|
ئارام عه‌لی: ئه‌و هێزه‌ی توركیا له سه‌ر سنوری عیراق چاوه‌ڕێی كاتژمێری سفره بۆ سنور به‌زاندن |
Wednesday, July 18, 2007 |
چاوپێكه‌وتن: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، تا دێت توركیا سوپای زیاتر له‌سه‌ر سنوور كۆده‌كاته‌وه، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی له‌شكركێشی توركیا‌و په‌یوه‌ندی بهههڵبژاردنهكهوهو مه‌سه‌له‌ی كورد له‌هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌دا، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵ ئارام عه‌لی لێپرسراوی دۆسیه‌ی توركیا له‌سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی ئه‌نجامدا:
سبه‌ی: ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا تا چه‌ندێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی ئه‌و وڵاته‌وه هه‌یه؟
ئارام عه‌لی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌و له ئه‌نجامی ناكۆكی نێوان سوپا و حكومه‌ته‌وه هاته كایه‌وه. هه‌ڵبژاردنێكی زۆر چاره‌نوسسازه له‌به‌رئه‌وه‌ی سیستمی توركیا به قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له قۆناغی یهكلابونهوهدایه یان ئه‌وه‌تا ئه‌و سیستمه ده‌بێت گۆڕانكاریی له خۆیدا بكات، مه‌ده‌نی حوكم بكه‌ن یا ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتی سوپا وه‌كو پێشوو ده‌مێنێته‌وه. وه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر نیه. ئه‌مڕۆكه هه‌موو پارته‌كانی دژی پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان یه‌كیان گرتوه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی سوپا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته جارێكی تر ده‌رنه‌چێته‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌دام پارتی عه‌داله و ته‌نمیه جۆره رێككه‌وتنێكی له ژێره‌وه له‌گه‌ڵ سوپادا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه دووباره ده‌ربچێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی سوپا رۆڵێكی زۆری هه‌یه له‌و وڵاته‌دا. ئه‌مه‌ش له‌و لێدوانانه‌ی ئه‌م دواییه ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر باشوری كوردستان باسی لێوه ده‌كرێت. هه‌ر پارته و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆی ئاماده ده‌كات، كه كۆمه‌ڵێكی زۆرن. به ده‌یان حیزب له ههڵبژارنهكهدا به‌شدارن. حیزبه سه‌ره‌كییه‌كان: پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ، پارتی گه‌لی كۆماری، پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست مههاپهی پێده‌ڵێن، پارتی رێگای راست ئه‌مانه سه‌ره‌كین له‌و وڵاته‌دا. ئه‌مانه هه‌موو له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شدارن ئه‌و ململانێیه‌ی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ده‌بینرێ، چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی له‌خۆ گرتوه. یه‌ك له‌وانه مه‌سه‌له‌ی كورده كه زۆر موزایه‌ده‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت. پارتی عه‌داله و گه‌شه‌پێدان پارتێكی ئیسلامی نییه وه‌كو وه‌ها ناسراوه به‌ڵكو له پارتێكی ئیسلامی جیابۆته‌وه كه پارتی فهزیلهیهو نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆكی بوو. بۆیه عه‌لمانییه‌كان تاوانباری ده‌كه‌ن كه ئیسلامییه و ئیسلامییه‌كانیش تاوانباری ده‌كه‌ن كه ئیسلامی نییه و چۆته ژێر ركێفی سوپاوه. له راستیدا خۆی به فیعلی پارتی عه‌داله و گه‌شه‌پێدان پارتێكی ئیسلامی نییه، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهاندا خۆی بگونجێنێت. بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی حیجاب بۆ ئیسلامیه‌كان ئه‌ركێكی گرنگه به‌ڵام لای ئه‌وان وانییه و به پێویستی نازانن.
سبه‌ی: كێشه‌ی كورد یان ته‌وه‌ری كورد ده‌كه‌وێته كوێی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیاوه؟
ئارام عه‌لی: مه‌سه‌له‌ی كورد بۆته فاكته‌رێكی گرنگ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیادا له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه شۆڤێنیزم له توركیادا به‌هێزه، پارته‌كانیش ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی وروژاندنی مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌نگه‌كان بۆ خۆیان رابكێشن، له كاتێكدا حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینن كه هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی عه‌داله‌و ئه‌ردۆگان ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش ئێستاكه توند نه‌بوو به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و په‌كه‌كه بۆیه گه‌یشتبوه ئاستێك دژایه‌تییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌كرا ، دواجار ئه‌وه‌بوو عه‌بدوڵا گولو به‌رپرسانی دیكه‌ی پارته‌كه باسیان له‌وه كرد كه ئه‌وان كێشه‌یان نیه له‌گه‌ڵ سوپادا. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا خیلافیان نیه ده‌رباره‌ی كورد و په‌كه‌كه، هه‌ر كاتێك پێویست بكات له‌وباره‌یه‌وه هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن.
دووه‌م هۆكاریش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی واته پارته كوردییه‌كان ئه‌ویش به نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆوه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه به ناوی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیه‌وه نهكهوتونهته ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه، نزیكه‌ی 30 نوێنه‌ریان هه‌یه. له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانی توركیا له دوا گۆڕانكارییشدا ئه‌ندامانی ئیداره‌ی پارتی عه‌داله و گه‌شه‌پێدان له دیاربه‌كر وازیان له‌حیزبه‌كه‌یان هێنا و چونه ناو پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی كورده‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه ههڵبژاردهنهكهی 22ی ئه‌م مانگه، هه‌ڵبژاردنێكی گه‌رمه له توركیادا‌و له‌و باوه‌ڕه‌دام كه جارێكی تر پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌ربچێته‌وه. ئه‌وكات زیاتر شته‌كان رون ده‌بێته‌وه، ئه‌و حیزبه هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به كورد چی ده‌بێت.
خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان تاوه‌كو ئێستاكه په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تێكی پراگماتیكی به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌كات ، پارتێكه هه‌وڵده‌دات ده‌سه‌ڵاتی سوپا كه‌م بكاته‌وه، هه‌وڵده‌دات بچێته یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه بۆیه پێویسته سیستمی حوكمڕانی له توركیادا دیموكراتیزه بكات‌و له‌و روه‌وه هه‌وڵده‌دات به جۆرێك له جۆره‌كان تاكو ئێستاكه نه‌رم بوه به‌رامبه‌ر به كێشه‌ی كورد به تایبه‌تی ئه‌ردۆگان سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشاره زۆره‌ی كه له‌سه‌ریه‌تی، چونكه هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی توركیا گوشاری ئه‌وه‌نده‌ی سوپا و خه‌ڵكی له‌سه‌رنه‌بووه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆن بێت دژی باشوری كوردستان. فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌و تاوه‌كو ئێستاكه خۆی راگرتوه. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌و حیزبه ئه‌گه‌ر ده‌ربچێته‌وه له‌وانه‌یه هه‌ندێ شتی نا مه‌ئلوف بكات سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد و په‌كه‌كه .
سبه‌ی: ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی په‌كه‌كه كه له‌م دواییانه‌دا ئه‌نجامی داوه دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته یهكلایهنهكهی خۆیان ، پێتوایه خزمه‌تی پارته ناسیۆنالیسته‌كانی كورد ده‌كات؟
ئارام عه‌لی: ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆیه له‌كاتێكی وادا گرتنه‌به‌ری رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی و كوشتن و بڕین و زمانی توندوتیژی به تایبه‌تی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه خزمه‌ت به كێشه‌ی كورد ناكات ، راسته په‌كه‌كه ئاگربه‌ستی راگه‌یاندوه و توركیا قه‌بوڵی نه‌كردوه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی په‌كه‌كه هه‌ر به‌رده‌وامه ئه‌گه‌رچی ئۆپه‌راسیۆن هه‌یه، چونكه ئه‌وان له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌رگرییه‌كی مه‌شروعه له خۆیانی ده‌كه‌ن. روبه‌ڕوبونه‌وه له‌و روه‌وه ده‌بێت، به راستی مه‌سه‌له‌كه له ده‌ستی په‌كه‌كه‌دا نیه، واته شه‌ڕ ببێت یان نه‌بێت له كوردستاندا. مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی توركیاوه هه‌یه، توركیا و سوپاش نایانه‌وێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر ببێت بۆیه ئه‌وه چه‌ندین ئاگربه‌سته كه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه راده‌گه‌یه‌نرێت، توركیا ره‌تی ده‌كاته‌وه. له هه‌مان كاتیش‌دا توركیا فشارێكی زۆری له‌سه‌ره كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپادا ده‌بێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام نایكات ، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت ئه‌و زمانه‌ی په‌كه‌كه مامه‌ڵه‌ی پێده‌كات توندوتیژ بێت یان نه‌رم و نیان، توركیا واز له ئۆپه‌راسیۆن ناهێنێت.
سبه‌ی: پێتوایه ئه‌و هه‌ڕه‌شه و له‌شكركێشیه‌ی حكومه‌تی توركیا ده‌یكات په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیاوه هه‌بێت یان له‌شكركێشی راسته‌قینه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستپێده‌كات؟
ئارام عه‌لی: چاودێرانی سیاسیی كورد و زۆربه‌ی حیزبه سیاسییه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه له‌شكركێشی و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا په‌یوه‌ندی به ههَبژاردنهكانهوه هه‌یه، به‌ڵام به بڕوای من مه‌سه‌له‌كه به پێچه‌وانه‌وه‌یه واته ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن سیاسه‌تی نه‌عامه‌یه، نه‌عامه كاتێك دوژمنه‌كه‌ی بۆی دێت سه‌ر ده‌خاته ناو خاكه‌وه وا حساب ده‌كات كه دوژمنه‌كه‌ی نایبینێت، چونكه خۆی نایبینێت. راسته فاكته‌ری ورد‌و وروژاندنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌لایه‌ن شۆڤێنیزی توركیه‌وه رۆڵی خۆی هه‌یه له به‌ده‌ست هێنانی ده‌نگ یان كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ڵام كۆكردنه‌وه‌ی 140 بۆ 200 هه‌زار سه‌رباز كه ته‌نها هێنانیان چه‌نده‌ها ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت بۆ سه‌فره و سیاحه‌ت نیه به‌ڵكو ئامانج‌و مه‌به‌ستی له پشته‌وه‌یه، ئامانجه‌كه‌ش ته‌نها په‌كه‌كه نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له رۆژنامه‌كانی توركیادا دزه ده‌كه‌ن باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی توركیا. كورد ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات، كورد نه‌وتی كه‌ركوك بۆ خۆی ده‌بات، توركیا زۆر نیگه‌رانه له‌و شتانه له‌و رووه‌وه نه‌خێر مه‌سه‌له‌كه ته‌نها هه‌ڵبژاردن نییه به‌ڵكو ئه‌گه‌ریی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆر له ئاردایه و دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش زیاتر ئه‌و ئه‌گه‌ره نزیك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانكارییانه‌وه هه‌یه كه له ناوچه‌كه‌دا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، رووبدات به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی نێوان ئێران و ئه‌مریكا. من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا رازی نه‌بێت توركیا بێت مومكین نییه سوپای توركیا بتوانێت به قوڵاییه‌كی زۆر سنوری هه‌رێمی كوردستان ببه‌زێنێت به‌ڵام كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه كه ئێستا ئه‌مریكا له عیراق بارودۆخی خراپه و نه‌یتوانیوه ئارامی دابین بكات بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی، جگه له‌وه‌ش هاوپه‌یمانه‌كانیشی وه‌كو جاران پشتگیری ناكه‌ن بۆیه ئێستا ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانێك ده‌گه‌ڕێ له ناوچه‌كه‌دا له دژی ئێران و سوریا و له دژی ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه حیزبوڵا و حه‌ماس دروستیان كردوه. له‌و رووه‌وه یان ئه‌وه‌تا ئه‌مریكا ئێرانێكی ئه‌تۆمی قه‌بوڵ ده‌كات یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه بدۆزێته‌وه. هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به ڕای من به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه روبهڕوبونهوهكان توند ببن له كاتی لێدانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكایه‌وه، ئه‌و كاته ئه‌و هێزه‌ی توركیا كه له‌سه‌ر سنوره داخڵی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا به‌هۆیه‌وه رێگه له هاتنه ناوه‌وه‌ی ئێران بگرێت، چونكه ئه‌گه‌ریی زۆره ئێران بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ بێته ناو خاكی عیراقه‌وه ، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی كورد ده‌بێت، ره‌نگه رێككه‌وتنێكی نهێنی له نێوان توركیا و ئه‌مریكادا هه‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
سبه‌ی: له ئێستادا بۆچی ئه‌مریكا رێگه له هاتنی سوپای توركیا ده‌گرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان ئایا له‌به‌ر خاتری كورده یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وا ده‌خوازێت؟
ئارام عه‌لی: نه‌خێر ، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به خودی كورده‌وه نییه به‌ڵكو واقیعێكه ئێستا كوردستان تاكه ناوچه‌ی ئارامی عیراقه ئه‌گه‌ر توركیا بێت ئه‌وا هه‌موو عیراق ده‌بێته به‌ره‌یه‌كی فراوانی جه‌نگ و نائارامی ، له‌به‌رئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكادا نیه له ئێستادا توركیا له‌شكركێشی بكات، به‌ڵام ئه‌مریكا چاوه‌ڕێی شتێك ده‌كات، له چه‌ند رۆژی رابردوودا رۆبه‌رت گه‌یتس وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه موباله‌غه كراوه له ژماره‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌سه‌ر سنوری عیراق، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق و سه‌رجه‌م رۆژنامه‌كان باس له 140 بۆ 200 هه‌زار سه‌رباز ده‌كه‌ن، ئه‌و ژماره زۆره بۆ لێدانی 3000 چه‌كداری په‌كه‌كه نییه، بۆیه به بڕوای من ناوچه‌كه به‌ره‌و شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری ده‌ڕوات له‌به‌ر ئه‌وه توركیا بۆئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی له هه‌رێمی كوردستاندا به‌دیبهێنێت پشتگیری له ئه‌مریكا ده‌كات له شه‌ڕی دژی سوریا و ئێران‌دا ، له‌به‌رئه‌وه له‌و باروۆخه خراپه‌ی ئه‌مریكا له عیراق و بارودۆخی ناوخۆیی، ئه‌مریكا ناچاره توركیا وه‌كو دۆستێكی ستراتیژی ته‌ماشا بكات، كه له راستیشدا دۆستێكی ستراتیژی ئه‌مریكایه، هه‌رچه‌نده به‌م دواییه كه‌مێك ناكۆكی كه‌وته نێوانیانه‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌و هێزه‌ی توركیا له سه‌ر سنوری عیراق چاوه‌ڕێی كاتژمێری سفره بۆ سنور به‌زاندن. |
|
|