خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د
ره‌نگه هێشتا زوبێت تا ئه‌م راپه‌رینه جه‌ماوه‌ریانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تیۆریزه بكرێت. به‌ڵام به‌ئاشكراش ماكی چه‌ند گۆڕانكاریه‌كی هه‌ڵگرتوه كه كۆتایی به روپهرێك ده‌هێنێت له مێژوی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا و ده‌رگایه‌كی نوێ ده‌خاته سه‌رپشت كه به ناچاریی چه‌ندین گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێته كایه‌وه. ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه به‌هه‌ندێك له‌و دیاردانه بده‌ین كه ئه‌م راپه‌ڕینانه له‌خۆیان گرتوه.
1- بۆ جارێكی تر له مێژودا راپه‌ڕین له ده‌ست حیزب و رێكخراو سه‌ندیكا ته‌قلیدی و پواوهكان ده‌رهێنراو و كه‌وته‌وه ده‌ست جه‌ماوه‌ر. چیتر به‌هانه هێنانه‌وه‌و كات و ساتی خۆپیشاندان ته‌نها جه‌ماوه‌ر و توێژه رابه‌ره‌كه‌ی كه گه‌نجانن دیاریده‌كه‌ن، نه‌ك بڕیاری سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزب و رێكخراوانه‌ی له كات و ساته مێژویهكاندا له پێناو مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌مو جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی ناشایسته‌یان له سهرخواستهكانی جه‌ماوه‌ر كردوه.
2- له تونس‌دا دوای هه‌ڵاتنی سه‌رۆكیش ناڕه‌زایه‌كان به‌رده‌وامن، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كه به‌وه‌ی كێشه‌كه ته‌نها له جێگۆڕكێی تاكه كه‌سێكدا خۆی نابینێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت سیسته‌مه‌كه ئاڵوگۆڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی تێدا به‌رپا بكرێت.
3- زۆرینه‌ی ئه‌و رژێمانه له‌لایه‌ن رۆژئاوا‌و زلهێزه‌كانه‌وه له قۆناغی پێشودا پشتیوانیان لێكراوه و یارمه‌تی دراون، به‌ڵام هه‌مو لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی رۆژئاوا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن ئه‌و باوك سالاریی و نه‌زۆكیه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی باڵی به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كێشاوه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌مو ئیدیا و ئایدۆلۆژی و رێبازێكی بیركدنهوهدا، سه‌راپا رێگره له به‌رده‌م كرانه‌وه و گه‌شه‌ی كۆمهڵگاكانیدا و هه‌رله‌وێشه‌وه رێگرێكی سه‌ره‌كیه له‌به‌رده‌م هه‌مو ئاڵوگۆڕێكدا له سیسته‌می جیهانی و به جیهانی بونی سه‌رمایه و عه‌وله‌مه‌دا، بۆیه به‌ناچاریی رۆژئاوا پشتیان كرده ئه‌و سه‌ركردانه‌ی رۆژێك له رۆژان به میانه‌ڕه‌و دۆستیان له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دان.
4- بنه‌ماڵه فه‌رمانڕه‌واكان هه‌میشه و به‌تایبه‌ت له‌كاتی هه‌ڵبژاردن و قه‌یرانه‌كاندا هه‌مو كه‌موكوڕی و سه‌ركوتكردن و بێكاری و گرانی و نه‌بونی ئازادیه‌كان خستۆته ئه‌ستۆی دوژمنێكی ده‌ره‌كی یان ئیمپریالیزم و زایۆنیزم یان ده‌وڵه‌تێكی دراوسێه‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌و پاساوه‌ش بڕی نه‌كردبێت ئه‌وا حكومه‌ته له‌سه‌ركاره‌كه‌ی خۆیانیان تاوانباركردوه و روخاندویانه و دواتریش كه‌سێكی ده‌ستنیشانده‌ی تریان له‌جێگه‌كه‌ی داناوه و ته‌نها مه‌به‌ستێكیش له‌و ئاڵوگۆره هه‌ڵمژینی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ره‌كه بوه، ئه‌م راپه‌ڕینه‌ی تونس و میسر هه‌مو ئه‌و پاساو و خۆلێدزینهوانهی ره‌تكرده‌وه و خاڵه‌كانی چاره‌سه‌ریی نارده‌وه بۆ ناوكرۆكی كێشه‌كان، كه فه‌رمانڕه‌واكانی لای سه‌ره‌وه‌ن واته حیزب و بنه‌ماڵه.
5- جه‌ماوه‌ر چه‌ندین ساڵ ملی به‌هه‌مو ئه‌و جۆره له شه‌رعیه‌ت داوه كه ده‌سه‌ڵات بانگه‌شه‌ی بۆ كردوه، به‌ڵام ئه‌وان ملهوڕانه له هه‌وڵی خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بون وه‌ك ئه‌وه‌ی موڵكی تایبه‌تی خۆیان بێت و گوێیان به داواكانی جه‌ماوه‌ر نه‌داوه كه ناوبه‌ناو ده‌سه‌ڵاتیان لێ به‌ئاگا هێناوه‌ته‌وه، لێره‌وه كۆتایی به هه‌مو ئه‌و شه‌رعیه‌ته مێژویانه هێنرا كه ده‌سه‌ڵات هه‌میشه به ناوی رۆژانی گه‌ش و شۆڕش و دژایه‌تی بێگانه و شه‌هیدانه‌وه جه‌ماوه‌ری پێ ده‌م كوت ده‌كرد، ئه‌م راپه‌رینانه بۆ یه‌كجاری به ده‌سه‌ڵاتیان وت: ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن خیانه‌ته به خوێنی شه‌هیدان و كه ئه‌مڕۆ گه‌نده‌ڵ بن گومان ده‌كه‌وێته سه‌ر رابوردوشتان.
6- خاڵی هه‌ره‌گرنگ له‌م راپهڕینهنادا بریتیه له ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و خاڵه‌ی هیچ دیكتاتۆرێك ئاماده نیه گوێی لێبگرێت، كێشه نیه له كۆمه‌ڵگادا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، به‌مه‌رجێك نه‌ڵێیت ته‌نها ئه‌وه منم كه ده‌توانم چاره‌سه‌ری بكه‌م. ره‌هه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات فراوانن به‌ڵام هێشتا كێشه‌كان و گه‌شه‌و به‌ره‌و پێشهوچونی كۆمه‌ڵگا ده‌وڵه‌مه‌ندترن. گه‌ر بته‌وێت به‌شێك بیت له‌چاره‌سه‌ر ده‌بێت به‌ناچاری كه‌سانی تر بهشداركهی له ده‌سه‌ڵاتی كردنه‌وه‌ی گرێكاندا. ئه‌م راپه‌ڕینانه سه‌لماندیان ئه‌وی بڕوای به ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، ده‌بێت گۆڕه‌پانی مێژو به‌جێبێڵێت.
7- روداوه مێژویه‌كان چه‌نده كاریگه‌ربن، ئه‌وه گێرانهوهكهیهتی كه مێژوی دوای روداوه‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت. له‌سه‌ره‌تای راپه‌رینه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی تونسه‌وه، كه جه‌ماوه‌ر باسی له راپه‌ڕینی نان ده‌كرد، رۆژنامه جیهانیه‌كان شتێكی نوێیان به‌گوێی جیهاندا چپاند، ئه‌ویش بریتی بو له (شۆڕشی میدیا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان)، له‌ڕێی میدیای كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه وه‌ك: فه‌یس بوك و تویته‌ر و یوتوب و هه‌مو مێسینجهرهكان، جه‌ماوه‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌ی روداوه‌كانیان له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتداران ده‌رهێناو بۆ یه‌كه‌م جار له مێژودا ئه‌وه جه‌ماوه‌ر بو كه تاك به‌تاك وێنه‌ی روداوه‌كانیان ده‌گرت و بۆ خۆیان قسه‌یان له كار‌و كرده‌وه‌كانی خۆیان ده‌كرد، چیتر ئه‌وه میدیای حیزبی و حكومی نه‌بو كه پێمان بڵێ ئه‌وه‌نده كه‌س له خۆپیشاندانه‌كاندا به‌شداربون و ئه‌وه‌نده قوربانی هه‌بو یان نه‌بو، سوتان و وێرانكردن رویدا یان نا. له‌ده‌ست دانی گێرانه‌وه‌ی روداوه‌كان، ئه‌و مێردهزهمهیهیه كه خه‌وی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری دهزرێنێ و ژیانی لێده‌كاته دۆزه‌خ. ئاخر دیكتاتۆریه‌ت له كۆتایدا ده‌سه‌ڵاتێكه كه‌له‌سه‌ر گێرانه‌وه‌ی لنگهوقوچانهی روداوه‌كان بنیات نراوه. ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان واته كۆتایی دیكتاتۆریه‌ت.
8- له‌م راپهڕینانهوه بۆ یه‌كه‌م جار شێوازێك له قسه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی دوای دیكتاتۆردا به‌دیده‌كرا و ئێستاش له میسردا به‌دیده‌كرێت كه جیاوازه له لێكدانه‌وه بارگاویهكان بهئایدۆلۆژیهكان له رابوردودا، چیتر قسه‌و باسێك له پێكهینانی حكومه‌تێكی كرێكاریی یان نه‌ته‌وه‌یی یان ئیسلامی یان كۆمۆنیستی یان ته‌نانه‌ت لیبرالیش له كایه‌دا نه‌بو. هیچ هێزێك ناتوانێت ئیدعای قۆرغكردنی ده‌سه‌ڵات بكات، قودسیه‌ت و راستی قۆرغكردن له جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه بنه‌مایه‌كی ئاینی و كۆمۆنیزمانهی هه‌بو، لانی كه‌م له‌م قۆناغه‌دا به‌لادا هاتن.