Print
 موباره‌ك بۆ خۆپیشانده‌ران: داواكارییه‌كانتان هه‌موی‌ راسته‌، مانگی‌ 9 هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین و من خۆم هه‌ڵنابژێرمه‌وه‌
Saturday, February 12, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ 17 رۆژ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی‌ گه‌لی‌ میسر، ئه‌م شه‌و  له‌ كاتێكدا خۆپیشانده‌ران چاوه‌ڕێ بون حوسنی‌ موباره‌كی‌ سه‌رۆكی‌ میسر واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت، به‌ڵام له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ په‌خشكرا موباره‌ك رایگه‌یاند: بۆ ئه‌م خوله‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ خۆم هه‌ڵنابژێرمه‌وه‌.
موباره‌ك له‌ وتاره‌كه‌یدا بۆ خۆپیشانده‌ران رایگه‌یاند: ئێوه‌ داواكارییه‌كانتان هه‌موی‌ راسته‌ و ئێمه‌ش ئه‌و داواكارییانه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ین. به‌ڵام موباره‌ك جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵات به‌جێناهێڵیت و وتی‌: من 60 ساڵه‌ خزمه‌تی‌ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م و كۆششم كردوه‌ بۆ میسر.
موباره‌ك ئه‌وه‌شی‌ وت: كۆبونه‌وه‌كانمان ده‌رئه‌نجامی‌ باشی‌ هه‌بوه‌ 6 مادده‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌یه‌ هه‌مواری‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هاوكات حاڵه‌تی‌ ناكاوی‌ سه‌ربازی‌ هه‌ڵده‌گرین و مانگی‌ 9 هه‌ڵبژاردنێكی‌ نه‌زیهی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ من خۆم هه‌ڵنابژێرم.
سه‌ره‌ڕای‌ وتاره‌ سوزاوییه‌كه‌ی‌ میسر، هاوكات خۆپیشاندان له‌ میسر به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵیش 3 ملیۆن كه‌س له‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر كۆبونه‌ته‌وه‌ و هوتاف دژی‌ موباره‌ك ئه‌ڵێن، وابڕیاریشه‌ سبه‌ینێ‌ میسر گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و خۆپیشانده‌ران رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ "هه‌ینی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌" ده‌بێت و هێرشه‌كه‌نه‌ سه‌ر باره‌گا حكومییه‌كان.
Sbeiy.com © 2007