Print
 میدیا جیهانییه‌کان باس له‌ رۆژه‌ خوێناوییه‌که‌ی سلێمانی ده‌که‌ن
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی):
ئاژانسی هه‌واڵ و رۆژنامه‌ عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی دوێنێ (پێنجشه‌ممه‌)ی شاری سلێمانی کرد، که‌ کوژرانی 2 گه‌نج و برینداربونی 53 که‌سی لێکه‌وته‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی لێکه‌وته‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ (رادیۆ سه‌وا) له‌هه‌واڵێکیدا رایگه‌یاندوه‌، ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک له‌هاوڵاتیانی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی کرده‌وه‌و نزیکی هه‌ردو باره‌گای یه‌کێتی و پارتی بونه‌ته‌وه‌و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تیان کرده‌وه‌.
باسی له‌وه‌شکردوه‌، "دواتر له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌کانی باره‌گاکه‌ی پارتییه‌وه ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کراوه ‌و 2 که‌س کوژراون و ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی دیکه‌ش برینداربون".
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز به‌مشێوه‌یه‌ باسی له‌ روداوه‌که‌ کردوه‌: زیاتر له‌ هه‌زار که‌س خۆپیشاندانێکیان دژی گه‌نده‌ڵی و باشکردنی ژیان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تیان کردوه‌، پاشان خۆپیشانده‌ران به‌ردیان گرتوه‌ته‌ باره‌گایه‌کی سه‌ر به‌پارته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و هوتافیان دژیان کێشاوه‌، دواتر پاسه‌وانه‌کانی باره‌گاکه‌ ته‌قه‌یان له‌ هاوڵاتیان کردوه‌ و 2 که‌س کوژراون و 47 که‌سی دیکه‌ش برینداربون، هه‌روه‌ها له‌شاری هه‌ولێر ئاگر به‌ردراوه‌ته‌ باره‌گای سه‌ره‌کی "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" رکابه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان.
هاوکات رۆژنامه‌ی (قودس)ی عه‌ره‌بی نوسیویه‌تی، له‌ خۆپیشاندانی زیاتر له‌ 3 هه‌زار هاوڵاتی شاری سلێمانی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌رکردنی بێکاری و باشکردنی ژیانیان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت، هاوڵاتییه‌ک کوژراوه ‌و زیاتر له‌ 30 که‌سی دیکه‌ش برینداربون.
هاوکات ئاژانسی هه‌واڵی (CNN) ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ده‌یان که‌س له‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گایه‌کی پارتی له‌سلێمانی، پاشان پاسه‌وانه‌کانی ئه‌و باره‌گایه‌ به‌ ته‌قه‌ وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه ‌و هاوڵاتییه‌ک کوژراوه ‌و 57 که‌سی تریش برینداربون.
لای خۆشیه‌وه‌ ئاژانسی (BBC) هێمای بۆ ئه‌وه‌کردوه‌ له‌خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ریدا له‌شاری سلێمانی، دژی گه‌نده‌ڵی و باشکردنی ژیانیان و ره‌خساندنی هه‌لی کار، خۆپیشانده‌رێک کوژراوه ‌و زیاتر له‌ 30 که‌سی دیکه‌ش برینداربون.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ سایتی (ئیلاف) نوسیویه‌تی، "پاش خۆپیشاندانی سه‌دان که‌س له‌هاوڵاتیانی شاری سلێمانی له‌گۆڕه‌پانی (سه‌را) بۆ ئه‌نجامدانی چاکسازی حکومی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، دواتر باره‌گایه‌کی پارتی له‌و شاره‌ به‌ردباران کرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌کانی پارتییه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران کراو 5 که‌س کوژراون و زیاتر له‌ 50 که‌سی دیکه‌ش برینداربون".

چه‌ند لینکێک:
یه‌که‌م
دوه‌م
سێیه‌م
چواره‌م

Sbeiy.com © 2007