Print
 موباره‌ک حکومه‌تی میسری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و بڕیاریدا حکومه‌تێکی نوێ پێکبهێنرێت
Saturday, January 29, 2011

(سبه‌ی):
دوای ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی دوێنێ (هه‌ینی)ی میسر که‌ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی گرته‌وه‌، حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریدا به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و پێکهێنانی حکومه‌تێکی نوێ.
دره‌نگانێکی شه‌وی رابوردو حوسنی موباره‌ک له‌یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنیدا دوای ده‌ستپێکردنی خۆپیشاندانه‌کانی هاوڵاتیانی میسر که‌ داوای کۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵات و حوکمی 30 ساڵه‌ی ناوبراویان ده‌کرد، حوسنی موباره‌کی ته‌مه‌ن (82) ساڵ له‌لێدوانێکیدا، به‌ڵێنیدا که‌ چه‌ند هه‌نگاوێکی نوێ بنێت له‌پێناو چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وڵاتدا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شداو له‌یه‌که‌م هه‌نگاویدا، سه‌رۆکی میسر بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تی میسر و پێکهێنانی حکومه‌تێکی نوێ و ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌، که‌ سور ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاکسازی له‌وڵات و فه‌راهه‌م کردنی ئازادییه‌کان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان و سه‌ربه‌خۆ کردنی دادگاکان و بڕیاره‌کانی.
هه‌روه‌ها به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز)، له‌ خۆپیشاندانه‌کانی دوێنێ (هه‌ینی) میسرداو به‌هۆی پێکدادانانی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و خۆپیشانده‌راندا، 5 که‌س کوژران و 870 که‌سی دیکه‌س برینداربون.

Sbeiy.com © 2007