Print
 وریای تەڵەکانی رژێم بن
Saturday, February 19, 2011

پاش کەوتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری (حوسنی موبارەك) لە میسر، رژێمە تۆتالیتارو گەندەڵەکانی ناوچەکە، کەوتوونەتە خۆیان‌، بە مەبەستی ئاڕاستەگۆڕینی گێژەڵووکەی مەرگ دەیان فرتوفێڵیان گرتۆتە بەر. بۆ نموونە لە (لیبیا)، شەقامیان بە لایەنگرانی رژێم‌و ژاوەژاوەکانیان تەنییوە؛ لە بەحرەین هێزە چەکدارەکانیان بە کوچەو کۆڵانەکاندا بڵاوکردۆتەوە؛ لە (ئێران)یش دەیانەوێت بە گاڵەگاڵی نێو پاڕلەمان، رابەرانی ئۆپۆزیسیۆن نانیشتیمانیی‌و ناپاك وێنا بکەن...

دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێمی کوردستانیش، هەوڵ دەدات، لەڕێگەی چەندیین شێوازی گوماناوییەوە، بیانوو دروست بکات‌‌و زەفەر بە ئۆپۆزیسیۆن بەرێت.

دیارە لەو بەستێنەدا دوو پارتەکە، سەرەڕای هاوپەیمانییش، لەوە ناپرینگێنەوە، بە فرتوفێڵ، یەکتریی لە هەوڵی لەنێوبردنی ئۆپۆزیسیۆنەوە بگلێنن.

پارتەکانی (پدك و ینك) دوو هێزی قاڵبووی خوێنڕێژی سادیی چەکدارن‌و هیچ مۆراڵێکی مرۆییانە شك نابەن کە لە خوێنڕشتنی منداڵ‌و هەرزەکاری کورد بیانسڵەمێنێتەوە.

بەبڕوام بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵوێستێکی زۆر ژیرانە‌و نیشتیمانییانەی نواند کە رێگەی نەدا، هیچ لایەکیان، ئەو کارتە رەشە بەکار بهێنن‌و کوردستان بەپاساوی لەنێوبردنی ئاژەوەگێڕییەوە بکەنە گۆمی خوێن.

وەك هەر نیشتیمانپەروەرێکی کورد هیوادارم، گۆڕان لەسەر هەمان مێتۆدی بەڕێوەبردنی ئارێشەکان بەردەوام بێت‌و نەکەوێتە تەڵەی دوو پارتەکەی دەسەڵاتەوە (سەرەڕای ئەو بەدرەفتارییەی کە لە هەولێرو سۆران‌و دهۆكیش بە بارەگاکانی کرا)... چونکە ئەوە دڕندەییە‌و جوامێریی نییە، کە چەکداری پارتێك، بەهەر پاساوێك بێت، هەرزەکاری سیازدەو چواردەساڵ بکوژێت‌و زۆر پریمیتیڤانە‌و خێڵەکیانەش بڵێت (تەعەدامان قبوڵ نەکردووەو تەعەدا قبووڵ ناکەین).

چۆن (پدك) پاش ٣١ی ئاب نقەی بڕاو ئیدی باسی ٦٦ی نەکرد... ئاواش ئیدی پاش رووداوەکانی ئەم ئێوارەیە، ناتوانێت باسی ١٣ی حوزەیران بکات!

هیوادارم، ئەو دوو پارتە، واز لەو شێوازە دەستپیسانەیە بێنن، کە دەیانەوێت بە زۆری زۆرداریی، لە رێگەی نیشاندانی پارچەیەك پەڕۆ یان تیشێتێکی نیللییەوە، ئۆپۆزیسیۆن لە ئاژاوەگێڕییەکی چەندسەد کەسییەوە بگلێنن.

گەر ئۆپۆزیسیۆن تەواو بە دەرفەتی چاکسازیی هیوابڕاو بوایە، پەیامێکی چاکسازیی ٧ خاڵیی نەدەخستە بەردەمی دەسەڵات.

دیارە ئۆپۆزیسیۆن، لە بێهیواییدا بە دەرفەتی چاکسازیی، دێتە سەر شەقام.

گەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بگەنە ئەو بڕوایەی، رەوشەکان بە بنبەستی تەواو گەیشتوون، دەتوانن بەجارێك ١ ملیۆن مرۆڤ، نەك چەندسەد کەسێك، بۆ سەر شەقامەکان تاو بدەن... ئەو کاتەش هێزێك نامێنێتەوە بەرگەی بگرێت...

هیواداریین نەگاتە ئەو ئاستە!

Sbeiy.com © 2007