|
راگه‌یاندنی فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت بهروداوه خوێناوییه‌كه‌ی رۆژی 17/2/2011 |
Saturday, February 19, 2011 |
هێرشكردنه سه‌ر لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی و سوتاندن و تاڵانكردنی باره‌گاكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ولێر و دهۆك و قه‌زای سۆران ئه‌وه‌ی نیشانی‌دا، كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ك تاكهلایهنی به‌رپرس له پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و باره‌گای پارته‌سیاسییه‌كان له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی خۆیدا كه‌مته‌رخه‌مه.
خۆپیشاندان مافێكی ره‌وا و یاسایی خه‌ڵكه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌پێناو به‌دیهێنانی داواكارییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه و ئه‌ركی لایه‌نه بهرپرسهكانیشه، كه به‌ته‌نگ داواكارییه‌كانیانه‌وه بێن.
به‌داخه‌وه دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را به‌شێوه‌یه‌كی عه‌فه‌وی نه‌خوازراو گۆڕا بۆ توندوتیژیی و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌وه‌ش خراپتر كاردانه‌وه‌ی پارتی بو به‌ته‌قه‌كردن و كوشتن و برینداركردنی ده‌یان خۆپیشانده‌ر كه ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان به زه‌بری هێز، به‌تایبه‌تی په‌لكێشكردنی هێزی گه‌وره‌ی چه‌كدار له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه بۆ سلێمانی هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار و نایاساییه و بارودۆخه‌كه له‌بری هێوركردنه‌وه ئاڵۆزتر ده‌كات و شاری سلێمانی به‌ره‌و روی مه‌ینه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تر ده‌كاته‌وه، كه رۆژانی شه‌ڕی ناوخۆ دوباره‌ده‌كاته‌وه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی به‌رپرسیارێتی سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
ئێمه وه‌ك فێدراسیونی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ده‌كه‌ین ئه‌ویش به‌دورخستنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداریی له‌شوێنه گشتییه‌كان و كۆتاییهێنان به‌هه‌مو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سهربازییو زه‌مینه‌سازكردن بۆ دیالۆگ‌و لێكتێگه‌یشتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتیه‌وه.
داواكارین به‌زوترین كات ئه‌و هێزه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بكشێته‌وه، پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان و دادگاییكردنی هه‌مو ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران كردوه و قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانیش بكرێته‌وه و گیانی بریندارانی روداوه‌كه‌ش بپارێزرێت. |
|
|