Print
 سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا داوا له‌ حوسنی موباره‌ک ده‌کات واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت
Saturday, February 5, 2011

(سبه‌ی):
فشاری ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا و ئه‌مه‌ریکا دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک له‌میسر به‌رده‌وامی هه‌یه‌و سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاش ته‌ئکیدی کرده‌وه،‌ که‌ له‌ئێستادا کاتی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات هاتوه‌.
پاش کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی که‌نه‌دا، باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ئێستادا کاتی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌وڵاتی میسر هاتوه‌و پێویسته‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادو دادپه‌روه‌رانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ ئه‌نجامبدرێت.
ئۆباما وتیشی: ئاینده‌ی میسر گه‌لی میسر خۆی دیاری ده‌کات و له‌ده‌ستی ئه‌واندایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حوسنی موباره‌ک، گوێ بۆ داواکارییه‌کانی گه‌لی میسر بگرێت و واز له‌ده‌سه‌ڵات بهێنێت.
له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ئیدانه‌ی ئه‌و کرده‌وه‌ توندوتیژییانه‌ی کرد که‌ له‌میسر دژی خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان و چالاکوانانی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ ئه‌نجامده‌درێت، هاوکات راشیگه‌یاند: ئه‌م کاره‌ قابیلی قبول نییه‌و ده‌بێت حکومه‌تی میسر پاراستنیان له‌ئه‌ستۆ بگرێت.
له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی و ئیدانه‌کردنی روداوه‌کانی میسر له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه‌، هاوکات به‌پێی‌ هه‌واڵێكی ئاژانسی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت)، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراق، په‌یوه‌ندی به‌ حوسنی‌ موباره‌كه‌وه‌ كردوه‌و له‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا ناوبراو متمانه‌ی‌ خۆی‌ پیشانداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ توانای‌ موباره‌ك، بۆ تێپه‌ڕاندنی بارودۆخی‌ ئێستای‌ میسر.

 

Sbeiy.com © 2007