Print
 به‌تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌گه‌نده‌ڵی، سه‌فه‌رکردن له‌ژماره‌یه‌ک به‌رپرس و وه‌زیری میسر قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت
Sunday, February 13, 2011

(سبه‌ی):
پاش کۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک، داواکاری گشتی میسر به‌تۆمه‌تی ‌گه‌نده‌ڵی، گه‌شتکردن له‌ژماره‌یه‌ک به‌رپرس و وه‌زیری پێشوی حکومه‌تی میسر قه‌ده‌غه‌ ده‌کات و هاوکات سامانه‌کانیشیان بلۆک ده‌کرێت.
دوێنێ (شه‌ممه‌) عه‌بدولمه‌جید مه‌حمود، داواکاری گشتی میسر به‌ فه‌رمانێک بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌کردنی سه‌فه‌رکردنی هه‌ریه‌که‌ له‌ ئه‌حمه‌د نه‌زیف، سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشو و ئه‌نه‌س فه‌قی وه‌زیری پێشوی راگه‌یاندنی میسر، بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
فه‌رمانه‌که‌ ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: ئه‌م بڕیارانه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و داواکارییانه‌دایه‌ که‌ دژی ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی ئێستاو رابوردوی میسر‌ تۆمارکراوه‌و ده‌درێنه‌ دادگا.
له‌هه‌مانکاتدا داواکاری گشتی بڕیاریداوه‌ به‌ بلۆک کردنی سه‌روه‌ت و سامانی حه‌بیب عادلی وه‌زیری ناوخۆی میسرو خێزانه‌که‌ی، که‌ باس له‌وه‌ ده‌کرێت ته‌نها له‌م ماوه‌یه‌دا بڕی‌ 4 ملیۆن جونه‌یهی ئسته‌رلینی وه‌ک حسابی شه‌خسی خۆی ره‌وانه‌ی له‌ یه‌کێک له‌ بانکه‌کان کردوه‌.
پێشتریش له‌ رێکه‌وتی 3/2/2011دا داواکاری گشتی میسر بڕیاریدابو به‌ قه‌ده‌غه‌کردنی گه‌شت کردن له‌ حه‌بیب عادلی و هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د عه‌ز ناسراو به‌ "ئیمپراتۆری ئاسنی"، که‌ به‌ که‌سی سێیه‌می نێو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک داده‌نرا.
هه‌ر به‌پێی فه‌رمانه‌که‌ی داواکاری گشتی میسر، گه‌شتکردنی هه‌ر یه‌که‌ له‌ وه‌زیرانی پێشوی نیشته‌جێبون و گه‌شتوگوزار و بازرگانی قه‌ده‌غه‌ کراوه‌و بڕیاره‌ ئه‌وانیش بدرێنه‌ دادگا.
جێی ئاماژه‌یه‌ دوای 18 رۆژ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی میسر، (هه‌ینی) رابوردو کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ 30 ساڵییه‌که‌ی موباره‌ک هێنراو وڵاتی به‌جێهێشت.

Sbeiy.com © 2007