌ میسری‌ گرته‌وه‌ و تێیدا داواكرا حوسنی‌ موباره‌ك وڵات جێبهێڵێت، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ میسری‌ له‌ راگه‌یاندنێكدا هه‌مو جۆره‌ خۆپیشاندان و رێپێوانێكی قه‌ده‌غه‌كردوه‌. هاوكات به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی‌ (اخبار عرب)، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی‌ میسره‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌: "جه‌مال موباره‌كی كوڕی‌ حوسنی‌ موباره‌كی سه‌رۆكی‌ میسر، دوانیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ و كچه‌كه‌یدا به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵاتون و له‌گه‌ڵ خۆیاندا 97 جانتاو 37 سندوقیان بردوه‌" كه‌ گومان ده‌كرێت ئاڵتون و پاره‌یان تێدا بوبێت.
سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ناڕه‌زاییه‌كانیش، له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ میسردا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌: له‌ كاتی‌ سه‌رپێچی ئه‌و بڕیاره‌یاندا رێ و شوێنی‌ یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكه‌ران ده‌گیرێته‌به‌رو راپێچی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.
به‌ بۆچونی چاودێرانی سیاسی، له‌ دوای‌ راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1977، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین خۆپیشاندانی گه‌وره‌یه‌ له‌ میسر ئه‌نجامبدرێت.
له‌ ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا مامه‌ڵه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی میسر له‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كان، كه‌ 200 گیراو و كوژرانی 4 كه‌سی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ ره‌سمی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا داوایان له‌ حكومه‌تی میسر كردوه‌، رێگه‌ به‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین بدات و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زاییه‌كاندا بكات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان وه‌ك مافێكی سه‌ره‌تایی، پشتگیری‌ له‌ ئازادی‌ راده‌ربڕینی‌ هه‌مو گه‌لان ده‌كات و داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی میسریش ده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زاییه‌كاندا بكات".
ئه‌وه‌شی وتوه‌: "ده‌رفه‌تێكی گرنگ له‌ به‌رده‌م حكومه‌تی میسردا هه‌یه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ داواكاریه‌كانی‌ گه‌لی‌ میسر، كه‌ خۆی‌ له‌ چاكسازی سیاسی و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بینێته‌وه‌".
له‌ فه‌ره‌نساش، میشال ئالیو ماری‌، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ وتویه‌تی: "په‌ژاره‌ی‌ خۆمان له‌ كوژرانی چه‌ند كه‌سێك له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ میسر ده‌رده‌بڕین و داوا ده‌كه‌ین سه‌رجه‌م وڵاتان زیاتر بره‌و به‌ ره‌وشی دیموكراتی بده‌ن".
به‌پێی‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) سه‌رباری‌ مامه‌ڵه‌ و رێوشوێنه‌ تونده‌كانی‌ پۆلیس و پیاوانی ئاسایش، به‌شێوه‌یه‌كی‌ كه‌م خۆپیشانده‌ران له‌ شاره‌كاندا به‌رده‌وامن له‌ ده‌ربڕینی‌ هوتافه‌كانیان و له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ 6 ی‌ ئه‌بریلی‌ ئۆپۆزسیۆن)، داوایكردوه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌بێت.
به‌پێی‌ هه‌واڵێكی ئاژانسی (فرانس پرێس)یش، 20 بۆ 30 هه‌زار له‌ پیاوانی‌ ئه‌من و پۆلیسی میسری‌ له‌ ناو قاهیره‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ی‌ ئه‌منیش به‌ ده‌وری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆدا دروستكراوه‌.
Sbeiy.com © 2007