Print
 پێویسته‌ خۆرئاوا به‌ وریاییه‌وه‌ لێدوان بدات سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌كه‌ی میسر
Thursday, February 10, 2011

 ده‌یلی ته‌له‌گراف
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری‌

بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ، موباره‌ك هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
دوێنی، ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ (ته‌له‌گراف) هیوای خواست كه‌ به‌ وازهێنانی حوسنی موباره‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا، گواستنه‌وه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ به‌ره‌و سه‌قامگیری و دیموكراسیه‌كی سه‌لامه‌ت باڵ‌ به‌سه‌ر میسردا بكێشێت. به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌نێوان پشتیوانه‌كانی موباره‌ك و خۆپیشانده‌راندا له‌ شه‌قامی ته‌حریری قاهیره‌دا، به‌ ئاشكرا هێمایه‌كه‌ بۆ قورسی به‌ده‌ست هێنانی ئه‌م ئامانجه‌.

 بۆ سه‌ركرده‌ ئه‌وروپیه‌كان، حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ ته‌واوی‌ له‌به‌رچاوه‌. بۆ ماوه‌ی‌ 30 ساڵ، سه‌رۆك موباره‌ك نزیكترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا. له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، موباره‌ك سه‌لماندویه‌تی كه‌ هاوپه‌یمانێكی پشتپێبه‌ستراوه‌ له‌ كاتێكدا رۆڵیكی گه‌وره‌ی‌ له‌ پێكهێنانی گفتوگۆ له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستیندا هه‌بوه‌ یان لێبراوانه‌ پاڵپشتی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ هه‌ره‌شه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌، وه‌كو عێراقی سه‌دام حسێن و پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ئێران، له‌ كاتێكدا كارێكی یاساییه‌ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا كاریگه‌ری‌ خۆی له‌م كاته‌دا ناسكه‌دا به‌كاربهێنێت، به‌ڵام ده‌بێت زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بكات.

له‌ شه‌وی‌ سێشه‌مه‌دا، سه‌رۆك ئۆباما به‌شێوه‌یه‌كی رون و ئاشكرا ده‌ستی وه‌ردایه‌ قه‌یرانه‌ قوڵه‌ سیاسیه‌كانی میسر و داوای كرد پێویسته‌ ئێستا گواستنه‌وه‌یه‌كی سیاسی گونجاو ده‌ست پێبكات. به‌شێوه‌یه‌كی تر، پێویسته‌ له‌سه‌ر حوسنی موباره‌ك زو یان دره‌نگ واز له‌ سه‌رۆكایه‌تی بهێنێت. ئه‌م وه‌ڵامه‌ له‌لایه‌ن ده‌یڤد كامیرۆنه‌وه‌ وروژێنرا له‌كاتی پرسیاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران كاتێك به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی گوت كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی له‌ میسر "پێویسته‌ به‌ خێرایی و ئێستا ده‌ست پێبكات."

سه‌رۆك ئۆباما، وه‌كو هه‌ر كه‌سێكی تر، له‌نێوان روداوه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا خراپگیری خواردوه‌، به‌ڵام به‌ بڕیار ده‌ركردن به‌زویی، ئۆباما ئیداره‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ به‌ره‌و پرۆسه‌ی‌ چاكسازی سیاسی كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌می له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. پێش ئه‌وه‌ی‌ ئۆباما وته‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، حوسنی موباره‌ك بڕیاریدابو كه‌ جارێكی تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئه‌یلولدا خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كاندید ناكاته‌وه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان وریا بن له‌ئاشكرا كردنی هیچ راگه‌ێندراوێك تاوه‌كو به‌ته‌واوی‌ وێنه‌ی‌ روداوه‌كان رون نه‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ قسه‌یه‌ك له‌ناو ته‌مومژدا ده‌رنه‌بردرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بو، دوای هه‌مو شتێك، سه‌رۆك ئۆباما فرانك ویسنه‌ری، دیبلۆماتكارێكی كۆنی شاره‌زا، وه‌كو نوێنه‌رێكی تایبه‌تی خۆی بۆ میسر ره‌وانه‌ كرد بۆ زیاتر تێگه‌یشتن و به‌رجه‌سته‌كردنی زانیاری له‌سه‌ر روداوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.

له‌ كۆتاییدا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ سوپا سه‌ركوتكه‌ره‌كه‌ی‌ رژێمی میسر پێشه‌نگ بێت له‌ به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی، به‌ڵام موباره‌ك پشتگیری ته‌واوی‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دوپات كردۆته‌وه‌. بۆ خۆرئاواش گرنگه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌مان كردار ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌رچاوه‌: ده‌یلی ته‌له‌گراف

 

Sbeiy.com © 2007