|
شكستی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی، تراژیدیای كه‌ركوك وه‌ك نموونه |
Thursday, August 23, 2007 |
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
له ساده‌ترین پێناسه‌دا بۆ ئیراده، ده‌توانین بڵێیت: بریتییه له هه‌موو ئه‌و چالاكییه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه مرۆڤ له رێگه‌یه‌وه ده‌توانێت بوونی خۆی له كۆمه‌ڵدا بسه‌لمێنێت. به مانایه‌كی دی، مرۆڤ له رێگه‌ی ئیراده‌وه‌یه كه ده‌توانێت له یه‌ك كاتدا كاریگهرو كارلێكراو بێت له كۆمه‌ڵدا. كاریگه‌ر به‌و مانایه‌ی كه راسته‌وخۆ رۆڵ‌و نه‌خشی هه‌یه له دیاریكردن‌و دامهزراندنو به‌رێوه‌بردنی سیستمی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیدا. كارلێكراویش به‌و مانایه‌ی كه مه‌حكوم‌و په‌یوه‌سته به جێبه‌جێكردنی یاسا‌و پره‌نسیپه‌كانی حوكمرانی‌و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایینییه‌كانه‌وه بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی ئینگلیزی (برتراند راسڵ) پێیوایه كه دیارترین جیاوازیی له‌نێوان مرۆڤ‌و هه‌ر گیانله‌به‌رێكی دیكه‌دا، بریتییه له ئیراده‌و عه‌قڵ.
(راسڵ) پێیوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی مێرووله‌و مێش هه‌نگ ته‌نها له رێگه‌ی غه‌ریزه‌وه چالاكییه‌كانی خۆیان ئهنجامدهدهنو خاوه‌نی ئیراده‌و عه‌قڵ نین، بۆیه به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆیان نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن گه‌شه به شێواز‌و ناوه‌رۆكی ژیانی خۆیان بده‌ن.
به‌ڵام مرۆڤ وانییه، ئه‌گه‌رچی مرۆڤی كۆن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له گیانله‌به‌ره‌كانی هاوسه‌رده‌می خۆیاندا زۆر بێهێزو لاواز بوونه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی عهقڵو ئیراده بوونه، توانیویانه گه‌وره‌ترین گۆرانكاریی له شێوازی ژیان‌و بیركردنه‌وه‌ی خۆیاندا بكه‌ن.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌نجامی ئیراده‌و عه‌قڵه‌وه بووه كه مرۆڤ توانیویه‌تی نهێنییه‌كانی ئاسمان‌و ده‌ریاو سه‌رزه‌وی بپشكنێتو هه‌زاران ئامێری پێشكه‌توو دروستبكات.
پێشكه‌وتنه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فكرییهكانیش ئاماژه‌یه‌كی ترن بۆ گۆرانی جه‌وهه‌ریی له بنه‌ماو پێكهاته‌ی مرۆڤدا كه هه‌ر له سایه‌ی ئیراده‌و عه‌قڵه‌وه توانیویه‌تی به‌ده‌ستیبهێنێت.
له به‌رئه‌نجامی ململانێیه‌كی زۆری مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشتدا، چه‌مكی كۆمه‌ڵگا هاته‌كایه‌وه. له‌دوای هه‌زاران ساڵی دیكه‌ش چه‌مكی نه‌ته‌وه، دواجاریش ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هاته‌كایه‌وه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو زۆرێك له بیرمه‌ندان، ئیراده‌و ئازادی تاكیان به‌سته‌وه به ئیراده‌و ئازادیی نه‌ته‌وه‌وه. هه‌تا ناوه‌راستی سه‌ده‌ی رابردوو، جگه له نه‌ته‌وه‌ی كورد، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری تاكو نه‌ته‌وه‌كانی تر، له سایه‌ی ئیراده‌و عه‌قڵی خۆیاندا بوون به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
ئێمه به‌ئانقه‌ست ئه‌م پێشه‌كییه درێژه‌مان بۆ ئه‌م وتاره كورته هه‌ڵبژارد.
مه‌به‌ستمان بوو كه بڵێین مێژوو و شارستانییه‌ت ئاوها دروستبووه. ئێستا با بپرسین: ئایا هه‌تا ئێستا كه كورد، به مانا هێگڵییهكهی خاوه‌نی رۆحی ره‌های نه‌ته‌وه نییه كه بریتییه له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، له كوێی مێژووی شارستانییهتدایه؟ ئایا هاتووه‌ته ناو مێژووه‌وه یان نا؟ لێره‌دا ئه‌م پرسیارانه بهكراوهییو به‌بێ وه‌ڵام جێده‌هێڵین، چونكه وه‌ڵامدانه‌وه‌یان زۆری دهوێتو لێره‌دا زه‌حمه‌ته بتوانین وهڵامیانبدهینهوه. مه‌به‌ستێكی دیكه‌مان له‌م پێشه‌كییه ئه‌وه بوو به بیری سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مرۆی كوردیدا بهێنینه‌وه ئێمه‌ی كورد چه‌ند له‌دواوه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكهوهین.
دیسان مه‌به‌ستمان بوو بڵێین نابێت زۆر دڵمان به‌وه خۆش بێت كه ئێستا سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆكو وه‌كو خاك رزگارهو تاكه‌كانیش وه‌كو نه‌ته‌وه ئازادن، چونكه هه‌تا ئێستا جگه له كه‌ركوك، چه‌ندین به‌شی دیكه‌ی كوردستان داگیركراوه‌و تاكه‌كانیش زهلیلو دیلن. كه وابێت، ئیراده‌ی تاكو نه‌ته‌وه‌ییمان له قه‌یرانێكی گه‌وره‌دایه. له‌م چه‌ند دێره‌دا واز له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان دههێنینو له‌سه‌ر رۆشنایی تراژیدیاكانی ئێستای كه‌ركوك باس له شكستی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌كه‌ین. له‌م باسكردنهشدا قسه‌كانم چإدهكهمهوهو ته‌نها چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌خه‌مه‌روو.
هیچ گومانم نییه كه سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مرۆی كورد، وه‌كو ئێمه ئاگادارن رۆژانه له كه‌ركوك چ ده‌قه‌ومێت. به‌ڵام له‌وه سه‌رمان سورماوه كه بۆ هێنده خوێنساردو ئهعسابساردو لێبورده‌ن له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌مرۆی خه‌ڵكی كه‌ركوكدا؟ ئایا ئه‌مانه جگه له بێئیراده‌یی سه‌ركردایه‌تیی كورد هیچی دیكه ده‌گه‌یه‌نن؟ ئه‌گه‌رچی ده‌زانم ده‌زانن له ماوه‌ی یه‌ك مانگدا (له 16/7 تا 16/8) ته‌نها له گهرهكو ناوچه كوردییه‌كاندا زیاتر له 150 هاووڵاتیی كورد شه‌هید بوونه‌و زیاتر له 200 كه‌سیش بریندار بوونه؟ ئه‌رێ ئه‌مه جگه له شكستی ئیراده‌ی كوردیی، كێ ده‌توانێت ناوێكی دیكه‌ی لێبنێت؟
تۆ بڵێیت سه‌ركردایه‌تیی كورد ئاگای له‌وه هه‌بێت كه كه‌متر له ساڵێكه له گه‌ره‌كی رهشیدئاوای كه‌ركوك، گۆرستانێكی نوێ دروستكراوه كه ده‌توانین بڵێین: 80%ی مردووه‌كانی ئه‌وانه‌ن كه به كاری تیرۆریستیی شه‌هید بوونه؟
ئه‌ی ده‌زانن دۆزی سیاسیی كه‌ركوك هه‌ر نه‌وی دهبێتو هه‌تا بێت خه‌ڵكی زیاتر له سه‌ركردایه‌تیی كورد بێئومێد‌و بێمتمانهتر ده‌بن؟
برواناكه‌م بڵێن نازانین، چونكه ئێوه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌وه‌ته‌ی هه‌ن ئیدیعای سیاسه‌تمه‌داریی دهكهنو هه‌میشه‌ش له كۆبوونهوهكانتاندا وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن: رووداوه سیاسییه‌كانی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌كه‌و جیهان ده‌ده‌نه به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه! تیشكده‌خه‌نه سه‌ر رووداوه‌كان! ناتوانرێتو به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كه‌ن! ئیدی چۆن ئاگاتان له كۆمه‌ڵكوژیی‌و تراژیدیای كه‌ركوك نییه؟
سه‌ركردایه‌تیی كوردی ده‌بێت باش بزانێت كه مه‌رگه‌ساتی ئه‌مرۆی كه‌ركوك شكستێكی گه‌وره‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییه، ئه‌م بێئیرادهییهش پشكی هه‌ره‌زۆری له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه.
كاره تیرۆریستییه‌كانی كه‌ركوك شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌دوای رووخانی به‌عسه‌وه، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك جگه له به‌ڵێنی درۆ‌و چه‌واشه‌كاریی، هیچی بۆ خه‌ڵكی داماوی كه‌ركوك پێنه‌بوو. ئه‌مان به درۆ‌و فیشاڵی سیاسیی، خه‌ڵكیان تهمادارو بێئیراده كرد، ئێستاش زۆر بێده‌ربه‌ستانه ده‌یانه‌وێت تۆز‌و گه‌ردی بێئیراده‌یی له خۆیان بتهكێننو چاره‌سه‌رو چاره‌نووسی كێشه‌ی سیاسسیو نه‌ته‌وه‌یی كه‌ركوك بكه‌ن به كێشه‌یه‌كی شه‌خسیی كهركوكییهكانو به‌س!
چه‌ند ساڵه سه‌ركردایه‌تیی كورد به ئێمه‌ی كه‌ركوكی ده‌ڵێت: ده‌ست به گوریسه‌كه‌ی ئێمه‌وه بگرن، رزگاربوونتان مسۆگه‌ره، كه‌چی ئاراسته‌ی گوریسهكهیان بۆ ئێمه‌ی كه‌ركوكی هه‌ر به‌ره‌و قووڵاییو چاڵی ده‌چوو. ئێستا كه ئێمه‌یان خستووه‌ته چاڵێكی قووڵه‌وه، ده‌ستیان له گوریسه‌كه به‌رداوه‌و به ئێمه ده‌ڵێن: ئیراده بنوێنن‌و له‌و چاڵه‌ی كه تێیكه‌وتون وه‌رنه دهرێو كه‌ركوك له تیرۆریستان پاكبكه‌نه‌وه كه دیاره مه‌حاڵه ئێمه‌ی كه‌ركوكی بتوانین به ته‌نیاو به‌وشێوه‌یه‌و له‌و چاڵه‌وه كه تێیكه‌وتووین بێینه‌ده‌رێ.. ئیدی نازانم ئێمه بێئیرادهین، یان سه‌ركردایه‌تیی كورد؟
له كۆتایی ئه‌م چه‌ند دێره‌دا، ده‌مه‌وێت بڵێم: كێشه‌ی كه‌ركوك، كێشه‌یه‌كی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ییه، بۆ رزگاربوونی پێویستی به ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه.
گه‌شه‌پێدان، یان مراندنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردیش له ئه‌ستۆی سهركردایهتییهكهیدایه.
ئێستا‌و له‌دوای درككردنم به‌م راستییه، له هه‌ر كاتێك زیاتر نیگهرانو ره‌شبینم له به‌رامبه‌ر چاره‌نووس‌و ئایندهی كه‌ركوك.
وابزانم قسه‌كانم وه‌كو ئاو بێرهنگو روونه، پیاوی عاقڵ لێم تێده‌گات كه چی ده‌ڵێم!.
|
|
|