کریستۆف گونکێل و کاتیا ئیکێن
له ئه‌ڵمانیه‌وه: دانای شه‌ده‌ڵه
گۆڕینی سه‌رۆک له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا به ده‌گمه‌ن به‌بێ کێشه بوه، یان سه‌رۆک ئه‌وه‌نده ته‌نگه‌تاو کراوه خۆی کوشتوه، یان راوکراوه وه یاخود به‌ر گوله دراوه و کوژراوه. به روانینی حوسنی موباره‌ک به چاره‌نوسی سه‌رۆکه‌کانی پێشخۆیدا هیچ دڵنه‌واییه‌کی تێدا نابینێتت.
کێ ده‌زانێت، كام به‌سه‌رهات ده‌توانێت روبدات، ئه‌م رسته‌یه له ساڵی 1974 دا و له زاری ئه‌نوه‌ر ئهلساداتهوه وترا و به نه‌رمی به گوێی حوسنی موباره‌کی مارشاڵی هێزی ئاسمانی ئه‌وێ ده‌مێ دا درا، هه‌روه‌ها سادات به موباره‌کی وت: پێویسته تۆ له نزیکمه‌وه بیت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و لێنێزیکبونهی موباره‌کیش دا لێی که‌چی نه‌یتوانی مه‌رگی نه‌خشه بۆکێشراوی سادات بگێڕێته‌وه، چونکه: حه‌وت ساڵ دوای ئه‌م قسانه و له‌کاتی پێشوازیکردنی له نواندنێکی سه‌ربازیدا له قاهیره ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کان سه‌رۆکیان دایه به‌ر رێژنه‌ی گوله.
له نیوه‌ڕۆی 6ی ئۆکتۆبه‌ری 1981 دا سادات له‌ناو بارانی گوله‌دا نوقوم کرا و موباره‌کیش له هه‌مان ریزه کورسیدا و له نزیکیه‌وه بو، کورسیگهلێک بۆ پیاوانی ده‌وڵه‌ت ریزکرابون، به‌وجۆره موباره‌ک له نزیکه‌وه به مه‌رگی سه‌رۆکه‌که‌ی پێشخۆیدا ده‌ڕوانی.
ئه‌وکاته موباره‌ک به‌خت یاوه‌ری بو: ئه‌وسا ئه‌و به ته‌واوی له‌به‌رده‌م ئه‌و لێدرانهدا بو و رزگاریشی بو. به هه‌مانشێوه جارێکی تریش له ساڵی 1995دا و له ئه‌دیس ئه‌بابا ته‌قه‌ی لێ‌کرا و نه‌کوژرا، ئه‌و گولانه‌ی که ده‌بوایه به‌ر جه‌سته‌ی موباره‌ک بکه‌ون، به‌هۆی شوشه‌ی گوله‌نه‌بڕی ئۆتۆمبێله مێرسێدیسهکهی که ئه‌وی تێدا بو نه‌گه‌یشتنه ناوه‌وه. ئه‌وجاره‌یان به‌هۆی له ئاخرین له‌حزه‌دا و به‌هۆی راوێژی عومه‌ر سلێمانی بهروهرامی ده‌زگای ئاسایشی ئه‌وکاته‌وه به شڵه‌ژاوی له مه‌رگ رزگاری بو. دیاره ئه‌و عومه‌ر سلێمانه تازه‌گی له لایه‌ن موباره‌که‌وه به جێگری سه‌رکۆمار دانراوه.
ئه‌وه‌ی له‌و روداوانه له زه‌ینی موباره‌ک دا مایه‌وه ترس بو. هه‌روه‌ها په‌یبردن به‌و راستیه‌ی که له ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی رژێم له سه‌رده‌می ئه‌ودا ئاسودانه ئه‌نجام نادرێت، چونکه به‌ر له راپه‌ڕینی ئه‌مدواییه‌ش ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره ده‌یزانی که: له مێژوی میسری نوێ دا جه‌مال عه‌بدولناسری لێده‌رکه‌ی که به ئارامی و له جێگادا به وه‌ستانی دڵ مرد، ئیتر هه‌ر هه‌مو سه‌رۆکه‌کانی میسری مۆدێرن دواچارهنوسیان ئاوێزانبونی له‌گه‌ڵ مه‌رگێکی دڵڕه‌قانه دابوه، ئیتر ده‌سه‌ڵاتیان له کاتی به‌هێزبونیان دا چه‌نده فیرعهونانهش بوبێت.
ئالوده‌ی قومار و نوغرۆبون...
سادات بۆیه کوژرا، چونکه له‌گه‌ڵ دوژمنی هه‌ره دیار و گه‌وره‌دا په‌یمانی ئاشتی مۆر کرد، ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌نگیان به هه‌مان دوژمن دۆڕاند بو بۆیه روخان. یه‌ک له‌وان مه‌لیک فاروقی یه‌که‌م بو، ئه‌و له شه‌ڕی ساڵی 1948ی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل دا شکا و جوله‌که‌یش توانیان شوێنی هه‌بون و مانه‌وه‌ی خۆیان پته‌و بکه‌ن. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی ئیسرائیل بو به‌هۆی نه‌کبه و کاره‌سات بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان و تێکه‌ڵ به زه‌ینی هه‌مویان بو، به‌هێزترین سوپای عه‌ره‌بیش دوای ئه‌و تێشکانه تاوه‌کو سه‌رئێسقان توشی به‌هه‌ڵه‌داچون و دۆڕان هات.
ئه‌م تێشکانه گه‌وره‌یه هیچ کارێکی له هه‌سته‌کانی مه‌لیک نه‌کرد و له جیاتی ئاره‌زوی بۆ جیوپۆلیتیک خویدایه خانمانی سه‌ماکار و خواردن و کازینۆگهل. پاره‌یه‌کی زۆری له‌و ئارهزوانهیدا به هه‌ده‌ردان. ژنی یه‌که‌می فه‌رامۆش کرد و ژنی دوه‌می ئه‌م پاشا قه‌ڵه‌وه به‌مجۆره‌ی خواره‌وه دۆزرایه‌وه: له دوکانی زه‌ڕنگه‌رێک دا به رێکه‌وت مه‌لیک چاوی به کیژۆله‌یه‌کی 16 ساڵان به ناوی نه‌ریمان سادق که‌وت و دڵی تێیچو. ئه‌گه‌رچی ئه‌م کیژۆڵه‌یه ده‌سگیرانی کوڕێکی دیپلۆمات بو. که‌چی مه‌لیک فاروق له پشتی په‌رده‌وه هه‌مو شتێکی بۆ لهخۆمارهبڕینی ئه‌م کیژۆڵه‌یه ئاماده‌کرد و له ساڵی 1951دا گوێزایه‌وه.
ئه‌مکاره له‌وانه‌یه دوایین کاری ده‌سه‌ڵاتدارێک بو بێت که خۆی له هاوڵاتیانی خاکه‌که‌ی گه‌وره‌تر بینیبێت و سه‌ره‌تای مه‌ترسیه‌کان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بو.
شێره‌که‌ی وڵاتی میسر...
له 23ی یولیۆ 1952دا و له‌سه‌ر ده‌ستی ژه‌نڕاڵ محه‌مه‌د نه‌جیب و جه‌مال عه‌بدولناسری ئه‌فسه‌ری هێزی پیاده دا یاخیبونێک به‌رپابو. ئه‌م دو ده‌ره‌جه‌داره بریتیبون له دوان له‌و ئه‌فسه‌ره که‌مانه‌ی قاره‌مانانه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دا جهنگابون. هێزه راپه‌ڕیوه‌کان ئابڵوقه‌ی ته‌لاری مه‌لیک فاروقیان له شاری ئه‌سکه‌نده‌ریه‌دا دا و دوای ته‌ق و تۆقێکی که‌م مه‌لیک ده‌سبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بو و به سواری که‌شتیه نایابه‌که‌ی به‌ره و ئیتالیا سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت، ئه‌م به‌ره‌و تاراوگه هه‌ڵهاتنه‌ی مه‌لیک به به‌راورد له‌گه‌ڵ که‌سانی ده‌سه‌ڵاتداری تری لێخراودا هه‌ڵبژاردنێکی باش و بڕیارێکی بێ سه‌رئێشه بو بۆی. به‌ڵام چاره‌نوسی ژه‌نراڵ محه‌مه‌د نه‌جیب وه‌کو ده‌سه‌ڵاتداری دوای ئه‌و به‌وجۆره باش نه‌بو.
دوای ته‌نیا 18 مانگ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م یه‌که‌مین سه‌رکۆماره‌ی میسر له‌لایه‌ن سوپاوه له ده‌سه‌ڵات دورخرایه‌وه و فه‌رمانی 17 ساڵ ده‌ستبه‌سه‌رکرانی بۆ ده‌رکرا. هه‌رچه‌نده ئه‌م سه‌رۆکه بانگه‌وازی ناڕه‌وایه‌تی ئه‌م فههرمانهی سوپای به هه‌مو دنیادا بڵاوکرده‌وه، به‌ڵام هه‌مو لا خۆیان لێ که‌ڕ و گوێ‌گران نیشاندا و که‌س به هانایه‌وه نه‌چو.
له ساڵی 1954 دا کودهتاکار عه‌بدولناسر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی گرته‌ده‌ست. ئه‌م پیاوه له لایه‌ن میله‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت خۆشه‌ویست بو و له‌وبواره‌دا هیچ سه‌رکرده‌یه‌ک نه‌یتوانیبو ئه‌وه‌نده خۆشویستی گه‌ل بێت، هه‌ربۆیه‌شه هه‌ندێکجار به شێره‌که‌ی وڵاتی میسر و جاروباریش به بیسمارکی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ناوده‌برا، عه‌بدولناسر کوڕی فه‌رمانبه‌رێکی فه‌رمانگه‌ی پۆست بو. ساده و ساکاری و ده‌ستپاکی و به‌رتیل وه‌رنه‌گرتن له سیفه‌ته باشه‌کانی بون. له کاتی سه‌ده‌ڵاتی ئه‌و دا میسر کارخانه‌ی تێدا کرانه‌وه و به‌ره و دنیای پیشه‌سازی هه‌نگاوی هه‌ڵێنا، بڕی ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی له میسره‌وه ده‌نێردرانه ده‌ره‌وه (ئێکسپۆرت) بو به چوار هێنده. داهاتی هه‌ر تاکه هاوڵاتیه‌ک زیادیکرد، به‌ڵام ده‌بێ دان به‌وه‌شدا بنێین که ئه‌میش بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی قایم کردبو.
مه‌رگی ئازاد یان ناچاری خۆکوشتن کردن...
عه‌بدولناسر نه‌ک ته‌نیا ده‌ستی له روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د نه‌جیبی دۆست و هاوڕێی جارانی دا هه‌بو، به‌ڵکو دوای دۆڕاندنی شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئیسرائیلی ساڵی 1967دا و کزبونی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی، ئیتر به دوای که‌سێک دا ده‌گه‌ڕا تاوانی ئه‌و تێکشانهی بخاته ئه‌ستۆ، ئه‌وبو هه‌مو بهروهرامێتیی ئه‌و تێکشکانه‌ی خسته ملی هاوڕێیه‌کی خۆی به‌ناوی محه‌مه‌د عه‌بدولحه‌کیم عامر. هاوڕێیهک که وه‌فادارێکی نزیکی خۆی بو. عامر جێگری سه‌رۆک و یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای میسر له‌لایه‌ن ناسره‌وه له هه‌مو پۆسته‌کانیدا لابرا و بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رکردنی درا. دواجار عامر به‌هۆی قوتدانی ژه‌هری کوشنده‌وه گیانی خۆی له‌ده‌ستدا. ئه‌وکات ده‌سه‌ڵات وای بڵاوکرده‌وه که گوایا خۆی کوشتوه و تائێستاش نازانرێ که ئاسایش کوشتیان و ژه‌هریان دایه یان نا!
هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ی میسریش دا گۆڕینی رژێم و لابردنی سه‌رۆکه عه‌ره‌به‌کان به‌بێ کرژی نه‌بوه. له جه‌زایر دا ئه‌وکاته‌ی سه‌رۆک ئه‌حمه‌د بن بیلا بێده‌سه‌ڵات کرا بڕیاری 15 ساڵ ده‌سبه‌سه‌رکرانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، ئه‌گه‌رچی بن جه‌دیدی سه‌رۆک یارمه‌تی بن بیلای دا و له ده‌ستبه‌سه‌ربون ئازادی کرد، که‌چی له ساڵی 1992 دا سوپا گوشاری خسته‌سه‌ر و ئه‌م سه‌رۆکه تازه‌یه‌شی ناچاری ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه کرد.
له لوبنان دا دو سه‌رۆک به ۆی هێرشی بۆمبه‌وه کوژراون: له ساڵی 1982 دا به‌شیر جمه‌یل تازه به سه‌رۆک هه‌ڵبژێردرا بو و به‌رله‌وه‌ی ده‌سبه‌کار بێت له پۆستی سه‌رۆکایه‌تیدا کوژرا، هه‌روه‌ها 7 ساڵ دوای ئه‌و رێنێ موعهود که خه‌ڵکانێکی فره هیوایان پێی بو و ته‌نیا دوای 17 رۆژ ده‌سبه‌کاربونی وه‌کو سه‌رۆک به بۆمب کوژرا.
گولهنران به‌پێی خۆیه‌وه...
هه‌ندێکجار ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات به‌وجۆره‌ش دراماتیک نه‌بون و به‌بێ خواستی سه‌رۆک ده‌سه‌ڵات له‌ده‌سدان شێوه‌یه‌کی کۆمێدی وه‌رگرتوه - بۆ نمونه له ساڵی 1970 دا و له میرنشینی عومان دا. له‌وێ 38 ساڵ بو سوڵتان زاید بن ته‌یمور سه‌رۆکی مه‌سقه‌ت و عومان بو تاکو دواجار له لایه‌ن قابوس - ی کوڕیه‌وه رهدونرا و راوکرا و له کۆشک و ته‌لار ده‌رکرا. له ساتی ده‌سه‌ڵات لێسهنرانیدا ئه‌م سوڵتانه لێخراوه کۆنترۆڵی هه‌سته‌کانی بۆ نه‌کرا و به ده‌مانچه‌که‌ی ده‌ستی سه‌رشێتانه که‌وته ته‌قه‌کردنی کوێرانه به چوارده‌وری خۆیدا و گوله‌یه‌کی نا به‌پێی خۆیه‌وه. به شه‌له شه‌ل به‌ره و ئۆتێله نایابه‌که‌ی له‌نده‌ن سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و ئیتر باقی عومری خۆی له دور وڵات به‌دیار ته‌له‌فزیۆن ته‌ماشاکردنه‌وه به‌سه‌ر برد.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که مییسریه راپه‌ڕیوه‌کان ده‌توانن به ئاشتی ئه‌م کۆیله‌داره (ئاغایه)ی خۆیان له کۆڵ خۆ بکه‌نه‌وه، ئه‌مه پرسیارێکه و هێشتاکه وه‌رام نه‌دراوه‌ته‌وه. پێشتر و له ساڵی 1999 دا نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی میسر ئیبراهیم عیسا له شاکارێکی دا به ناوی (مقتل الرجل الکبیر) واته کوژرانی پیاوێکی گه‌وره. عیسا له‌و رۆمانه‌ی دا دوایین 72 سه‌عاتی ژیانی سه‌رۆکێکی عه‌ره‌بی ته‌مه‌ن 82 ساڵه‌ی داڕشتبو، ئێستاکه عیسا ده‌توانێت وه‌کو نوسه‌رێک باس له راستگۆیی خۆی و رۆمانه‌که‌ی بکات و بڵێت: من له هه‌ڵبژاردنی ساته‌وه‌ختی راپه‌ڕینی میله‌ت دژی ئاغا یاخود سه‌رۆکێکی پیر پێشبینیه‌کی راستم کردوه، ئه‌وه‌تا گه‌لی میسر دژی حوسنی موباره‌ک راپه‌ڕی و ته‌مه‌نی موباره‌کیش به ته‌واوی به قه‌د ته‌مه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌یه که من له کتێبه‌که‌م دا به 82 ساڵان ناساندومه...
سه‌رچاوه: شپیگل ئۆنلاین