Print
 رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ: ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردوه‌، پێویسته‌ روبه‌ڕوی دادگا بكرێنه‌وه‌
Sunday, February 20, 2011
(سبه‌ی‌):
له‌ راپۆرتێكدا كه‌ له‌ سایتی‌ ره‌سمی‌ خۆیدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، رێكخراوی‌ هیوما‌ن رایتس ۆچ، باس له‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ رابوردو رویانداوه‌و تێیدا ئاماژه‌ به‌ روداوه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوباتی سلێمانیش كردوه‌و له‌وێدا داوای‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كردوه‌ رێز له‌ بنه‌ماكانی‌ مافی مرۆڤ بگرن.
رێكخراوی‌ هیوما‌ن رایتس ۆچ، كه‌ رێكخراویكی ناحكومی جیهانی سه‌ربه‌خۆیه‌ و داكۆكی له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌كات، له‌ باسی روداوه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوباتدا  نوسیویه‌تی‌: پاسه‌وانه‌كانی باره‌گا‌یه‌كی حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌ریم، ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن و كوژراو و بریندار له‌ روداوه‌كه‌ كه‌وتوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و رێَكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوری عیراقه‌.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا رێكخراوه‌كه‌ داوایكردوه‌، حكومه‌تی عیراق (به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌)، رێز له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بگرێت كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كاندا چه‌سپاوه‌و هاوكات به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م مافی ئازادی راده‌ربرین و خۆپیشاندان دروست نه‌كات.
له‌ به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا رێكخراوی‌ هیوما‌ن رایتس ۆچ، ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕو: به‌پێی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌ركیان پاراستنی گیانی خه‌ڵكه‌ له‌ مه‌ترسی ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردوه‌، پێویسته‌ روبه‌ڕوی دادگا بكرێنه‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007