Print
 دکتۆر نه‌وال سه‌عداوی وه‌ک به‌شداربویه‌ک، باسی شۆڕشی میسرمان بۆ ده‌کات
Tuesday, February 8, 2011


وه‌رگێڕانی: جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم
ژیام،! تا ببینم و به‌شداریمکرد له‌ شۆڕشی میسری 25.1.2011 دا، که‌ تا ئه‌م ساته‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌سه‌ر ده‌نوسم که‌ به‌یانی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی 6.1.2011 یه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ به‌رده‌وامه‌ و مه‌لاین له‌ خه‌ڵکی میسر له‌ ژن و پیاو، موسڵمان و مه‌سیحی و هه‌مو ئاراسته‌کان و باوه‌ڕه‌کان، هه‌مو پێکه‌وه‌ یه‌کیانگرتوه‌ له‌ژێر دروشمی شۆڕشی کتوپڕی گه‌ل، دژ به‌ سیسته‌می ئیستای میسری  نوقومبو له‌ ته‌پڵی سه‌ره‌وه‌ تا به‌رپێی له‌ سته‌مکاریی و گه‌نده‌ڵی، له‌ فرعه‌ونی پیرۆزی باڵاوه‌" که‌ نوساوه‌ به‌ کورسی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه‌  تا ئه‌گه‌ر خوێنی هه‌مو گه‌لیش بڕێژرێت" و حوکمه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌ی و حیزبه‌ حوکمداره‌که‌ی‌ که‌ (به‌لگجی)ه‌کان به‌کرێده‌گرێت بۆ کوشتنی گه‌نجه‌ شۆڕشگێره‌کان نیازیان وایه‌ ده‌سته‌ڵنه‌گرن.  هه‌وه‌ها په‌رله‌مانه‌ ته‌زویر و درۆینه‌که‌ی‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی زه‌ویوزار و ژن و مه‌واده‌سڕکه‌ره‌کان و به‌رتیل خواردن ده‌که‌ن، ده‌سته‌بژێرێکیش که‌ "ناوده‌برێت به‌ ده‌سته‌بژێری رۆشنبیران" که‌ پێنوس و ویژدانی خۆیان فرۆشتوه‌، رۆشنبیری و فێرکاریی و په‌روه‌رده‌ و ئاکاری گشتی و تایبه‌تیان گه‌نده‌ڵکردوه‌، که‌ رای گشتی و تایبه‌ت بوه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێستاکه‌یی و پێگه‌ی وه‌زیفه‌ی گه‌وره‌ یان بچوك.

گه‌نجانی کچان و کوڕان  و منداڵان له‌ پڕ له‌ ماڵه‌کانیان ده‌رپه‌ڕین، خۆیان رابه‌رایه‌تی خۆیانیان ده‌کرد، خۆیان خۆیان ده‌پاراست، دوای ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ستگای پۆلیس و ئاسایش تێکشکان، ده‌سته‌بژێری باڵاده‌ست به‌سه‌ر راگه‌یاندن و رۆشنبیریدا تێکشکا، لیژنه‌کانی حوکمداران که‌ گه‌یشتبونه‌ لوتکه‌ی سه‌روه‌تی ده‌سه‌ڵات، سه‌رکردایه‌تیه‌ حیزبیه‌ هه‌لپه‌رسته‌کانی پشتیوانیکار له‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ئاشکراو به‌ نهێنی له‌ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا، هه‌لپه‌رستان و ده‌بڵ مۆراڵیه‌ گه‌مه‌که‌رکان تێکشکان، که‌ ده‌وڵه‌ت و خێزان و تاکه‌کانیان توشی گه‌نده‌ڵی کردبو، و بێسه‌روبه‌رێتی به‌ ناوی ئاسایشه‌وه‌، دیکتاتۆریه‌ت به‌ ناوی دیموکراتیه‌وه‌، هه‌ژاری و بێکاری به‌ ناوی په‌ره‌پێدان و خۆشگوزه‌رانیه‌وه‌، له‌شفرۆشی و داوێنپیسی و  خیانه‌ت له‌ هاوسه‌رگیرێتی به‌ ناوی ره‌وشت و ئازادی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بیانوهێنانه‌وه‌ بۆ ملکه‌چکردنی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل به‌ ناوی هاوکاری و کۆمپانیا و دۆستایه‌تی و پرۆسه‌ی ئاشتیه‌وه‌، به‌ندکردنی خاوه‌ن پێنوسه‌ راسته‌قینه‌ بیرمه‌ندو داهێنه‌ره‌کان له‌ ناو زیندانه‌کاندا و دابڕانیان و  شێواندنی که‌رامه‌تیان، یان ده‌ربه‌ده‌رکردنیان و دورخستنه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات یان له‌ ناو وڵاتدا...

به‌ ملوێن له‌ میسریه‌کان به‌ ژنان و پیاوانه‌وه‌ رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان، له‌ هه‌مو ماڵێکه‌وه‌، له‌ هه‌مو گه‌ڕه‌ک و شار و ستانێکه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ راپه‌ڕین، له‌ ئه‌سوان و ئه‌سکنده‌ریه‌ و سویس و پۆرسعید و له‌ هه‌مو بستێک له‌ خاکی نیشتیمانه‌وه‌، له‌ پایته‌خته‌ی قاهیره‌وه‌ و گۆڕه‌پانی ته‌حریره‌وه‌، یانزه‌ شه‌و رۆژه‌ تا ئێستا، گۆڕه‌پانی ته‌حریز بوه‌ به‌ خاکمان، بوه‌ به‌ سه‌ربازگه‌مان، له‌سه‌ر قیرتاوه‌که‌ هه‌ڵده‌نیشین و له‌ناو چادره‌کاندا بوین به‌ قه‌واره‌یه‌کی به‌هێز و یه‌کگرتو له‌ ژنان و پیاوان، جێگه‌ی خۆمان چۆڵناکه‌ین هه‌رچه‌نده‌ پۆلیسه‌ خۆگۆڕه‌کان به‌ پۆشاکی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرشبکه‌نه‌ سه‌رمان، ئه‌گه‌ر گه‌مارۆشمان بدرێت به‌ تاقمه‌ به‌کرێگیراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات (وه‌ک له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی 2 فه‌بروه‌ریدا رویدا)، که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌رتیلی وه‌رگرتبو، (په‌نجا جونه‌یهی بۆ هه‌ر سه‌ربازێکی ئاسایی و زیادبونی به‌رتیله‌کان به‌ گوێره‌ی پله‌داری سه‌ربازه‌کان)، په‌له‌ماری گۆڕه‌پانه‌که‌یان داین به‌ سواری ئه‌سپ و حوشتر و به‌ جۆرها چه‌کی سور و زه‌رد و سپیه‌ه‌وه‌، کاتێک له‌ناو ئاپۆڕای گه‌نجه‌کاندا وه‌ستابوم هێنده‌ی نه‌مابو  سوارێکی ‌به‌لگجی بمشێلێ، گه‌نجه‌کان هه‌ڵیانگرتم و دوریاخستمه‌وه‌ له‌ ‌هێرشی هه‌رچیوپه‌رچیه حوشترسواره‌کان، به‌ چاوی خۆم ده‌مبینین که‌ چۆن هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌مان و به‌ ته‌قه‌کردن له‌ هه‌مو لایه‌که‌وه‌، له‌ناو ئه‌و تۆز و دوکه‌ڵه‌ی که‌ هه‌مو گۆڕه‌پانه‌که‌ی داپۆشیبو، ده‌مبینی چۆن تۆپه‌ڵه‌ ئاگر به‌ ئاسامندا فڕکه‌ی ده‌هات، ده‌مبینی چۆن گه‌نجه‌کان ده‌که‌ون خوێنیان ده‌ڕژێت، جه‌نگێک به‌رپابو له‌نێوان به‌کرێگیراوانی ده‌سه‌ڵات و گه‌لی میسری ئاشتیخوازدا که‌ داوای ئازادی و که‌رامه‌ت و دادپه‌روه‌ریان ده‌کرد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ده‌سته‌ی شۆڕشگێڕان له‌ لاون سه‌رده‌که‌وتن به‌سه‌ر (بلگجی)ه‌کاندا، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر هه‌ندێک له‌ ئه‌سپ و حوشتره‌کاندا، سه‌دکه‌سیان له‌ به‌کرێگیراوان ده‌ستبگیرکرد، به‌ پێناسه‌ کانیانه‌وه‌، که‌ ده‌رکه‌وت هه‌ندێکیان ئه‌فه‌سه‌ربون، ئاسایشی مه‌رکه‌زی بون، پۆلیسی ئاسایش بون، هه‌ندێکیان له‌ بێکاران بون، هه‌ندێکیان له‌(به‌لگجی)ه‌کانی شه‌قاوه‌ی شه‌قامه‌کان و به‌ندیخانه‌کان بون، هه‌ندێکیان دانیاننا به‌وه‌ی که‌ به‌کرێگیراون به‌ 200 جونه‌یه و په‌یمانیان پێداون ئه‌گه‌ر بتوانن شۆڕشگێران تێکبشکێنن به‌ به‌کارهێنانی چه‌کی سنج و شمشێر و بۆمبی مۆلۆتۆف (شۆڕشگێڕه‌کان به‌"ئاژاوه‌گێڕ ناوبرابون له‌ لایان") به‌ زمانی پیاوه‌ به‌کرێگیراوه‌کانی موباره‌ک که‌ فه‌رمانیان پێدابون بۆ هێرشکردن و به‌کرێگرتنی به‌کرێگیراوان، پێیان وترابو دوای چۆڵ بونی شه‌قامه‌کان له‌و ئاژاوه‌گێڕانه‌ یه‌کی 5000 هه‌زار جونیهی ترتان پێده‌دین وه‌ک‌ به‌خشیش...

لاوان چادریان هه‌ڵدابو له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وان چه‌ند ده‌مژمێرێک پاڵبده‌نه‌وه‌ تیایدا، ژنه‌کان به‌ منداڵه‌ شیره‌خۆڕه‌کانیانه‌وه‌ ئاماده‌بون له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ به‌ربارانه‌وه‌ راوه‌ستابون، سه‌دان کچی گه‌نج ئاماده‌بون بێ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک ده‌ستدرێژی بکاته‌ سه‌ریان، به‌ سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی ئازادیه‌وه‌ و که‌رامه‌ته‌وه‌ و به‌ یه‌کسانی له‌ نێوان هاوڕێ کوڕ و پیاوه‌کانیاندا ده‌سوڕانه‌وه‌، قبتیه‌کان پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موسڵمانه‌کاندا هاوبه‌شیان ده‌کرد له‌م شۆڕشه‌دا.

 هه‌ندێک له‌ لاوانی ئخوان موسلمین ده‌وره‌یان دابوم و پێیان ده‌وتم "ئێمه‌ جیاوازیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ نوسینه‌کانی تۆدا، به‌ڵام رێزمان هه‌یه‌ بۆت و خۆشمان ده‌وێیت، چونکه‌ دورونیت و لایه‌نگیری هیچ کام له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان ناکه‌یت".

 به‌ درێژایی مانه‌وه‌م له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا کچه ‌گه‌نجه‌کان و کوڕه‌ لاوه‌کان ده‌هاتنه‌لام و به‌ گه‌رمیه‌وه‌ ده‌یاگرتمه‌ ئامێزی خۆیان، ده‌یانوت: ئه‌ی دکتۆر نه‌وال، ئێمه‌ نه‌وه‌ی نوێین که‌ په‌رتوکه‌کانی تۆمان خوێندۆته‌وه‌ و لێوه‌ی فێری داهێنان و یاخیبون و شۆڕش بوین، "به‌ ده‌م هه‌نسک و فرمێسک قوتدانه‌وه‌ پێم ده‌وتن: "ئه‌م رۆ جه‌ژنی هه‌مومانه‌، جه‌ژنی ئازادی و که‌رامه‌ت و دادپه‌روه‌ریی و داهێنان و یاخیبون و شۆڕشه"‌.

یه‌کێک له‌ لاوه‌کان که‌ ناوی رانیا بو وتی: "ئێمه‌ داوای ده‌ستورێکی نوێ ده‌که‌ین که‌ جیاوازی نه‌کات له‌ نێوان گه‌ل دا له‌سه‌ر بنه‌مای دین، ره‌گه‌ز، بیروباوه‌ڕ و توخم و شتی تر".

 لاوێکی مه‌سیحی که‌ ناوی بگرس داود بو وتی: "یاسایه‌کی باری که‌سێتی شارستانی یه‌کگرتومان ده‌وێت بۆ هه‌مو گه‌ل به‌بێ جیاوازیکردن و نه‌خوێندنه‌وه‌ی دین و ره‌گه‌ز و رێبازی ئاینی و تایه‌فه‌گه‌رێتی بۆ هیج که‌سێک".

 لاوێکی تر که‌ ناوی گارق دمیر بو وتی: "گه‌نجان شۆڕشیان دروستکرد و ده‌شبێت خۆمان حکومه‌تی ئیتیقالی و لیژنه‌ی نیشتیمانی بۆ گۆڕینی ده‌ستور هه‌ڵبژێرین".
 لاوێکی تر که‌ ناوی محه‌مه‌د ئه‌مین بو وتی" ده‌مانه‌وێت ئه‌نجومه‌نی گه‌ل و شورا هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژرادنێکی پاک بکرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی نوێ و ئه‌نجومه‌نه‌ گه‌لییه‌ نوێکان".

 ئه‌حمه‌د جه‌لال وتی: "شۆڕشه‌که‌مان کۆنتراکتێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێت، ئه‌مه‌ ته‌نیا داواکاری نیه‌، دروشمی شۆڕشه‌که‌مان (یه‌کسانی، ئازادی و دادپه‌روه‌ریه‌)"، کێ شۆڕش دروستبکات، هه‌ر ئه‌ویش بۆی هه‌یه‌ بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی نوێ دابڕێژێت، هه‌ڵبژاردنی حکومه‌تی ئینتیقالی، هه‌ڵبژاردنی لیژنه‌ی نوێ بۆ گۆڕینی ده‌ستور، پێکهێنانی لیژنه‌ی شۆڕشگێران، تا هه‌لپه‌رسته‌کان خۆیان نه‌سه‌پێنن به‌سه‌ر (خاوه‌نی شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتی نوێدا)، لیژنه‌کانی حوکه‌ما هاوبه‌شیان له‌ شۆڕشه‌که‌ماندا نه‌کردوه‌، ئه‌وان له‌ ئه‌ورپا و ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌ فڕۆکه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌و میسریانه‌ن که‌ ژیانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات برده‌ سه‌ر، ئێستا دێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی شۆڕشدا بگرن، ئێمه‌ ده‌ڵێین: ئه‌وانه‌ی شۆڕشیان دروستکرد، هه‌ر ئه‌وانیش سه‌رۆکایه‌تی شۆڕش ده‌که‌ن، له‌نێوماندا گه‌نج هه‌یه‌ ته‌مه‌نی له‌نێوان سی ساڵ و چل ساڵاندایه‌، خاوه‌نی توانست و بڕوانامه‌یه‌ن له‌ هه‌مو ‌ بواره‌کانی زانستی و سیاسسی و ئاوبوری و بواره‌کانی ترمان تێدایه‌، ئێمه‌ لیژنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و حوکومه‌تی ئینتیقالی دروستده‌که‌ین، هه‌روه‌ها لیژنه‌ی نیشتیمانی بۆ گۆڕینی ده‌ستور.

محه‌مد سه‌عید که‌ لاوێکی تر بو، وتی: یه‌که‌م جاره‌ له‌ ژیانمدا که‌ هه‌ست به‌ شانازی بکه‌م که‌ من میسریم، ره‌شبینی و بێده‌نگی تێکشکا و سه‌رکه‌وتن جێگه‌ی گرتنه‌وه‌، نرخی ئازادیمان به‌ خوێنی شه‌هیده‌کانمان دا و هیچ هێزێک نیه‌ بمانگێڕێته‌وه‌ بۆ دواوه...

گۆڕه‌پانه‌که‌ بو به‌ شارێکی ته‌واو به‌ هه‌مو گۆشه‌ و که‌نارێکیه‌وه‌، خه‌سته‌خانه‌که‌ی ته‌نیشتی به‌رکه‌وتوان و برینداره‌کانی تیا دانرابو، پزیشک و برینپێچه‌کان کۆمه‌ڵێک لاو بون خۆبه‌خشانه‌ کاریان ده‌کرد، خه‌ڵک به‌ راخه‌ر و به‌تانی و ئامڕازه‌کانی پزیشکی و خواردن و خواردنه‌وه‌ هاوکاریانده‌کرد، شتێک بو وه‌ک خه‌و و خه‌یاڵ دهاته‌ به‌رچاو، شه‌و و رۆژ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌نجانه‌دا کات به‌سه‌ر ده‌به‌م، چه‌ندین لیژنه‌ دروست بوه‌ بۆ خزمه‌تگوزاری، وه‌ک پاکردنه‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌که‌ و گه‌یاندنی برینداره‌کان بۆ خه‌سته‌خانه‌کان، لیژنه‌ی ئاماده‌کردنی خواردن و داوده‌رمان، لیژنه‌ی به‌رگریکردن، لیژنه‌ی به‌درۆخستنه‌وه‌ی چه‌واشه‌کاریه‌کانی راگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، وه‌ک دروستکردنی حکومه‌تی ئینتیقالی و کاندیدکردنی ناو بۆ دروستکردنی حکومه‌تی ئینتیقالی، هه‌روه‌ها لیژنه‌ی حوکه‌ما و چه‌ندین لیژنه‌ی تر له‌ناو خۆماندا، ئه‌مڕۆ دیواری نێوان ماڵه‌کان و دامه‌زراوه‌کان روخێنرا که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی هاوڵاتیان ژن، پیاو، موڵسمان، مه‌سیحی و ئه‌وانیتر دروستبوبو، ئه‌مڕۆ بوین به‌ یه‌ک گه‌ل و به‌ یه‌کگرتوی هیچ دابه‌شبونێک له‌ نێوانماندا نیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز و دین و هیچ جیاوازیه‌کی تر، هه‌ر هه‌مو به‌یه‌کجار داواده‌کات مومباره‌ک و پیاوه‌کانی بڕۆن و له‌کۆڵمان بنه‌وه‌ و ده‌شبێت بدرێن به‌ دادگا، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر رشتنی خوێنی شه‌هیده‌کانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ ی 2 فه‌بروه‌ر و هه‌مو رۆژه‌کانی تر له‌ 25ی یه‌نیوه‌ره‌‌وه‌ که‌ شۆڕش ده‌ستی پێکرد تیایدا، هه‌روه‌ها ده‌بێت دادگایی بکرێن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاریه‌کانیان به‌ درێژایی سی ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵات و حوکمیان.

 چاوه‌ڕوانی قسه‌کانی تری نه‌وال سه‌عداوی بن له‌سه‌ر شۆڕش و گۆڕانکاریه‌کان. 

بلگجی: به‌و به‌کرێگیراوانه‌ ده‌وترێت، که‌ پۆلیسن و له‌ به‌رگی مه‌ده‌نیدا هێرش ده‌به‌ن، یان خه‌ڵکی خێڵه‌کی و نه‌خوێنده‌وار و  شه‌قاوه‌کانن به‌کرێگیراون بۆ هێرشبردنه‌ سه‌ر شۆڕشگێره‌کان... وه‌رگێر.

سه‌رچاوه‌: حوار مته‌مه‌دنه‌وه‌

 

Sbeiy.com © 2007