Print
 سه‌رۆك وه‌زیرانی میسر داوای‌ لێبوردنی له‌ خۆپیشانده‌ران كرد سه‌باره‌ت به‌ كرده‌وه‌ توندوتیژیه‌كانی‌ دوێنێ‌
Saturday, February 5, 2011
(سبه‌ی‌):
ئه‌حمه‌د شه‌فیق، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ میسر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا داوای‌ لێبوردنی له‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر كرد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كرده‌و توندوتیژیانه‌ی‌ دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی موباره‌ك له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر ئه‌نجامیانداو به‌ڵێنی‌ لێكۆڵینه‌وه‌شی داوه له‌ روداوه‌كان‌.
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی میسر رایگه‌یاندوه‌: به‌وپێیه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی هاوڵاتیه‌كانی، پێویسته‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ بده‌م ئه‌و كاره‌ساته‌ دوباره‌ نابێته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی وتوه‌: وه‌ك حكومه‌ت، له‌ ئێستادا هێزی‌ ئه‌منی پێویستمان نیه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ده‌ربڕینی‌ داواكه‌یان بۆ وازهێنانی موباره‌ك له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات، ئه‌حمه‌د شه‌فیق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌: ئاماده‌م بڕۆم بۆ گۆڕه‌پانی ته‌حریرو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران گفتوگۆ بكه‌م، به‌ خۆپیشانده‌رانیش راده‌گه‌یه‌نم مانه‌وه‌یان له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر هیچ گۆڕانكاریه‌ك دروست ناكات.
سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ‌ (چوارشه‌ممه‌) سه‌ده‌ها كه‌سی‌ لایه‌نگری‌ حوسنی‌ موباره‌ك په‌لاماری‌ خۆپیشانده‌رانیاندا له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر و تا سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ پێكدادان به‌رده‌وام بو.
له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانیشه‌وه‌ باس له‌وه‌كرا، سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌ندامانی‌ هێزی ئاسایشی میسر بون و به‌رگی مه‌ده‌نیان پۆشیوه‌.
به‌هۆی‌ كرده‌وه‌ توندوتیژه‌كانیشه‌وه‌‌ خۆپیشانده‌رێك كوژراو نزیكه‌ی‌ 750 كه‌س له‌ هه‌ردولا برینداربون، له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ئه‌و روداوانه‌ چه‌نده‌ها ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی جیهان، داوایان له‌ حكومه‌تی ئێستای‌ میسر كرد ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كاندا بكات و ئه‌و كه‌سانه‌ش‌ له‌ پشت روداوه‌كانه‌وه‌ بون، سزا بدرێن.
Sbeiy.com © 2007