Print
 بروسکه‌ خێراکان، بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه ‌!
Wednesday, February 16, 2011
سه‌ید قمنی

وه‌رگێر: جیهاد محه‌مه‌د حه‌مه‌ کریم

• شۆڕشی یاسه‌مین ژیانی به‌خشی به‌ شۆڕشی (اللوتس)، کاتێک یاسه‌مین له‌ تونسدا کرایه‌وه‌ شنه‌ی رۆحی به‌خشی به‌ ره‌گ و ریشاڵی اللوتس ی میسری تا ئه‌ویش گوڵ بگرێت و دنیای ده‌وروپشتمان پڕبکات له‌ خۆشی... خۆشه‌ویستی و هیوامان بۆ گه‌لی تونسی مه‌زن.

• سڵاو له‌ سوپای نیشتیمانی میسر، سڵاوێک شایسته‌ بێت به‌و توانا و پێگه‌یه‌یی که‌ له‌ مێژودا تۆماریکردوه‌.

• نزیکه‌ی دوساڵێک ده‌بێت وانه‌م ده‌وته‌وه‌ له‌ هۆڵی یه‌کگرتوی نیشتیمانی قاهیره‌، له‌ کاتی وتوێژماندا هه‌ندێک وتیان له‌گه‌ڵ ئه‌و تاریکییانه‌ی که‌ ئابڵوقه‌یان داوین میسر رۆحێکی هه‌یه‌ نامرێت، وه‌ڵامم دایه‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌مه‌ ره‌نگێکه‌ له‌ خۆشه‌ویستی سۆفیگه‌رێتی و خه‌یاڵاویی، دوای ئه‌وه‌ی که‌ موباره‌ک سه‌رکه‌وت له‌ ژێرپێخستنی هاوڵاتیی میسری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وه‌هابیه‌ سعودیه‌کان و شه‌قامی گۆڕی بۆ پارچه‌یه‌ک له‌ به‌دخویی. چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک پێش شۆڕشی توڕه‌یی (الغچب) که‌ ناونرا به‌ شۆڕشی (اللوتس)، نوسیم و بڵاومکرده‌وه‌ که‌ ره‌شبینی له‌ راپه‌ڕینی گه‌لی میسر وایلێکردم که‌ هیوای گه‌شبینان ره‌تبکه‌مه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌تاتورکێکی میسری ده‌ربکه‌وێت، شه‌وی 25 ی کانونی دوه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ دۆستانمدا هه‌مان گفوگۆ کرا له‌ نێوانماندا، هیوام خواست که ئه‌وه‌ی له‌ تونسدا رویدا له‌ میسردا رونه‌دات!، به‌ جیاوازیی رۆشنبیری و مه‌عریفی، وه‌هابیه‌کان شه‌قامه‌کانی میسریان کۆنترۆڵکردوه‌ له‌ سه‌رو ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌وری پیسی هه‌میشه‌یی ئیخوان موسلیمن بوه‌ستێت، پێشبینی هیوای لاوان له‌ جیهاندا وایه‌ که‌ هه‌مو پێنج بۆ ده‌ ساڵیک ئه‌و هیوایه‌ دێته‌ دی.

• داوای لێبوردن ده‌که‌م، ئێستا پێویسته‌ داوای لێبوردن بکه‌م له‌ میسر و لاوانی میسر و ئای له‌ کامه‌رانیم که‌ چاوه‌ڕوانیه‌ ره‌شبینییه‌کانم له‌ جێگه‌ی خۆیدا نه‌بون و شۆڕشێک هه‌ڵگیرسا که‌ به‌ڕاستی ده‌ریخست که‌ رۆحی میسریه‌کان وه‌ک ده‌نکه‌ (تۆوێک) وایه‌ که‌ خۆی ده‌فه‌وتێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ جوانتر و گه‌شتر سه‌وزبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ حاڵه‌تێکی سۆفیگه‌رێتی نیه،‌ به‌ڵکو راستیه‌کیی مێژوییه‌، مێژوی گه‌ردون تۆماری ده‌کات و پۆشاکه‌ نایابه‌که‌ی بوکی میسر ده‌ڕازێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌سه‌ که‌ جاران هه‌ستم به‌ شه‌رم ده‌کرد و ئه‌مڕۆ شانازی ده‌که‌م به‌وه‌ی که‌ میسریم، بمبورن که‌ ده‌مه‌وڕو به‌ چۆکدا دێم و خاکی ژێر پێی لاوه‌ میسریه‌کان، ئه‌و خاکه‌‌ پاکژه‌ی به‌ خوێنی‌ پاک و به‌ فێڕۆنه‌چوی لاوه‌ شه‌هیده‌کانمان‌ ماچ ده‌که‌م، شکۆداربیت ئه‌ی میسری مه‌زن.


• ده‌بێت رونکردنه‌وه‌یه‌ک بده‌م له‌سه‌ر ده‌وری پیسی ئیخوان، به‌ بێ سه‌یرکردنی مێژوه‌ ره‌شه‌که‌یان، ئه‌وان دانه‌ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام تا به‌ ته‌واوه‌تی دڵنیا نه‌بون له‌ مه‌سه‌له‌که‌، دواجاریش رۆیشتن دانوستاند بکه‌ن له‌گه‌ڵ رژێمی لێکه‌وتو، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌ ده‌ستبهێنن له‌ رژێمێکی شه‌رعیه‌ت نه‌ماو، ئه‌وان ناوه‌ڕاستی داره‌که‌یان گرتبو تا ئه‌گه‌ر لاوان سه‌رکه‌وتن له‌گه‌ڵیان بن و ئه‌گه‌ریش رژێم سه‌رکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بن، له‌ پاشان ئه‌وه‌ی که‌ رژێم داوایلێکردن کردیان و یه‌کێک له‌ کادره‌ گه‌و‌ره‌کانیان رایگه‌یاند ( ئه‌وه‌ی که‌ یه‌که‌م جار ده‌یکه‌ین) پاشتر راستیکرده‌وه‌ وتی (یه‌که‌م شت که‌ شۆڕش ده‌یکات هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێکه‌وتننامه‌ی کامدێڤد و سه‌روه‌ری ته‌واویش ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ سینا) له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مو جیهان بکه‌ن به‌ دژی شۆڕش، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مو میسریه‌کان رێک بون له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ به‌ڵام ئه‌مڕۆ کاتی ئه‌وه‌ نه‌بو، ئه‌وه‌ پاش ساڵانێک ده‌بێت له‌ کاناڵه دبلۆماسیه‌کانه‌وه‌ که‌ پارێزگاری بکات له‌ میسر و گه‌ل و سه‌روه‌ریه‌که‌ی.

• تۆ چی ده‌که‌یت ئه‌ی عێراق؟ ئایا ئه‌و گه‌له‌ مه‌زنه‌ ده‌ستده‌کات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو جۆره‌ پیاوانی دینی بۆ کون و قوژبنه‌کانیان و پێکهێنانی عێراقێکی شارستانی؟ تۆ بڵێی بلێسه‌ی شۆڕش بگاته‌ هه‌مو وڵاتانی تری عه‌ره‌بی؟ ئومێده‌وارم ئه‌م رێبازه‌ بگیرێته‌به‌ر.


• پێشنیار ده‌که‌م رابونی لاوانی تونس و میسر (عه‌قید)ی براشمان راماڵێت (دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ قه‌زافی سه‌رۆکی لیبیایه_وه‌رگڕێر).. به‌ڵام هه‌ندێک ناڕازین و ده‌ڵێن: (ئه‌ی کێ جێگه‌ی پێکه‌نین و گاڵته‌مان بێت؟) (ده‌ڵێن میسریه‌کان هێنده‌ نوکته‌بازن له‌کاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیشدا واز له‌ نوکته‌ ناهێنن.._ وه‌رگێڕ).

• سوزان موباره‌ک هه‌ژاره‌، جگه‌ له‌ ملیارێک دۆلار هیچی تری نیه‌، به‌ڵام موباره‌کی مێردی و منداڵه‌کانی 70 ملیاریان هه‌یه‌، ئه‌م جیاوازیه‌ ره‌گه‌زیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ دابه‌شکردنی گه‌نده‌ڵیشدا هه‌یه‌. ( دکتۆر نه‌وال سه‌عداویش له‌ یه‌کێک له‌ نوسینه‌کانیدا، وتی: زۆرێک له‌ نوسه‌ره‌ پیاوه‌کان هه‌ر باسی له‌یلا ته‌رابلسی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ تۆمه‌ت زیاتر بده‌نه‌ پاڵ ژنان، نازانن که‌ گه‌نده‌ڵ و دیکتاتۆری یه‌که‌م بن عه‌لی_ه‌ ... وه‌رگێر).


• زایه‌ڵه‌ی پاڵه‌وانێتی موباره‌ک له‌ 1973دا که‌ فه‌رمانبه‌رێک بوه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی میسردا ئه‌م کاره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ وه‌رگرتنی موچه‌یه‌کی زۆر به‌جێگه‌یاندوه‌ له‌سه‌ر حسابی میسریه‌کان‌، ئه‌مه‌ هیچ گه‌وره‌یی و به‌خشیش و کارێکی ناوازه‌ نه‌بوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌بوه‌ که‌ ئه‌و زایه‌ڵه‌یه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن، ده‌بوایه‌ گه‌لی میسری نه‌گه‌یانایه‌ته‌ ئه‌و حا‌ڵه‌ته‌ی که‌ بیانکات به‌ کۆیله‌ی خۆی، به‌ جۆرێک که‌ بکوژێت و بدزێت و قه‌ده‌غه‌بکات و رێگه‌بدات و ببه‌خشێت و زیندانی بکات بێ لێپرسینه‌وه‌، تا کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ هیچ هیوایه‌کمان نه‌ما و هه‌مو روناکیه‌کی لێ شاردینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خه‌ویشدا خۆشیمان نه‌ده‌بینی، پاڵه‌وانه‌ راسته‌قینه‌کانی 1973 ئه‌وانه‌ بون که‌ ژیانیان به‌ هه‌ژاری و برسێتی برده‌ سه‌ر و به‌ خوێنه‌ پاکه‌که‌یان نرخی سه‌رکه‌وتنیان دا، گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانیش ئه‌وانه‌ بون گیانیان به‌خشی و ئه‌وانه‌ی که‌ توشی که‌م ئه‌ندامی و برینداریه‌ک بون که‌ بو به‌ نیشانه‌ی شه‌ره‌فێکی راسته‌قینه‌ی پاڵه‌وانێتی.

• له‌ ئاهه‌نگه‌کانی یاده‌وه‌ری ئۆکتۆبه‌ری رابردودا هه‌ندێک له‌ که‌ناڵه‌ نافه‌رمیه‌کان ده‌رگایان کرده‌وه‌ بۆ هه‌ندێک له‌وانه‌ی که‌ ماون تا باسی چیرۆکه‌کانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌کانی 1973 بکه‌ن، که‌ به‌ڕاستی چیرۆکی سه‌رسوڕهێنه‌ریان ده‌گێڕایه‌وه‌ که‌ له‌سه‌رو توانای به‌شه‌ره‌وه‌ بو، هه‌ندێک له‌وانه‌ پاڵه‌وانانی رێکخراوی سینا بون ئه‌وانه‌ که‌ دزه‌یان کردبو بۆ پشتی دوژمن تا بتوانن هه‌مو زانیاریه‌کی سه‌ربازی کۆبکه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر دوژمن، یه‌کێک له‌وانه‌ به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی کرد بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسی سه‌رۆک موباره‌ک بکات که‌ به‌خشیشه‌که‌ی له‌ 14 جونیه‌وه‌ کردوه‌ به‌ 50 جونیه، به‌م جۆره‌ حوسنی موباره‌ک پاڵه‌وانیه‌تێکه‌ی دزی بو بۆ خۆی.


• جوانترین شتێک بۆ من پێش مردنم گه‌یشتنم به‌و ئاواته‌ بو که‌ به‌خه‌ویش نه‌مده‌بینی، ئای له‌ خۆشی و شادمانیم، ژیام و بینیم میسر ئه‌وه‌ی مه‌حاڵ بو به‌ هه‌مو پێشبینه‌کان و پێدراوه‌ واقعیه‌کان و هه‌مو حساباتێک به‌ده‌ستیهێنا.

• جوانترین شتیش بۆ هاوڵاتیه‌ ساده‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ چیتر ناترسن، ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس بتوانێت لێیبدات، به‌گژیا ده‌چێته‌وه‌ و لێی قبوڵ ناکات، چونکه‌ ده‌زانێت که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌ و حکومه‌ت حکومه‌تی گه‌له‌ و هی ده‌زگای پۆلیس نیه‌، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌بێت له‌ خزمه‌تدا بێت نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.


• هه‌مو ئه‌و رۆژنامه‌ نوس و سه‌رۆک نوسه‌ران و راگه‌یاندن و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌زانه‌کانی نیشتیمان و به‌گشتی ئه‌وانه‌ی که‌ڵکیان له‌ گه‌نده‌ڵی وه‌رگرتبو... بڕۆن ده‌رچن له‌ شوێنه‌کانتان بۆ نزیکترین شوێنی خۆڵ و خاشاک رشتن، ئێوه‌ دژی شۆڕش وه‌ستانه‌وه‌ و گره‌وه‌که‌تان دۆڕاند.

• پێکهێنانی دادگایه‌ک بۆ شۆڕش پێویسته، وازناهێنین له‌ سزادانی خوێنڕێژ و دز و خیانه‌تکاران، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل بگێڕینه‌وه‌ و ئابوریی و بزوتنه‌وه‌ی په‌ره‌پێدانی وڵاتی پێبکه‌ین.


• یه‌که‌م هه‌نگاو سه‌رکه‌وتین و هه‌زاران میل ماوه‌ بۆ چاکسازی درێژخایه‌ن بۆ هه‌مو دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، قۆناغێکه‌ که‌ هه‌ڵگری ترسێکی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام میسریه‌کان سه‌لماندیان له‌ شۆڕشه‌که‌یاندا که‌ هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام باشترین چاودێرن به‌سه‌ر هه‌مو هه‌نگاوه‌کانی تروه‌، گۆڕه‌پانی ته‌حریر هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌.

• هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لیژنه‌ی حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌مو حیزب و کۆمه‌ڵه‌ دینیه‌ پێکهاتوه‌کان هه‌نگاوێکی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگا بکرێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م گه‌لدا بۆ پێکهێنانی حیزبه‌کانی خۆیان، حیزبیش ته‌نیا به‌ راگه‌یاندنێک پێکدێت له‌گه‌ڵ مه‌رجێکی بنچینه‌یی و پێشینه‌یی ئه‌ویش ته‌به‌نینه‌کردنی هیچ ئایدۆلۆژییه‌که‌ به‌ تایبه‌تی دینیه‌کان.


• جارێکی تر رازی نابین به‌ کۆمارێکی سه‌رۆکایه‌تی، پاش ئه‌وه‌ی که‌ شۆڕشی 1919 سه‌لماندی باشترین سیسته‌م بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و نه‌هێشتنی سته‌مکردنی یه‌کێکیان له‌وانیتر کۆماریی په‌رله‌مانییه‌، حیزبی سه‌رکه‌وتو بۆی‌ هه‌یه‌ وه‌زاره‌ته‌کان پێکبهێنێت.

• ئیخوان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ئابڕوی چو، هه‌رچی ناڕه‌زایه‌تیه‌کیان هه‌بێت بۆ یاسا شارستانیه‌کان هه‌مو هاوڵاتیان به‌ یه‌ک ده‌نگ راده‌وه‌ستن به‌رامبه‌ریان، به‌ ئارامی تێناپه‌ڕێت مه‌رامه‌کانیان، گه‌لی میسر رێگه‌یان پێنادات، ماده‌ی دوه‌م له‌ ده‌ستوردا ده‌ڵێت هه‌مو میسریه‌کان و پێکهاته‌ ره‌گه‌زی و دینی و ئاینزاییه‌ جیاوازه‌کانی وه‌ک یه‌ک وان له‌ به‌رده‌م یاسای ئه‌رک و مافدا. ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌ی ئه‌رسه‌دۆکس( ئه‌مه‌ گشتگیر ناکه‌م چونکه‌ نیشتیمانپه‌روه‌ره‌ شه‌ره‌فمه‌نده‌کانیان هاوبه‌شییان کرد له‌گه‌ڵ براکانیاندا له‌ شۆڕشه‌که‌یاندا)، ئه‌وان له‌ دواجاردا بران له‌ نیشتیماندا، ئه‌وان خۆیان ده‌گه‌یانده‌ که‌نیسه‌کانیان کاتێک ده‌یانزانی خراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ریته‌ی هاوڵاتیی بونه‌وه‌. ئه‌وان کوڕی نیشتیمانن پێش ئه‌وه‌ی کوڕی هه‌ر پیاوێکی دینی بن و یاسای شارستانی له‌سه‌رو هه‌مو دین و پیاوێکی دینیه‌وه‌یه‌، له‌سه‌ر ئه‌رسه‌دۆکسه‌کانه‌ ئه‌وه‌ی که‌ خراپیانکردوه‌ چاکسازیی تیا بکه‌ن به‌ خێرایی و ده‌رچن له‌ هه‌مو شوێنه‌ گشتیه‌کان و هه‌مو دروشمه‌ دینیه‌کان داگرن له‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و شوێنه‌ گشتییه‌ هاوبه‌شه‌کانی هاوڵاتیان، بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی هاوڵاتی بونی خۆیان بسه‌لمێنن و هیچی تر نه‌که‌ن، گه‌لی میسر قبوڵی ناکات هیچ که‌سێک نه‌قیزه‌ی فاشیه‌کان به‌کاربهێنێته‌وه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ رۆیشت و گۆڕبه‌گۆر بو و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ میژو و نه‌وه‌ی کۆنخواز، وازمانلێبێنن.

• ئیسلام نه‌ پیاوی دینی و نه‌ قورئان و نه‌ وته‌ی پیرۆز و نه‌ هیچ قسه‌یه‌ک له‌ ئه‌زهه‌ره‌وه‌ و له‌ خانه‌ی فتوادانه‌وه‌ تیا نیه‌ و نه‌ما، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ شه‌رمه‌زاری و کاره‌ساتباره‌ی که‌ شێخه‌که‌یان هه‌یبو به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕش، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌زهه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌یه‌کی دینی و هیچی تر و له‌وه‌ زیاتر نا، هه‌روه‌ها ده‌بێت خانه‌ی فتواده‌رانی میسری کوێربێته‌وه که‌ هه‌میشه‌ رێگر بوه‌ له‌ پێکهێنانی یاسای دروست و راسته‌کاندا، هه‌میشه‌ به‌ شه‌رعیه‌تی دین شه‌رعیه‌تی شارستانی قبوڵنه‌کردوه‌. بێده‌نگ بون له‌گه‌ڵ که‌نیسه‌دا له‌به‌رامبه‌ر به‌ کاره‌ گشتیه‌کان به‌ تایبه‌تی سیاسیه‌کانیان هیچ پرۆژه‌یه‌ک شکۆدارنیه‌ جگه‌ له‌ گه‌ل نه‌بێت، ده‌بێت ئه‌وان هه‌رچی هه‌بو جێبه‌جێی بکه‌ن، چونکه‌ ده‌وڵه‌تی شارستانی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی دینی تیا نیه‌. ‌


• داڵی سه‌ڵاحه‌دین، زۆربه‌ی پێشنیاره‌کان مانگ و سه‌لیبه‌ بۆ جێگی ئه‌و داڵه‌، من رام وایه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ به‌رجه‌سته‌کردنی تایه‌فه‌گه‌رێتیه،‌ نه‌ک لابردنی، ئه‌مه‌ تێپه‌ڕاندنی ئامانجه‌کانی شۆڕشی لۆتس ه‌، بۆیه‌ پێشنیار ده‌که‌م که‌ ناوی میسر له‌ جیاتی هه‌مو نه‌ته‌وه‌ی میسر بێت، ئاڵاکه‌ی ته‌ختێکی سپی هه‌بێت وه‌ک سپیواشێکی شینی لوتسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مو جیهاندا هه‌ره‌م نیه‌ جگه‌ له‌میسر، بۆیه‌ وێنه‌ی ئه‌هرام له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م ئاڵایه‌دا هه‌بێت له‌گه‌ڵ لاسکێکی سه‌وزی زه‌یتونی به‌ ره‌نگی خوێنین داپۆشراو.

سه‌رچاوه‌: الحوار المتدمن

Sbeiy.com © 2007