Print
 میسر؛ له‌ پێکدادانه‌کانی نێوان جه‌ماوه‌ری ناڕازی و هانده‌رانی موباره‌کدا، زیاتر له‌ 1500 که‌س کوژران و برینداربون
Thursday, February 3, 2011
(سبه‌ی):
هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی هاوڵاتیانی میسر دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک، دوێنێ (چوارشه‌ممه‌) سه‌ده‌ها كه‌س بۆ پشتگیریكردن له‌حوسنی موباره‌ك رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كانی قاهیره‌و له‌ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) پێکدادان له‌نێوان هه‌ردولا رویدا.
په‌یامنێرانی ئاژانسه‌ جیهانییه‌کانیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ بۆ پشتگیری‌ له‌ موباره‌ك خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، ئه‌ندامانی‌ هێزی‌ ئاسایشی میسرین و جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیان پۆشیوه‌.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز) له‌ روداوه‌کانی دوێنێی گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)دا 5 که‌س له‌هاوڵاتیانی خۆپیشانده‌ر دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک کوژراون، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ ئه‌و که‌سانه‌ له‌لایه‌ن هانده‌رانی موباره‌ک به‌ ته‌قه‌کردن لێیان کوژراون.
ئاشکراشیکردوه‌، که‌ هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌ نزیکه‌ی 1500 که‌س له‌ جه‌ماوه‌ری ناڕازیی میسر برینداربون و هاوکات برینی ژماره‌یه‌ک له‌برینداره‌کانیش سه‌خته‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی میسر ماوه‌ی 9 رۆژه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌و داوا ده‌که‌ن حوسنی موباره‌ک ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵێت، که‌ له‌ساڵی 1981ه‌وه‌ له‌سه‌ر حوکمه‌.
Sbeiy.com © 2007