Print
 میسر؛ خۆپیشاندانه‌ ملیۆنییه‌که‌ی هاوڵاتیان له‌ قاهیره‌ ده‌ستیپێکرد
Tuesday, February 1, 2011

(سبه‌ی):
وه‌ک پێشتر راگه‌یه‌ندرابو، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) خۆپیشاندانه‌ ملیۆنیه‌که‌ی هاوڵاتیانی میسر له‌ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت ده‌ستیپێکرد.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی زیادبونی ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران که‌ له‌ئێستا به‌ هه‌زاران که‌س کۆبونه‌ته‌وه‌، هاوکات بڵاوکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخه‌که‌ چڕتربونه‌ته‌وه‌و به‌شێکی زۆری رێگا سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و شاره‌یان گرتوه‌.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا، هاوڵاتیان تێکڕا داوا له‌ حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی وڵات ده‌که‌ن ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵێت و کۆتایی به‌ حوکمی سی ساڵه‌ی بهێنرێت، له‌ هه‌مانکاتدا هاوڵاتیان و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش گۆڕانکارییه‌کانی چه‌ند رۆژی رابوردوی موباره‌ک ره‌تده‌که‌نه‌وه‌و پێیانوایه‌ ته‌نها بۆ فرویدانی هاوڵاتیانه‌.
به‌پێی‌ راپۆرتێكی تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ Fox Newsی‌ ئه‌مه‌ریكیش، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، که‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌ییه‌كانی‌ گه‌لی‌ میسر، رۆژانی موباره‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا كه‌مده‌بێته‌وه‌و پێده‌چێت كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاته‌کی بهێنرێت.

 

Sbeiy.com © 2007