Print
 میسر و ره‌هه‌نده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
Monday, February 7, 2011
خالید حاجی‌ ئه‌حمه‌د

تائێساش كێشه‌ی فه‌له‌ستین_ ئیسرائیل كرۆكی هاوكێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێك ده‌هێنێت. بۆیه‌ هه‌مو ئاڵوگۆڕێك له‌ ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردن و ئایدۆلۆژیای زاڵدا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ له‌به‌رچاو بگرێت.

ئه‌مه‌ریكا ده‌یزانی كه‌ موباره‌ك دیكتاتۆره‌ و گه‌له‌كه‌ی خستۆته‌ ژێر فشاریكی زۆره‌وه‌ و به‌ ئاگر و ئاسن و كوشت و بڕ حوكم ده‌كات. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا له‌ پێناو هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چاوی له‌ كارو كرده‌وه‌كانی پۆشی بو. ئه‌مڕۆ كه‌ چیتر ملیۆنه‌ها راژونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و داوای رۆشتنی موباره‌ك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكاش به‌ناچاریی چۆته‌ پاڵیان و له‌و راستیه‌ گه‌یشتوه‌ كه‌ مانه‌وه‌ی موباره‌ك له‌ خانه‌ی مه‌حاڵدایه‌.

گه‌رچی ئه‌وه‌ (ئه‌نوه‌ر سادات )ی سه‌رۆكی پێشوتربو كه‌ په‌یمانامه‌ی (كامپ دێڤید) ی واژۆكرد، به‌ڵام موباره‌كیش له‌سه‌ر هه‌مان رێباز درێژه‌ی پێدا. میسر هاوشانی ئه‌رده‌ن، ته‌نها دو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بین كه‌ په‌یماننامه‌ی ئاششتیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌یه‌. باڵوێزخانه‌یان له‌ پایته‌خته‌كانی یه‌كتردا هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت ئاڵوگۆڕی بازرگانیشیان هه‌یه‌ و میسر له‌ رێگه‌ی 2 لوله‌ی گازه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌ و گازی بۆ ره‌وانه‌ ده‌كات. له‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ش گرنگتر میسر لایه‌نگرێكی  به‌هێزی گروپه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیه ‌(مه‌حمود عه‌باس) كه‌ له‌ گفتوگۆدایه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیه‌كاندا و دژایه‌تیه‌كی  زۆری (حه‌ماس)یش ده‌كات كه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیه‌كاندا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و میسریش كه‌م تازۆر به‌شداری كردوه‌ له‌و گه‌مارۆیه‌ی له‌سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌ هه‌یه‌ و له‌ ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌بێت رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی (ره‌فه‌ح) نادات كه‌ میسر به‌ غه‌زه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه.

سه‌رباری كێشه‌ی ئیسرائیل، موباره‌ك له‌ زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رانه‌دا خۆی ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا پێكی ده‌هێنا له‌وانه‌ پشتگیریكردن له‌ په‌لاماردانی سه‌دام حسێن، گه‌رچی سه‌رزاره‌كیش راسته‌وخۆ پشتیوانی لێنه‌كردبێت. له‌ هه‌موش گرنگتر رژیمه‌كه‌ی موباره‌ك سه‌ره‌ڕمی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان بو له‌ ناوچه‌كه‌دا و تیرۆركردنی ساداتی كرده‌ بیانویه‌ك كه‌ حیزبی ئیخوان موسلمین قه‌ده‌غه‌ بكات و رێگه‌ له‌ زۆر حیزب و گروپی تری ئیسلامیش بگرێت كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن. له‌ به‌رانبه‌ر هه‌مو ئه‌مانه‌دا ئه‌مریكا پشتگیری له‌ رژێمه‌كه‌ی ده‌كرد و سه‌باری زانیاریه‌ نهێنگریه‌كان، ساڵانه‌ ملیارێك و سێسه‌د ملیۆن دۆلار ئه‌دات به‌ سوپای میسر كه‌ له‌ڕاستیدا 50% ی بودجه‌ی ئه‌و سوپایه‌ پێك ده‌هێنێت.

كه‌وتنی موباره‌ك، ده‌روازه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ رێیه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌ناسه‌یه‌كیان به‌ به‌ردا دێته‌وه‌. گه‌رچی ئیخوانه‌كان له‌سه‌رزاری هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانیانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ به‌نیاز نین پله‌و پۆستی باڵا له‌ حكومه‌تدا وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌مه‌ گومانه‌كانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌و حیزبه‌ ناڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان دژ به‌ده‌سه‌ڵات وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك و لێپرسراوانی داوه‌ له‌و وڵاته‌دا. بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ گرنگه‌ بزانێت ئه‌و به‌خۆداهاتنه‌وه‌یه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌ میسردا دێته‌وه‌ كایه‌، كام یه‌ك له‌ ئیسلامی ئێرانی یان توركی هه‌ڵده‌بژێرێت؟ له‌ كاتێكدا كه‌ ئیسلامی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانیدا له‌ قه‌یراندایه‌. هه‌روه‌ك له‌ لێدوانه‌كانی (عه‌بدولكه‌ریم زه‌یدان و حارس ئه‌لزاری) كه‌ فیدراڵیه‌تیش به‌ كوفر و گوناح ده‌زانن له‌كاتێكدا كورد تائێستاش به‌شێكه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان. به‌لاداهاتنی میسر له‌ كاتێكیشدایه‌ كه‌ ئایدۆلۆژیه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌ ته‌نگژه‌دان و پان عه‌ره‌بیزمیش توانای بره‌نگاربونه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌ده‌ستداوه‌ و هاوكاتیش كۆنسێپتێكی رون بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌كایه‌دا نیه‌. بۆیه‌ زۆرینه‌ی پسپۆڕان بۆ له‌ گرێژنه‌ ده‌رنه‌چونی بارودۆخه‌كه‌، له‌ هه‌وڵی هێنانه‌ كایه‌وه‌ی سیسته‌مێكی ته‌وافوقیدان تا له‌رێگه‌یه‌وه‌ ده‌روازه‌ی دیموكراسی بكرێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جێگه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای چه‌پێندراو و ترس و تۆقاندن لێژ بكات و ئازادی بیروڕا و رۆژنامه‌وانی گه‌شه‌ی خۆی بكات و له‌ قۆناغی دواتردا سندوقه‌كانی ده‌نگدان شه‌فافیه‌تێكی رونتر له‌خۆ بگرێت.

Sbeiy.com © 2007