Print
 راگه‌یاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن تۆڕی‌ به‌رگری‌ له‌ ئازادییه‌كان به‌ مۆڵه‌تی‌ فه‌رمییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چو، به‌ڵام روداوی‌ توندوتیژی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینی‌، ئه‌وه‌ بو له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌كانی‌ لقی‌4ی‌ سلێمانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌، ته‌قه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ كرا، كه‌ كوژراوێك و زیاتر له‌50 برینداری لێكه‌وته‌وه‌.
هه‌رزو قسه‌كه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و خۆپیشاندانه‌ نه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت داواش له‌ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ گۆڕان نه‌كراوه‌ به‌شداری‌ له‌و خۆپیشاندانه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ك له‌لایه‌ن سكرتێری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیشه‌وه‌، ئه‌وه‌ دوپات كرایه‌وه‌ و داواشی‌ له‌ گشت هاوڵاتیانی هه‌رێمی‌ كوردستان كرد، كه‌وا به‌ گیانی‌ هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتی له‌ئاست روداوه‌كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن .
به‌ڵام به‌ پلانێكی‌ پێشوه‌خت نه‌خشه‌ بۆ كێشراو، گوشارخرایه‌ سه‌ر باره‌گای‌ ناوه‌ندی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ شاری‌ هه‌ولێر، له‌ كاتژمێر 2ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ وه‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش به‌ بیانوی‌ پاراستن و پارێزگاریكردنه‌وه‌، باره‌گای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئابلوقه‌ ده‌ده‌ن و دواتریش له‌ كاتژمێر 5 به‌ دواوه‌، له‌ به‌رچاوی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشه‌وه‌، له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمۆبیلی‌ مۆنیكای‌ جام ره‌ش و به‌ پشتیوانی‌ هه‌وادارانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌، هێرش ده‌به‌نه‌ سه‌ر باره‌گای‌ هه‌ولێرو كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ گۆران، ئاگر له‌ ماتۆری‌ كاره‌با به‌رده‌ده‌ن و كه‌لوپه‌لو ئامێره‌كانی‌ باره‌گاكه‌ تێكده‌شكێنن، له‌ ئاست گشت ئه‌و روداوانه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان داوای‌ له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ كرد ئارامی‌ بپارێزن و به‌ شێوازێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و دایه‌لۆگ كردن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و روداوه‌ بكه‌ن، به‌ڵام جێگای‌ نیگه‌رانییه‌، كه‌ ئه‌و سیناریۆیه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ سۆران و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ بنه‌سڵاوه‌ش دوباره‌ بۆوه‌، هه‌روه‌ك له‌ زنجیره‌ی‌ ئه‌و روداوانه‌ باره‌گای‌ گۆڕان له‌ شاری‌ دهۆكیش تاڵانکرا.
دیاره‌ سوتاندن، تێكوپێكشكاندنی‌ باره‌گاو تاڵانكردنیان، بۆته‌ جێگای‌ ره‌خنه‌و ناڕه‌زایی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هۆشیاری‌ ده‌ده‌ینه‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان، ده‌زگاكانی‌ پۆلیس و ئاسایش و سه‌رجه‌م ئه‌ندام و هه‌وادارانی‌ حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌وا شێوازی‌ توندوتیژی‌ و داڕشتنی‌ سیناریۆی‌ له‌و جۆرانه‌، له‌ به‌رانبه‌ر داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵك زه‌مه‌نی‌ به‌سه‌رچوه‌، پێویسته‌ رێز له‌ ماف و داواكارییه‌كانی‌ هاوڵاتیان بگرن و له‌ئه‌زمونه‌كانی‌ ئه‌و دوایه‌ی‌ میسرو تونس و گه‌لانی‌ ئازادیخوازی‌ ناوچه‌كه‌ په‌ندو وه‌ربگرن، جارێكی‌ تر داواده‌كه‌ین، به‌ هۆشیاری‌ و هه‌ستكردن به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ره‌وشه‌كه‌ هه‌ڵسوكه‌ت بكه‌ن، لێنه‌گه‌ڕێن چیتر ئاڵۆزی‌ و په‌شۆكاوی‌ لێدروست بێت .
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، له‌ لایه‌ك هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاو دامه‌زراوه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان به‌ كارێكی‌ ناشارستان و گێره‌شێوێن ده‌زانێ، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ نوخته‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ ترسناك بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ و ده‌سكه‌وته‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌بینێ‌، پێویسته‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ره‌وشه‌كه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ و یاسایی‌ بگرنه‌ به‌ر و تاوانبارانی‌ ئه‌و تاوان و روداوانه‌ ئاشكرا بكرێن و بدرێنه‌ دادگایه‌كی‌ بێلایه‌ن، داواش له‌ رای‌ گشتی‌ كوردستان و نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ده‌كات له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوان و روداوانه‌ی‌ كه‌ دور له‌پێوه‌ره‌كانی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ هاوڵاتی ئه‌نجامده‌ده‌رێن، بێده‌نگ نه‌بن و پشتیوانی‌ داوا ره‌واكانی‌ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر
17/2/2011

Sbeiy.com © 2007