Print
 سه‌ركردایه‌تی‌ كورد ستراتیژیی‌ روون ‌و ئاشكرایان له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140دا نییه‌
Wednesday, August 22, 2007
سیروان ژاژڵه‌‌ی (رۆژنامه‌):
لێدوانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ رایان كرۆكه‌ری‌ باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی‌ 140‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، لایه‌نێكی‌ گرنگی‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیی عیراقی هێنایه‌ نێو باسوخواسی‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ دواخستنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش ئه‌مریكایه‌ و تا دوێنێ‌ پێداگیریی له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ باس له‌دواخستنی‌ ده‌كات.
ئه‌م قسانه‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ كرده‌ ئه‌گه‌رێك ره‌نگه‌ دواجار ببێته‌ ئه‌مری‌ واقیع، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌دا كورد چی ده‌كات ‌و چۆن مامه‌ڵه‌ده‌كات؟
سۆزان شه‌هاب، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مادده‌ی‌ 140 له‌ پارله‌مانی‌ كوردستان، ره‌شبینی‌ خۆی به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ پیشاندا، به‌تایبه‌ت دوای‌ لێدوانه‌كانی‌ كرۆكه‌ر.
سۆزان وایده‌بینێت جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ رێككه‌وتنێكی‌ سیاسییه‌وه‌ ‌و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌نده‌ی‌ بڕیارێكی‌ سیاسییه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌تبیقكردن بۆ مادده‌یه‌كی‌ ده‌ستووری‌ نییه‌"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا له‌م رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌دا كورد ده‌توانێت سه‌ركه‌وتووبێت.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مادده‌ی‌ 140 له‌ پارله‌مانی‌ كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، ده‌بێت كورد هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ هه‌بێت ‌و پێداگریی‌ تێدابكات، به‌ڵام پرسیاری‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ "ئایا ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئێستا ده‌یكه‌ین كیفایه‌ته‌؟".

رزگار عه‌لی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، پێیوایه‌ دواخستی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ كارێكی‌ وه‌ها ئاسان نییه‌ و پێویستی‌ به‌ ره‌زامه‌ندی‌ چه‌ند لایه‌نێك هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ "لیژنه‌ی‌ باڵای‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140، سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق، وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ‌و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق".
نه‌جات حه‌سه‌ن، به‌رپرسی لقی كه‌ركوكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، هه‌موو ئه‌و لێدوانانه‌ و له‌ چوارچێوه‌یشیدا لێدوانه‌كه‌ی‌ كرۆكه‌ر كه‌ باس له‌ دواخستنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڕای‌ شه‌خسی خۆیان ناوبرد "ئه‌وه‌ گوزارشت له‌ رای‌ خۆیان ده‌كات ‌و رای‌ گه‌لی عیراق ‌و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی نییه‌ كه‌ له‌ده‌ستووردا بڕیاریان له‌و مادده‌یه‌ داوه‌".
هه‌ندێك وایده‌بینن، ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌میدا كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ فۆڕم ‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌، به‌ بارێكی‌ ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕیت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بیر له‌ دواخستنی‌ بكه‌نه‌وه‌.
سۆزان شه‌هاب، وانازانێت له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌رژمێری ‌و ساغكردنه‌وه‌ی‌ كوردستانێتی‌ ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ مادده‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ گرفتێك هه‌بێت، به‌ڵكو پێیوایه‌ زۆر به‌ چاكی‌ ده‌توانرێت كۆنترۆڵبكرێت "زۆر به‌ چاكی‌ ده‌توانین سه‌یته‌ره‌ بكه‌ینه‌ سه‌ر ئاماره‌كه‌ ‌و خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك جیابكرێته‌وه‌". رزگار عه‌لی، ئاشكرایكرد ئاماده‌سازیی‌ ئه‌منیی بۆ قۆناغه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌كه‌ن ‌و گرفتێك له‌ئارادا نییه‌ "ئێمه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌ك ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ ئاسایش بۆ ده‌نگدان".
نه‌جات حه‌سه‌ن، سووربوونی‌ خۆیانی‌ وه‌ك "كه‌ركوكییه‌كان" بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ دووپاتكرده‌وه‌ "هیچ هێزێك ناتوانێت ئێمه‌ له‌م شوێنه‌دا هه‌ڵكه‌نێت".
د. به‌ختیار جه‌بار شاوه‌یس، نووسه‌ر، هۆكاری‌ زیادبوونی‌ ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی‌ كه‌ داوای‌ دواخستنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌ خراپیی ئه‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ گرێده‌دات كه‌ ئێستا پرۆسه‌ی‌ سیاسیی‌ عیراق به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا مه‌سه‌له‌ی‌ وروژاندنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ له‌لایه‌ن خه‌لیلزاد باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ‌و پێشنیازی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ڕێگای‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، زیاتر دواخستنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ی‌ زه‌قكرده‌وه‌.
وتیشی‌: "راسپارده‌كانی‌ بیكه‌ر- هاملتۆن، مادده‌ی‌ 140ی‌ وه‌كو به‌رمیلێك باروت ناوبردووه‌ ‌و وای‌ داناوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرێت له‌م بارودۆخه‌دا ده‌ته‌قێته‌وه‌".
د. به‌ختیار پێی‌ وایه‌ مادده‌ی‌ 140 له‌ واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا جێبه‌جێناكرێت، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ د.به‌ختیار "ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ سێ‌ بڕگه‌ پێكهاتووه‌ ‌و تائێستا هه‌نگاوێكی‌ جددیی‌ ‌و فیعلی‌ نه‌نراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان".
ئه‌م وته‌یه‌ی‌ به‌ختیار، مه‌ترسییه‌كه‌ زۆرجار سیاسییه‌كانی‌ كورد ره‌شبینانه‌ باسی‌ لێوه‌ده‌كه‌ن ‌و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی كوردیش به‌ ئه‌سته‌می‌ ده‌زانێت. سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ رابردوودا رایگه‌یاند گه‌ر 140 جێبه‌جێنه‌كرێت ئه‌وا شه‌ڕی ناوخۆیی له‌عیراقدا دروستده‌بێت.
گریمان ئه‌م مادده‌یه‌ دواخرا، ئایا په‌رچه‌كرداری‌ كورد له‌م كاته‌دا چی ده‌بێت ‌و به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كات؟
سۆزان شه‌هاب، پێیوایه‌ له‌ حاڵه‌تێكی‌ وادا ده‌بێت "هه‌ڵوێستی‌ خۆمان هه‌بێت ‌و پێداگریی‌ بكه‌ین"، بێ‌ ئاماژه‌دان به‌شێواز ‌و چۆنییه‌تی‌ ئه‌و پێداگیرییه‌. رزگار عه‌لی، له‌ بنه‌ماوه‌ بوونی‌ بیرۆكه‌ی دواخستنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌كه‌ ره‌د ده‌كاته‌وه‌، رێككه‌وتنه‌ چوار قۆڵییه‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووی‌ به‌غدا به‌ باشترین وه‌ڵامدانه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ ده‌زانێت له‌و رووه‌وه‌.
هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كانی‌ كورد، وایده‌بینن كه‌ به‌دواخستنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌، كورد له‌ به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ مامه‌ڵه‌ده‌كات.
د. فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، له‌ لێدوانێكی‌ پێشوویدا بۆ "رۆژنامه‌"، ئه‌وه‌ی‌ روونكردبووه‌وه‌ كه‌ بڕیاردان له‌ دواخستنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ به‌بێ‌ گفتوگۆكردن ‌و په‌راوێزخستنی‌ كورد نابێت ‌و له‌و كاته‌دا حكومه‌تی‌ به‌غدا ده‌ڕووخێت، چونكه‌ كورد به‌شدارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌یه‌ و "كوردیش ئه‌وه‌نده‌ بێهێز ‌و بێده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵكو حسابمان بۆ ده‌كرێت ‌و قورساییشمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كان".

د. به‌ختیار، جه‌ختی‌ له‌ قسه‌كانی‌ فوئاد مه‌عسوم كرده‌وه‌و وتی‌: "ئه‌گه‌ر له‌ كاتی‌ خۆیدا مادده‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كرا باشترین شت بۆ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ له‌ به‌غدا بكشێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ فشارێك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندیی".
ناوبراو، پێی‌ وایه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو هۆكاره‌ جیاوازه‌كاندا، به‌شێكی‌ زۆری جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ش بۆ لاوازی‌ رۆڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی‌ كوردو نوێنه‌رانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،" به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ لاوازی‌ رۆڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ستراتیژی‌ روون ‌و ئاشكرایان له‌و رووه‌وه‌ نییه‌".
Sbeiy.com © 2007